خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / زمانی کوردی و بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست

زمانی کوردی و بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست

زمانی کوردی و بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست/ دوكتور به‌ختیار سه‌جادی

دەمەوێ هێدی هێدی دەست بکەم بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێ نووسین و یاداشتی ئەم چەند ساڵەی دواییم سەبارەت بەو مژارەی سەرەوە. ئەو دەرئەنجامانەی بە دەستم هێناون هێندە ڕاچەڵەکێنەرن کە تووشی تۆقان و واق‌وڕمانمان دەکەن و ئەوەندە هەواڵی ناخۆشیان تێدایە کە مرۆڤ حەز ناکات باسیان بکات. ڕەنگە کەسانێک بەر لە من ئەو بیرۆکەیەیان لا گەڵاڵە بووبێت و نەیان‌وێرابێ بیدرکێنن، یان لەوانەیە بە تەواوەتی لە بیریان کردبێت و بڕیاریان دابێت تاهەتایە واز لەم پرسە ‌بهێنن.

بەڵام من حەقیقەتەکە دەدرکێنم. دەشزانم چەندە تاڵە، بەڵام چار‌ نییە و دەبێ هەر بوترێ: دەوری زمانی کوردی لە ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست لە جیهانی ئەمڕۆدا سفرە. واتە، تەنانەت کز و لاوازیش نییە بەڵکوو هەر لە ئارادا نییە. ناوەرۆکی ئەم وتەیە هیچ پێوەندییەکی بەو وتە چەندپاتەوبووەی کۆمەڵێ توێژەری نەریتەوانەوە نییە کە هەردەم بە شاگەشکەییەوە ئاماژە بۆ دەوڵەمەندی و ڕەسەنایەتی و پیرۆزیی زمانی کوردی دەکەن. ڕەنگە من باشتر لە زۆر کەس بزانم زمانی کوردی چەندە دەوڵەمەندە و پێشتریش بە نووسین لەم پرسەم کۆڵیوەتەوە، بەڵام ئەمە هیچ پێوەندییەکی بەو پێوەرانەوە نییە کە بۆ دیاری‌کردنی دەوری زمانێک لە بەرهەم‌هێنانی زانستیدا دانراون.

لە کۆی ئەو خشتە و زانیاری و بەڵگانەی شیم کردوونەتەوە زۆربەی زمانەکانی دنیا ئامادەن و هەر کامیان خاوەنی پلە و ئاستی تایبەت بە خۆیانن لە ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی بیر و هزر و زانستدا. زمانی کوردی نەک هەر لە خوارەوەی ئەو ڕیزبەندیانەدا نییە، بەڵکوو هەر بوونیشی نییە. بە واتایەکی ڕوونتر، زمانی کوردی لە سەرجەم زانۆکەدان و دەیتابەیسە بڕواپێکراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بوونی نییە.

زمانی فارسی، بەڵام، لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەشەی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و دە پلە پێشکەوتووە؛ واتە، لە پلەی بیست‌و‌پێنجەوە گەیشتۆتە پانزە و ئێستا ئاسی “سێ سەدەم لەسەد”ی تۆمار کردووە. تورکیش هەر بە هەمان شێوە پێش‌کەوتووە و تا ڕادەیەکی کەمتریش عەرەبی.

ئینگلیسی بەردەوام وەک زمانی یەکەمی بەرهەمهێنانی بیر و زانست لە جیهانی ئەمڕۆدا پێگەیەکی قایمی بۆخۆی مسۆگەر کردووە کە لە هەموو داتاکاندا زیاترە لە نەوەد لەسەد؛ لە پلەی دووەمدا و بە جیاوازییەکی یەکجار زۆرەوە چاومان بە زمانی چینی دەکەوێت کە لە نێوان سێ بۆ چوار لەسەدە. دەوری هەر کام لە زمانگەلی ئاڵمانی، فەڕانسەیی و سپانیایی تۆزێک لە یەک‌لە‌سەد زیاترە. هەندێ زمانی وەک ژاپۆنی، ڕووسی، پۆرتغاڵی و ئیتالیایی کەمتر لە یەک ‌لەسەدیان بەرکەوتووە.

ئەم زانیاریانە بە گوێرەی بەڵگە زانستییە تۆمارکراوەکانی زمانە جیاجیاکان لە سکۆپوسدا ڕیزکراون کە ناوەندێکی جێمتمانەی نوانەسازی و ئاماژەکاریی وتارە زانستییەکانە. لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تریشدا وەک وێب ئاڤ سایێنس و تەنانەت ناوەندی ئای‌ئێس‌سی لە ئێران، ڕەوش هەر وایە.

ئێمەی کورد هێندە دوورین کە تەنانەت ناشزانین هاوواتای کوردیی تێگەهە پێوەندیدارەکان بەم پرسەوە چین (وەک “نمایەشدگی استنادی،” “شاخص آنی،” “میانگین شاخص تاثیر در موضوع” و هتد). له کوردیدا تەنانەت هاوواتای “ژورناڵ” بوونی نییە، چونکە گۆڤار یان کۆوار هەمان مەگەزێنە و وەک دەزانرێ ژورناڵ و مەگەزێن جیاوازیی زۆریان لە نێواندایە. کورد زیاتر لە سەد ساڵە بایەخ دەداتە مەگەزێن، کەچی ژورناڵە کوردییەکان ژمارەیان لە قامکەکانی دەست تێناپەڕێ و هیچ کامیشیان لە لایەن هیچ ناوەندێکی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەوە نوانە نەکراون. هەر بۆیەش، هیچ ژورناڵێکی کوردیمان نییە خاوەنی IF بێت. لە پاڵ ئەمەشدا، تا ئەم ساتە هیچ سیستەم و ڕێسایەک بۆ پێوان و نوانەسازیی ژمارە و چۆنیەتیی ئاماژەکان و بەکارهێنانی ناوەرۆکی وتارە کوردییەکان دانەنراوە تا بەو پێیە ئاستی کاریگەریی ئەو ژورناڵە هەڵبسەنگێندرێ. هیچ لێژنەیەکیش لە هیچ کوێی دنیا بۆ ئەم مەبەستە پێک نەهێنراوە.

کەس تا ئێستا ئەم پرسەی بە جیدی وەرنەگرتووە. لەم هەلومەرجە ناخ‌هەژێنەدا، تازە بە تازە هەندێ بەناو ڕۆشنبیر باسی پشت‌‌گوێ‌خستنی کوردی و خوێندن بە ئینگلیسی دەکەن لە قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا. واتە، نەک هەر هەوڵی چارەسەری کێشەکە نادەن، بەڵکوو دژی ڕەوتەکەش لە جووڵەدان. زۆربەی نووسەران و شاعیرانی کوردی دانیشتووی کوردستان و هەندەران زانیارییان لەم بارەوە نییە و سەبارەت بەم پرسەش هیچیان نەدرکاندووە. ئەوان لە جیاتی بایەخدان بە وتاری ژورناڵی نوانەکراو، چاپی کتێبیان بە لاوە گرنگە. هاوکات، توێژەری کوردی خاوەن وتاری ئینگلیسی لە ژورناڵە نوانەکراوەکاندا زۆرن، بەڵام ئاخۆ بیریان لەوە کردۆتەوە ئێمەش وەک نەتەوەکانی تر ببینە خاوەنی ژورناڵی خاوەن ئای ئێف، بەڵام بە زمانی کوردی؟

هیوادارم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، یان لانی کەم زانکۆیەک، یان کۆمەڵێ دامودەزگای پێوەندیدار وەک ئەکادێمیای کوردی هەنگاوێک لەم پێناوەدا هەڵبگرن.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *