خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕامانێ لە سەر ڕۆمانی«گۆڕەشار»

ڕامانێ لە سەر ڕۆمانی«گۆڕەشار»

لە دووی حەقیقەتێکی ون بوو؛ ڕامانێ لە سەر ڕۆمانی«گۆڕەشار»

عەلی سۆهرابی

نەورۆزی ئەوساڵ دەرفەتێکی باش بوو بۆخوێندنەوەی ڕومانی بەپێزی «گۆڕەشار»ی بەڕێز کاک سەیدقادر هیدایەتی. پێشتریش لە ڕۆمانی بەنرخی “گابۆڕ”ی، چێژم وەرگرتبوو. ئەو چیرۆکانەی دەیخوێنینەوە پتر سێ جۆرن:

۱. ئەوانەی لەگەڵ هزری نووسەر ئاشنامان دەکەن ۲. ئەوانەی ئێمە دەخەنە جەغزی بیرکردنەوە ۳. ئەو چیرۆکانەی کە ئەگەر دروست بیانخوێنینەوە؛ چۆن ڕوانین و بیرکردنەوەمان فێردەکەن.

تەجروبەی خوێندنەوەی ۲ ڕومانی هیدایەتی، ئەویش لە کەمتر لە ۴مانگدا، منی بەو قەناعەتە گەیاند کە زۆر بە جیدی بڕوانم بۆ هزروبیرۆکە جیاوازەکان و کتێبی گەورە گەلێ وەک: سارتر، کافکا، گۆتە و فاکنێر و…

“گۆڕەشار” نموونەی ڕومانێکی نوێ و سەردەمانە و باشە. چون کاری گێڕانەوەو تاپۆکردنی ئەزموونێکی ڕاستگۆیانە و دەروونییە لەئێستای کۆمەڵگا. ئەویش لە ڕوانگەیەکی شازەوە و بەڕەوشی شاڵاوی زەین و لە گۆشە نیگای تاک بێژی دەرونییەوە. کوتم «گۆڕەشار» چیرۆکێکی باشە. بۆچی؟ چون “گوڵشیری”وتەنی: “داستانی باش، ناتوانی بۆ کەسێکی بگێڕیتەوە. چون گشتێکی بە تەواو مانا، یەکگرتووە، کە پشتگەرم بە پاژەکانیەتی. هیچ پاژێکیشی، ناتوانی وەلانێی و تەنانەت کورتیشی بکەیتەوە، یان پاش خوێندنەوەی، زارەکی بۆ کەسێکی بگێڕیتەوە. چون هەست ئەکەی زۆرێ له وردەکارییەکانی، بەجێ ماوە کە لە گشتییەتی داستانەکەدا کاریگەری بنەڕەتی هەیە.”

بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە کە سەید قادرهیدایەتی بەجیدی بخوێنینەوە، هەر ئەوجۆرەی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن دەخوێنینەوە. چون قەڵەمێکی وەگەڕ، داهێنەر، جیدی ومۆدێڕنە، لە بواری فۆڕم و ناوەڕۆکی ڕومانی کوردی هاوچەرخ دا.

“ئازاد” قارەمانی ڕومانی “گۆڕەشار”، کەسێکی دوورەپەرێز، دیالیزی، لاڵە پەتە و ئەڵبەت هۆگری کتێب و مۆسیقا و فیلمە. دڵە ڕاوکێی سەرەکیشی هەبوون (=وجود)ە. هەبوونێ لە چەشنی ماک چێکراو، نە شێوە ڕۆحانییەکەی. دوو شت “ئازاد” ئازار ئەدات:

یەکەم: زمانی لاڵ و جەستە نەخۆش و دیالیزییەکەی، کە تەنانەت ئەو تا ئاستی نەخۆشێکی پارانۆیایی دەباتە پێشێ. دوو: جەماعەتێ “ڕجالە” بە بیروبۆچوونی کڵێشەیی، نەخۆش، ئیدۆلۆژیک و کۆنە پەرەستانە، کە گەمارۆیان داوە. شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دوو شێوە زاڵەو وردەکارییه چرووکەکانی، جۆرێ وەڕەزی و ترس و دڵەڕاوکێی لە “ئازاد”دا دروست کردوە. تەنیا ئامرازێ کە جاروبار ئەو، لە قسە تێکراری و قیزەونەکانی دەورو بەری ڕزگار دەکا و هەست بە پەرە و خۆشی دەکات، هەر هەندزفریەکەیەتی کە دەیکاتە گوێی. بیستنی مۆسیقا چێژی پێ دەبەخشێ. ڕووهێنانی ئازاد بۆ مۆسیقا، جۆرێک ڕەوانەوە لە کەوانەی ژیانی بێخۆ و ناپەسەندییەتی لە نەخۆشخانە. شتێ وەک کەسایەتی “ئانتوان ڕۆکانتێن”ە لە ڕۆمانی “هێڵنج”ی ژان پۆل سارتر. چون ئەو، تێگەیشتوە کە مۆسیقا ترس و بێزاری  و قیزەونی لێ دەڕەوێنێتەوە. چون دەروونی نەخۆش و زمانی لاڵ و ڕوو بەڕوو بوونەوەی لە گەڵ سێبەر و تارماییەکان، “ئازاد”ی کردوەتە نەخۆشێکی پارانۆیایی، کە کەسە لاوەکی و دەرەکییەکانی، بە دوژمن و بەدخوازی خۆی دەبینێ. ئەم جۆرە خەمۆکی و ژاکاویە دەروونییەی “ئازاد”، زۆرشێوەی لە کەسایەتی “بێنجی” ڕاوی ئەسڵی ڕومانی “هەراوتووڕەیی” فاکنێر دەچێ. سێبەرو تارماییێک کە لەگەڵ قارەمان و بێژەری ڕومانی”گۆڕەشار”ە، لە ئەدەبیاتی جیهانیشدا نموونەی زۆرە. وەک:

سێبەری بایەقوشێ کە تەواوی بیرەوەرییەکانی ڕاوی”کوندە کوێر”ی سادقی هیدایەت، هەڵمە قووت دەکا. یان تارمایی”فاوست”ی گۆتە، هەروەها سێبەرو تارمایییەکانی خەیاڵی “بێنجی” لە “هەراوتووڕەیی” فاکنێرو… لەم چەشنەن. ئەڵبەت کارتێکەری ئەم ڕۆمانانە لە سەر هیدایەتی، حاشا هەڵنەگرە. بۆ نموونە: هەڵبژاردنی شێوەی شاڵاوی زەین و گۆشە نیگای تاک بێژی دەروونی ڕومانەکە، هەروەها هەڵبژاردنی شێوەی گێڕانەوە لە زاری یەکەم کەس و بەتایبەت داڕشتنی چوارچێوەی ڕومانەکە لە چوار بەش دا، لە چاولێگەری زیرەکانەکەی هیدایەتی لە ڕومانە بەنرخەکەی”هەراوتووڕەیی” فاکنێر و باقی کتێبەکانە کە پێشتر ئاماژەم پێدا.

“ئازاد زۆرجار لە دنیای مەجازی دا نوقم دەبێ، چون پێیوایە دەتوانێ بیکاتە زمانێ جیاواز بۆخۆی، بەڵام هەر زۆر زوو لێی دەبێزرێ، بۆیە دەڵێ: “توانیم چەت بکەم بەڵام قسە نا…”

هەروەتر ڕستەو دەستەواژەگەلی ئەدەبی و گا فەلسەفی کۆلاژ کراو لە کەسایەتی و فیلم و کتێبە جۆراوجۆرەکان لەم داستانە بڵیندەدا زۆر بەرچاو دەکەوێ.

بەگشتی، دۆخ وکەشێکی کافکایی لەسەر “گۆڕەشار”حاکمە.

لەم داستانەدا هێماگەلێ هەن، کە فۆڕم لە هەرەوزێکی باش لەگەڵ ناوەڕۆک دا، ڕەوتی ڕومانەکە دەبەنە پێشێ.

?وەک ناوو شوێن و شتە هێماییەکان:

  • ئـازاد“: ناوێک کە دژ بە مانای خۆیەتی. ئەو‌، هێمای مرۆڤی گیرۆدە وکۆیلەیە.

  • ماریـا” :(M=)کەسێکە کە ئازاد چاوەڕوانی دەستە یارمەتیدەرەکەیەتی. ماشقەی زەینی و نووسەری چیرۆک و ڕزگارکەری ئارمانی ئازادە. هێمای حەقیقەتە. (M) ئەو حەقیقەتەیە، وا لە ناو تارمایی و ڕەشایی و گومان و ساویردا ون بووە. لە واقیعدا چاوەنواڕی ئازاد، بۆ هاتنی ماریا، جۆرێ، چەمەڕایی گۆدۆیی و خۆڕاییە. هەروەها ماریا دەتوانێ هێمای ڕۆشنبیرانی بێ بەڵێنی کۆمەڵگاش بێ. کە لە قۆناغە هەستیارەکان، بە ئاتۆی بێخۆو فیزماڵک، پشتی خەڵک چۆڵ دەکەن و شان نادەنە بەرکار.

  • سـەیـران“: خوێندکاری کارای زانستگا بووە و ئێستاش چالاکی کۆمەڵایەتییە. بە پێچەوانەی ماریا، هێمای ڕۆشنبیرانی بەڵێندەر و ڕاستەقینەیە، کە لە تەنیشت خەڵک، لە ڕەوتی ڕامیاری وکۆمەڵایەتی دا ڕۆڵی هاندەری و ڕێبەری لە ئەستۆ دەگرێ.

  • نەخۆشخـانە“(=گۆڕەشـار): هێمای کۆمەڵگای پڕ لە نەخۆش و گیرۆدەی ئابوور و فەرهەنگ و هتدە. خەڵکانێ کە گیرفانیان پڕە لە باس و خەبەرو تووشیاری هەرچی هەژاری و بەدبەختین.

  • دەزگاگەلی دیالیـز“: هێمای تێکنۆلۆجیای کۆن و ناکارامەن، کە بە هۆی گەمارۆی ئابووری وڵات، ژاوەژاوو دەنگ وهەرایان، مێشکی سەری مرۆڤەکانی نەخۆشخانەیان بردوەو ڕەوانییان دەکات. کە بە گشتی داکۆکی لە سەر مرۆڤی یەخسیری تەکنۆلۆجیا دەکات

  • نیـشتمان“(=خوشکی ئازاد): هێمای وڵاتێکی ئیدۆلۆژیک و پاداگرە.

  • ئـاغا” و “سەلیـمی“: هێمای گەورەگەلی فەرماندەرو باوک‌سالارو بەڕێوەبەرانی ماڕز و لاسارن.

  • تـەختی نەخۆشـەکان“: هێمای گۆڕو قەبری مرۆڤەکانی ناو نەخۆشخانە (=گۆڕەشار)ن. یان بۆ وێنە” تەختی ژومارە ۱۵ “دەتوانین وەک هێمای ماددەی ۱۵ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ناوزەد کەین کە؛ دەربڕی مافی مرۆڤ بۆ خوێندن و نووسین وئاخافتن بە زمانی دایکییە. چون کاتێ قارەمانی چیرۆک ئازاد دەچێتە سەر تەختی ۱۵، گرێی زمانی دەکرێتەوە. خۆڕاگری و بوێریشی زیاتر دەبێ. هەرچەند درەنگتریش بە دەردەکەی ڕادەگەن.

  • تـارمایی وسـێبەرە ڕەشەکان“: هێمای ترس و تەمژی وناهومێدییە و لە کۆتایی داستانە کەدا هەموو شوێن و کەس و شتەکان لە خۆ دەگرێ.

  • وێـنەی کەسانی قامک لەسەر لێو“: بەگشتی هێمای ملهوڕی دەزگا حکوومییەکانە کە دەیانەوێ کۆمەڵگا بێ دەنگی بپارێزن وهیچ نەڵێن. کە ئەم نگارە تەواوی دیوارەکانی نەخۆشخانە(=گۆڕە شار)ی داپۆشیوە و…

لە جوانییە‌کانی دیکەی ڕومانی “گۆڕەشار”؛ بەکارهێنانی زمانی “تەنز” و کەڵک وەرگرتن لە جوانکارییە ئەدەبییە زارەکی وماناییەکانە وەک:سەجع، ئیهام، خوازە، درکە و مەتەڵ وتەلمیح  و هەڵبژاردنی زمانێکی لادەرانەو سنوور بەزێن لە لایەن نووسەرە، کە بەم تەکنیکە زیرەکانە، توانیویەتی ئەگەری بۆشایی ویەکجۆری وماندوویی لە مێشک وهەناوی خوێنەر بسڕێتەوە و بەردەنگ تاکۆتایی ڕۆمانەکە، لەگەڵ خۆی ڕاگرێ.

ئەڵبەت ڕەچاونەکردنی پاراگراف بەندی و خاڵبەندی یەک دەست و سوودبردن لە تەکنیک گەلی پیتچنی وەک: بۆڵدکردن ولارکردنی پیت ووشەکان(ئیتالیک) بۆ دابەش کردنی دیالۆگ و قسەی کەسایەتییە جۆراو جۆرەکانی ڕومانی “گۆڕەشار”، وەک ڕویشتن لەسەر لێواری شیرێکی دوولێوەیە: یانی چەنێ وەک شێوازێ تازە وشاز، خۆی دەنوێنی، ئەگەربێتو خوێنەر، هۆشی نەبێ وسەرنج نەدات، ئەونەش تووشی هەڵە وگرفت دەبی لە خوێندنەوە وحاڵی بوونی بابەتەکان.

ئێستا پرسیاری گرنگ ئەمەیە کە: هیدایەتی لە “گۆڕەشار”دا بەشوێن چیا دەگەڕێ؟ ئایا دەیهەوی” بارودۆخی حەقیقەت” ڕوون بکاتەوە، یان “حەقیقەتی بارودۆخ” ئاشکرا بکات ؟! ئەوشتەی لەبەرچاوە ئەمەیە کە، لە لاپەڕەی دوایینی ڕومانەکە، قارەمانی چیرۆک یەک دنیا پرسیاری بێ جواب و ناڕوونی پێیە.

“…نازانم چیم بۆخۆشم نازانم چیان لێ کردووم چیم ماوەوچیم نەماوە نازانم نازانم ئەوە چی بوو دەریهێنا نازانم کوا دایکم کوا ئاغام کوا نیشتمان کوا ماریا کوا هەموویان یەکن کامیان کاممانە نازانم خۆم کامیانم کەس خۆی ناناسێ هەموومان بووینەتە نازانم چی نازانم چیمان بەسەر هاتووە نازانم چیم لێهاتووە نازانم و…(ل:۲۰۲) ڕومانەکە بەم دیالۆگە کۆتایی دێت: “حەقیقەت نازانم چی لێهاتووە” ئیدی سێبەرو ڕەشایی هەموو کەس و هەموو شتەکان دادەگرێت. دەقی شاعیرانە و کۆتایی “گۆڕەشار”‌ دەمخاتەوە بیری ئەم قسەی گۆتە کە دەڵێ: کاتێ “توانایی دۆزینەوەی حەقیقەت”و ڕاستی لە کەسێکدا کەوتە مەترسی، ڕێگای چاک سازی ئەوکەسە، تەنیا ڕوو بە ڕوو بوونەوەیەتی لەگەڵ بەشی تاریک یان سێبەرەکەی خۆی”.

ئازاد” لە نێوان “من”(=ego)و سێبەر (=shadow) بەستەزمان ماوەتۆ !! سێبەری تاریکیش، تەواوی پانتای ڕۆمانەکەی داگیرکردوە.

“نازانم سێبەری ئەوشتە ڕەشە بۆ بێ خشپە هەر دێت و دەچێ …نازانم دادەبەزین چی دەستم لە دەستی سێبەرێکی ڕەش دەترازێ ون دەبم لە نێو سێبەرە ڕەشەکان دا یەک بۆخۆم نازانم چی دەکەم هەموو سێبەرە ڕەشەکان بە دوای من دا…(ل:۲۰۱)

ڕومانەکە کۆتاییەکی کراوەی هەیە و کەڵکەڵەی خوێنەر، دروست لە کۆتایی چیرۆکەکەدا دەست پێ دەکات.

?پەڕاوێز: لە دوایین ساتەکانی نووسینی ئەم وتارە، حەقیقەتێکی تاڵم لە پەیوەندی لەگەڵ نووسەری هێژای”گۆڕەشار” بۆ دەرکەوت. ئەوە کە دایکی خۆشەویستی۶ساڵی ڕەبەق، دیالیزی بووەو لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ۱۳۹۹ هەتاوی دوای گۆڕەوشارێکی زۆر، ئەم “گۆڕەشارە” غەریبەی بەجێ هێشت. خوێنی”گۆڕەشار”بە زانینی ئەوحەقیقەتە تاڵە، لام شیرینتر بوو. هەر بۆیە شەش دانگی ئەم لێکۆڵینەوە، پێشکەش بە ڕۆحی پاکی ئەو خوالێخۆشبووە دەکەم.

✅سەرچاوە : هیدایەتی  سەید قادر ، رۆمانی گۆڕەشار ، چاپەمەنی خانی ، سەقز ، ١٣٨٩

■ کاناڵی تایبه‌تی نووسه‌ر:  https://t.me/hallvest

داگرتنی PDFی ته‌واوی ده‌قه‌که

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *