خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڤیدیۆیی شاعیری گەورەی كورد “شێركۆ بێكەس” لەسەر نوسەر و ڕۆماننوس “بەختیار عەلی”

ڤیدیۆیی شاعیری گەورەی كورد “شێركۆ بێكەس” لەسەر نوسەر و ڕۆماننوس “بەختیار عەلی”

 

وته‌کانی شاعیری گەورەی كورد “شێركۆ بێكەس” لەسەر نوسەر و ڕۆماننوس “بەختیار عەلی”

سیانزە ساڵ لەمەوبەر

كە یەكەم بەرھەمی وەك گوڵەبەڕۆژەیەكی كەڵەگەتی سەر لق ئاڵ

چاوی ھەڵبڕی و زەرد و سپی

كەوتنە سەرنجدانی نێو درەوشانەوەیەكی

به‌ ورشە و پرشەی وشەوە.

گوناھەكان

گوناھە قوربانییەكان

عەشقە لەخاچدراوەكان

لە كەرنەڤاڵێكی ئەفسوناویی و لە ڕەوتێكی جەسورانەی نەریتی باوبەزێندا و لە بەر شەستەبارانی شیعردا، لەسەر شەقامەكانی دوای ڕاپەڕین خۆیان وەك ڕاستی و سروشت ڕووتكردەوە.

زمانیان شێت و شەیدا و تابلۆیان لە چوارچێوەی سەپاو بردە دەرێ و لەگەڵ وێنەی باڵدار و مانای قووڵی ڕۆچوو لەگەڵ ڕەگ و ڕیشه‌دا و لە فانتازیای خەیاڵێكی بێ تخوبدا، لە نیشتمانی ئەفراندندا و لەگەڵ سەر دەقشكێنییەكەی تازەدا، كە دەستەواژە باڵی تیا دەگرت و كەوتە فڕین،

لەیەكەم دەقەوە

وەختێك پرسیاری تازە و ساتەوەختی سەرسامبوون و كوڕژنگی یاخیبوون و ئەو ڕەنگی خەونانەی ھێنا، كە پێشتر بەو دەنگ و جوڵە و شەپۆلانەوە نەماندیبوون.

ئەو كاتە من ئیتر نەمتوانی لە ئاست ئەم تەوژم و داھێنانە جوانەدا بێدەنگ بم و ھاوارم كرد: «بەھرەیەكی گەورە لەدایكبوو».

بەڵێ بەر لە سیانزە ساڵ من بەو ڕستە كورتە و لە دوا ستوونی ڕۆژنامەی “كوردستانی نوێ”دا لە «گوناھ و كەرنەڤاڵ»ەكەی كاك بەختیار و لەدایكبوونێكی تازەی ئەو توانا و بەھرەیە دوابووم.

ئەوە یەكەم ھەنگاوی ئەو ئەستێرەیە بوو، یەكەم سەرەتا و سەرچاوەی ھەڵقوڵینێك، پرشنگدانەوەیەك و ڕاچەنینێك، سەرەتایەك بەڵام بە گوڕ و تینی خاوەن ئەزموونێكەوە، ڕووبارێك بەڵام بە لوزەوی تاڤگەیەكەوە، دەركەوتنێك بەڵام بە دەم و سیحرێكەوە كە ناچارت بكات گوێی لێبگریت.

“بەختیار عەلی” بەو جۆرە ھات…

كە لە سەرەتای ھاتن و دەركەوتنی ئێمەی نەدەكرد، ئەو پڕتر و بەھێزتر و ئەفسوناوییتر بوو،

ئێمە بریسكە و ئەو بروسكە بوو.

ئەوە سەرەتایەك بوو، بەدوایدا چەندین بەرھەم و كاری پڕ لە ئەفراندنی دیكەی دەركەوتن، ھەر لە شیعر و پەخشانە شیعر و وتاری مەعریفی و فیكری و ڕەخنەی ئەدەبی‌ و باس و لێكۆڵینەوەی فەلسەفییەوە تا نووسینی ڕۆمانەكانی.

ئەم دەسەڵاتە سیحراوییە، ئەم وزە بەخشندە و دەگمەنە جار لەدوای جار ئالودەتر ئێمەی ئاوێزانی بەژنی بەرزی داھێنانی خۆی دەكرد و تا ئێستا.

كاك “بەختیار عەلی” لە درەختێك دەچێت، بەڵام لە یەك كاتدا چەندین بەر بدات، بەری جیا جیا.

پاشخانی ڕووناكبیری و مەعریفیی ئەم ھەڵكەوتووەمان، زمانی ڕوون و قووڵی، ڕستەی چڕ و پڕی، خەیاڵی بەرین و چنینی وردی، گەلێك ئاسۆی تازەیان لە ئەدەبی ئێمەدا كردەوە.

بەختیار عەلی، واتە چه‌ند واتا و چەند بەھرەیەكی ئەفراندن لە یەك مرۆڤدا، كۆمەڵێك ئاوێنە لە ناو یەك سەردا، چەندین سەرچاوەش لە ناو یەك دڵدا.

ھەردوو ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» و «ئێوارەی پەروانە» و دواتریش «دواھەمین ھەناری دونیا» بە لای منەوە دونیای ڕۆمانی ئێمەیان ڕووناكتر كردەوە.

ئەو ڕۆمانانە وەرچەرخانی ئەدەبی بوون، ئەم وەرچەرخانانەش بەر لە ھەر شت پەیوەندی بەو مانا قووڵ و فانتازیا ھونەرییەوە ھەیە كە ڕووناكبیرییەكی فراوان و لق و پۆپداریان لەپشتەوەیە.

بە مانایەكی تر، ئەم داھێنانانە بە تەنھا ھەر لە شێوازی نووسین و زمانا نەبووە، بەڵكو لە دونیای بەرینی مانا و عەقڵدا بووە، لە دۆزینەوەی نھێنییەكاندا، لە كەشفكردنی زیاتری دیوی ناوەوەی مرۆڤدا، لە خوێندنەوە و ناسینی ئەو بابەت و ژانر و ڕووداوانەدا كە واقیع سەرچاوەیانە و بەڵام نووسەر بە فانتازیای خۆی موتوربەی دەكات.

ئاوێتەكردنی خەون و واقع.

ڕۆماننووسین پێناسەی شارستانی ئەم سەردەمەیە، ئەو ئەدەبەی ڕۆمانی گەورەی نەبێت وەچاخ كوێرە!

من بۆ خۆم ئەگەر ڕۆمانێك سەرسامم نەكات، سەرسام بە مانای‌ ئەوەی لە ساتەوەختی خوێندنەوەدا خۆم لەبیر نەباتەوە، تێكەڵاوی ڕووداو و كەسایەتیی ناو خۆیم نەكات، بە پرسیاری تازەوە ھۆش و گۆشم تووشی ڕاچەنین نەكات، لە ھەر بەشێكدا ڕێگایەكی تازەم لەبەردەمدا نەكاتەوە و نەبێتە ئەو قودرەتەی بەرەو چارەنووسەكانی ناو ڕۆمان پەلكێشم نەكات، ڕۆمان نییە.

بۆ نموونە ئەو كاتەی ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە»م خوێندەوە، ھەستم كرد لە بەردەم شاخێكی بەرزی زمان و مانادام، ھەستم كرد لەبەردەم وزەیەكی گەلێك بەھێزی ئەم ھونەرەدام، ھەستم كرد زمانی كوردی لەوە گەورەتر بووە كە من لە خەیاڵی خۆمدا وێنام كردبوو.

بە بڕوای من زیادەڕەوی ناكەم، قەناعەتی من ئەوەیە ڕۆمانەكانی كاك “بەختیار عەلی” شاری تازەی ڕۆمانیان لە ئەدەبی ئێمەدا دروستكرد.

دیارە لە وتەیەكی وا كورت و سەرپێیدا، من ناتوانم داھێنانی فرە لایەنی ئەم پیاوە ھەڵكەوتووە ھەڵبسەنگێنم.

بەھرە و توانای ئەم داھێنەرە لە بنارێك دەچێت چەندین سەرچاوەی‌ تیاھەڵبقوڵێت، ئەوەتا لە دونیای شیعر و پەخشاندا ستایل و فەزای تایبەت بە خۆی ھەیە و لە كەسمان ناچێت. ھەر ئەم لێكنەچوونەشە دەبێتە خاسیتێكی دیاری ئەو.

لە نووسینی ڕۆماندا ھەر جارە و خولقێنەری دونیایەكە، ھەر جارە و بە جۆرێك سەرساممان دەكات.

لە وتار و باسە فیكری و فەلسەفییەكاندا بیرمەندی‌ بەشكۆی عەقڵێكی پڕەوە دەردەكەوێت.

بە كورتی لە نووسینی ڕۆماندا ھەر جارە و خولقێنەری دونیایەكە، ھەر جارە و بە جۆرێك سەرساممان دەكات.

لە وتار و باسە فیكری و فەلسەفییەكاندا بیرمەندێك بە شكۆی عەقڵێكی پڕەوە دەردەكەوێت.

بە كورتی لە ئەدەبی ئێمەدا ھەڵكەوتووی وەك كاك بەختیار بەو ھەموو فرە داھێنانەوە دەگمەن بووە.

من كارم بە كەس نییە تا بە خۆڕایی شاباشی پێ حساب بكەم، ئەفراندنی ھەر ئەدیبێك لە نەوەی كۆن و تازە ئەگەر من شتێكم ھەبێت نە لێم كەم دەكاتەوە نە زیاد.

بەر لە سیانزە ساڵیش كاتێك من باسم لەم بەھرە گەورەیە كرد، كاك بەختیارم بە شەخسی هه‌ر نەدەناسی. بەختیاریی منیش لەوەدایە دەیانی وەك كاك بەختیار لەم زمانەدا ببینمەوە.

سەرەڕای ئەو ئاماژانەش، لە پرۆژەی ئەدەبی و فیكریی گۆڤاری ڕەھەندیشدا كە بە لای منەوە یەكێكە لە جدیترین گۆڤاری ئەم سەردەمەی ئێمە و ئەوە چەند ساڵێكە لە دەرەوەی وڵاتی ئێمە دەردەچێت، كاك بەختیار چرایەكی گەشی ناو ئەم پرۆژە مەعریفی و ئەدەبییەیە.

لە دواییدا دەڵێم: ئەگەر لێم بپرسن، گریمانەیەكە و ھیچی تر، تۆ ناوی دە ڕووناكبیر و نووسەری ئەم سەردەمەمان پێ بڵێ لە ناو كورددا؟ لە وەڵامدا دەڵێم: كاك بەختیار عەلی یەكێكە لەو دە كەسە.

“شێركۆ بێكەس”

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *