خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنى كتێبى «مێژووی وێژەی دوواوان»

ناساندنى كتێبى «مێژووی وێژەی دوواوان»

ناساندنى كتێبى «مێژووی وێژەی دوواوان»

ناسنامه‌ى كتێب: «مێژووی وێژەی دوواوان»، یۆرگێن لەسۆوە  ، وەرگێڕانی ڕه‌ند زارعی، وەشانخانەی مادیار، سنه‌ ۱۳۹۸.

پێگەی هەواڵنێری «ماڵی کتێبی کوردی»-بۆ خوێنەری کورد پێویستە مێژووی خۆی، لە رەگ و بنەڕەتەوە بزانێ، خۆی پێ بناسێنێ و ئەگەر خۆشی پێ رانەنێ، پێی شەرم نەبێ کە خۆی وەک کورد بناسێنێ. کورد یەکێکە لەو دەگمەن نەتەوانەی کە کەمتر مێژووی خۆی و خاکی خۆی نووسیوەتەوە. بە دەگمەن وا هەبووە کە لەناو ئەو گشتە مێژوو-بۆ-نووسانەمان، کەسێکی وەک یۆرگێن لەسۆوە هەڵکەوتبێ کە نە بە مەبەستی تایبەت و نە بە کەموکورتییەکی تایبەتییەوە مێژووی بەرەباب و نیشتیمانی ئێمەی نووسیبێتەوە.

“یۆرگێن لەسۆوە”، لەم بەرهەمە ناوازەیدا، سەرێک بە مێژووی دێرینی مێزۆپۆتامیادا دەکا و، لە کوونەڕۆچکەی وێژە -ئەدەبییات-ی کۆنی ئەو ناوچەوە، لێفە لەسەر هەتیوان هەڵدەداتەوە و بەجارێک، ئەوەی بن بەڕەی دێنێتە سەر بەڕە.

نێوەرۆکی بەرهەمەکە، وەک لە ناوەکەیڕا دیارە، مێژووی ئەدەبی مێزۆپۆتامیایە. واتە، مێژووی وێژەی ئەو ناوچەیەی لەنێوان دوو-ئاواندا، لە نێوان چۆمەکانی دیجلە و فۆڕاتدا هەڵکەوتووە (بە زمانی یۆنانی کۆن مێزۆپۆتامیا و بە کوردی خۆمان دوواوان).

خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە چەند گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە. پێشدا، ئەو کتێبە بە زمانێکی بیانی و دوور لە ژێر کارتێکەری دەروجیرانەکانی ئەم و ئەو نووسراوە، دوایەش، کوردێک نەینووسیوە تا قامکی لە چاوان رۆ کەن و بڵێن قسەکانی راست نین و، جگە لەوانەش، نووسەرەکەی پڕۆفسۆرێکی لێکۆڵەرە کە بە شێوەی زانستی بابەتەکەی نووسیوە و لە هەمووانیش گرینگتر ئەوەیە کە، بۆخۆی، هاتۆتە ئەو ناوچەیە و دە ساڵی رەبەق بە کردەوە کاری لەسەر مێژووی ئەو ناوچەیە کردوە.

?لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:

«توێژینەوە و شیکردنەوەی دەقە کۆنەکانی مێژۆپۆتامیا یارمەتیمان دەدەن باشتر لە مێژووی خۆمان تێبگەین. دیارە ئەگەر دەساوڵا و وێڵخەرج نەبین لە بەخشینەوەو تەخشان و پەخشانکردنی مێژووی خۆمان بەگەلانی دی و، بەئەنقەستە، خۆمان لەمێژووی بەرەبابانی خۆمان بێبەری نەکەین. گشت ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان هەس بە بابەتگەلێکی وەک ڕۆشنبیری گشتی، سیاسەت و دەسەڵاتی باڵادەست بە سەر ئەم نیشتیمانەی ئێستا ناوی کوردستانە. کورد یەکێک لەوان نەتەوان بووە کە بە درێژایی مێژووی نوێ، سەربەستی بە خۆوە نەدیوە. ئەوەی دەسەڵاتی بە سەر کوردا شکا بێ، لە قات و قری، بنەبڕ و سەرکوتکردن، مزگێنی دیکەی پێ نەبووە. مێژووی کورد، بەتایبەتی دیرۆکا کۆن، یان نەهاتووە سەر پەڕ، یان کە نووسراوەتەوە بۆ مەبەستی تایبەتی پێچی پێدراوە. یا خود بەزۆریش بێ، دانی پێدا نەهێندراوەو ئەگەر دانیشی پێداهێندرابێ، چتە باشەکانی لەبۆ بەرژەوەندی تایبەتیی لێی قاچێندراوە. لە جێیەکیش کوردێک مێژووی نەتەوەکەی لە پەڕتووکێکیش ئاخنی بێ، نەیارانی کورد بە گەلەکۆمەکەلە هەموو لاوە دۆزە دۆزەو کێبەرکێیان بووە بۆ سڕینەوەو بەلارێدابردنی ڕاستییەکانی ڕابردوومان! دەنا نا، تا سەر ئێسقان ددانیان لێ چیڕ کردووینەوە، شیر و تیریان لێ سووین و قووڕقڕۆچکەیان هەڵبڕیوین. ئەم هەموو هەوڵە بۆ بەلاڕێدابردن و سڕینەوەمان، وایکردوە کە خوێنەری دەروەست لە ناو کورددا، تووشی سەرەگێژە بێ و لەڕاستی و ناڕاستی مێژووی بەرەبابی خۆشی دڕدۆنگ بێ. وادیارە گێژی ئەم گێژاوە تا دێ پتر سووڕ دەخوا و مێشکی خوێنەری داماویش پتر دەهاڕێ.»

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *