ناسنامە: رووناک وەک ئەوین تاریک وەک مردن، محەمەد ئۆزۆن، وەرگێرانی وریا غەفووری، ئهندیشه ۲۰۱۴.
عەلی حسەینی
?خوێندنەوەیەکی کورتی رۆمانی(رووناک وەک ئەوین تاریک وەک مردن)ی محەمەد ئۆزۆن نووسەری گەورەی کرمانجی، بە وەرگێرانی زۆر کەم وێنەی کاک وریا غەفووری
لەم دەقە کورتەدا دەمەوێ لە پێشدا دەربارەی وەرگێڕانی بە هێزی رۆمانەکە ئەو راستییە بڵێم کە وەکوو خوێنەرێکی ئەم رۆمانە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە هیچ شوێنێکا هەستم بە دەقێکی وەرگێڕدراو نەکرد. من جارێکی تریش لە دەقی وەرگێڕدراوی مەم و زینی خانی لە لایان مامۆستا هەژارەوە ئەم حاڵەتەم بۆ پێش هات و زۆر بەکەمی هەستم بە دەقێکی وەرگێڕدراو کرد.بێجگە لە کارامەیی هەر دوو وەرگێڕ واتە هەم مامۆستا هەژار و هەم کاک وریا رەنگە هەندێ هۆکاری تریش لێرەدا بەدی بکرێن کە خودی ئەوانەش دەگەڕێنەوە بۆ لێهاتوویی چڕ و پڕی وەرگێڕ.دیارە رەنگە زمان ناسێکی لێهاتوو بتوانێ جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان کرمانجیی ژووروو و سۆرانیمان بۆ دەربخات بەڵام لەم دوو وەرگێڕانەدا کە کۆگایەک لە دەق یان زنجیرەیەکی زمانی گوێزراونەتەوە بۆ چوارچێوەیەکی تا رادەیەک وێکچوو، رەنگە پێویست نەبووبێت پێکهاتەکان بە گشتی بڕووخێنرێن و دووبارە چێ بکرێنەوە؛ یان رەنگە زۆر ئەگەری تر لە ئارادا بێت کە توێژینەوەی تری پێویست بێت.وەرگێڕی دەقێکی وەرگێڕدراوی سەرکەوتوو بێگومان لە جیاوازیی نێوان سەرچاوە و مەبەست شارەزایە.بە خوێندنەوەی ئەم رۆمانە هەر خوێنەرێک ئەگەر لە سۆرانیدا تا رادەیەکی بەرچاو شارەزایی هەبێت وەک راستییەکی حاشا هەڵنەگر دەبێ دان بەوەدا بنێ کە زۆر بەکەمی هەستی بە دەقێکی وەرگێڕدراو کردووە یان رەنگە هەرگیز هەستی پێ نەکردووە.بە خوێندنەوەی ئەم رۆمانە خوێنەر هەست بەوە دەکا کە وەرگێڕ چەندە وەستایانە راوێژی نووسەری ناسیوە هەر بۆیە توانیویەتی بە شێوەیەک خوێنەر بەرەو دەراوی دەقەکە بەرێت کە جادەی سەرەکی وەدۆزێ و لەو سەفەرە زمانییەدا عاشقانە بژی و هەست بە کەمترین لەرە بکات.
?خودی رۆمانەکە وەک دەقێکی بەهێز
لە بیستەکان بەم لاوە بە هاتنە سەرکاری مستەفا کەماڵ پاشا لە تورکیا ئەو کۆمەڵگەیە گۆڕانکاریی زۆری بە خۆوە بینی.ناوبراو بۆ ئەوە تورکیا بەرەو قۆناغە سەرەتاییەکانی مودێڕنیتە و مودێڕنیزاسیۆن بەرێت ئەگەر خۆ لە راستی نەشارینەوە رەنگە زۆر هەوڵی دابێت و تێکۆشانیشی کەم ئەنجام نەبووبێت بەڵام لە لایەکی ترەوە بە بەکارهێنانی سیاسەتێکی یەکدەست و چەقبەستوو و هەروەها لەبەرچاو نەگرتنی جیاوازییەکان لە تورکیا لەو سەردەمەوە تا هەنووکەش پێکهێنەری زۆرێک لە کێشەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بووبێت.رەنگە لەم ناوەدا کۆمەڵگەی کوردی زۆرترین کێشەی بۆ دروس بووبێت.من لەوە پێش لە رێگەی رۆمانەکانی ئورهان پامووک، یاشار کەماڵ و چەن نووسەری دیکە و هەروەها هەندێ دەقی مێژووییەوە تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە پاوانخوازانە وا لە بیستەکان بەملاوە لە تورکیا دەستی پێکرد هەندێ شتم بۆ دەرکەوتبوو.
لەم رۆمانەشدا(رووناک وەک ئەوین تاریک وەک مردن)من جیهانێکی پڕ راز و سەمەرەم بینی کە تا ئێستاکە تیایدا نەژیابووم.خوێندنەوەی هەر چەشنە دەقێک،بە مەرجێک دەقێکی جوان و تۆکمە بێت،ئەتوانێ لایەنگەلێکی قووڵ لە مەعریفە و زانیاریمان بۆ دەستەبەر کات.خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی بە تایبەت رۆمان بێجگە لە دەستەبەرکردنی هەندێ مەعریفە ئەتوانێ جارێکی تر بمانژییەنێت.واتە خوێنەر بێجگە لەو ژیانەی وا دەیکا و کردوویەتی لە رێگەی ئەو ژیانەوە وا خاوەنی دەق بە وشەی دەبەخشێ ئەتوانێ ژیانگەلی جیاواز بژی و (بێگومان لێرەدا وەرگێڕ لێهاتووانە رۆڵی گێڕاوە) سەفەرگەلی جۆراوجۆر بکات.نووسەر لێرەدا بێ ئەوەی رۆمانەکە شلووق بکات بە کەڵک وەرگرتن لە کەمترین ژماری کەسایەتی توانیویەتی دنیایەکی رووناک بخولقێنێ کە لەودا خوێنەر هەست بە پەلهاویشتن بۆ هەموو شوێنێک بکات.لە ژیانی گوند و شاخەوە بگرە تا مودێڕنترین شوێنەکانی ژیانی شارستانی،خوێنەر بەردەوام باڵ دەگرێ.زۆر جار هەست دەکا لە ناو زنجیرەی چیا و دوڵ و رەوەز و ئەشکەوت و موغاردا ون دەبێ و زۆر جاریش لە رۆمەڵخەزای ژیانی گەورەشاردا.لەم رۆمانەدا لە رێگەی ئاخاوتن و هەڵس و کەوتی دوو کەسایەتیی سەرەکییەوە واتە باز و کۆتر زۆر لایەنی نەناسراو لە ژیانی ئەو کۆمەڵگەی وا نووسینی رۆمانەکە تیایدا روویداوە دەردەکەون.باز لەو ئاگرەی وا سیستەمی پاوانخواز دەیکاتەوە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر رزگاری دەبێ و شوناسی دەدزرێ و بە شوناسی لایەنی حاکمەوە گەورە دەبێ و دەکەوێتە گیانی ئەو تاک و کۆمەڵەی وا لە سەرەتادا رەگی ئەمیشیان لە خۆدا حەشار داوە. لە لایەکی ترەوە کۆتر لە تاراوگەوە سەرهەڵدێنێ و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ گوند و لە دواییشدا دەچێتە شارستان، لەوێ هەست دەکا بە لێ سەندنەوەی زمان شوناسیان پڕووکاندووە.کۆتر لەو وشانەدا وا پێیان رادەهێنرێت هەست بە هیچ سۆز و عاتیفەیەک ناکات.بەردەوام بۆ ئەو وشانەی وا دادە(دایکی)ئەوی پێ لاواندوەتەوە دەناڵێنێ.پاشان بۆ درێژەی خوێندنی ئاکادمیک دەچێتە پایتەخت؛لەوێ هەموو هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ ناساندنی خۆی. کۆتر لە تەوژمی دۆخێکی چەقبەستوو و ژیانێکی سەپێندراودا لە ئەنجامدا بە هەوێنی گەرمی عەشقی (ژیر) هان دەدرێ و بەرەو چیا بەڕێدەکەوێ و لەم رێگەوە دەیەوێ بەرهەڵستی سیستەمی داخراو بوەستێ و لە خەبات دژی چەوسانەوە بەشدار بێت.نووسەر لە هەموو دێڕەکانی ئەم رۆمانەدا بە شێوەیەکی سێحراوی خوێنەر رادەکێشێ و جیهان بینیی بێ گرێ و دوور لە تەعەسوب و دووگماتیزمی خۆی دەدا بە گوێی دونیادا.لە کۆتاییدا بازی وەحشی کە ئامێری سەرکوتی دەستەی حاکمە بە هۆی ئەو کاریگەرییەی وا کۆتری دیل لە سەری دادەنێ دێتە ناو هەرێمی بەزەیی و عاتیفەوە و مردنی خۆی هەڵدەبژێرێ و ژیانی کوشت و بڕ تووناوتوون دەکا و دەینێتە لاوە.نووسەر لەم رێگەوە ئەوە دەدا بە گوێی مرۆڤە سەرەڕۆکانا کە سەرەڕۆیی و پاوانخوازی هیچ ئەنجامێکی نییە و چیدی نابێ تاک و کۆمەڵە جیاوازەکان بتوێنەوە و لە ئەنجامدا دەستی تۆڵە ئەگەرچی رەنگە هەندێجار بە نەفرەتەوە بجوێ و خراپ بە خراپ وڵام بداتەوە بەڵام سەردەکەوێ.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.