
غیابی کورد له ۱۲۰ ساڵ گێڕانه‌وه‌ی مۆدێرنی فارسی‌دا
ڕەزا عەلیپوور
بۆچی چیرۆک و ڕۆمانی فارسی، به‌جیهانی نه‌بووه و نابێ؟ هۆکار زۆرن، یه‌کیان ده‌توانێ ئەمه بێت:
چونکوو واقعیه‌تی جیهانی ئێرانیی ڕاستگۆیانه نیشان نه‌داوه، به ده‌ربڕینێکی دیکه، گێڕانه‌وه‌ی فارسی، زمان و ئێتنیکه‌کانی دیکه و به تایبه‌ت کوردی نهدیوگرتووه.
پاش ۱۲۰ ساڵ گێڕانه‌وەی مودێڕن هیچ خوێنه‌رێک ناتوانێ له ڕێگای ئەده‌بیاتی فارسییه‌وه وێنە و پانۆرامایه‌کی ڕاستگۆ و واقیعی لە ئیتنیک، زمان، کو‌لتوور و ڕەنجی خه‌ڵکانی ناو ئەم وڵاته وه‌ربگرێت.
نووسه‌ری پرۆیی ماریۆ بارگاس یووسا، پرۆی۳۳ ملوێنی لە ڕۆمانه‌کانیدا به هه‌موو ره‌گه‌ز و لایه‌ن و ئێتنیسته و قهومهکانیهوه نواندۆته‌وه. بۆ نموونه له ڕۆمانی “مەرگ لە ئاند” و “گفتوگۆ له کاتدراڵ”، سوورپێست، ڕەشپێست، سپی پێست، دووڕەگە، هاوڕەگەزخواز و… هه‌رکام جیهان و ده‌نگی خۆیان هه‌یه و ده‌نووسرێنه‌وه. ئەم ڕێگە پێدانه‌ش نه‌ک هه‌ر ڕۆمان په‌رش، یان داخراو ناکا به‌ڵکوو پێکهاتێکی داهێنه‌رانه، موزاییکی، هونه‌ریی و ته‌نانه‌ت ئەخلاقی به ڕۆمان ده‌دا. لە ئەدەبیاتی فارسی‌دا، بێجگە لە “کلیدر”، هیچ کەسایەتییەکی سەرەکی و تەنانەت نیوهسهرهکی بوونی نییە که کورد بێت. بێجگه له که‌سانی زۆر لاوه‌کی و فه‌رعی له هه‌ندێ ده‌قی وه‌کی به‌رهه‌می ئەحمهد مه‌حموود، به‌راهه‌نی و پارسیپوور کە هه‌ر به‌ناو کوردن و دوورن له خسڵەتی مرۆڤی کورد و جیهانه تایبه‌ته‌که‌ی، یان تیپگه‌لی کلیشه‌یی ئایدیۆلۆژیبردهن له ئەده‌بیاتی جه‌نگ و به‌رگریدا.
پشک و بەشی کورد لە ناو ئەدەبیاتی داستانیی فارسی له‌م ۱۲۰ ساڵەدا نزیک بە سفره. لە جەماڵزادەوە تا ئێستا، وا ده‌قی مودێڕنی فارسی به‌رهه‌م هاتووه هیچ کارەکتەرێکی سه‌ره‌کیی کوردمان نییە کە نووسەرێکی فارس (له ناو ئەم چه‌ند ملوێن کورده‌وه) بردبێتییه ناو ڕۆمان و داستانه‌که‌ی خۆیه‌وه.
ئەو کهسهدهگمهنانهش که هەن ته‌نانه‌ت تیپیش نین، کلیشهن و هه‌رگیز نابنه راوی و گێڕوەر و که‌سێتیی سه‌ره‌کی. لەملاشهوه ئێمه هه‌ر کڕیار و به‌رخۆر بووین، دنیایه‌ک چیرۆک و ڕۆمانی فارسیمان خوێندۆته‌وه و هه‌ر خۆمان نه‌بینییه‌وه. ناشبینین، چونکه له‌و ئاپاراتوسەدا یان نه‌دیو و نه‌بینراوین یان وه‌ک هه‌ڕەشە بینراوین. لە سینه‌ماشدا وایه. له باشترین حاڵەتدا کارەکتەرە کوردەکان دەبنە بوونه‌وه‌ری “فۆلکلۆریک”، تیپگه‌لی سیاسی/ئەمنی، “په‌راوێزنشین”، سوبژه‌ی ئێگزۆتیک و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی کولتووری.
ئەم نهدیوگرتنهی کورد، لەلایەن نووسەرانی فارسەوە، هیچکات نه‌بووه به زه‌رووره‌ت و هه‌ر ده‌ڵێی ئێمه لازم نییه بنووسرێین و ببین. که‌مینه قه‌ومییه‌کان له ئەده‌بی فارسی‌دا له خۆشترین باردا وه‌ک ئوبژه‌ی کولتووری بینراون، نه‌ک وه‌ک سوبژەی گێڕانەوە. ئەمه‌ش بگوترێت، ئەوەی که نووسه‌ری کورد دێت جیهانی خۆی و که‌سێتیی کورد ده‌نووسێت، هیچ له ڕەخنه و به‌رپرسیاره‌تیی زمان و ئەده‌بی ناوه‌ند که‌م ناکات که به ناوی هه‌مووانه‌وه قسه ده‌کات. لێرەدا ئەمه‌ش زیاد بکه‌م ئەم نووسینه ڕەخنهیه له‌و ئەدهبیاته نه‌ک تکا بۆ ئاوڕدانه‌وه، ڕەنگه به‌شێک لە گرفتاریی و بنبه‌ستیان به‌ده‌ست که‌سێتی و جیهانی یونیکی پهراوێزییەکان چاره ببوایه.
لە کاتێکدا یوسا نیشان دەدات کە ڕۆمانێکی جیهانی، بەبێ نیشاندانی واقعیه‌تی وڵاته‌که (له پرو چەندڕەگەزیبوون) ناتوانرێت ڕاستنووسانه بنووسرێت. ئایا کێشە ته‌نها له ئەدهبدایه و ئەدهبییە؟ نا. با ڕادیکاڵتر بڕوانین، ڕایەک هەیە و بهجێیشە؛ پرسه‌کان سه‌ره‌تا لە ئەدەبیاتدا چه‌که‌ره ده‌که‌ن، پاشان له بواری دیکه‌دا په‌ره‌ده‌سێنن و ده‌بنه کێشە، سه‌باره‌ت به‌م باسه، واته سه‌ره‌تا له ئەدهبیاتدا سڕینەوە و ئینکار و قووتدان ڕوودەدات، دواتر لە سیاسەتدا، گه‌رچی به‌رودوا گرنگ نییه به‌ڵام پێمانوانه‌بێ مه‌سه‌له بە ڕێکەوت و هه‌ڵبژاردنێکی که‌سه‌کییه. له‌م یادداشته‌دا ناکرێ، به‌وردی باسی بکرێ، به‌ڵام بەڕای من لایه‌نێکی گرنگی ئەو سڕینه‌وه‌یه به نه‌ته‌وه‌سازییه‌وه گرێدراوه.
دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی و ئەدەبیاتی فارسی پێوەندییەکی سهربهسهریان هه‌یه و یه‌کتر به هێز دەکەن. لە په‌هله‌وییه‌وه و زووتریش، واته له مه‌شرووته‌وه، دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی بۆ دامەزراندنی شوناسێکی یه‌کده‌ست و یەکگرتوو و مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتی ناوەندی، پێویستی بە وێنەسازییهکی کولتوری بوو، کە تێیدا زمان، مێژوو و کولتوری فارس وەک پێوانه‌ی سەرەکی پێناسە دەکرا. لەم چوارچێوەدا، ئەدەبیاتی فارسی، بەتایبەتی ڕۆمان و چیرۆکی مۆدێرن، ڕۆڵی ئامرازی بەرهەمهێنانەوە و مەشروعیەتدان بەم شوناسه‌ی گێڕاوە. ڕۆمان بۆ ئەمه‌ش پێویستی به‌وه نه‌بووه به ناوه‌رۆک ئەوە ده‌ربخات، زیاتر به میکانیزمی نه‌دیوگرتنی زمانی و نه‌دیتنی که‌سێتیی غه‌یره فارس وەهای کردووه.
کهسێتییەکان فارس و ناوەند-ته‌وه‌رن و فارسیی باش و پاراو، باش ده‌زانن و زمانیان په‌تی و بی خه‌وشه و زمان لار نینه (له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌کرێ کلیدریش بخرێته ژێر پرسیار کە کابرای کرمانج ده‌بێ سەرەتا زمانی پاک بکرێته‌وه و خه‌وش و له‌هجه‌ی بسڕرێتەوە، ته‌نانه‌ت وەک “به‌یهه‌قی“ قسه بکات جا بێته ناو ڕۆمانه‌وه).
له پرۆسەی نه‌ته‌وه‌سازی و لە چیرۆکی «فارسی شکر است »ه‌وه چه‌شناوچه‌شنیی زار و زمان وه‌ک کێشە بینراوه و نەتەوەکانی تر، وەک کورد، بەلوچ، عەرەب و تورک، یان سڕدراونەتهوه، یان کراون بە تیپگه‌لی کلیشەیی و په‌راوێزی. ئەنجامی ئەم میکانیزمه، پێکهاتنی ئەدەبیاتێکی یەک-نەتەوەیی، یەک-زمانی و یەک-دەنگییە کە نەک هه‌ر جیهانی چەندنەتەوەیی نیشان نادات، بەڵکو سڕینەوە و پشتگوێخستنی خەڵکانی دیکه لە ده‌ڤەری ئەدەبیاتدا به شێوەی ساخته و ده‌ستکاریکراو به‌رهه‌م دێنێته‌وه، هه‌روه‌ها ئامادەکاری ده‌کات بۆ نه‌دیتن و ئینکاری شوناس لە سیاسەت و بیرگه‌ی کۆمەڵایەتیدا.
له ڕوانگەی والتر بنیامینەوە له وتاری “نووسەر وەک بەرهەمهێنەر”، پرسی وەدەرنانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئەدەبیاتی فارسی‌دا تەنیا نەبوونی نواندنه‌وه و ڕۆنانی ساخته نییە، بەڵکو نیشانەی ئاراستەیەکی سیاسیی هەڵەیە. بنیامین دەڵێ کارێک کە ئاراستەی سیاسیی دروستی نەبێت، هەرچەندە لە ڕووی تەکنیک و زمانەوە بەهێز بێت، لە بنەڕەتدا نوقستانه و کەموکوڕیی تێدایە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی