خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە» چاپ و بڵاوکرایەوە.

کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە» چاپ و بڵاوکرایەوە.

کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە» چاپ و بڵاوکرایەوە.

پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی» لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاپی نوێی کتێبی ڕەخنەیی “زمان، ئەدەب، ناسنامە” نووسینی  د. هاشم ئەحمەدزادە  لە لایه‌ن چاپەمەنی مانگ و لە دووتوێی ۴۲۲ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە.

 ئەم کتێبەی نووسەر هەڵگری کۆمەڵێک وتارە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گۆڤارە کوردییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بڵاو کراونەتەوە. هەر وتارێکی ئەم کتێبە، سەربەخۆیە و لە هەمان کاتیشدا خاڵی هاوبەشی هەموو وتارەکان بریتییە لە بوارە جیاوازەکانی زمان، ئەدەب و ناسنامە لە کوردستاندا.

 ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو بیریتین لە: “ڕۆمان و دیکتاتۆر، دۆن‌کیشۆتی کوردی، قورسایی خەیاڵ بەسەر واقیعدا، ڕۆمان و ناسنامە، نەریت و دژەنەریت لە گێڕانەوەیەکی پیاوانەدا، لە جوەیدەوە بۆ هیوستن، هەڵوێستی۵۳ نەفەر و چارەنووسی زمانی نەتەوەیەک، ڕۆمانی کوردی و ژنانی ڕۆماننووس، ناسنامە و زمان، لە دۆنکیخۆتەوە بۆ هەناسەی زیندوو، ئەدەب و سیاسەت، کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە؟ وت‌ووێژ دەربارەی زمان، ئەدەبیاتی تاراوگە، ڕۆمان و باوەڕ، ڕەخنەی ئەدەبی و دەقی کوردی، مێژوو و ڕاستی و بەڵگە” و چەند بابەتێکی دیکە.

 لە پێشەکی ئەم کتێبە نووسەر دەڵێت: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە دۆستان و ئاشنایانم بە شێوەی جۆراوجۆر پێوەندییان پێوە گرتووم و داوایان لێ کردووم کۆی وتارە چاپ کراوەکانم لە شێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەل‌ومەرجی بڵاوکراوە کوردییەکان و دژوارییەکانی دۆزینەوەی کتێبخانه و ناوەندگەلێک کە مرۆڤ بتوانێت دەستی بە ئاڕشیڤی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ڕابگات. داواکاری دۆستانم بە ڕەوا زانی و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم دا وتارەکانم کۆ بکەمەوە و ئەگەر شوێنێک ویستی چاپ و بڵاویان بکاتەوە بیانخەمە بەر دەستیان.”

 د. هاشم ئەحمەدزادە ساڵی ۱۹۶۱ لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی تا ئاستی بەکالۆرێس لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تەواو کردووە. لە ساڵی ۱۹۸۸ هەتا ۲۰۰۵ لە سوید ژیاوە. ساڵی ۱۹۹۵ بەکالۆرێسی لە ڕۆژهەڵاتناسیدا لە زانکۆی ئوپسالا وەرگرتووە و دواتر هەر لەم زانکۆیەدا باوەڕنامەی ماستەر و دکتۆرایشی وەرگرتووە.

 ناوبراو چەندین وتاری ئاکادێمیکی بە زمانی ئینگلیسی لە سەر زمان و ئەدەب و سیاسەت بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۹ تا ۲۰۰۵ لە زانکۆی ئوپسالا لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیدا وانەبێژ بووە. لە پاییزی ساڵی ۲۰۰۵دا دەچێتە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا و لەوێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییدا دادەمەزرێنێت. لە ساڵی ۲۰۱۱ پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری (associate professor) پێدەبەخشرێت.

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:

 «ئەوەی کە ئێمە کێین، چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە، ڕەنگە گرینگترین پرسێک بووبێت کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، لەو کاتەوە کە بە شوێن پڕۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆندا دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزران، مرۆڤی کورد لە خۆی کردبێت. بە واتایەکی تر، ڕەنگە مێژووی خەباتی جۆراوجۆر و نەپساوەی کوردان لەم ماوە دوورودرێژەدا شتێک نەبووبێت جگە لە دۆزینەوە و دەستەبەرکردنی وڵامی ئەم پرسیارە.»

 «لە گوتاری کوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک وشەی جیاواز بۆ گوزارەکردن لە چەمکی «identity» دەکار هاتوون، بە باوەڕی من هێشتا وشەیەک کە بتوانێت هەڵگری مانای چەمکییانەی «identity» بێت لە زمانی کوردیدا جێگیر نەبووە و ئاوڕێکی خێرا لە گوتاری پارچه پارچه کراوی کوردی نیشان دەدات کە ئەم وشانەی خوارەوە لە لایەن کەسانی جیاوازەوە لە بەری چەمکی ئاماژەپێکراوی ئینگلیزیدا دەکار هاتوون: پێناسە، هۆوییەت، هەوێتی، شوناس، شناس، ناسنامە، ناسە، پێناس، هەویەت. گەڕان بە دوای مانای ئەم وشانە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەریدەخات کە هیچ کام لە فەرهەنگەکان ئەو وشانەی سەرەوە بەو جۆرەی کە بۆ نموونە وشەی «identity» لە قامووسێکی ئینگلیسیدا مانا دەکرێتەوە، مانا ناکەنەوە.»

?پێشتریش نووسەر چەند کتێبێکی دیکەی گرنگی چاپ و بڵاوکردووەتەوە کە دیارترینیان ئەمانەن:

۱. نەتەوە و ڕۆمان

 

 ۲. جیهانی ڕۆمان


 

۳. گێڕانەوەناسی

 ٤. وەرگێرانی «هونه‌ری داستان»ی ده‌یڤید لاج

 ٥. وەرگێرانی «هیچ دۆستێک جگە لە چیاکانی»ی بێهرووز بووچانی

جێگای ئاماژەیە ئەم کتێبە دوو چاپی پێشتر لەلایەن کتێبی ئەرزانەوە لە سوێد و چاپێکی لەلایەن دەزگای  ئاراسەوە لە  کوردستان بڵاو بووەتەوە.

.❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *