خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمانی عەفرین نوێترین بەرهەمی جان دۆست چاپ و بڵاوکرایەوە.

ڕۆمانی عەفرین نوێترین بەرهەمی جان دۆست چاپ و بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: ڕۆمانی«عەفرین»، جان دۆست، وەرگێڕانی وریا غه‌فووری، ماڵی وه‌فایی، ۱۳۹۸.

وریا غه‌فووری

ڕۆمانی عەفرین تازەترین بەرهەمی نووسەری بەناوبانگی کوردی کۆبانیی، جان دۆستە و وریا غەفووری کە پێشتر ڕۆمانەکانی سێ‌هەنگاو و سێدارەیەک و کۆبانی بەرهەمی ئەم نووسەرەی وەرگێڕابوو، هێناویەتە سەر زاراوەی سۆرانی.

عەفرین یان ڕێڕەوی ئارام وەک لە ناوەکەیەوە دیارە ئەو کارەساتەی لە کاتی هێرشی ئەرتەشی داگیرکەری تورک، ڕووی دا و ڕووداوەکانی دوای ئەومان لە زمانی کامرانەوە کە مێرمنداڵێکی تەمەن چواردە ساڵانە بۆ دەگێڕێتەوە.

لە ڕۆمانەکەدا گرنگییەکی زۆر بە دۆخی دەروونیی منداڵان لە شەڕدا دراوە؛ ئەو منداڵانەی کە شەڕ نەک هەر جەستە بەڵکوو ڕۆحیشی پارچە پارچە کردوون و لە ژێر داروپەروودی شەڕدا ورد و خاشی کردوون؛ ئەو منداڵانەی کە شەڕ دەرفەتی منداڵیی کردنی لێسەندوونەتەوە و ڕێگەی ئاواز و گۆرانی  و یاریی منداڵانە و هەموو ئەو شتانەی منداڵ دێنێتە سەر کەیفی لێ گرتوون. ئەو منداڵانەی کە ئیدی شەڕ ناهێڵێ شاد و بەکەیف بن و مێکشیان پڕ بووە لە وێنەی تانک و تۆپ و گەمارۆ و قات و قڕی و جلی ڕەش و شەقامی سوور و هتد…

جان دۆست جارێکی دیکەش بە زمانە سێحراوییەکەی وەکچۆن لە ڕۆمانەکانی کۆبانی و سێ هەنگاو و سێدارەیەک و میرنامە و مژاباد و دیکەی بەرهەمەکانیدا پێی ئاشنا بووین، دۆخی دەروونیی منداڵانی شەڕمان بۆ دەگێڕێتەوە و ئەو وێرانییەی شەڕ لە ڕۆحی منداڵاندا دروستی کردووە، بەرجەستە دەکات و لە زمانی کامرانەوە وەک گێڕەوەی چیرۆک کە باوکی لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە و خوشکەکەی بە فڕۆکەی تورک بووەتە دوو پارچە و دایکی کە شەڕ زمانی بردووەتە بەس و ئالانی برای کە شەڕ ناهێڵێ منداڵی بکات و بەو تەمەنە بچووکەیەوە ئاوارەی دەشت و هەردانی دەکات و لە ئەنجامیشدا وەک ئاوارەی شەڕ، نیشتەجێی ژێڕ خێوەتێکی سپی دەکات و خودی کامران کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ لە سەر ڕۆحی منداڵانەی وای لێدەکات هەموو شەوێ کەوڵاوکەوڵ ببێت و ببێتە تەبەشیرێک یان ئەوەی کە هەموو شەوێ میز بە خۆیدا بکات، دەگێڕێتەوە و لەگەڵ ئازارەکانی شەڕ و ماڵوێرانی و ئەو نەهامەتییانەی بە ساڵانە لە هەموو پارچەیەکی کوردستان بە سەر کورداندا دێت و هیچمان لێی بیانی نین، جارێکی دیکە ئاشنامان دەکاتەوە. لە شوێنێکدا بەمشێوەیە لە زمانی منداڵێکەوە شەڕمان بۆ پێناسە دەکات:

باپیرەم نەیدەزانی کە ئێمەی منداڵ باشتر لە هەر کەسێک لە شەڕ تێدەگەین. ئێمەی منداڵ ڕاستیی شەڕ دەناسین نەک گەورەکان. لەوانەیە لە ڕوانگەی باپیرەمەوە، بازرگانییەکەی، دووکانەکەی، شوێنی ڕۆنگرتنەکەی یان باخە زەیتوونەکەی بۆی پێویست بێ و باسکیلێکی بچووک لە شەڕێکی مەزندا لای بێ‌قیمەت بێ، بەڵام دەردی من باسکیلەکەم بوو. کێشەی من نەبوو کێ دەسەڵاتە و کێ دژبەر. دەردی من ئەوە بوو کە گەورەکان واز لە ئێمەی منداڵ بهێنن کە بە کەیفی خۆمان بەبێ‌ترس یاری بکەین و بچینە دەبستان بێ ئەوەی ئەحمەقیی گەورەکان ڕێگرمان بێ.

سەرجەم چیرۆکەکە بە شێوەیەکی گشتی لە خوێنەردا ڕقێک لە شەڕ دروست دەکات و وامان لێدەکات شەڕمان بە هیچ شێوەیەک خۆش نەوێت و تاسەر ئێسقان لە دژی بین.

ئەم ڕۆمانە لە لایەن ماڵی وەفایی لە هەولێر چاپ و بڵاوکرایەوە.

.ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *