خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «گەردن نەماوە بۆ بڕین»

ناساندنی کتێبی «گەردن نەماوە بۆ بڕین»

ناساندنی کتێبی «گەردن نەماوە بۆ بڕین»

ناسنامەی کتێب: گەردن نەماوە بۆ بڕین؛ شیعری ژن و مێردێکی شاعیر سەنییە ساڵح و محەمەد ماغوت، وەرگێرانی عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، دەزگای سەردەم، سلێمانی ۲۰۱۷.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان

ئەم کتێبە لە دووسەدو هەشت لاپەڕەدا دەڕواتە لای چوار شاعیری سەرەکی کە میحوەر و مێزی قسەکردنن لەسەر شیعر و جوانی و دزێوی و یاخیبوون. باسکردنی ژیان و سەرگوزشتەی ژن و مێردێکە، دەست و پەنجە و هزری رەنگینیان لە نێو شیعری عەرەبیدا تا ئەمڕۆش ون نەبووە و وەک کریستاڵی بەر هەرەتاو شەوق و رەنگ دەدەنەوە، وەک یاقووت رۆژ بە ڕۆژ بەڕەونەقتر دەبن، دوو هاوسەر لە نێو باخستانی شیعری ئەدەبی عەرەبیدا پیاسەی هەمیشەیی دەکەن، یەکێکیان قووڵبین، جوانبین، داهێنەر یەکێکی دیکەشیان یاخی، رەخنەگر، تووڕە، تەوسکەر. محەمەد ماغوت و سەنییە ساڵەحی هاوژینی بێباکانە لەم کتێبە نوێیەی رەخنەگر و وەرگێڕی بەتوانا عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی باس لە خۆیان و نیشتمان دەکەن. هەرچەندە عەبدوڵا بەتەنیا ئەم کتێبەکەی تەرخان نەکردووە بۆ قسەکردن لەسەر دنیای شیعر و بڕگە و دەستەواژە تایبەتییەکانی داهێنانی شیعری ئەم دوو کەسە، بەڵکو بە ئەسپایی و کاوەخۆ دەرگای باخچەی بەهەشتی شیعرمان بۆ دەکاتەوە، تەنیا لەو رووبەرە جوگرافیایە ناوەستێ ئەو ماغوتی یاخی و تووڕە لە نیشتمان و سیاسییەکان بۆ لای یاخییەکانی کورد دەبات وەک (شێرکۆ بێکەس، مەحمود دەروێش، لەتیف هەڵمەت، قوبادی جەلیزادە، فەرهاد پیرباڵ)، لەوێشەوە بە زاراوەیەک لە زاراوە گرنگەکانی دنیای رۆشنبیری ئاشنامان دەکات کە ئەویش «کولتووریسیە» لە نێو شیعری کوردی و لە پێکەوەنەستنێکی ژیرانە دیاردە چوونیەکەکانی نێو ناخی شاعیرانی کورد و عەرەب پێکەوە دەبەستێتەوە، نەک لە سۆنگەی بەراوردکاری بگرە لە مەودای تێکەڵبوونی کولتوورەکان و بە یەکداچوونی ژان و ئازار و هەست و خەونەکانیان.. دەکرێ ئەم کتێبە لە دوو بەشدا تەماشا بکرێت، بەشێک تایبەتە بە ژنەشاعیر سەنییە و بەشێکیشی تریش بریتییە لە خوێندنەوەیەکی رەخنەییانە بۆ واقیعی شیعری کوردی لە نێوان سێ وەچەدا.

کتێبەکە کورتە باسێکی تێدایە لەسەر بۆچوونی سەنیە ساڵحی لە بارەی شیعرەوە بەڵام نووسەر هەوڵیداوە هەندێ دەرگای تریش بکاتەوە، وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ محەمەد ماغوت، قسەکردن لەسەر شیعرەکانی سەنیە سەعید لەسەر زاری رەخنەگری ناسراوی عەرەب خالیدە سەعید، لە پەراوێزی باس و چاوپێکەوتنەکەدا، وەرگێڕ ونووسەر ئاماژە بە تێکەڵبوونێک دەکات لە نێوان هەردوو پرسە سیاسی و خەونەکانی هەندێ لە شاعیرانی کورد لە سایەی باسی (دەرکەوتنی کولتووریستی لە شیعری کوردیدا) ، بۆ ئەمەش دوو ناویشی لەمبارەیەوە هێناوەتەوە کە ئەوانیش مەحموود دەروێش و محەمەد ماغوتە، بەرامبەر بەوانیش لە ئەدەبی کوردی ئاماژە بە شێرکۆ بێکەس دەکات.  

شاعیران و نووسەرانی کورد لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعری ماغوت دەخوێننەوە، بەڵام سەنیەی خێزانی کەم کەس دەیناسێت، بۆیە ماغوت دەڵێ رەنگە ناوی من وای کردبێت ئەو فەرامۆش بکرێت. محەمەد ماغوت سەرەتای هەشتاکان دەستی داوەتە شیعر، بەڵام لە کۆتایی پەنجاکاندا بووە بە کەسێکی داهێنەر و دیاری ئەڵقەی ئەدەبیی.. سەنییە ساڵح ژنەشاعیری سووری و هاوسەری ماغوت لە ١٩٣٥ لە سووریا لەدایل بووە، لە ساڵی ١٩٨٥ کۆچی کردووە، ئەم کتێبانەی چاپ کردووە (زەمەنی تەنگ ١٩٦٤، مرەکەبی سێدارە ١٩٧٠، نێرینەی گوڵ ١٩٨٨، تەپوتۆز چیرۆک ١٩٨٢). لە شەستەکانی سەدەی رابردوو سێ خەڵاتی بەدەستهێناوە.

جیاوازی نێوان ئەم دوو شاعیرە ئەوەیە کە سەنیە بە نەزمێکی نهێنیانە وێنەی جیهان دەکێشێ، وێنەی هێمن، ریتمی هێمن، هەناسەدانێکی شیعری لەسەرخۆ، بەڵام محەمەد ماغوت زیاتر جەخت دەکاتە سەر ئابڕووبردنی سەبەبکاری برسێتی و ئاوارەیی ناخ و هۆکارەکانی سەرکوتکاری و چەوساندنەوە و دوورخستنەوە لە نیشتمان..ساڵی ١٩٦٣ ئەم دووانە دەبنە هاوسەری یەکتری، ئەوەی سەنییە لە شیعردا دەیویست لە خۆشەویستیدا گەرەک بوو، تۆڵەسەندنەوە بێت لە جیهان و ببێتە ئەسپی سیحری رزگاربوون. یەکەم قسەی سەنییە بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئەلنەهار بوو لە تایبەت بوو بە شیعر، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە، ئارەزوو و ئامانجی شیعریی تۆ چییە: هیچ ئارەزوو و تەمایەکم نییە، هیچ جۆرێک، من لەوە بێتواناترم دنیا بگۆڕم، یا جوانی بکەم یا وێرانی بکەم و دروستی بکەمەوە، وەک هەندێ شاعیر دەیڵێن، هەست دەکەم من وەک ئەو کەسە وام کە لە خەوندا قسە دەکات. قسەکردن لە خەوندا چ کاریگەرییەک لەسەر جیهان بەجێ دێڵێت؟ بە کورتی هیچ ئارەزووییەکم نییە..هەورەها دەڵێ (لە کاری داهێناندا، شاعیر لە رێگەی ناوکی خەونەوە لەناو توێکڵی رۆشنبیریی ئەخلاقیدا پاڵ بە کۆدی زاتی خۆیەوە ئەنێت، تا بگاتە تامی ژیانی راستەقینە. هەر تەنیا بەمە چینی زمانی شیعری ئەبێتە چتنێکی تیشکهاوێژ.

هەروەها دەڵێ ( لە راستیدا شیعر بەیەکاچوونی دوو قوڵایی خەیاڵی، دوو خەونی پڕ لە هەڵچوونی مرۆڤانەی جیا، یاخود پێکگەیشتووە: خەیاڵی شاعیر و خەیاڵی خوێنەر لەم پرۆسەی پیتێنەدا کۆرپەڵەیەکی زەمەنی لەدایک دەبێت، خەسڵەتەکانی شاعیر و خوێنەر هەڵدەگرێت، ئەن کۆرپەڵەیە لە جووڵەی شیعریی بەردەوامدا هەنگاوی بنەڕەتییە). قەسیدە لەسەر رۆشنکردنەوە خەون بەرز دەبێتەوە. ئەویش ساتی تەقینەوەی ناوەکی، پتە و بەهێز بێت، بەڵام ئەگەر لە کاتی خامۆشیدا هات، ئەوە قەسیدەیەکی بۆش و بەتاڵت دەستدەکەوێت، کە هیچ گەشەیەکی داهێنەرانە هەڵناگرێت. زمانی شیعریش قورستترین زمانە لە نێو زمانەکاندا، چونکە لەو زمانانە نییە کە بتوانێت بە شێوەیەکی تەواو فێریبیت. سەنییە جاوەڕوانییەکی زۆری لە شیعر هەبوو بە بڕوای ئەو شیعر دەبێ کڵپە بسێنێت و بگاتە لێواری کوڵان..باوەڕم وایە قەسیدە تەواو نابێت، بەڵکو لە ناخی خۆیدا توانای گۆڕین هەڵئەگرێت، بۆ ئەوەی وەک کەشوهەوایەک بۆ سەربەستی بمێنێتەوە. لە بارەی جەستە و شاعیریشەوە دەڵێت :(جەستەی شاعیر ئەڵقەی پێگەیشتنی نێوان خەونی خودای شاعیر خۆی و خەونەکانێتی)…

ئەم بەشەی کە تایبەتە بەسەنییەی شاعیر زۆر وردەکاری وردی تێدایە لەسەر شیعر و توانایی شیعر، پاشان کتێبەکە چاوپێکەوتنێکی تێدایە لەگەڵ محەمەد ماغوت لەسەر دنیای شیعری ئەو. کە پاشان هەندێ لە وتە گرنگەکانی نێو ئەو چاوپێکەوتنە دەخەینە بەردەم خوێنەران. تەنیا ئەوەندە دەڵێین ماغوت وەک خۆی دەڵێ کەسێکی واقیعییە بووە وحەزی بە فەلسەفە لێدان نەکردووە بە کار و بەرهەمەکانییەوە، ئەو شاعیری وێنە بوو،نەک شاعیری فیکر، فیکر لە شیعری ئەودا بوونی نییە، وێنەی شیعری هەیە، بڕوایشی وابوو ئەوەی بە روونی لە شیعردا دەبینرێت وێنەیە نەک فیکر، ئەوەتا بە نیشتمانەکەی دەڵێت:

لەگەڵمدا دڵڕەق مەبە ئەی گوڵەکەم

وازم لێ هێنایت، چونکە وازت لێ هێنام

فەرامۆشم کردی، چونکە فەرامۆشت کردم

شیعرێکی سەنیە بەناوی (ڕێبوار)

کێ لە دوای سنوورتەوە دادەنیشێ و ئەژی

ئەی ڕێبوار؟

کێ گفتوگۆت رەنگین دەکات

ئەو کاتەی ئاڵای پەڕینەوە بەرز دەکەیتەوە و

لە پشت سەدەف و پەڕە پوولەکەماسیی دەریاکانەوە

لە پشت کەشتی پڕ لە تاوان و لێبوردنیانەوە

دوورئەگەویتەوە؟

کە دەنگیشت ئاوێزانی سروودی کۆچکردن ئەبێت

هەستی ناسکی شەرمنم

وەکو گوڵێک بۆ خەونەکانت بەرزدەکەمەوە

***

کپیم پێ ببەخشە

تا بە چاوی رەشی پڕ لە سەرسامی و شکستەوە

لە پەنجەرەوە بەرەو سەحەر بپەڕمەوە

گەشتیار؟

ئاوەها باڵندە شینکەکان هەڵدێن و

تاکە تکام لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.

***

بە تەنیا لەگەڵ باڵندەکانی باکووردا

بۆ لای لانەی بەستەڵەک ئەگەڕێمەوە

تاکو ناڵە و لۆچیم

لە نینۆکەوە تا ئەوپەڕی رۆح بپێوم.

ماویەتی….

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

جایزە اتحادیە نویسندگان کورد بە کامران رحیمی اهدا شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *