خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وتووێژی تایبەتی لە گەڵ دوکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا

وتووێژی تایبەتی لە گەڵ دوکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا

چارەنووسی کتێبی کوردی لە نێوان ئالنگارییەکان و دەرفەتەکاندا

وتووێژی تایبەتی لە گەڵ دوکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا

بەڕیزان لەم دانیشتنەدا مێوانداریی دوکتۆر  نەجاتی عەبدوڵڵا؛ جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی و یەکێک لە قەڵەمە ناسراو و پڕبەرهەمەکانی کورد دەکەین کە وەک مێژووناسێک لە تەمەنی زانستیی خۆیاندا خەرمانێکی پڕ بەرهەمیان لە نووسین و وەرگێڕان و توێژینەوە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. مژاری سەرەکیی ئەم دیمانە بریتیە لە پرسی چارەنووسی کتێبی کوردی لە نێوان ئالنگاری و دەرفەتەکاندا.

ماڵی کتێبی کوردی: دوکتۆر  نەجاتی عەبدوڵڵا، سەرەتا سپاسی ئامادەبوونتان دەکەین و وەک یەکەم پرسیار دمانەوێت باس لە گەورەترین کێشە و ئالنگارییەکانی بەردەم کتێبی کوردی بکەیت؟

دوکتۆر  نەجاتی عەبدوڵڵا: یەکەم کێشەی هەرە گەرەوی کتێبی کوردی ئەوەیە، لە ناو کورددا کتیب نەبوەتە پیشە، یانی کتێب سازی و کتێب بەرهەمهێنان نەبۆتە پیشە، هەندێ دەزگا هەن کە هەوڵی وایان داوە بەڵام هێشتا ئەو بابەتە جێگیر نەبووە. ئەوەی کە چۆن کتێبێک چاپدەکرێت و چۆن بەرگی ساز دەکرێت و چۆن بازاڕی بۆ دەکرێت ئەوە لە خۆیدا پیشەیەکی سەردمیانەیە، کتێب تەنیا لێکدانی وەرەقە و بەرگ و ڕەوانە کردنی بۆ بازاڕ نییە. ئێمە جاران لە بەر کەمبوونی ڕێژەی کتێبی کوردی، تەنیا بە دوای ئەوەدا بووین کتێبێکی کوردی دەرچێت و ژمارەی کتێبەکان زیاد بێت. بەڵام ئەمڕۆ ژمارەی کتێبی کوردی زیادی کردووە و دەبێت بایەخ بدەینە سەر چۆنایەتی نەک چەندایەتی، ئێمە دەبێت وەرگێڕانەکانمان پوخت بیت، نایشارمەوە زمانی وەرگێڕانەکانمان زۆر خراپە. زمانی نووسینی تێکستی لێکۆڵینەوەو و چیرۆکەکانمان جێی ڕەخنەیە، ئێمە دەبێت زمانێکمان هەبێت کە بتوانێت بەرهەڵستی ئەم زانستانە بکات وا پێی دەنووسین. پێویستە زمانی کوردی ئەوەندە توانا بێت کە بتوانرێت زانستەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و میعماری و دەروونناسی و هتدی پی بنووسرێت. زمانی کوردی هێشتا ماویەتی و نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغەی هەموو ئەم لایەنە زانستیانە خزمەت بکات، ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە دەستەوەستان لێی ڕابوستین، بەڵکوو ئەمە ئەرکی ئێمە قورستر دەکات، ئەرکی ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە قورستر دەکات، بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە زمان بدەن، بایەخێک چەند هێندەی گەلانی تر. ئەوەشمان لە بیر نەچێت زمانی کوردی بەم شێوازە کەمتر لە سەدەیەکە سەریهەڵداوە و تەنانەت هاتۆتە نێو کورد. بۆ نموونە کتێبی “مەم و زین”مان هەیە کە بۆ سەدەی ١٧ی.ز دەگەڕێتەوە بەڵام ئەو کتێبە لە سەردەمی خۆیدا نە چاپکراوە و نە هاتۆتە ناو خەڵکەوە، و دەروری لە هۆشیاری نەتەوەییدا نەبووە و کاری لە سەر ڕەوتی فیکریی کۆمەڵگای کوردیدا نەبوە. یان ڕۆژنامەی کوردستان هەر ژمارەیەک دوو هەزار دانەی لێ دەرچووە بەڵام ڕێگەنەدراوە یەک ژمارەی بگاتەوە کوردستان، ئەمە بەو واتایەیە کە هیچ کاریگەری لەسەر هۆشیاریی نەتەوەیی کورد دانەناوە. بۆیە ئێمە کاتێ دیراسەی هۆشیاریی نەتەوەیی دەکەین ڕاستە ئەوەمان وەک کرۆنۆلۆژیا و مێژوو هەبووە بەڵام هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگا دانەناوە.

ماڵی کتێبی کوردی: مامۆستا تیشکتان خستە سەر بابەتێکی چەن ڕەهەندی و گرنگ، لایەنێکی بابەتی بە پیشەیی نەبوونی کتێبی کوردییە و لایەنێکی دیکەشی لایەنی زمانییە، بە تایبەت ئەو کاتەی باسی زمانی زانستی دێتە پێشەوەو و زمان پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی جیددی دەبێت، لایەنی سێهەمیش بۆ پەیوەندیی زمان بە بێری نەتەوەیی و ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە دەگەڕێتەوە، بەم پێیە دونیای چاپەمەنیی کوردی هێشتا پەرتەوازە و لێکدابڕاوە، دونیای وەرگێڕانی کوردی زۆر شپرز و تاکڕەوانەیە بە بێ هیچ پەیوەندییەکی فەرمی و نافەرمیی ڕێکخراوەیی و هتد، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەبێت چ ڕێگایەک بگیردرێتە بەر و چ پێشنیارێکتان هەیە؟

دوکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت سەرەتا ئەکادیمیای کوردی بە هێز بکات و دەسەڵاتی بداتێ، بەو مانایە، دەبێت سیاسەتێکی فەرهەنگی داڕێژێت کە بتوانێت زمانێکی پێوەر و ستاندارد دروست ببێت، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت لە ڕێگەی گرووپی پسپۆڕ و تایبەتی ئەکادیمیای کوردیەوە پشت ئەستوور بەو زمانە بتوانن زاراوە دابڕێژن بۆ هەموو ئەو بوارانەی کە کۆمەڵگا پێویستییەتی. ئێمە کێشەی گەورەمان ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمە هێشتا شکڵی نەگرتووە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگای ئێمە بووەتە کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆیی؟ ئایا کۆمەڵگای کوردی لە کۆمەڵگایەکی کشتووکاڵییەوە بازی داوەتە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی؟ ئایا ئێمە لە چ ئیستایەکدا دەژین؟ لە چ قۆناغێکدا دەژین؟ ئێمە دەبێت سیاسەتێکمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین دواجار بایەخ بە زمانی کوردی بدەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا گەشە بکات، لە بواری کۆی زانستە مرۆیی و تەکنیکی و ماتماتیک و هتددا. کاری سەرەکیشمان ئەوەیە کە فۆرمیک بدەینە زمانی کوردی و زمانی کوردی هان بدەین بەرەو قۆناغێکی بەرز بۆ  ئەوەی تواناکانی گەشە بکات و خەڵک ڕێز لەو زمانە بگرێت. لە زمانێکی دەڤەری و شارچییەتی و ناوچەییەوە بەرز بکرێتەوە بۆ زمانیکی ستاندارد و یەکگرتوو بۆ ئەوەی توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئاستەنگەکانی سەردەمی هەبێت. هەموو نەتەوەکانی دیکەش وەهان جیا لە هەموو جیاوازییە نێوماڵییەکانی زمان، سەرەنجام زمانیکی بەرزیان هەیە بۆ نووسین. ئەمە ڕێزگرتنە لە زمان و هیوادارم ئێمەش بە هەستیارییەوە ڕێز لە زمانی خۆمان بگرین.

ماڵی کتێبی کوردی: زۆر سپاس و ماندوو نەبن.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *