خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان»

ناساندنی کتێبی «فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان»

ناسنامەی کتێب: «فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان»، نووسەر :ئارتۆر شووپنهاوەر، وه‌رگێر: دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەمینی، چاپه‌مه‌نی مادیار، سنه ۱۳۹۸.

🔸 ناساندنی کتێبی «فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان» به‌ قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ

دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەمینی

هەر وەک دەزانین دوو ڕوانگەی سەرەکیی لەمەڕ جیهان یان بوون بەگشتیی هەیە. یەکەم، ڕوانینێکی گەشبینانەیە بۆ جیهان کە بە پێی ئەم تێڕوانینە ڕێژەی خێر و خۆشی و جوانییەکانی ژیان زاڵترە بە سەر لایەنی شەڕ و تاریکی جیهاندا. دووهەم، ڕوانینێکی ڕەشبینانەیە بۆ ژیان کە بە پێی ئەم تێڕوانینە ڕێژەی شەڕ و نەهامەتی و ناسۆرییەکانی ژیان زۆرترە لە لایەنەی ڕوون و دڵخۆشکەری. زۆرینەی فیلەسووفەکان ئەکرێت لەم دوو چەشنە ڕوانگەیەدا جێبکەینەوە. بەنموونە، ئیبنەسینا لای وابوو کە ئەم جیهانە “نزامی ئەحسەنە [پێکهاتەیەکی چاکە]” و لایبنیتسیش لای وابوو کە خودا بە پێی “عەدڵی ئیلاهی” خۆی لە نێو هەزاران جیهانی شیاودا “باشترین و شیاوترین جیهانی” هەڵبژاردووە. کەچی هەندێ لە بیرمەندانیتر بەپێچەوانە لایان وایە کە بوون یان جیهان بەگشتی واتایەکی ئەوتۆی نییە کە مرۆڤ دڵیپێخشکات و بیکات بە هەوێنێک بۆ بەختەوەر بوونی خۆی. لە مێژووی فەلسەفەدا فیلەسووفە “کەلبییەکان”، شووپنهاوەر، ئاڵبێر کامۆ و کەسانیتر ڕوانینێکی نەرێنی و ڕەشبینانەیان هەیە دەرهەق بە ژیان و بەختەوەری.

دیارە هەڵبژاردنی هەر یەک لەم جیهانبینیانە سەبارەت بە جیهان و ژیان، هەموو بنەما و قوژبنی ژیانی مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بۆیە زۆر گرینگە کە ئێمە لە چ دەلاقەیەکەوە چاو لە ژیان دەکەین و بە پێی چ پێوەرگەلێک هەڵدەسەنگێنین و بەگشتی بڕوامان سەبارەت بە بەختەوەری و واتای ژیان بەگشتی چییە. هەر تاکێک هەرچەند لەوانەیە بە ئاگاهییەوە بیری لەم پرسە نەکردبێتەوە، لانیکەم لە ناخەوە و بەشێوەیەکی نهێنی ئەم لایەنانەی بۆ خۆی تاوتوێ کردووە و بە پێی یەکێک لەم جیهانبینییانە ژیان خۆی پێکهێناوە و درێژەی پێدەدات.

ئارتۆر شووپنهاوەر، فیلەسووفی ئاڵمانیی سەدەی نۆزدەی زایینی، یەکێک لەو گەورە فیلەسووفانەیە کە بە ئاشکرا بێواتایی ژیان و بێناوەڕۆکبوونی هەموو وزە و هەوڵی نێو جیهان ڕادەگەیەنێت و بەپێچەوانەی هەندێ لە فیلەسووفەکانیتر، ئاکام و دەرەنجامێکی ڕوون بۆ جیهان وێنا ناکات. لای وایە کە بەهۆی ئەوەی کە سرشت و ناواخنی جیهان لێوانلێوە لە شەڕ و نەهامەتی و ئازار، ئیدی بەختەوەری بۆ مرۆڤ وەک خەونێک دێتە بەرچاو و بەڕواڵەت شتێکە کە مرۆڤ بەرەولای خۆی دەکێشێت، بەڵام قەد بەدی نایەت، چوونکە لە بنەڕەتدا بوونی ڕاستەقینە و ئەرێنیی نییە. هەر بۆیە هەموو چەرمەسەریی مرۆڤ لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، چوونکە لە قڕانگای بوون و پانتایی ژیاندا بەدووی شتێکدا سەرگەردان و وەیلانە کە بوونی نییە، واتە “بە سەر قەبرێکدا دەگریەت کە مردووی تێدا نییە”. ئەگەر مرۆڤ بەو زانیاریە بگات کە “ویست”، وەک هێزێکی مێتافیزیکیی ڕەش و هەژێنەر، لە ناوەڕۆکی هەموو شتەکاندا خۆی حەشارداوە و هیچ خۆشی و بەختەوەرییەکی هەتایی لە ئارادا نییە، ئیدی ئەوەندە هەوڵ بۆ گەیشتن بە خۆشی و بەختەوەری نادات و خۆی بە هونەر و ئەخلاقی هاودەردییەوە سەرقاڵ دەکات و لە کەلاوەیەکی تەریکدا بۆ خۆی دادەسەپێت.

چەرمەسەری و کارەسات و نەهامەتی و شەڕ و ئاژاولێی ئەم چەن دەیەی ڕۆژهەڵات بەگشتی و کارەساتەکانی کورد بەتایبەت، زۆر جار ئەو پرسیارەی لە زینی ئێمەدا ورووژاندووە کە ڕاستی ئایا بە چاوخشاندنێک بە سەر ژیانی پڕ لە ناسۆریی و ڕەنجی خۆماندا، دان بەوەدا نانێن کە لەوانەیە کەسانی وەک شووپنهاوەر تاڕادەیەک سەبارەت بە لایەنی تاریک و پڕمەینەتی ژیان بەرهەق بووبێتن؟ ئایا ژیانی نەتەوەی کورد لە درێژەی سەدەی بیستەم و بیستویەکەمی زایینی بەتایبەت، بەرەو لای خۆشی و بەختەوەری کشاوە یان بەرەو لای ئازار و مەینەت و ناسۆری؟ منیش وەک تاکێکی کورد ئەو پرسانە و هەندێ هۆکاریی تاکەکەسی خۆم هانیدام کە چەن بابەتێک لە شووپنهاوەر وەربگێڕمەوە سەر زمانی کورد بۆ ئەوەی هاوکات کە بەشێوەوەیەکی کردەکی خەریکین ئازار و نەهامەتی ئەزموون دەکەین، بە شێوەیەکی تێۆریکیش لەگەڵ ئەو فیلەسووفەدا بتوانین تەعبیر لەو ئازارانە بکەین.

کتێبی “فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان” بەگشتی پێکاتووە لە شەش وتاری شووپنهاوەر لە بابەتگەلێکی تاڕادەیەک جۆراوجۆر. بۆ ئەوەی خوێنەری ئاسایی لە هەندێ دەستەواژە و دەلالەتی هەندێ ڕستەی ناو وتارەکان بەگشتی تێبگات، پێشەکییەکم نووسیەوە لە سەر ژیان و فەلسەفەی شووپنهاوەر. وتاری یەکەم و دووهەم لە ژێر ناونیشانی “بێهوودەیی بوون” و “سەبارەت بە ئازارەکانی جیهان” بە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانەی مێتافیزیکیەوە باس لە بێهوودە و بێواتابوونی جیهان و ئەو ئازارانەی دەکەن کە لە ژیاندا هەر کات و ساتێک بین بە مرۆڤ دەگرن و تەنگی پێهەڵدەچنن. بە خوێندنەوەی ئەم دوو وتارە زەینی خوێنەر ئامادە ئەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی خۆکوژییدا کە لە وتاری سێهەم لە ژێر ناونیشانی “سەبارەت بە خۆکوژیی” هاتووە. شووپنهاوەر جیا لەوەی کە دەرهەق بە بوون ڕوانگەیەکی نەرێنی هەیە، دەرهەق بە ژنانیش بیروڕایەکی تاڕادەیەک نائاسایی و جیاوازی هەیە و نکۆڵی لەوە دەکات کە ژنان لە ڕووی فام و ئاستی کۆمەڵایەتی و مافخوازییەوە جێگەوپێگەیەکی هاوتەریبی پیاوانیان هەبێت. لە وتاری “سەبارەت بە ژنان” ئەم پرسە بە وردی تاوتوێ کراوە. شووپنهاوەر وەک زۆرێک لە فیلەسووفانی سەردەمی خۆی گرینگیی زۆری بە زمان و کەلتوور داوە و لای وایە کە باشترین ڕێگا بۆ چڕوپڕ کردنی چاند و فەرهەنگی هەر کۆمەڵگایەک نووسینی کتێب و ئاسەوارە هونەرییە شاکارەکانە کە لە هەموو سەردەمەکان قسەیان بۆ وتن هەیە و لەولایشەوە بەجدی ڕەخنە لەو نووسەرانە دەگرێت کە تەنها بە مەبەستی دەرهێنانی پارە کتێب دەنووسن و کاری هونەری دەکەن. تێکڕای بۆچوونی شووپنهاوەر لەمەڕ پێوەرەکانی کتێبی باش و چۆنیەتی موتاڵاکردنیان لە وتاری پێنجەمدا واتە “سەبارەت بە موتاڵا و کتێبەکان” هاتووە. وتاری شەشەمیش وتوێژێکی خەیاڵییە لە نێوان دوو بیرەمەندا کە یەکێکیان نوێنەری بۆچوونی شووپنهاوەرە سەبارەت بە “هەرمانەوە” و ئەگەری ژیانی دواڕۆژ و مشتومڕێکی جدی لە سەر ئەو پرسە لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە.

ناوەڕۆکی دەقی وتارەکان بە چەشنێک نووسراوە کە هەر خوێنەرێکی ئاسایی بە هەندێ تێفکرین و هاودڵییەوە لێیان تێبگات، چوونکە شووپنهاوەر بەپێچەوانەی کانت و هێگل و فیشتە و باقی فیلەسووفانی سەردەمی خۆی بڕوای بە پێچوپڵووچ نووسین و چەواشەکاریی لە نووسیندا نەبوو. دەقەکان سەرەتا لە ڕووی دەقی ئینگلیسیەوە وەرگێڕدراون و دواتر چاویشم خشاندوە بە سەر وەرگێڕدراوە فارسیەکانیاندا. هیوادارم توانیبێتم تاڕادەیەک مەبەستی دەقەکانم ئەو جۆرەی شیاوە وەرگێڕابێتەوە سەر زمانی کوردی و خوێنەری کورد چێژیان لێببات. دەزگای چاپ و پەخشی “مادیار” ئەرکی لە چاپدانی ئەوە بەرهەمەی کێشاوە، کە لێرەوە سپاسی بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە دەکەم.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

دوانزەهەمین فستیڤاڵی سەرانسەری چیرۆکی بانە بەڕێوە دەچێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *