
رۆمانی “شیوەنی نارنجی ئەستێرە کوژ” بڵاو بوویەوە
ئەو بەرهەمە نووسینی ئەرسەلان چەلەبی-یە و لە لایەن نووسەر و دوو کەسی دیکە لە کوردییەوە کراوە بە ئینگلیزی و وەشانی Mill House Publisher لە لەندەن بە شێوەی چاپی و ئی بووک لە دووتوێی ١٧٠ لاپەڕەدا لە مەکۆکانی Amazon و The great british book shop بڵاو کردووەتەوە. وەشانی میل ئاوەهای ڕۆمانەکە ناساندووە:
“ئەرسەلان چەڵەبی چیرۆکێکی سەمیمی و سادقانە و تۆقێنەری لە ژیانی تازەگەنجێک بەرهەم هێناوە کە دەبێتە گەمەی دۆخگەلێکی نەخوازراو. ئەو تازە گەنجە لە تەمەنی شانزدە ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و لە ساڵانی دواتر لە شوێنی کار هاوڕییەکی هاوتەمەنی خۆشی لە دەست دەدا و تێداچێ. بەو حاڵەوە دەتوانێ لە ناو جەرگەی ڕووداوە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە چێژ و تەنز بدۆزێتەوە. ئەو لە وڵاتێک ڕای کرد کە بوونی نەبوو. ئەو زمانەی دەیناسی و خۆشی دەویست لە لایەن مامۆستاکانییەوە وەلا نرا. پاشان لە گەڵ ژیانی ڕۆژانەی ڕووبەڕوو بوویەوە، ژیانێک کە هێواش هێواش و بە بێدەنگی هەڵخلیسکایە ناو زەینییەوە.
چیڕۆکەکە سەفەری ئەو تازە گەنجە دەگێڕێتەوە کە لە کێوەکانی کوردستانەوە دەست پێدەکات بەرەو تاران، بۆکان، هەولێر، کەرکووک هەتا دەگاتە ئامستردام، پاریس و لە کۆتاییدا کۆپنهاگ. هەندێک جار لە جەرگەی خەیاڵاوی و تەنزی ناو بەرهەمەکە، تێناگەی کە کامە ڕاستە و کامە خەیاڵ! وە ئەوە حاڵ و ڕۆژی کەسێکە کە بۆ یەکەمین جار دەست دەداتە چەک و چوار ئەستێرە بە ئاسمانەوە دەکووژێ و بەریاندەداتە خوارەوە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی