خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «کارەکتەری سینەمایی»

ناساندنی کتێبی «کارەکتەری سینەمایی»

ناساندنی کتێبی «کارەکتەری سینەمایی» بەرهەمی دارۆ ئەزیز

ڕێناس عاسی

کتێب وەک کاڵایەک زیاد لە ٥٠٠٠ ساڵە ئەرکی گواستنەوی مەعریفەی لە کۆڵناوە، ئەگەرچی لە ڕابردوو کتێبەکان قەبارەیان گەورە و قورس بووە، لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لاواز بوون، بەشێوەیەک تاکە ئەرکیان تۆمارکردنی زانیاری و مەعریفە بووە، هەروەها بەگشتی بۆ چینی فەرمانڕەوا و خانەدانەکان نووسراون.

(گۆتەن بێرگ) لەسڵی ١٤٣٦ ئامێری چاپکردنی داهێنا بەمەش ڕێژەی بەرهەم هێنانی کتێب ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووی لە زیاد بوون کرد، هاوکات پیشەسازی کاغەز و بازرگانی کتێب تێکەڵ بە مەعریفەی کتێب کرا، بەمەش زۆر کەسایەتی کتێبیان تەنها بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار دەهێنا، تا ئەوەی لەمڕۆدا بەتایبەت لە نێو کایەیی مەعریفەی کوردی بوونی سەرچاوەی ڕەسن و پڕ مەعریفە کەمە ئەگەر هەشبێت ئەوە لە ئاستی وەرگێڕان بووە نەوەک نووسین.

(کارەکتەری سینەمایی) وەک کتێبێکی ڕەسەن، دوور لە هەموو ویستێکی بازرگانی، هەوڵێکی جدی نووسەرە لە درێژەی پڕۆژەکانی بۆ نووسینی سکرینپلەی. ئەم کتێبە بەرهەمی ڕەنجێکی هەمە جۆرە وەک: ئامادەکردن، ڕێکخستن، وەرگێڕان، پاڵپشت بە چەند سەرچاوەی زانستیی ڕەسەن لە بواری سکرینپلەی کە ٦ کتێبی تایبەت بە کارەکتەر لەگەڵ ٣٦ کتێبی تر بەگشتی بۆ سکرینپلەی نووسراون. لەڕێگەی وەڵام بۆ پرسیاری، کارەکتەر کێیە؟ کارەکتەر لە کوێوە دێت؟ هاندانی کارەکتەر چییە؟ بە زمانێکی سادە دەبێت بە هاوکارێکی باشی خوێنەر بۆ دروست کردنی کارەکتەرێک بە هەموو تایبەتمەندیەکی ئەکادییمی، لە ناونان و تۆنی دەنگ و جل و بەرگ، تا دەگات بە باری سایکۆلۆژی و بایۆگرافی کارەکتەر.

لەم کتێبەدا گوزەر کردن بە چاپتەرەکان بەزۆری لەسەر شێوەی پرسیار و وەڵام بنیات نراوە. ئەم جۆرە لە نووسین نەوەک خوێنەر ماندوو ناکات بگرە چێژێکە خوێنەر بە خۆیەوە پەیوەست دەکات. لە هەردوو ئاستی تیۆری کارەکتەر سازی لای چەند نووسەرێک وەک (میتۆدی سوەن )و لە ئاستی کردەییش هەر لە سەرەتاوە پێشنیاری هەڵبژاردنی کارەکتەرێکمان بۆ دەکات تاکو بە نێو چاپتەرەکانی ئەم کتێبەدا بیبەین و بزانین ئایە کارەکتەرێکی بەهێزه یاخود نا؟

 بەشێوەیەکی گشتی کەسایەتی بەشێکی ئاڵۆزی دونیای دەروونزانی و کۆمەڵناسی و پەروەردە و ڕامیاری داگیرکردووە، بیردۆزەکان بە ڕێگەی جیاواز لە چییەتی کەسایەتیان کۆڵیوەتەوە، ئەم جیاوازییە سەرچاوەکەی بەهۆی قورسی و ئاڵۆزی کەسایەتییەوەیە. کاتێک کەسایەتی دێتە نێو ئەدەب و هونەر، لە شێوەی کارەکتەر خۆی نیشان دەدات، لەنێو دونیای ئەدەب و هونەری کوردیدا ڕەنگدانەوەی کەسایەتی کارەکتەر، هەمیشە لایەنی زانستی دەروونزانی پێوە دیارە، بەڵام لەم کتێبەدا لە چاپتەری چوار ئەم بابەتە ڕوونکراوەتەوە و ئاسانکاری و ڕێڕۆشنی باش بۆ خوێنەر کراوە تاکو لایەنی کەسیەتی کارەکتەرەکەی بپشکنێت، ئەمەش لەژێر ناوی ( تێگەیشتن لە سایکۆلۆژی کارەکتەر ) ڕوونکراوەتەوە و دەڵێت “گەر بمانەوێت باس لە سایکۆلۆژیای کارەکتەر بکەین، پێویست ناکات ببین بە لێکۆڵەری سایکۆلوژی، هەتا بزانین چ شتێک پاڵ بە کارەکتەرەکەوە دەنێت.” ئەم ڕوونکردنەوەیە پشت ئەستوورە بە شیکاری فیلم و دواتر وتەی چەند نووسەرێک.

یەکێکی تر لەو تایبەتمەندیانەی ئەم کتێبەی جوان کردووە، بوونی پوختەی هەر بەشێکە لە کۆتایی چاپتەرەکان. ئەم پوختە بە خاڵ نوسراوانە ئاستی ئەکادیمی بوونی کتێبەکە دەباتە سەرەوە و وادەکات خوێنەر ئاسان لە مەبەستی نووسەر تێبگات.

کارەکتەری سینەمایی وەک کتێبێک جگە لە ڕەهەندی سینەمایی بوونی، دەشێت وەک سەرچاوەی کارەکتەرسازی چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە بەکاری بهێنین، چونکە بەشێکی زۆری چاپتەرەکان بۆ دروست کردنە نەوەک پیشاندانی لە سینەما، نووسەر کاتێک دەڵێت کارەکتەری سینەمایی ئەمە تەنها لەبەر ئەوەیە سەرچاوە بەکار هاتووەکان سەرچاوەی سینەمایین.

خاڵێکی تر کە لەم نووسینە کورتەدا دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر، پەیوەندی نێوان(ئەکتەر ــ کارەکتەر)ە. ئەگەر چی نووسەر لە کتێبەکە ئاماژە بەم لایەنە ناکات، بەڵام ئەکتەر دەتوانێت سوودێکی باش وەربگرێت لەم کتێبە تاوەکو ئاشنای کەرەکتەرەکەی ببێت و زیاتر بیناسێت، چونکە زانیاری و ڕێگەی ناسینی کارەکتەر لەم کتێبە ڕێگەیەکی کورت و پوختە هەروەها گشتێنراوە بۆ هەموو جۆرەکانی کارەکتەر.

یەکێکی تر لە جوانییەکانی ئەم کتێبە متمانەدانی نووسەرە بە گەنجێک و هێنانێتی بۆ ناو کارەکە و ئەرکی پێداچوونەوەی پێ سپاردووە ئەمە جارێک ڕێزگرتنە لەنەوەی دوای خۆی و جارێک دەستگرتنێتی بۆ داهێنان.

لەکۆتایدا زۆر سوپاس بۆ (دارۆ ئەزیز)ی نووسەری کتێبەکە، کە توانی ئەم کتێبە بە چاپ بگەیەنێت، هەروەها هیوای بەردەوامی بۆ (حەسەن فەلاح) دەخوازین. کە پێداچوونەوەی بەکتێبەکەدا کردووە.

? ببنه‌ ئه‌ندامی ماڵی کتێبی کوردی:

https://t.me/kurdishbookhouse

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *