خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم» چاپ و بڵاوکرایەوە.

کتێبی «نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم» چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

 

نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، تازەترین کتێبی ڕۆماننووس سەیدقادر هیدایەتییە کە نەشری خانی چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»_سەیدقادر هیدایەتی لەو کتێبە تیۆریکەدا بە ڕوانگەیەکی فۆکۆیی، بێنیامینی مێژووی نەسر و پەخشانی کوردی شیکاریی ئەکا.

ڕەنگە بۆ یەکەم جار بێ کە بەو شێوە نوێیە نەسر و پەخشانی کوردی تاووتوێ و پۆلێنبەندی ئەکرێ.

کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، هەژار مێعماری بورجی بابێلی زمانی کوردی، نەسری کریستالیی هێمن.

لە بەشی نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕمدا تا ڕادەیەک ڕوانگەی دیسکۆڕسیڤیی فۆکۆ و ڕوانگەی دابڕانی مەعرەفەتیی بێنیامین زاڵە و هەرکام لە شێوە نەسرەکان وەک گوتار و دیسکۆرسێک باس کراون. نووسەر پێیوایە کە ئەو گوتارانە لە نەستی مرۆڤی کورددا وجوودیان هەیە و تاووتوێ کردنی شێوازەکانی نەسرنووسی ئەتوانێ ڕسووبە فکرییەکانی کۆمەڵگا ئاشکرا بکا.

لەو کتێبەدا نەسری کوردی دابەش کراوە بەسەر حەو شێوازدا کە هەرکام وەک گوتارێک ئەتوانن مەزەندە بکرێن.

 نەسری دینی، نەسری مەلایانە، نەسری مریدانە، نەسری میرزایانە، نەسری نوکتە و قسەی خۆش، نەسری ئەدەبیی، نەسری زانستی.

لە هەرکام لەو بەشانەدا باسی سەرهەڵدان و شوێن و پێگە و پێشەنگەکانی ئەو پەخشانانە کراوە و هەوڵ دراوە شێوازی ڕستەبەندی و جیاوازیی تۆن و لایەنە زمانییەکانی ئەو شێوازانە بخاتە ڕوو.

نووسەر لەو کتێبەدا گۆڕان لە شێوازێکەوە بۆ شێۆازێکی دیکەی نەسرنووسی وەک دگەردیسیی زمانیی دەبینێ.

هەروەها باسی چەند ڕۆمان و کورتە چیرۆک ئەکا کە توانیویانە لە پەیوەندیی لەگەڵ سوننەتەکانی نەسر و گێڕانەوەی کوردی گۆڕانی فۆڕم و دگەردیسیی زمانی پێک بێنن.

لە بەشی هەژار مێعماری بورجی بابێلی زمانی کوردیدا بەوردی باس لە شێوازی ڕستەبەندیی تایبەتی هەژار لە سێ کتێبی چێشتی مجێور و شەرەفنامە و وەرگێڕانی قورئاندا کراوە و هەوڵ دراوە خوێندنەوەکەی لە خۆێندنەوەیەکی فۆڕمالیستانە دەرباز ببێ و شێوازی ڕستەبەندیی مامۆستا هەژار گرێ دەداتەوە بە بارودۆخی سیاسیی زمانی کوردی.

لە بەشی نەسری کریستالی هێمندا باس لەو ئامراز و کەرستانە کراوە کە مامۆستا هێمن بە بۆنەی ئەوانەوە توانیویەتی نەسرێکی ئەدەبی شاعیرانە و زەریف و کریستالی بەدی بێنێ و بە وردی باس لە لایەنی جوانی ناسانەی ڕستەکانی هێمن لە لەکوێوەبۆکوێ کراوە.

ئەو کتێبە بەرهەمی چەند ساڵ کاری لێکۆڵینەوە و شیکاریی ڕۆماننووس سەیدقادر هیدایەتییە لە بواری نەسر و ڕستەبەندی و گرینگی دان بە لایەنەجیاوازەکانی زمان وەکوو بەلاغەت، ڕێزمان، تۆن و لەحن. هەروەها وەک ئاماژە کرا لە ڕووی مێتۆدەوە، هەوڵ دراوە تەنیا خۆی لە خوێندنەوەیەکی ساختارگەرایانە یان فۆرمالیستیدا نەبەستێتەوە و ڕەخنە گرێ بدرێتەوە بە کێشەگەلی کۆمەڵایەتی سیاسی.

ئەو خاڵانە وای کردووە کە خوێندنەوەی ئەو کتێبە لە زۆر بارەوە و بۆ کۆمەڵێکی زۆر لە خوێنەرانی کتێبی کوردی پێویست و گرینگ بێ.

بیرۆکەی سەرەکیی ئەو کتێبە لە سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردیدا گەڵاڵە بوو کە بە شێوەی سوخەنڕانی لە زانستگای کوردستاندا بەڕێوە چوو. دوکتور سەجادی ئەو سوخەنڕانییەی وەک یەکێک لە باشترین و گرینگترین سوخەنڕانییەکانی سەمپۆزیۆم ناوبردە کرد.

کتێبەکانی تری سەیدقادر هیدایەتی بریتین لە:

دەنگی نوختە، نۆڤلێت

تۆقی عەزازیل، ڕۆمان

گابۆڕ، ڕۆمان

بەردێک لە بەردێک، کۆمەڵەوتار

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *