خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “هەرچی هەیە ڕاڤەیە”

“هەرچی هەیە ڕاڤەیە”


دۆکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

سەید قادر هیدایەتی دوای دوو ئەزموونی سەرکەوتووی ئەدەبی، دەست بۆ ئەزموونێکی دیکە دەبات و ئەمجارەیان ڕاڤەی خۆی لە بوون بە شێواز و بەرگێکی ئەدەبیی جیاوازەوە دەڕازێنێتەوە. هەڵبەت لێرەدا شێواز و ناوەرۆک، وەک فۆرمالیستەکان دەڵێن، واها ئاوێتەی یەکتر دەبن کە وەک دوو ڕووی/لای پەڕەیەکیان لێ دێت و لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. ئەم ئەزموونە نوێیەی هیدایەتی، سەرەڕای جیاوازییە بەرچاوەکانی، لەسەر شانی بەرهەمە بەپێزەکانی پێشووتری نووسەر وەستاوە و بە غرورێکی حاشاهەڵنەگرەوە لەگەڵ خوێنەر چاوبڕکێ دەکات. تۆقی عەزازیل (٢٠١٢) هەوڵێکە بۆ ئافراندنی زمانێک لە بارەگای شێخایەتیی کوردیدا کە بە دەگمەن شوێنپێی لە دۆکۆمێنت و بەڵگەیەکی زمانیدا تۆمار کراوە. وەگێڕی وەرگێڕکەی دەستەمۆی تواناییی زمانیی هیدایەتی دەبێتە مامۆستا و مەمانی لەدایکبوونی زمانێک کە یان نەبووە، یان ئەگەریش هەبووبێت کەس لە ڕۆژگاری ئێستادا نازانێت چۆن بووە. بەڵام هیدایەتی بە تۆقی عەزازیلەکەی و بنەماڵەی شێخانی حەمدونی، ئەم زمانەی دەبوایە هەبوایە کردووەتە دیاری بۆ خەزێنەی ڕێڕەوی زمانی کوردی. لێرەدا گێرانەوە شتێک نییە جگە لە سازکردنەوە و ژیاندنەوە و ئافراندنەوە و لە یەک کەلامدا داڕشتنەوەی دونیای ئاوابووی قۆناغێک لە قۆناغەکانی زمانی خەڵکانێک کە سیاسەت و مێژوو لەگەڵیان زۆر تەبا نەبووە.

لە گابۆڕدا (٢٠١٥) بەسەرهاتی دوو مێرمناڵی بۆکانی دەبێتە هەوێنی پێکهاتەیەکی جواندارێژراو و خۆشبیچمگرتووی گێڕانەوەیەک کە دەتوانێت نوێنەرایەتیی دەورەیەک لە ژیانی مرۆڤی کورد لە بڕگەیەکی دیاریکراوی مێژووەکەیدا بکات. کەریم و موتەللیب/هەژیر دەتوانن ببن بە سیمبۆل و ئایکۆنی خولیای گەنجەکوردی تەریککەوتووی هەشتاکانی سەدەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەو دیو بەسەرهاتی ئەم دوو گەنجەدا و دوورتر لە تۆپی ونبوو و بێ گۆڕەپانی مناڵەکانی گەڕەکدا ئەوە دەنگی هەرای سەید و گابۆڕی جوانەگاکانە کە مۆسیقای ژیان لە شاردا کپ دەکات.

گۆڕەشار مانیفێستی نەبەزین و نەوەستانی نووسەرێکە لە ئەزموونکردنی بەردەوام. ڕەنگە جیاوازیی سەرەکیی ئەم ئەزموونە تازەیەی هیدایەتی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووی، بە پلەی یەکەم، لە لایەنی ئەزمونخوازانەی (experimentalism) بەرهەمەکەدا بێت. هیدایەتییەک کە بەردێک لە بەردێک و نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم دەنووسێت و پێشەکی بۆ هەرا و تووڕەیی کوردی دەنووسێت و دەڵێت “لەگەڵ ئەم وەرگێڕانەدا ژیاوە” ، دەبێ قۆڵ هەڵماڵێت و گێرانەوەی ئەم جارەی بکات بە سکۆی بەرزی ئەزموونکردنێکی جیاوازی کارکردی زەین و زەمەن و زمان. لێرەدا ئیتر ئەوە تەنیا هۆکارە دەرەکییەکان و ئەوانی تر نین کە ڕێگە لە هەژیر و سەلاح و کەریم دەگرن بە ویستی خۆیان بجووڵێنەوە و گەشە بکەن، بەڵکو ئەوە گورچیلە لەکارکەوتووەکانی ئازادن کە ناهێڵن خوێنی خاوێن بە دەمارەکانیدا بگەڕێت و ئەمە زمانە ناتەواوەکەی ئازادە کە ناهێڵێت بەردەنگ گوێی لە ڕستەی پاراو و مانادار بێت. لێرەوە دەبێ خوێنەر بچێتە نێو زەینی ئازاد و کارکردی زمان بەر لە دەربڕین و دوای دەربڕین لە زمان خودی ئازادەوە ببیسێت و ببینێت. ئەمجارە گۆڕەشارەکەی هیدایەتی، خوێنەر دەباتە سەیری ئەم دونیا ئاڵۆز و شاراوەیە و هاوتەریب لەگەڵ ئازاری دیالیزی خوێنی دەمارەکانی ئازاد، دەردی خەساری بێزمانی و زمانگرتنی، نیشان دەدات.”

سەرچاوە: پەیجی فەیسبووکی نووسەر

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *