خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی«بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی کاوان محەمەدپوور بڵاوکرایەوە

کتێبی«بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی کاوان محەمەدپوور بڵاوکرایەوە

کتێبی«بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی کاوان محەمەدپوور بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی»، کاوان محەمەدپوور ، بەرهەمی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، پەخشانگە: زانکۆی کوردستان، سنە ١٤٠٢.

دوکتۆر محەمەد ڕەحیم ئەحمەدی

کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە» له چەندین بەش پێکهاتووه. هێندێک چەمکی بنەڕەتیی گێڕانەوە و ڕۆمان وەک کەسایەتی، ڕوانگه(ناوەندی کردن)، پێکهاته، وەگێڕ و زەمەن(کات) تێیدا خراونەته بەر باس. نووسەر هەوڵی داوه له زۆر شوێن‌دا، له لێکدانەوەی بیردۆزانەی چەمکەکان تێپەڕێ و لەسەر هێندێک دەقی کوردی تاقییان بکاتەوه. بەشی کۆتایی کتێبەکە تەرخان‌کراە به مێتافیکشن و ڕۆمانی پۆست‌مۆدێرن.

یەکێک له خاڵه گرینگەکانی ئەم کتێبە ڕوانینی ڕەخنەگرانەی نووسەرە  بۆ چەمکەکان و هەروەها واتا و هاوتای ئەم چەمکانە لە زمانی کوردی‌دا. گەنگەشەکردن و باس و خواس لەسەر ئەم چەمکانە و دڕدۆنگی دەربڕین شتێکی ئاساییه، چون کاتێک زانستێک یان بوارێکی زانستیی نوێ دەچێته وڵاتێک، تێرمینۆلۆژی و زاراوەگەلی تایبەت بەخۆی دەگەڵه. له ڕاستی‌دا سەقامگیر بوون و وەرگیرانیان دەگەڕیتەوه سەر بەکارهێنان و خستنه بەر باسی ئەو کەرەسته و چەمکانه له لایەن پسپۆڕانی ئەو بوارەوە. 

«وەگێڕ» و «کەسایەتی» وەک دوو سەرچاوەی بنەڕەتیی گێڕانەوه کار دەکەنه هەموو ئاستەکانی «دەنگ» (کێ دەیگێڕیتەوه) و «ڕوانگه» (چۆن و چەنده دەگێڕدرێتەوه). «ناوەندی‌کردن» (Focalisation /Focalization) زاراوەیەکه وا “ژێرار ژۆنێت” بەکاری دێنێت بۆ باس کردن له گەیاندنی زانیاری(وەک: هەواڵێک، هەستێک و… هتد) بە خوێنەر لەلایەن وەگێڕ یان کەسایەتییەوه. نووسەری «بووتیقای گێڕانەوە»، لەسەر ئەم دوو تەوەره به تەسەلی و وردبینانه دواوه و سنوورەکانی دەسەڵات و دەستێوەردانی هەر دووکیانی دیاری کردوون، هەر چەند به بڕوای من، لێک جیا کردنەوەی دەنگ و ڕوانگه زۆرجار کارێکی چەتوون و بگره ناموومکینه.

کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە» هەڵگری هەموو ئەو چەمکانەیه که بۆ لێکدانەوەی گێڕانەوه بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی پێویستن. نووسەر جگە لەوەی کەرەستەی شیکردنەوه دەخاتە بەر دەستی خوێنەر، هەوڵ دەدا کاریگەریی ئەم کەرەستانە له باری کرداریییەوە، لەسەر هێندێک دەقی گێڕانەوەیی‌ نیشان بدا (ئەمە یەکێک له مەبەستە سەرەکییەکانی ئەو کتێبەیه و لە ژێرناوی دووهەم‌دا – «گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی»- ئاماژەی پێ‌کراوە). لە ڕاستی‌دا دۆزینەوەی کەرەسته یان کەرەستەگەلی لێکدانەوەی ڕۆمانی کوردی، که هەم تایبەتمەندییە گشتییەکانی ژانری ڕۆمان و هەمیش جیاوازییەکانی ڕۆمانەکان دەگەڵ یەک لەبەر چاو بگرێ، دەبێ مەبەستی هەر بیردۆزێکی گێڕانەوه لەمەڕ ڕۆمان و چیرۆکی کوردی بێت. 

خۆماڵی‌کردنەوەی بووتیقای گێڕانەوه و بەکارهێنانی له هەڵسەنگاندنی بەشه پێکهێنەرەکانی ڕۆمانی کوردی‌دا یەکێکی‌تر له ئامانجەکانی نووسەرە. نووسەر بە لێهاتوویی زاراوەکان بەکار دێنێ و له زۆربەی سەرچاوه گرینگەکانی بووتیقا و گێڕانەوەناسی، به باشی کەڵکی گرتووە. 

ڕەخنەی ئەدەبی له پرۆسەی گەشەکردنی وێژه له هەر وڵاتێک‌دا دەورێکی کارای هەبووه و هەیه و بۆ جیهانی‌بوونی ڕۆمانی کوردی، دەبێ گێڕانەوەناسیی چیرۆک بەگشتی و ڕۆمانی کوردی بەتایبەتی بەشێوەیەکی زانستی پەرەی پێبدرێ. کاری ڕەخنەگر، ڕەخنەگرتن، به مانای هێرش‌کردن و سەرکۆنەکردن و نواندنەوەی خاڵه لاوازەکان یان بەپێچەوانەوە پێ‌هەڵگوتن نییه، بەڵکوو بریتییه له: وەسفی ئاسەواری ئەدەبی، هەڵسەنگاندنی به‌پێی تیۆریی بووتیقایی و جوانیناسانەی باوەڕپێکراو و سەلمێنراوە. له کۆتاییدا، ڕەخنەگر به پشت‌بەستن به بەڵگەکان و نموونەکان دەتوانێ ڕای خۆی دەرببڕی. ڕەخنەگر بەو پێیه، هاوڕێی نووسەرە نەک نەیار و دژ بە ئەو، هەروەها ڕەخنەگر بەشداری دەکا له بڵاوبوونەوه و پەرەسەندنی بەرهەمەکە دا. 

کاوان محەمەدپوور

«بووتیقای گێڕانەوە»، کتێبێکی بەنرخ و بەکەڵکه و ئامێری کارا ئاراستەی خوێنەر دەکات بۆ باشتر فام‌کردنی پێکهاتەی ڕۆمان و بەشه جیاوازەکانی. هەروەها کەرەستەکانی لێکدانەوه و شیکردنەوەی ڕۆمان و گێڕانەوه دەداته دەست ڕەخنەگر. نووسەری ئەم پەڕتووکه، بەڕێز کاک «#کاوان_محەمەدپوور»، هەنگاوێکی زۆر زانستی و قایمی ناوەتە ناو ئەم چوارچێوەیەوە، هەوڵێکی وەها بەنرخ، جێگەی پێزانین و سپاسه.

🔻پێڕستی ئەم کتێبە بریتییە لە:

پێش‌وتار 
پێشه‌کی ‌
دەسپێک 

۱- پێکهاتەی گێڕانەوە؛ وەگێڕ و ئاستەکانی گێڕانەوه 

۲- زەمــــەن؛ زەمەنی گێڕانەوەیی لە ڕۆمانی «سروودێک بۆ ئیبراهیم» دا 

۳- کـەسایەتی؛ داڕشتنی کەسایەتی لە ڕۆمانی «گۆمی بەردەلانکێ‌» دا 

۴- ناوەندی‌کردن؛ شێوەڕوانینەکان لە ڕۆمانی «گوڵی شۆڕان» ‌دا 

۵- نواندنەوەی گوتارەکان؛ شێوەگێڕانەوەی ڕۆمانی «تۆقی عەزازیل» 

۶- مێتافیکشن؛ سنوورەکانی پۆست‌مۆدێرن لە ڕۆمانی «باڵندەکانی دەم با»دا 

دوایین وتە 

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابەتەکە ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *