
مۆدێرنیزمی کوردی، له هه‌مبه‌ر مۆدێرنیتە‌ی ناوه‌نددا

ڕەزا عه‌لی‌پوور
“هەتا هەتایە دەوری جوانییە.” سواره
سواره ئیلخانیزادە لە په‌راوێزێکی مێژوویی-جوگرافی گەشە دەکات کە نە سوننەت وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه، نه مۆدێرنیتە بنجی‌داکوتاوه، واته له شوێن-کاتێکی لەرزۆک و ئاڵۆز لە قه‌راخی پرۆسەی ناتەواوی دەوڵەت-نەتەوەسازیی ئێرانی‌دا. کوردستان لە دەیەکانی ٢٠ و ٣٠ی کۆچی، هێشتا ڕاستەوخۆ و هه‌مه‌لایه‌نه لەگەڵ ژیانی مۆدێرن به‌ره‌وڕوو نەبووه‌ته‌وه، گه‌رچی پریشک و تیرۆژی جیهانی مودێڕن ساڵانێکە لێیده‌دات و شه‌به‌نگ و وێنەیەکی لێڵ و ناقس لە مودێرنیته به‌رهه‌م‌دێت. لە دۆخێکی وادا خەونی سووژه چه‌که‌ره ده‌کات، بەڵام بنەمای پێویستی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بۆ گەشەکردن بوونی نییە.
سواره بۆ خوێندن کوردستان جێدێڵێت، ئەو هه‌ڵکەندرانه‌ی سواره لەم قه‌راخ و په‌راوێزه‌وه بۆ ناوه‌ندی مێترۆپۆلەکانی سەردەمی خۆی (تاران و ته‌برێز)، نه‌رمه‌چوون نییه بۆ ناو جیهانی مۆدێرن، بەڵکوو لێکدران و به‌رکه‌وتنی تونده لەگەڵ مۆدێرنیته‌یه‌کی ناتەواو و ناهاوسه‌نگ، که ژیان و سیاسه‌ت و کولتووری شارنشینی، پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونی ژیانکراو، وەک سه‌رگێژە و لێزمه، بەسەر سووژە‌دا قڵپ ده‌کرێته‌وه. سواره لەو دۆخه‌دا له‌ناو گرژی و کرژیی شاردا گیرده‌خوات، نە ئیمکانی تێکەڵبوونی هەیە و نە توانای بەرگری. گه‌رچی ئەم گیرخواردن و نامسۆگەرییە ده‌گوازرێته‌وه بۆ ناو شیعری، به‌ڵام شۆکی مودێرنیته لە شیعری سواره‌دا جه‌زب ناکرێت و ئەو ئەزموونه ناونشین (درون‌ماندگار) نابێته‌وه، بەڵکو یان تاپۆ (ثبت) دەکرێت، یان به ناوه‌رۆکی سروشت‌ویستی و مه‌یله‌و ڕۆمانتیک، فۆرم و ستراکتۆری شیعریی تێک ده‌دا.
دۆخی سواره، دۆخێکه دەتوانرێت لەگەڵ “لوسیەن شاردۆن”، شاعیری ناو ڕۆمانی “خەونە له ده‌ست‌چووه‌کان”ی بالزاک پێکی‌بگرین و به‌راوردی بکه‌ین. لای هه‌ردوو، گه‌وره‌شار سه‌ره‌تا به بریق‌وباق، خەون به‌رهه‌م ده‌هێنێت و پاشان سووژه‌ی نه‌تواوه و جه‌زب نه‌بوو، فڕێ‌ده‌داتەوە بۆ شوێنێک کە لێوەی هاتووه. به‌م جیاوازییە‌وه کە سوارە نە پاڵەوانی مۆدێرنی خودئاگا و نە چاودێری جوانیناسه‌کیی شارە، به‌ڵکوو به‌کاربه‌ر و به‌رکه‌وته‌ی شۆک و تونداژۆیی مۆدێرنیته‌یه. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لای بودلێر له‌گه‌ڵ سووژەیەک به‌ره‌وڕوو دەبین کە شار فام ده‌کات و ده‌یکاته ئەزموونی شیعری، لە شیعری سواره‌دا شۆکی مۆدێرنیته و شار به ناو سووژە‌دا تێدەپەڕێت و بۆ هه‌میشه دووله‌تی ده‌کات. لایه‌کی ئارەزوو، یان ناچاریی گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد و گوند و سروشت (وه‌ک لوسیه‌ن شاردۆنی ده‌سبه‌تاڵ)ی تێدا دروست‌ده‌کات، لایەکی‌تری بۆ هەمیشه نیشانە و جێ‌په‌پنجه‌ی شۆک، لە سه‌ر زمان و شیعری ده‌نه‌خشێنێت. ئەمە نیوه‌ی ماجه‌رایه و له‌مه به‌دوا سواره له شاردۆن و شاعیرانی کلاسیک و کلاسیکی دوایینی کورد جیا ده‌بێته‌وه. ئیتر وەک خۆی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سروشت و قه‌راخ، تازه مۆدێرنیته ده‌ستی لێ‌وەشاندووه، ئەمیش شیعری داوه به ده‌ست مۆدێرنیزمه‌وه. چۆن؟
ئەگەر وەک “ئادۆرنۆ”، مۆدێرنیزم لە پێگەی پچڕان، به ڕەخنەی ناوه‌کی لە مۆدێرنیتە تێبگەین، ئەوا ئیتر مۆدێرنیزمی سواره نابێ وەک درێژکراوە‌ی مۆدێرنیتە‌ی ناوه‌ند فام بکرێت، بەڵکوو به‌پێچه‌وانه ده‌کرێ وەک کاردانەوەیەکی پەراوێزی و ناکۆک بەرامبەر بە مۆدێرنیته‌ی تاران و میکانیزمە ده‌رباری و دەوڵەتییەکانی و مۆدێرنیزاسیۆنی نەوتی و فه‌رمان‌پێدراو ببینین. که‌واته هەڵبژاردنی فۆڕم و پێکهاتی نوێی شیعری (بۆ زمانی کوردی) لێرەدا هاودەنگی نییە لەگەڵ مودێرنیته و ته‌نانه‌ت مۆدێرنیزمی ئەده‌بی و هونه‌ریی ناوەند، بەڵکوو هەوڵێکە له هه‌مبه‌ر عەقڵانییەتی باڵادەستی مۆدێرنیتە‌ی ئێرانی و هێژمونیی مۆدێرنیزمی فارسی، واته خۆ ڕاپسکان و پچڕان به ئاراسته‌ی مۆدێڕنیزمی کوردی‌دا. مۆدێرنیزمێک کە لە سەرووی هەموو به‌ربژارێکەوە، ئیراده‌ی خۆی لە هه‌ڵنان و هەڵبژاردنی زماندا دەردەخات. به وته‌یه‌کی دیکه ئەم مۆدێرنیزمە قەراخی و کەنارییە، نە درێژەی مۆدێرنیتە‌ی ناوه‌ندە و نە وه‌رگرتن و وەرگێڕانی تەواوه‌تیی مودێڕنیزمی ئەوێیە، بەڵکو وەڵامێکی سووژه‌ی له‌تکراوی په‌راوێزە، له به‌رامبه‌ر سووژه‌ی دانپیانراو، نیشانه‌ی ژیان و ده‌نگێکی ناسازه له ناو ژیان و زمان و ده‌نگی ڕەسمیدا. گرنگیی سواره ئەوەیە کە ئەم ئەزموونی شۆک و ئەم مۆدێرنیزمە قەراخییە، لە هه‌مبه‌ر مۆدێرنیتە‌ی ناوه‌نددا و له ناو و له ڕێگەی مۆدێرنیزمی ناوه‌نده‌وه، ڕادەکێشێته ناو زمانی کوردییه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئەمە مۆدێرنیزمی سواره وەک لاسایی، یان درێژکراوە‌ی ڕووتی ناوه‌ند نییه، بەڵکو وەک ئامرازێکه بۆ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لە پێوەندی و یه‌کانگیریی نێوان زمان و دەسەڵات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی لێرەدا دەبینرێت “سیاسەتی نڤیسار”ە بە مانای “رانسیه‌ر”ی، ستراتیژییەکی هۆشیارانە‌یه بۆ سه‌رله‌نوێ دابەشکردنی بابەتی هەستەکی (باز توزیع امر محسوس) لە ڕێگای زمانی کوردییه‌وه.
بۆیە مۆدێرنیزمی سواره ته‌نها تاکتیکی شیعری و گۆڕانێکی فۆرمی نییه لە ناو چوارچێوەی مۆدێرنیزمی باڵادەستدا، بەڵکوو ستراتیژییەکە لە پێداگریی زمانی، سیاسی و جوانیناسانه.
ستراتیژییەک کە لە ناویدا نه‌فسی داهێنان و نووسینی “نوێخوازانه بە کوردی”، دەگۆڕرێت بۆ کردەیەکی مێژوویی، ستاتیکی و بەردەوام لە دژی هێژمۆنیی مۆدێرنیتە‌ی ناوه‌ند.
دەکرێ بگوترێت، سه‌ره‌تا له پاش کۆماره‌وه، پاشان دوای نیشتنه‌وه‌ی تاوویاوی شۆڕشی ۵۷، ئەم مۆدێرنیزمە، تا ئێسته‌ش نه‌پساوترین و پەڕگیرترین وەڵامی سووژه‌ی په‌راوێز (کوردستان)ه بە مۆدێرنیتە جیاجیاکانی ناوه‌ند (سیاسی، تاک‌سووژه‌یی، حکومەتی و ناوه‌ندته‌وه‌ر و…)، وەڵامێک کە له‌وانه‌یه کێشه‌دار و ناته‌واو بێت، بەڵام هه‌رچۆن بێت دیارترین “ژێست”ه‌کانی خۆی له پێداگری له سه‌ر زمان، گوتاری ئەدەبی و ستاتیکا بینیوە‌ته‌وه، سواره‌ش ده‌سپێکە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی