لێکدانەوەی کتێبی «ئەوڕۆژەی کە ئەو خۆی فرمێسکهکانم دەسڕێ» لە نووسینی «کێنزابۆرۆ ئۆئێ»
براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ١٩٩٤
ینووسەر : ئاڵا رەزایی _ بۆکان
یرۆمانی «ئەوڕۆژەی کە ئەو خۆی فرمێسکهکانم دەسڕێ»(١) هەم بە بەراوەرد کردنی ناواخن و پەیامی فەلسەفی و هەم بە لایەنی شێوازی نووسینەوە، یەکجار بەرین و قووڵ و سهرنجراکێشە. «ئۆئێ» لەو رۆمانەدا بە شێوەیەکی کارامە بابەت و بەرباسگەلێکی وەک رەنج، مرۆڤایەتی و واتای سەرەکی ژیان دێنێتە ئاراوە. لە هەمان کاتدا، رەخنە لە کۆمەڵگای سەردەمی ژاپۆن دەگرێ. ئەو ڕۆمانە نەک هەر بە شوێن وەسف و گێڕانەوەی پێوەندی نێوان مرۆڤەکانەوەیە، بەڵکوو بە تەواوی لە فەلسەفەی ژیان و واتای بوونی مرۆڤ خورد دەبێتەوە. واتا و چیرۆکی هەرە سەرسووڕ هێنەر بەڵام تڕاژیک رەنگە بتووانێ باشترین وشەکان بێت بۆ ئەو کتێبە.
یبە پێی مێژووی ژاپۆن، ئەو وڵاتە لە سەردەمی کۆتایی شەڕی جیهانی دووەمدا، تووشی ترۆمایهکی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی زۆر دەبێت. یەکەم هۆکار، بۆردوومانی ئەتۆمی گەورەی دوو شاری «هیرۆشیما» و «ناگازاکی»، و دووهەم هۆکاریش دۆڕاندنی ژاپۆن لەو شەڕە دابووو کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی پێملبوونی«هیرۆهیتۆ» ئیمپڕاتووری ژاپۆن بۆ داوای لێبووردن له خەڵکی ژاپۆن.
یخەڵکی ژاپۆن بە پێی مێژوو و بەتایبەت لە سەردەمی «میجی»دا، رووانگەیان سەبارەت بە ئێمپڕاتوورەکانیان لە قەدەر خودایەک بوو و بڕوایان بە ئۆبژەیەک بە ناوی «رووحی شەڕکەری نانکۆ» بوو.(٢) بەجۆرێک کە پێیان وابوو خەڵکی ژاپۆن هەموو ئەو رووحە شەڕکەرەیان هەیە و ئیمپڕاتوورەکەشیان کە وەکوو خودایەک وایە بۆیان، قەت قەت نامرێ و لە شەڕ دا نادۆڕێ.
یبەڵام دووای دۆڕاندنی ئیمپڕاتوور و بێبایخ بوونی دەسەڵات و بڕیارەکانی لە شەڕی جیهانی دووەمدا، خەڵکی ژاپۆن گیرۆدەی تڕۆمای «پاش کارەسات» یان بە واتای ئینگلیسی «aftermath » دەبن. لە کتێبێک هەر بەو ناوە، لە نووسینی «سووزان برایسۆن» فیلسووفی ئامریکایی، باسی ئەوە دەکرێ کە کەسێک یان تەنانەت نەتەوەیەک کە بیر و باوڕەکانی سەبارەت بە شتێک زۆر پتەو و بە هێزە، لە کارەساتێکدا یان لە «catastrophie»ی زۆر گەورەدا، چۆن مەجبوور دەبێ هەموو ئەو بیر و باوەڕە بەرزەی وا هەیەتی لە دەستی بدا و دوواییش زۆر ئەستەمە کە بەدەستی بێنێتەوە و بەدەست هێنانەوەکەی پێویستی بە حەول و تێکۆشانێکی یەکجار زۆرە(۳)
یئەو ماوەیەی کە کەسایەتی یان نەتەوەیەک هەموو بیر و باوەڕە بەرزەکانی سەبارەت بە خۆی لە دەست دەدا و تێدەکۆشێ واتایەکی تر ببینێتەوە، بە دەورانی «aftermath» واتە « پاش کارەسات» پێناسە دەکرێ.
یلەو رۆمانی «ئەوڕۆژەی کە ئەو خۆت فرمێسکەکانم دەسڕێ» کە دەقی بەرباسی ئەو بابەتەیە، نووسەر بە باشی باسی ئەو دەورانە لە ژاپۆنی دوای شەڕی جیهانی دووەم دەکا، کە ئەو خەڵکە دوای ئەو دۆڕاندنە گەورە و ئەو بۆردوومانەی لێیان کرا، تەواوی بیر و باوەڕەکانیان سەبارەت بە «رووحی نانکۆ» و «هیرۆهیتۆ» شێوا و کەوتنە دۆخی «نیهیلیسم»ێکی قووڵەوە، بە جۆرێک کە ئیتر لەوی بەولاوە کاکڵی هەموو بیر و باوەڕەکانیان هەر باسی پووچی و نەمان بوو.
یبەڵام چیرۆکی ئەو کتێبە که باسی دەورانی «aftermath» واتە پاش کارەساتی شەڕی جیهانی دووەم دەکا، لە سەرەتادا، باسی کوڕێکی هەژدەساڵانی مێرمنداڵە کە لە کارێک دەگەڕێ بۆوەی بتوانێ خەرجی خوێندنی پێ دابین بکا. پیاوێکی پیری دەوڵەمەند کە بازرگانە، کوڕە دەبینێتەوە. بە کرێی دەگرێ بۆوەی بتوانێ ئاگای لە کوڕەکەی خۆی بێت کە سی و پێنج ساڵێتی، بەڵام بارودۆخی دەروونی باش نییه و پێویستە یەکێک بۆ هەموو جێیهک لەگەڵی بێت هەتا کارێکی مەترسیدار نەکات…
یبەسەرهاتی کوڕی بازرگانەکەش زۆر سەرنج راکێشە. ئەو کوڕە موزیسیەنێکی یەکجار لەخۆباییە و نووسەر ئەوی بە نێوی «سالوادۆر دالی»، نەققاشی بەناوبانگی ئیسپانیاییەوە کردووە و بە «دالی» ناوی دەبا.
یدالی، دوای شەڕی جیهانی دووەم هاوسەرگیری دەکا و منداڵێکی دەبێ. بەڵام منداڵەکەی، لوویەکی لە پشتەوەی سەری دەبێت و پزیشکەکان بە دالی دەڵێن کە منداڵەکەی مێشکی تووشی نەخۆشی بووە و لەوانەیە لە ئێسکی سەری بێتە دەرێ و رەنگە زۆر نەژی. دالیش کە ئەوە دەبیستێ، چونکه مرۆڤێکی لە خۆبایی دەبێ، پێی شوورەیی دەبێ خەڵک بزانن منداڵێکی وای هەیە و بۆخۆی دووای دوو سێ رۆژ منداڵەکەی دەکووژێ…
یبەڵام دووای ئەوە، دیسان لەشی منداڵەکەی لە لایەن پزیشکەکانەوە تاوتوێ دەکرێ و تێدەگەن کە ئەو لوویەی وا دیتوویانه نە تەنیا مێشکی منداڵەکە نەبووە، بەڵکوو تەنیا لوویەکی ئاسایی بووه و به نەشتەرگەرییەکی ئاسایی چارەسەر دەکرا…
یدالی دوای ئەوەیکە ئەوە دەزانێ، بارودۆخی رەوانی تێک دەچێ. ژنەکەی تەڵاق دەدا. لە زەینی خۆیدا بەگشتی جیهانێکی دیکە لە دونیای رابڕدووی ساز دەکا، بەجۆرێک کە بەتەواوی وا بیر دەکاتەوە و خۆ دەنوێنێ کە لە جیهانی رابردووی دا ماوەتەوە و لەو جیهانهدا کوڕە مردووەکەی لە قاڵبی مرۆڤێکی گەورەی بەقەد کانگۆڕۆیەک دا زیندوویە و لەگەڵی بۆتە هاوڕێ(!)
یرۆمانە بەرز و بەناوبانگەکەی «ئۆئێ» هەندێ تەکنیکی شازی بۆ گێڕانەوە ڕەچاو کردووە کە شایانی لێکدانەوەیە. کەڵک وەرگرتن لە شێوازی گێڕانەوەی «سێڵاوی زەین» بە جۆرێک کە سنوورەکانی گومان و راستەقینە تەواو مەحڤ دەبێتەوە، شێوازی باڵای گێڕانەوەیە لەو دەقەدا. هەڤپەیڤین و پێوەندی نێوان کەسایەتییەکان زۆربەی جار پچڕپچڕ و بێ ئاکامن کە رەنگدانەوی لاوازیی مرۆڤ لە تێگەیشتن لە تاکی بەرامبەری خۆیهتی. بگێڕەوە کە خودی نووسەرە، لەسەر تەختی نەخۆشخانە و لە نێوان رابردوو و هەنووکە و داهاتوودا، واتە «شەڕ»،«نەخۆشی» و «ترس لە نەمان» خودێکی پەرێشانی هەیە. هەر فەسڵێک لە رۆمانەکە، زایەڵەی دەقی فەسڵی پێشوویە، بە جۆرێک کە وێدەچێ زەینی بگێڕەوە لە بازنەگەلێکی تێک ئاڵقاو یەخسیر بووە کە ئەو پێکهاتە زەینییە بۆخۆی خوازەیەکە لە ئەزموونی ژیان لە گەڵ تاکێکی نەقوستان و خاوەن پێداویستی تایبەت. کات لەو گێڕانەوەیەدا پچڕ پچڕ و بە شێوەیەکی کووبیستی تێک دەڕووخێ کە ئەوەش هاوشێوەیە لە گەڵ زەینی بگێڕەوە کە گیرۆدەی ئێش و شوێندانانی دەرمانە جۆراوجۆرەکانە.
یئێستا لێرەدا چوار چەمکی واتایی دەخەینە بەرباس کە تانوپۆی واتای فەلسەفی نادیاری رووحی واتاکانە لەو ڕۆمانەدا.
ییەکەم چەمک کە دەمەوێ باسی بکەم سۆررێئالیسمە. وەک دەیبینین، «دالی» کەسایەتی سەرەکی نێو چیرۆکی «کێنزابۆرۆ ئۆئێ»، بیر و باوەڕێکی سۆررێئالیستی بۆ ژیان هەیە، بە شێوازێک کە هیچ یەک لە بیر و باوەڕەکانی لە جیهانی راستی دا نییه و بەشێوازێکی سەمبولیک، کاراکتەرگەلێکی درۆیینی لە مێشکیدا ساز کردووه که ناتوانن راستەقینە بن.
یبەڵام لە سۆررێئالیسم دا، دوو واتا هەیە کە گرینگن. یەکێک لەو واتایانه «پارانۆیا»یە. لە پاڕانۆیا دا، کەسایەتی یان هونەرمەندی سۆررێئالیست، دڕدۆنگێکی زۆری سەبارەت بە هەموو شتێک کە لە دەور و بەرێتی هەیە. پێی وا نییە جیهانی راستەقینە درووست بێت. پێی وایە ئەو جیهانەی لە مێشکی دایه و بۆخۆی به شێوازی سۆررێئال سازی کردووە، درووست ترە و هیچ یەک لە واتاکانی دونیای راستی قەبووڵ نیە. خودی “سالوادۆر دالی”ش یەکێک لە بیرۆکەکانی ئەوە بوو کە؛ ئەو کەسایەتییانەی دەیانبینێ مرۆڤ نین، بەڵکوو لە بیری ئەو دا، یان کەرگەدەن و فیلن بە لاقی زۆر درێژەوە، یان تۆپی فووتباڵن!(٤)
یدالی ناو ئەو چیرۆکەش، بیر و باوەڕی وایە کە لە جیهانی ئەورۆدا ناژی، بەڵکوو لە جیهانێک دا دەژی کە هی رابڕدوویە و تێیدا منداڵەکەی بە شێوازێکی سۆررێئالیستی زیندوویە و بەقەد کانگۆرۆیەک دەبێ!
یهەروەها «دالی» وا خۆ دەنوێنێ کە ئەو منداڵە ڕێک کانگۆرۆیە، کە وردە وردە ئەو کوڕە هەژدە ساڵانەی وەک «بادیگاڕد» ئاگای لێیەتی، دەکەوێتە دڕدۆنگی و پارانۆیاوە کە؛ بڵێی ئەو منداڵە کانگۆرۆییە راست بێت یان نا؟
یدووهەم واتا لە سۆررێئالیسم دا، ئەبسوردیسمە. لە ئەبسۆردیسم دا، هونەرمەند سەڕەڕای ئەوەیکە دەیهەوێ پووچی و بێ مانایی بیر و باوەڕەکانی نیشان بدا، بە شێوازێکی سەمبۆلیک و کۆمێدیک حەول دەدا پێوەندی بداتەوە بە دونیای راستی و بە راستییەکانی دەوروبەرەوەی بلکێنێ. لەو چیرۆکەش دا، کوڕە کانگۆرۆییەکەی «دالی»، واتای ئەبسۆردیسم دەنوێنێ. بەشێوازێک کە هەم نوێنەری پووچی و بێ مانایی و کۆمێدی بوونی بیر و باوەڕی دالی و هەم سەمبولی کوڕی بە ناحەق کووژراوی دالییە. بەڵام باوکی ئێستا ئاواتەخوازی زیندوو بوونێتی و نەبوونی بۆتە ئێشێکی گەورەی ژیانی.
یچەمکێکی تر کە لێرەدا پێوەندی بەو ڕۆمانەوە هەیە؛ واتایەکی دەروونی _فەلسەفی واتە؛ «تراژێدی»یه.
یتراژێدی بە شێوازێک کە لە کولتووری پاپ دا جێ کەوتووە، زیاتر بە چیرۆک گەلێک دەکوترێ کە واتایەکی خەمینیان هەیە و بە گریان یا بە مردن و رووداوێکی ناخۆش و دڵتەزێن تەواو دەبن.(٥)
یبەڵام لە واتای سەرەکی خۆی و لە فەلسەفە دا، کاتێک دەتوانین بە چیرۆکێک بڵێین «تڕاژیک» که تێیدا، کاراکتێری سەرەکی لە بوارێک دا زۆر بەهێز بێ. جا لە بواری ئابووری، زانستی یان سیاسی دا و بە هۆی ئەوەشەوە، لەخۆ بایی بێت و لە ئاستی خودایەکهوه بڕوانێتە خۆی. دواتر بە تۆڵە و کارمای ئەو هەستە، خۆی تووشی رووداوێکی ناخۆش و دلهەژێن دەکا و چیرۆکەکە بە خەم و گریان و شیوەن تەواو دەبێ. نموونەی ئەو چیرۆکە تڕاژیکە لە ناوچەی کوردستاندا بەیتی «سەیدەوان»ە. لەو بەیتەدا کاراکتێری سەرەکی یانی «عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی» پیاوێکی ساماندار و بەهێزی عێلی داسنییه. هەر ئەوە دەبێتە هۆکار بۆوەی کە خۆی لە مرۆڤێک پێ زیاتر بێت و کەسی پێ وەکوو خۆی نەبێت. لە کۆتایی دا وەکوو کارمای ئەو هەستە، بۆخۆی بە دەستی خۆی هۆکاری دڵخۆشییەکەی؛ واته کوڕەکانی دەکووژێ و چیرۆکەکە زۆر دڵتەزێن تەواو دەبێ. یان بۆ وێنە لە میتۆلۆژی و ئوستوورەکانی مێزۆپۆتامیادا، «گیلگەمێش» شایەکی بەهێز و بەسام دەبێ. ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ زاڵم بوون و بێ روحم بوونی. ئەو توونێتییەکی زۆری بۆ دەسەڵات هەیە. لە کۆتاییش دا گیلگەمێش بە هۆی ئەو ئاواتە گەورەیەی بۆ بەهێزتر بوون، خۆی دەخاتە مەترسییەکی زۆرەوە و لە ئاکام دا دەمرێ. (٦)
یئەگەریش بگەڕێنەوه سەر چیرۆکەکەی «کێنزابۆرۆ ئۆئێ»، «دالی» بە هۆی ئەو لە خۆبایی بوونە زۆرەوە کە لە
ی لە هونەرەوە تێێدا دروست بووە، منداڵەکەی خۆی دەکووژێ. دواتر وا دەنوێنێ لەجیهانی رابردوودا لەگەڵ منداڵەکەی کە لەسەر شێوەی کانگۆرۆیە، دەژی. بەڵام لە کۆتاییدا دالی ئیدی ناتوانێ دەرەقەتی ئەو خەمە بێ و خۆی دەکووژێ.
ی لێرەدا ئەو واتا تڕاژیکە دەبینین کە چۆن کەسایەتییەکی بەهێز، لە سەرەتادا لەبەر هێزەکەی خۆی تووشی رووداوێکی ناخۆش دەکا و لە کۆتایی دا به خراپ ترین شێواز خۆی لە ناو دەبا.
یسێهەم چەمکێک کە لەو چیرۆکە دا باسی دهکەین، واتایەکی کۆمەڵایەتی ناو چاندی ژاپۆنە. ئەویش چەمکی «خۆ کووژی»یه لە کولتووری خەڵکی ژاپۆن دا. بە پێی مێژوو و کولتووری ژاپۆن و بە تایبەت «ساموورایی»یەکان، خەڵکی ژاپۆن ئەگەرچی خەڵکێکی تێکۆشەرن، بەڵام ئەگەر لە کارێک یان لە هەستێک دا نەیانتووانیبا سەرکەون، یەکەم رێگایان خۆکووژی بوو. بە تایبەت ئەگەر ئەو کارە پێوەندی بە وڵات یان خۆشەویستێکیانهوه بوایە. بۆ وێنە، ساموڕاییەکانی ژاپۆن دوای شەڕی جیهانی دووەم، بەشێکی زۆریان بە شێوازی خۆکووژی «هاراکیری»خۆیان کوشت. چون پێیان شوورەیی بوو کە لە شەڕ دا دۆڕاون. هەروەها زۆر جار لە ئەدەبیاتی مۆدێرنی ژاپۆنیش دا رۆمانەکان بە خۆکووژی یەکێک لە کاراکتێرە سەرەکییەکان تەواو دەبێ. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە رۆمانی «ئەسپە لغاو پچڕاوەکان» له نووسینی « یووکیۆ میشیما»(٧) بکەین. لەو رۆمانەدا کاراکتێری سەرەکی لە کۆتایی دا لەبەر ئەوەیکە لە خەباتێک دا دەیدۆڕێنێ، بە نەریتی هاراکیری خۆی لە ناو دەبا. یان کتێبی «دارستانی نۆڕوێژی» له نووسینی «هارۆکی مۆراکامی»، ئاوا کۆتایی پێدێ کە؛ خۆشەویستی کاراکتێری سەرەکی رۆمان خۆی هەڵدەواسێ، چون ناتوانێ خۆشەویستە پێشووەکەی لەبیر بەرێتەوە. کەوابوو، لە رۆمانەکەی «ئۆئێ»دا دیسان واتای خۆکوشتن دووپات دەبێتەوە. کاتێک کە «دالی» دەبینێ ناتوانێ لە خەمی کوشتنی کوڕەکەی رزگار بێ، خۆی دەکووژێ. بە واتایەکی تر، نووسەر لێرەدا خوێنەری تێگەیاندووە؛ خۆ کوشتن لە لایەن خەڵکی ژاپۆنەوە نە تەنیا نهشیاو نییه، بەڵکوو شێوازێکی دروست و تەنانەت پیرۆزیشه. خۆ کوشتن ڕێگای دەربازبوون نییە، بەڵکوو ڕێبازی پیرۆزە بۆ کۆتایی ژیان. ئەوەش لە بڕوای ئەواندا نیشاندەری بوێری بووە بۆ ئاکامی ئەو قارەمانانەی نەیانتووانیوە پڕ بەدڵ بژین و ئەرکی هەڵبژێردراوی خۆیان جێبەجێ بکەن. کاتێک کەسێک نەیتووانیوە ئەرکی سەرشانی خۆی وەکوو باوک یان خۆشەویست یان شەڕڤان بەجێ بێنێ، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبا، جا یان به شێوازی خۆ هەڵواسین یان بە شێوازی زگ هەڵدڕین و هاراکیری کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.
یچوارەمین و دواهەم چەمک کە پێوەندی دەدەمەوە بەو رۆمانە، واتای «ئێرۆتیسیسم»ه. بەو جۆرەی باس کرا؛ خەڵکی ژاپۆن لەو رۆمانەدا لە سەردەمی پاش کارەسات دا دەژین. سەردەمێک کە تەواوی بیر و باوەڕە سەرەکییەکانیان سەبارەت بە هەمووشتێک لە ناوچووه. تەنانەت بڕواکانیان سەبارەت بە وڵات، خۆشەویستی و ئەخلاقیات گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بە واتایەکی دی، لە سەردەمی دوای شەڕی جیهانی دووەم، کە پۆستمۆدێرنیسم دەرکەوت، دەستپێکەکەی لە ژاپۆن بە دۆڕاندنی گەورە لە شەڕی جیهانی دووەم و داڕمانی بناغەکانی چاندی چەندهەزارساڵەوه بوو.
ییەکێک لەو واتایەنەی لە پۆستمۆدێرنیسم و لەو رۆمانەی بەرباس دا دەخرێتە بەرچاو، واتای «ئێرۆتیسیسم و خۆشەویستی»ه. پارادۆکسێک کە لێرەدا بەرچاوە ئەوەیە کە؛ خەڵکی ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی کە بە درێژایی میژوو خەڵکێکی خۆشەویستی پارێز و پەیمانپەرەست و خاوەن ئاکاری جوان بوون، بەڵام دوای شەڕی جیهانی دووەم، ئاستی بایخی ئەو یاساوڕێسا کولتوورییانە دابەزی. واتاگەلێکی وەکوو «ئێرۆتیسیسم» و هەبوونی ژمارەیەکی زۆر (پارتنێر) یان شەریکی جنسی و پێوەندی جنسی، بوو بە کردەیەکی ئاسایی. هەر ئەو جۆرەی “هارۆکی موراکامی” لە رۆمانی «دارستانی نۆروێژی»دا(٨) بە وردی ئەو پرسە دەخاته بەر چاو و روانگەی لاوانی ئەو سەردەم سەبارەت بە پێوەندییەکان نیشان دەدا، «کێنزابۆرۆ ئۆئێ»ش لێرەدا ئەوە دووپات دەکاتەوە. بە جۆرێک کە لە پێوەندییە ئێرۆتیکەکان و سێکانسە ئیرۆسییەکاندا «دالی» و کوڕە هەژدەساڵانە پارێزەرەکەی، بە جوانی پشێوی و ئاڵۆزی و رووخاندنی بنەما ئەخلاقییەکانی خەڵکی ژاپۆنی دووای شەڕی جیهانی دووەم نیشان دەدا و پارادۆکسی نێوان ئەو ئاڵوگۆڕەی دووای شەر و پێش شەر دەخاته بەر باس.
ی«ئۆئێ»چوار چەمکی «سۆرڕئالیسم» «ئەبزۆردیسم»، «ئیرۆتیسیسم» و «خۆکوشتن» لە تەنراوەیەک لە دەردە مرۆڤایەتی و فەلسەفییەکاندا دەدرەوشێنێتەوە. «ئۆئێ»ش وەکوو « کامۆ» پێی وایە جیهان پانتای بێ ماناییە و مرۆڤ تێی دا مەحکوومە بە دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان. کەسایەتییەکان لە سووڕانەوەیەک لە ڕەنج و چەند پاتبوونەوەدا یەخسیرن. بە گوێرەیەک کە هیچ چارەیەک بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە چەتوونە بەدی ناکرێ. ئاوێتە کردنی ئەم چوار چەمکە کە هەر یەک سەر بە لقێکی مەعریفی جیاوازن، دەکرێ دەروازەیەک بەرەو تێگەیشتن لە ناواخنی سەرەکی بێ. ئەو حەولە لەوانەیە گەڕانێکی ناهۆمێدانە بە دووای مانا دابێ. گەڕان لە جیهانێکی لێکدابڕاو کە بە هێزی خەسار و نەخۆشی و ڕەنج و ئێرۆتیسیسم و خەون تێک ڕووخاوە. «سۆرڕێئالیسم» خەون و واقێع دەخاتە هەمبەر یەک. بێهێزی مرۆڤ لە ناسینەوەی راستەقینە و گومان نیشاندەری ئەبزۆردیسم، بێمانا بوون، تێکەڵ بوونی رەنج و چێژی ئیرۆتیکه. حەولێکی بێ ئاکامە بۆ دەربازبوون لە بۆشاییەکانی بوون. نیشاندەری ئەوەیە مرۆڤەکان تەنانەت لە باوەشی یەکتریش دا هەست بە تەنیایی و غوربەت دەکەن. جەستە، گرتووخانەیەکە بۆ مرۆڤ و زوو زوو وەبیرت دێنێتەوە کە خواست و ئارەزووی جەستەیی لە رەنج دەربازت ناکا و بە رزگاریت ناگەیەنێ. بەڵکوو تەنیا بە شێوەیەکی کاتی، رەنجەکانت حەشار دەدا. هەربۆیە دواهەمین کردەوەیەک کە بۆ رزگاری لەو بازنەی رەنجە لە ئیختیاری مرۆڤ دا دەمێنێتەوە، هەمان خۆکوشتنە، کە بە رای «ئاڵبێر کامۆ» تەنیا پرسیاری فەلسەفی جیهان ئەوەیە: «داخۆ دەبێ خۆ بکووژین یان نا؟» سێکانسەکانی خۆکوشتن زۆرجار تێکەڵ بە ئێڕوتیسیسم دەبن و هاوکات خۆکوشتن جارجار وەک دواسات بۆ ئەوپەڕی چێژی ئێرۆتیکی و لە راستی دا دوواهەمین چێژی ئێرۆتیکی خۆیا دەبێ. ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە مەرگ و چێژی ئیرۆتیکی، دوو وەسوەسەی رزگاریبەخش و ناڕاستن و مەرگیش هەر بە قەت چێژی جستەیی توانای رزگار کردنی مرۆڤی هەیە. لە ئاکام دا ئێمە هەر مەحکووم بە ژیان و دۆزینەوەی مانا بۆ ژیانین.
یسەرەکیترین برووسکە و راسپاردەی ئەو دەقە؛ گەڕانێکی بێ ئاکامە بە شوێن مێهرەبانی لە جیهانێکی چەواشە دا. جا چ لە باوەشی تاکی بەرانبەر و چ لە وەهم و چ لە مەرگ دا بێ، ئەو گەڕانە بەردەوام بە بن بەست کۆتایی دێ. بەڵام داخۆ فرمێسکەکانی چاوی بگێڕەوە قەت دەسڕدرێتەوە و بگێڕەوە دەگاتە ئارامی و هێمنایەتی؟ یا دیسان دەکەوێتە داوی وەهمێکی نوێوە؟ شاراوەیی و لێڵی لە ئهنقەستی کۆتایی چیرۆکەکە، رەنگدانەوەی خۆبوواردن لە بەدەستەوە دانی واتایەکی رەها بۆجیهانه.
یپەرواێز و سەرچاوەکان:
- کتێبی (The Day He Himself Shall Wipe My Tears Awa) یان “ئەو ڕۆژەی کە ئەو خۆی فرمێسکهکانم دەسڕێ”، نۆڤلێتێکی ژاپۆنییە لە نووسینی “کێنزابۆرۆ ئۆئێ”، کە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ سێ چیرۆکی دیکە بە ناوەکانی “فێرمان کە بەسەر شێتییەکامان دا زاڵ بین”، “دەسکەوت”، “ئاگوی دێوودرنجی ئاسمانی” (Aghwee the Sky Monster) بڵاو کرایەوە. دواتر ئەو چیرۆکانە بە ناوی ( Teach Us to Outgrow Our Madness,) بڵاو کرانەوە.
- Sherrow, Victoria (1999) The Making of the Atom Bomb, Publisher: Lucent Books
- Brison,Susan,(2002) Aftermath: Violence and the Remaking of a Self, Princeton University Press
- Orwell, George (1944) Benefit of Clergy: Some Notes on Salvador Dalí, London: The Saturday Book
- Bernstein, J.M (2009) The chapter on “Tragedy” in *The Oxford Handbook of Philosophy and Literature
- شاملو، احمد (۱۳۸۲) گیل گمش، چاپ نهم، تهران: نشر چشمه
- Mishima,Yukio (1973) Runaway Horses, translated by Michael Gallagher, published by Alfred A. Knopf
- Murakami, Haruki (2000) Norwegian Wood, translated by Jay Rubin ,Vintage Books
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.