خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / باسێک لە سەر «باڵندەکانی دەم با»ی عەتا نەهایی

باسێک لە سەر «باڵندەکانی دەم با»ی عەتا نەهایی

ئەم کۆڵانە تەنگەبەرانە لە یەکتر دەچن؛ باسێک لە سەر «باڵندەکانی دەم با»ی عەتا نەهایی

دوکتۆر سەعدی حاجی[۱]

مێژووی هاوچەرخی کورد، شارێکی پڕ کۆڵانی تەنگەبەرە و هەر کۆڵانێک پڕە لە بیرەوەری عەشقی دۆڕاو و چیرۆکی پارچەپارچەبووی ئەو عەشقە دۆڕاوە بە ڕواڵەت جیاوازانه، بەرە دوای بەرە دووپات دەبنەوە و زۆربەیان لە یەک دەچن. ئەگەر کەسێک بیەوێ ناوەرۆکی ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با لە چەند ڕستەی کۆتادا کورت بکاتەوە، ئەو دوو دێڕەی ژوورە ڕەنگە دەربڕێکی خراپ نەبن.

 ئایا ئەو ناوەرۆکەیە گێڕەرەوەیەک[۲] هان دەدات ئەزموونی نووسینی ڕۆمانی نووسەرێکمان بۆ بگێڕێتەوە کە گەڵاڵەی چیرۆکەکەی ئەو نووسەرە، ڕەنگ و بۆی بەسەرهاتی خۆی بدات؟

لە بەر ئەوەی لە هەر بەهەمێکی ئەدەبی سەرکەوتوو، فۆرم و ناوەرۆک بە شێوەیەکی سرووشتی لە گەڵ یەک تەبا و گونجاون و پێویستی ئاماژه کردن بە ناوەرۆکی ڕۆمانێکی جیددی، بۆ باسکردن لە سەر فۆرم و شێوازی نووسین و گێڕانەوەکەی، ڕوون و ئاشکرایە، ئەم وتارەش ئەگەرچی تەرخان کراوە بۆ باسی فۆرم و شێوازی “باڵندەکانی دەم با”، ناچارە لایەنی ناوەرۆکیش بەرچاو بگرێ و لە شوێنی پێویست ئیشارەتی پێبدا. بەڵام بەرلەوەی بچمە نێو بابەتەکەوە بە خراپی نازانم ئەو وتەیەی “ڕۆدریگێرز مۆنە گاڵ” بێنمەوە کە ئەڵێ: بۆ چی ئەگەر ناباکۆف باسی بێ‌دەنگی سامناکی دەشتە ساردەکانی ڕووسیا نەکات یان نووسەرێکی ئەورووپی، چیرۆکەکەی مۆرکی مێژوو و جۆگرافیای ئەورووپای پێوە دیار نەبێ، کەس بۆی نیە لۆمەیان بکات، بەڵام نووسەرێکی ئەمەریکای لاتینی- با لەوێش لە دایک نەبووبێ و لەو سەرزەمینانەش نەژیابێت- هەر دەبێ بەر لە هەموو شتێک و لە ڕێگەی بەرهەمەکەیەوە، ڕەسانەیەتی و کەڵکەڵەی خۆی بۆ وڵاتەکەی بسەلمێنێ؟ پێش ئەو پرسیارەش لە زمانی “ژاک واشە”وە ئەڵێت: کوشندەترین شت بۆ نووسەرێک ئەوەیە بیەوێت ببێتە سیمبۆلی نەتەوەیەک. دیارە مەبەستی لەو وتانە ئەوەیە کە خەڵکە زوڵم‌لێکراوەکان هەمیشە چاوەڕوانن نووسەرەکانیان چیرۆکی تراژیدیاکانی ئەوان بگێڕنەوە و بۆی هەیە ئەو چاوەڕوانیە نووسەر بخاتە تەنگژەی دەربڕینی ناوەرۆکێکەوە کە ناچار بێت فۆرم و شێواز بکاتە قوربانی ناوەرۆکێکی داسەپاو و قاڵبی و کڵێشەییەوە. بە خوشحاڵیەوە کاک عەتا نەهایی تووشی کێشەیەکی وا نەهاتووە و لە باڵندەکانی دەم با توانیویەتی بەسەرهاتی تراژیکی دوو کاراکتێری کوردی نێزیک لە ڕۆشنبیری کوردی، پێش و پاش شۆرشی ساڵی پەنجاوحەوت، لە فۆرم و شێوازێکی گونجاودا بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە. بەڵام ئەوە تەنیا داهێنانی ئەدەبی نیە ئەگەری تووشبوون بە فۆرم و تەکنیکی لاوازی هەیە، بەڵکوو لێکدانەوە و ڕەخنەش، لە هەرێمی میللەتانی بەش‌مەینەت بە بەراورد لە گەڵ گرینگیدان بە ناوەرۆک، بەردەوام کەم‌نرختر و بێ‌بەهاتر بووە. ڕەنگە هەر ئەمەش وایکردبێ زۆرینەی ڕەخنە و لێکدانەوەکانمان پتر لەوەی باری هونەری و فۆرم و شێوازی بەرهەمێک بۆ خوێنەر ڕوون بکەنەوە و وەکوو پردێک بن لە نێوان دەق و بەردەنگ بۆ دیاری کردنی هونەری نووسەر، لە سەر ناوەرۆک و بابەتەکان دەدوێن.

 باڵندەکانی دەم با، دوەم ئەزموونی نەهاییە لە بواری ڕۆمان و بە بەراورد لە گەڵ دوو ڕۆمانەکەیتری، کەمتر خراوەتە بەرباس و ڕەخنەی ئەدەبی. ڕەنگە شێوەی جیاوازی گێڕانەوەکەی بووبێتە هۆی ئەوەی کەمتر ئاوڕی لێبدرێتەوە. تا ئەو شوێنەی نووسەری ئەم ڕستانە ئاگای لێیە، شێوازی مێتاسەرهات[۳] لە ڕێگای ئەم ڕۆمانەوە لە زمانی کوردیدا تاقی کراوەتەوە و لە بەر ئەوەی تا ڕادەیەک شێوازێکی نامۆ بووە بۆ خوێنەری کورد، وەکوو پێویست وتاری لەبارەوە نەنووسراوە.

بۆ چوونە نێو باسی فۆرم و شێوازی ڕۆمانەکە، سەرەتا باشترە کورتەیەک لە ڕۆمانەکە بخرێتە بەر دیدەی خوێنەرەوە.

کورتەی ڕۆمانەکە

لە ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با، دوو بەسەرهات لە لایەن دوو گێڕەرەوە، شان‌به‌شان و هاوتای یه‌ک دەگێردرێنەوە؛ بەسەرهاتی یەکەم چیرۆکی کەسایەتی “میهرەبانە” کە لە لایەن گێڕەرەوەی ئەوەڵ دەگێڕدرێتەوە. بەسەرهاتی دوەم، داستانی کەسایەتی “فەرهادە” و میهرەبانی نووسەری نێو ڕۆمان دەیگێڕێتەوە. میهرەبان لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران چالاکێکی سیاسی کورد بووە. دوای ماوەیەک پاش سەرکەوتنی شۆڕش بە هۆی هەست بە مەترسی و ئەگەری گیران، ئاوارەی هەندەران دەبێت. بنەماڵە و هەروەها خۆشەویستەکەی(ئەفسانه) و ئەوینی چەندین ساڵەی بە جێ دەهێلێ و دەڕوا. چەندین ساڵ لە ئەورووپا دەمێنێتەوە، درێژە بە خوێندنی دەدات و دەبێتە نووسەر و بەرهەمەکانی لە هەندەران بڵاو دەکاتەوە. پاش ڕۆییشتنی، خۆشەویستەکەی بە ناچاری و نا بە دڵی دەبێتە هاوسەری کەسێکی‌تر. دڵپیسی و ئازاری هاوسەرەکەی بەرامبەر بە وی، ژیانی لێ تاڵ دەکا و ناچار دەبێ لێی جودا ببێتەوە. ئەفسانه کاتێک بە حوکمی دادگا سەرپەرشتی کچەکەی لێ دەسنرێت و ناتوانێت کچەکەی لە گەڵ خۆی بێنێ، تووشی خەم و خفەتێکی کوشندە دەبێت و نەک هەر ئەوین و خۆشەویستی بەڵکوو ژیانیشی دەدۆڕێت و دوای ماوەیەک دەمرێت (یان ئاوا کە لە خەوێکی خۆفناکی میهرەبان دووپات دەبێتەوە، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ). میهرەبان دوای ساڵانێک و کاتێک هەست بە گۆڕانی بارودۆخی وڵات دەکات، دەگەرێتەوە تا بە وەبیرهێنانەوەی ڕابردووی، چرۆکێکی نوێ و لە ڕاستیدا ئاخرچیرۆکی بنووسێ. کەڵکەڵەی سەرەکی میهرەبان نووسینی ڕۆمانەکەیەتی. هەرچەندە زۆر جار لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دنەی دەدرێت کە هاوسەرگیری بکات و ژیانێکی ئاسایی هەڵبژێرێت، بەڵام مەترسی نەمانی مەجال و تووشبوون بە فەرامۆشی و لە بیرچوونەوەی بیرەوەریەکانی -کە هەوێنی ئەسڵی چیرۆکەکانیەتی- وای لێدەکا بەردەوام هەوڵی نووسین بدات تا وەکوو کەسایەتی ڕۆمانەکەی خۆی، فەرهاد، بەرهەمەکەی بە ناتەواوی نە‌هێڵێتەوە. لە ئاکامدا بە هۆی بیرەوەریە تاڵەکانی ڕابوردووی و هەست‌کردن بە قووڵایی ئەو تراژیدیایەی بە هۆی ئەوەوە، ژیانی ئەفسانەی دڵداری مەرگاوی کردوە، تووشی خەمۆکی و فەرامۆشی دەبێت و دەکەوێتە تەمتوومانی تەنیایێکی بێبنی مەرگ‌ئاساوە.

بەسەرهاتی دووەم، چیرۆکی فەرهادی نەقاشە کە گێڕەرەوەی دوەم، واتە میهرەبان، دەیگێڕێتەوە. فەرهاد خوێندکارێکی کوردی زانستگای تارانە و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوت بە هۆی چالاکی سیاسی و لەبەر مەترسی گیرانی بە دەسی ساواک، هەڵدێت و دێتەوە بۆ شارەکەی خۆی و لەوێش ژیانێکی نهێنی هەیە. لە سەردەمی ژیانه نهێنییەکەی گیرۆدەی عەشقی کاڵێ دەبێ. کاتێک مەترسی گیرانی زۆر دەبێت، پێشنیاری کاڵێی خۆشەویستی بۆ پێکەوە دەرچوونیان قبووڵ ناکات و دوای ماوەیەک دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێت. کاڵێش کە وای دەزانی دواجار فەرهاد لە سێدارە دەدرێت، خۆی گوتەنی ئەو خەمەی پێ‌هەڵناگیردرێ و تاقەتی کۆتایی ئەو عەشقەی لەو ماوەدا لە نسێی حەسابوەوە و توانای بەردەوامی ژیانە تاڵەکەی نامێنێ و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا. فەرهادیش دوای ئازاد بوون و ئاگادار بوونەوە لەو کارەساتە تووشی خەمۆکی و فەرامۆشی دەبێت و ژیانی بە تاڵی و سەختی بەرەو مردن بەڕێ‌دەکا.

دیارە کورت‌کردنەوە و گێڕانەوەی سادەوەبووی بەسەرهاتی کاراکتێرە سەرەکیەکانی ڕۆمانێک، ئاستی دڵڕفێنی چیرۆکەکەیان کەم دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی کەسانێ ڕۆمانەکەیان نەخوێندوەتەوە لە دەقی نووسینەکە تێبگەن بە ناچاری ئەو کورتەیەم دانا.

باڵندەکانی دەم با و شێوازی “ میتاسەرهات

دوای کۆتایی شەڕی جیهانی دوەم و بە تایبەت لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەم، باوەڕ بە عەقڵانیەت وەکوو تاکە ڕێگای چارەسەری گرفتەکانی مرۆڤ تووشی کێشەی ئەساسی بوەوە و هاوکات لە گەڵ بەها فەلسەفیەکانی مۆدێرنیتە، زۆرینەی ئەو فۆرمە هونەریانەش پێوەندیان بەو دونیا فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە هەبوو کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو ڕەوتە و پۆست‌مۆدێرنەکانیش بە ئاراستە کردنی ڕەخنەی ڕادیکاڵ بوونە هۆی قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی بێ‌متمانەیی بە عەقڵ و سڕینەوەی سنووری نێوان «واقیع و خەیاڵ»، «فەلسەفە و ڕێتۆریک» و «ڕەخنە و بەرهەمی ئەدەبی». ڕۆمانیش وەکوو گرینگترین ژانری ئەدەبی کەوتە ژێر کاریگەری ئەو بارودۆخە و هەم لە باری فۆرم و هەم لە ناوەرۆکیش گۆڕانکاری بەسەردا هات. چوارچێوە  سوننەتیەکانی نووسینی ڕۆمان، تووشی شکان هاتن یان لانیکەم کز و کەمڕەنگ بوونەوە و نووسەرانی سەردەم بە داهێنانی بەردەوام، فۆرم و شێوازی نوێیان بۆ نووسین تاقیکردەوە. ڕۆمانی نوێی فەرانسی و ڕۆمانی پۆست‌مۆدێرن و لەو نێوەش مێتاسەرهات، نموونەی ئەو ئەزموونە تازانە بوون کە لە ئەورووپا و ئەمریکا تاقیکرانەوە و تیۆریزە کران و سەرنجی ڕەخنەگرە ئەدەبیەکانیان بۆلای خۆیان ڕاکێشا. (دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە ئیتر نووسینی ڕۆمان بە شێوازی ڕیالیستی یان مۆدێرن کەوتبێتە پەراوێزەوە و نووسەرە گەورەکان هەموویان ڕەدووی فۆرمە تازەکان کەوتبن).

وەک ئاماژەی پێکرا، نووسینی ڕۆمان بە شێوازی مێتاسەرهات، ئەزموونێکی نوێ لە بەستێنی ڕۆماننووسی دونیا بوو کە لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەم هاتە ئاراوە. لە نووسینی ڕۆمان بە شێوازی مێتاسەرهات، پرۆسەی نووسینی خودی ڕۆمانەکە زەق دەبێتەوە و نووسەر بە ئانقەست و لە شوێنی جۆراوجۆر، لە سەر چۆنیەتی نووسینی چیرۆکەکەی زانیاری دەداتە خوێنەر و لە سەر ڕووی دەستکردی و ناواقیعیانەی داکۆکی دەکا.

زەقکردنەوەی پرۆسەی نووسین و جەختکردن لە سەر رووی دەستکردی و ناڕاستەکی ڕۆمان، کاتێک گرینگی خۆی دەنوێنێ و وەکوو وەرچەرخانێک لە رەوتی نووسینی ڕۆمان و شێوازێکی نوێ لەو بەستێنە سەرنجی بەردەنگ و ڕەخنەگر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ کە بزانین زۆربەی نووسەران لە سەرەتای سەرهەڵدانی ژانری ڕۆمان هەتاکوو ئەم سەردەمەش، بە جۆرێ هەوڵی واقیع­نوێنی بەرهەمەکانی خۆیانیان داوە و تێکۆشاون ئەو بەسەرهاتەی دەیگێڕنەوە، واقیعی و ڕاستەکی بنوێنی. هەر لە سەر بنەمای ئەو ڕاستیەیە کە ئیان وات(۱۳۹۴: ۴۹) ڕیالیزمی ڕواڵەتی وەک تایبەتمەندی گشتی ڕۆمان دەناسێنێ. ئەگەرچی تێڕوانینی مرۆڤی هاوچەرخ- کە ڕۆمان خۆلقاوی ئەوە- بۆ چەمکی واقیعیەت لە چاخی مۆدێرنە و دەورەی ڕۆشنگەری بەملاوە، لە هەر دەورەیەک و بە پێی زرووفی فەرهەنگی و فەلسەفی جیاوز بووە، بەڵام ” دەتوانین بڵێین کە ئەمری واقع، وشەی سەرەکی هەموو جۆرە ڕۆمانێک بوە بە هەر شێوازێک کە نووسرابێتن و ڕۆمان ئامانجێکی نەبوە جگە لە تاوتوێ کردنی لایەنێکی واقیعی ژیان” (پاینده، ۱۳۹۳: ۱۵۹). تەنانەت “خەیاڵاویترین ڕۆمانەکانیش نەپەرژاونەتە سەر ئیش و دیاردەی دوور لە ژیان و کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤەکان” (محمودیان، ۱۳۸۲: ۷۲). گراهام هۆف ئەڵێت : ” ڕۆمان ناچارە ئەزموونی ژیان وەک خۆی بگێڕێتەوە” (میرصادقی، ۱۳۹۰: ۳۹۷). هەمووی ئەم ئیشارەتانە دەربڕی ئەوەن کە داکۆکی میتاسەرهات لە سەر فیکشێناڵیتی (fictional) ئەو ڕۆمان و بەسەرهاتەی دەیگێڕێتەوە و مەودایێک کە بە هۆی ئەو زەقکردنەوە لە نێوان واقع و خەیاڵ دروستی دەکات چەندە لە مێژووی ڕۆمان کەم­وێنە و جیاوازە. پێویستە ئەوەش ڕوون بکەینەوە کە مەبەست لە میتاسەرهات تەنیا گێڕانەوەی “چیرۆکی چیرۆک­نووس” نیە و وەک لە سەرەوە ئیشارەتی پێ­درا و لە پێناسەکەشی دەردەکەوێت، جەخت­کردنە لە سەر پرۆسەی نووسینی ڕۆمانێک بۆ نیشاندانی ڕووی دەسکردی چیرۆک و بەسەرهاتێک کە دەگێردرێتەوە؛ پاتریشیا ڤوو (۱۳۹۰: ۸) لە پێناسەی میتاسەرهات سەرهات ئەڵێ: ” مێتاسەرهات، دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژە بە شێوازێک لە نووسینی چیرۆک/ ڕۆمان کە بە چەشنێکی سیستماتیک لەسەر فیکشناڵیتی ئەو چیرۆکەی دەیگێڕێتەوە پێداگری دەکا تا بەو هۆیەوە، پرسیار لە مەڕ پێوەندی نێوان واقیع و چیرۆک بێنێتە ئاراوە.

عەتا نەهایی نووسەری بەناوبانگی کورد، ڕۆمانی “باڵندەکانی دەم با”ی بە شێوازی میتاسەرهات نووسیوە و توانیویەتی جیاوازی و لە هەمانکاتدا پێوەندی نێوان واقێع و ڕیوایەت بنوێنێ و لە ئاکامدا بە جۆرێ تازەگەری لە بەستێنی ئەو شێوازە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەروونناسی نووسەری ناو ڕۆمان، ناڕاستەوخۆ، ئایدیا یان «گریمانەی باوی پێوەندی نێوان چیرۆک و ئەزموونی تاکەکەسی و ژیانی نوووسەر»، لە ڕێگەی مێتاسەرهاتەکەیەوە دەربخا. نەهایی پیشانی داوە کە نووسەری ناو ڕۆمان، ئەگەرچی بە ڕواڵەت چیرۆکی فەرهادی نەقاش دەنووسێت بەڵام لە هەمان کاتدا و لە ژێر کاریگەری ژیان و کەسایەتی خۆی، گەڵاڵەی گێرانەوەی ئەو بەسەرهاتە- ویستراو یان نەویستراو- جۆرێک دادەڕێژێ کە زۆر نێزیکە لە چیرۆکی ژیانی خۆی. “باڵندەکانی دەم با”ی نەهایی ئەزموونێکی سەرکەوتووی ئەو شێوازە لە بەستێنی ئەدەبی کوردیە و هاوکات توانیویەتی لە ڕێگەی ئەو مێتاسەرهاتەوە گریمانەی پێوەندی نێوان ژیانی نووسەر و بەرهەمەکەی بخاتە بەر چاوی بەردەنگ و خوێنەرەوە.

بۆ سەلماندنی ئەوەی کە باڵندەکانی دەم با، ڕۆمانێکی مێتاسەرهاتە، پێویستە ئاماژە بکرێت بە چەند خاڵی سەرەکی و هاوبەشی مێتاسەرهاتەکان کە لەو ڕۆمانەشدا بە ڕوونی دەردەکەون:

  • هەمووی مێتاسەرهاتەکان لە خوێنەری ناشارنەوە کە ئەو دەقەی دەیخوێنێتەوە بەسەرهاتێکی چێکری و دەستکردە (ڤوو، ۱۳۹۰: ۸ و۱۴).
  • لە هەموو مێتاسەرهاتەکان ئاماژە دەکرێت بە پرۆسەی نووسینی ئەو بەسەرهاتانەی دەگێڕدرێنەوە(ڤوو، ۱۳۹۰: ۱۴).
  • لە مێتاسەرهاتەکان سنووری نێوان واقیع و زەین تێکەڵ دەبێت (ڤوو، ۱۳۹۰: ۸ و ۵۲).

ئەو خاڵانەی سەرەوە لە زۆر شوێنی ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با، دیار و بەرچاون. نموونە زۆرن بەڵام لە بەر مەودای کورتی وتارەکە تەنیا بەو ڕستانەی خوارەوە ئیشارە دەکرێت:

 «[میهرەبان(کەسایەتی نووسەری نێو ڕۆمان)] گوتی: تۆش ئەو قیژە ترسناکەت بیست فەرهاد؟

کەس وەڵامی نەدایەوە. فەرهاد لە ژوورەکەدا نەبوو. لە هیچ ژوورێکی ماڵەکەدا نەبوو. تەنها ناوی لە زەینی ئەودا بوو. ناو و پارچەیەک لە ژیان و ڕابوردووی، کە ماوەیەک بوو بێ هیچ نەزم و ڕیسایەک کۆ بووبوەوە. دیسان لە زەینی ئەودا” (نەهایی، ۱۳۸۱: ۷و۸)».

«من [گێڕەرەوەی ئەوڵ] پێم نەدەکرا ئەو [میهرەبان] بۆ هەر کوێ دەچوو شوێنی کەوم. بە پێویستیشم نەدەزانی. ئەویش پێی خۆش نەبوو. کەسی هیچ چیرۆکێک پێی خۆش نیە بۆ هەر کوێ دەچێ، نووسەرەکەی شوێنی کەوێ. تەنانەت ڕەنگە فەرهادیش کە کەسی چیرۆکەکەی ئەو بوو”(هەمان سەرچاوە: ۱۳۸۱: ۱۷)».

لە فەسڵی یانزەی ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با، نووسەری ناو ڕۆمان(گێڕەرەوەی دوەم) دەربارەی چۆنیەتی پەروەردە کردنی کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەی و ئەو زانیاریانەی پێویستە دەربارەی کەسایەتییەک بدرێتە خوێنەر، لە گەڵ گێڕەرەوی ئەوەڵ باس دەکا. نموونەکەی دواتر و لە گەڵ هەندێ زانیاریتر دەخرێتە بەر دەستتان.

لاپەڕەی ۹۴ێ ڕۆمانەکە باسی چۆنیەتی داڕشتن و تەرحی چاوپێکەوتنێکی نێوان دوو دڵداری چیرۆکەکەی نووسەری نێو ڕۆمان دەکات:

«- [میهرەبان]گوتی: “بێ‌سوودە ئەم دیدارە بەم شێوە …”

نەیگوت ئەم دیدارە بەم شێوە بە لاڕێمدا دەبا. گوتی: “ئافرەتی ئەم دیدارە لە کاڵێ ناچێ.”

– “لە کاڵێ ناچێ؟!”

[گێڕەرەوەی ئەوەڵ]: بە سەسووڕمانەوە گوتم.

-” چۆن دەزانی؟ خۆ تۆ کاڵێ ناناسی. دەیناسی؟”

– گوتی: ” نایناسم. بەڵام فەرهاد دەناسم و هێشتا هەندێک بۆچوونی ئەخلاقی ئەو ساڵانەم لە بیرە. ئێستاش بۆ هونەرمەندێکی وەک فەرهاد … .”» (لاپەڕەی ۹۴).

«هێشتا دڵنیا نەبوو. نە لە من و نە لە فەرهاد و نە لە کەسانی‌تری چیرۆکەکەی. نووسینی چیرۆکی ئەو کەسانە لە ناویاندای و لە ناویاندا دەژی کارێکی دژوارە»(لاپەڕەی ۲۵).

لەو نموونانەی سەرەوە، هەم بەزاندنی سنووری واقیع و خەیاڵ بەرچاوە، هەم پرۆسەی نووسینی چیرۆکەکە دەکەوێتە بەر ئاماژەی نووسەر و هەمیش ڕووی دەستکردی بەسەرهاتەکە بۆ خوێنەر دەخرێتە بەر چاو.

چەند ڕستەی هاوچەشن، وەکوو مووتیڤێک لە سەرانسەری ڕۆمانەکە دووپات دەبنەوە و تێکەڵاوی نێوان “واقیع و خیاڵ” جێبەجێ دەکەن و دواجار گریمانەی یەکبوونی نووسەر و کەسایەتیەکانی ڕۆمان، لە فەزایێکی تەماوی و گومان لێکراودا ڕیکدەخەن و خوێنەر ئازاد دەهێڵنەوە تێگەییشتنی خۆی لە دەقەکە هەڵبژێرێ. باسی “ژوورێکی تاریک و دووکەڵاوی و پڕ لە بۆنی زبڵی سووتاو و بۆکۆن کە کەسێک لە بەر ڕۆشنایی پەنجەرە بچووکەکەیدا دانیشتوە و دەستە باریک و ئێسکنەکانی لە دەور ئەژنۆی ئاڵاندووە و سەری بە ملیەوە شۆڕ بووەتەوە” لە چەندین لاپەڕەدا (۲۶، ۶۰، ۱۶۵، ۲۰۸ و ۲۱۹،)دووپات دەبێتەوە. ئەو وێنەیە زۆر جار وەسفی حاڵ و بارودۆخی فەرهادی نەقاشە کە لە لایەن نووسەری ناو ڕۆمان، واتە گێڕەرەوەی دوەم دەگێردرێتەوە. بەڵام لە لاپەڕەی ۲۰۸ هەر ئەو وێنەیە لە لایەن گێرەرەوەی ئەوەڵەوە بۆ وەسفی میهرەبانی چیرۆکنووسە و دواجار و لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا وەسفی گێرەرەوەی ئەوەڵە لە زمانی خۆیەوە بۆ خۆی و بەم جۆرە کۆتایی بە گێڕانەوەکەی دێنێ: ئەوسا سەرم بەرز کردەوە. ئەو (میهرەبان) لە ژوورەکەدا نەبوو. من تەنها بووم. تەنها لە بەر ڕۆشنایی کزی پەنجەرەکە دانیشتبووم و دەستە باریک و ئێسکنەکانم لە دەوری ئەژنۆم ئاڵاندبوو”. بە یارمەتی ئەم مووتیڤە و ئەو گەمە گێڕانەوەییە، گێڕەرەوەی ئەوەڵ و دوەم(میهرەبان) و کەسایەتی چیرۆکی نووسەری نێو ڕۆمان(فەرهاد)، دەبنەوە بە یەک کەس و بەو ئاشنایی‌سڕینەوەیە، خوێنەر بەرەو ڕووی وەزعێکی ئاوارتە دەبێتەوە. ئەو ڕووبەڕووبوونە ناکاوە، لە لایەک دەبێتە هۆی تێڕامانی خوێنەر و وەرگرتنی چێژی هونەری و لە لایەکی دیکەش، ناوەرۆکی ڕۆمانەکە، واتە هاوچەشنی تراژیدیاکان و سەرگورشتەکان کە دەرەنجامی زوڵم و زۆری دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانە، لە شێوازێکی تەبا لە گەڵ فۆرمی ڕۆمانەکە دەردەکەوێ.

هەر وەک دەزانین لە سەدەی بیستەمدا و بە هۆی ئەو کارەساتانە لە کۆمەڵگای ئینسانی ڕوویاندا و بوونە هۆی قوربانی‌بوونی ملوێنان مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان، باوەڕ بە زۆر بیرۆکە و ئایدیا لاواز بوو. ئەو گەشبینیە کە بە هۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، بۆ بەختەوەری و دواڕۆژی مرۆڤ هاتبووە ئاراوە گومانی لێکرا و ڕەخنەی رادیکاڵی ئاراستە بووەوە. هاوکات زانستی زمانەوانی و ئەو فەلسەفانەی لە سەر ماهییەتی زمان بۆچوونی جیاوازیان هەبوو، ئەوەیان روون کردەوە کە زمان هیچکات کەرەسەیێکی بێ‌لایەن نیە بۆ گواستنەوە حەقیقەت و ڕاستیەکان. بەم پێیە، گێڕانەوە و ڕیواتەکانیش کە دەرکەوتەیێکی زمانین، هیچکات ناتوانن بێ‌لایەن بن لە دەرخستنی ڕاستیەکان. کاتێک خوێنەر بەو ڕاستییانە دەزانێ، ئیتر پێویست نیە نووسەر، خۆی بە گێڕەرەوەی حەقیقەت بزانێ و بۆ واقیع‌نوێنی بەرهەمەکەی کەڵک لە فێڵ و فەنی گێڕانەوە وەربگرێ و خۆی لە خوێنەر بشارێتەوە، بۆیە دێتە نێو چیرۆکەکەی و نایشارێتەوە کە ئەوەی بۆ بەردەنگی باس دەکا بە ڕێگەی زەینی ئەوەوە نووسراوە و خوێنەر مەجالی ئەوەی هەیە تێگەییشتنی خۆی لە دەق هەبێت. ئەو تەکنیکە بە وتەی جان بارت، یەکێک بووە لەو ڕێگەچارانە بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی هونەری گێڕانەوە کە لە سەدەی بیستەم تووشی قەیران بووبووەوە(پایەندە، ۱۳۹۳: ۲۲۰- ۲۱۷). گێڕەرەوەکەی نەهایی و نووسەری نێو ڕۆمانەکەشی نایشارنەوە کە خەریکی نووسین و گێڕانەوەی سەرگوروشتەی چەند کاراکتێرن و تەنانەت باس لە چۆنیەتی خوێندنەوە و تێگەییشتنی خوێنەر بۆ چیرۆکەکەیان دەکەن. چەند نموونەیەکمان پێشووتر هێنایەوە کە ئاماژەیان بەو شتانە هەبوو، لە درێژەی باسەکە هەندێ نموونەی تریش دێنینەوە:

«گوتم: “بۆ ئەوەی کەسێکت خۆش بوێ پێویست ناکا بیناسی. بەڵام بۆ ئەوەی چیرۆکی کەسێک بنووسی دەبێ حەتمەن بیناسی. ناسینێکی هەمەلایەنە و تێر و تەسەل.”

تیزە بزەی هاتێ. گوتی: ” چۆن دەکرێ کەسێک بناسی کە نەبووبێ؟”

نەبووبێ؟ کالێ کەسێک نیە نەبووبێ. حەتمەن بووە. تەنانەت ئەگەر نەقاش لە دواهەم تابلۆکەشیدا نەیتوانیبێ نەخشی روخساری بکێشێتەوە، بووە. هەزار و یەک نیشانە بوونی دەسەلمێنن»(ل ۸۶).

چەند لاپەڕە دواتر، باسی چۆنیەتی نووسین و خوێندنەوەی چیرۆکەکە دێتە ئاراوە:

«گوتی: ” بەم سووکە ئاگاداریە هیچ چیرۆکێک نانووسرێ.

تا من هاتم شتێک بڵێم، ئەو بەردەوام بوو: ” یان با بڵێم دەیان چیرۆکی جیاواز دەنووسرێ.

گوتم: “تۆ یەکێک لەو دەیان چیرۆکە بنووسە.

“کە چۆن کۆتایی پی بێ؟”

 چۆن کۆتایی پی بێ؟ گوتم: “ئەمەیان بە دەست تۆ نیە. تۆ بەر لەوە دەست بە نووسینی بکەیت کۆتایی پێهاتووە. هەموومان دەزانین. … گوتی: “تێناگەم تۆ دەڵێی هەموو شتێک لە ڕابوردوودا کۆتایی هاتووە و کاڵێ دەڵێ هیچ ڕابوردوویەک لە ئارادا نیە. ئەم چیرۆکە چۆن چۆنی دەخوێندرێتەوە؟!

گوتم:” تۆ دەربەستی خوێندنەوەی مەبە. تۆ بینووسە”»(ل. ۸۸).

لە کۆتایی بەشی بیستەمیش، سەر لە نوێ ئەو کەڵکەڵەی چۆنیەتی خوێندنەوەیە دووپات دەبێتەوە:

«جەلالی لە ژوورەکە چووەدەر. ئەویش شوێنی کەوت. من مابوومەوە. من و چارەنووسی تاڵی نووسینی چیرۆکەکەم. چیرۆکی ئەو؟ چیرۆکی خۆم. چیرۆکی هەموو ئەو کەسانە کە کەسی چیرۆکی خۆم بوون. چیرۆکی ئەو هەموو عەشقە دۆڕاوانە کە عەشقی دۆڕاوی خۆم بوون. … جارێکی‌تریش قسەکەی ئەوم بیر کەوتەوە. ئەو چیرۆکە چۆن دەخوێندرێتەوە؟»(ل ۱۹۰).

لە بەشێکی ئەم وتارە باسی “گریمانەی پێوەندی نێوان چیرۆک و ژیانی نووسەر”مان کرد. ئەو گریمانه کە “هەر چیرۆکێک(fiction) هەڵگری هەندێ نیشانە و هێمای ژیان و دەروونناسی نووسەرەکەیەتی”(میلانی، ۱۳۷۵: ۶۱۲)، بابەتێک نیە هەر بە تەنیا لێکۆڵەران و ڕەخنەگران باسی لێوە بکەن. زۆر نووسەر خۆیان دانیان بەو ڕاستیە داناوە؛ داستایۆڤسکی لە پێشەکیەکەی بۆ “برایانی کارامازۆف”، خۆی بە ژیاننامەنووس پێناسە دەکات. فلۆبێر ئەڵێ “مادام بواری” ژنە قارەمانی چیرۆکەکەم هەر خۆمم. شارلۆت برۆنتە، ڕۆمانی جەین ئەیر وەکوو سەرگوروشتەی خۆی دەناسێنێ و … (هەمان). مارسێل پروستیش، بە وتەی دۆرانتەکان، بۆیە نووسینی شاکارەکەی خستە دوای مردنی دایک و بابی، تا بە هۆی دەربڕینی تراژیدیاکانی ژیانی، نەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزبوونی دوا ساتەکانی تەمەنیان(ویل و آریل دورانت، ۱۳۹۴: ۱۹۷). ئەڵبەت باسی ژیاننامە و پێوەندیی لە گەڵ بەرهەمی نووسەر، دوای سەرهەڵدانی تیۆریە فۆرمالیستیەکان و پاش هاتنەناوەوەی تیۆری “مەرگی نووسەر”ی بارت، لە بەستێنی ڕەخنەی ئەدەبی ئەوڕۆ، چیدی و بێجگە بۆ مەبەستی کۆمەڵایەتی و مێژوویی نرخی نەماوە. دەشزانین کە نرخی ئەدەبی هەر دەقێک، دەبێ سەربەخۆ و بێ‌ڕەچاو کردنی ئەو زەمینەیە هەڵسەنگێندرێ، بەڵام ئەو باسەی ئێرە شتێکی جیاواز لەو مەبەستەیە و بە هۆی حازربوونی بێ دەمامکی نووسەر لە بەرهەمەکەی و لە دایکبوونی میتاسەرهات تەرح دەکرێت. وەکوو پێشتر وتمان، ئەو گریمانەیە مەجالی ئەوە بۆ نووسەری ناو ڕۆمانەکە دەڕەخسێنێ کە چیرۆکی فەرهادی نەقاش – ویستراو یان نەویستراو- لە سەر هەمان گەڵاڵەی بەسەرهاتی خۆی ڕێک بخات. ئەو بابەتە، هەم لەو بەشەی ڕۆمانەکە ئیشارەی پێدراوە کە باس لە وت و وێژی ڕۆژنامەیەک دەکات لە گەڵ نووسەر (میهرەبان) لە ژێر ناوی “میهرەبان لە ناو کەسایەتی چیرۆکەکانیدا”(ل ۱۴) و هەم لەزۆر شوێنیتری ڕۆمانەکە؛ «گوتی من نامەوێ نەخشی کاڵێ لە ڕووی ئەفسانە بکێشمەوە. نامەوێ کاڵێ هەمان ئەفسانە بێ. یان لە ئەفسانە بچێ. نامەوێ چیرۆکی فەرهاد و کاڵێ، چیرۆکی خۆم و ئەفسانە بێ. …»(ل ۹۵). دیارە کە هاوچەشنی چیرۆک و بەسەرهاتی نووسەری ناو ڕۆمان لەوە زۆرترە بەو ڕستانە لێک جودا بکرێتەوە و ئەو قسانەش دەربڕی ئەوەن کە نووسەر، زۆرتر لەوەی گومان دەکرێ ئەسیر و گیرۆدەی ژیان و ڕابوردوو و بیرەوەریەکانی خۆیەتی کە بتوانێ لێیان ڕزگار بێت.

 تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە بڵێین ئەو بیرەوەریە کاڵ و نیوە و ناتەواوانە کە هەوێنی نووسینی چیرۆکەکەن، وەک چۆن خۆیان پچڕ پچڕ و تارمایی‌ئاسان و وەکوو پۆلە باڵندەی کوێری دەم با وان کە پەرژ و بڵاو بووبێتنەوە، لە سەرانسەری ڕۆمانەکە و بێ ئەوەی هێڵێکی ڕاستی گێڕانەوەیان هەبێ، بە بێ ڕیزبەندییەکی ئاسایی و خەتی دەگێڕدرێنەوە. لە هەمان‌کاتدا گەڵاڵەی ڕۆمانەکە وەکوو بازنەیەک، ئاڵقە پێوەگرێدراوەکانی چیرۆکەکەی لە نێو خۆ گرتووە و نایەڵێ خەتی هیچکام لە گێڕانەوەکان ئەوەندە درێژەی هەبێ لە بازنەکە دەرباز بێت و بەرەو نادیاری و ناڕوونیمان ببات. ئەوە دەسڕەنگینی داهێنەرانەی نووسەرە کە هاوکات لە گەڵ نیشاندانی ڕۆح و دەروون و بیرەوەری لەتلەت‌بوومان، بە جۆرێک ئاراستەیان دەکاتەوە کە بتوانین وەکوو بەسەرهاتێکی پێکەوە لکاو و پڕپێوەندیدار هەستیان پێبکەین. بۆیە ئەتوانین بڵێین نووسەری باڵندەکانی دەم با توانیویەتی سەکەوتوو بێ لە بەدیهێنانی ئەو کەڵکەڵە و ئارەزووەی لە دەقی ڕۆمانەکەیدا هاتوە؛ «ئەم باڵندە کوێر و سەرلێشێواوانە، ئەم ڕەسمە کۆن و هەڵپڕووکاوانە، ئەم یادە کاڵ و بێ ڕەنگانە، ئەم ڕۆژە دوور و فەرامۆش کراوانە، ئەم ساتانەی دەم با و گەردەلوول چۆن کۆ دەبنەوە؟ ئەم ڕووداوە قەوماو و نەقەوماوانە چۆن یەک دەگرنەوە؟ ئەم جەستە پارچە پارچەبووانە چۆن دەبنەوە بە یەک جەستە؟ ئەم زەمەنە پرژ و بڵاوانە چۆن دێنەوە سەر هێڵێکی ڕاست؟ ئەم هەموو چیرۆکە فەرامۆش‌بووانە چۆن وەبیر دێنەوە و چۆن لە چوارچێوەی چیرۆکێکدا دەنووسرێنەوە؟»(ل ۱۱۴).

 جیهان و ژیان لەوە ئاڵۆزتر و بێ سەروبنترە بمانەوێ لە دەقێکی گێڕانەوەییش بە گەمەی فۆرمیی بێ سەروبن خوێنەری پێ ئاڵۆز و پەرێشان بکەین. لە ڕاستیدا نووسەری هونەرمەند دەبێ لە ڕێگەی چیرۆکی کاراکتێرەکانیەوە چاومان بە ڕووە تاریک و نادیارەکانی ژیانیش بکاتەوە تا ئەزموونی ئەوانیش بخەینە سەر تەجرۆبەی ژیانمان و هەست و نەستمانی پێ دەوڵەمندتر بکەین.

______________________________________

ژێدەرەکان:

  • عەتا نەهایی(۱۳۸۱ک.ه.) «باڵندەکانی دەم با»، سنە، بڵاوکەرەوی ژیار.
  • حسین پاینده(۱۳۹۳)، «گشودن رمان»، تهران، نشر مروارید.
  • رنه گیبرت(۱۳۶۷)، «هفت صدا»، تهران، انتشارات آگاه.
  • ویل و آریل دورانت(۱۳۹۴)، تفسیرهای زندگی، تهران، انتشارات مروارید.
  • پاتریشیا وو(۱۳۹۰)، فراداستان (metafiction)، ترجمه شهریار وقفی‌پور، تهران، نشر چشمه.

[۱] – خاوەن بڕوانامەی دوکتۆری زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی کوردستان(سنه).

[۲] – مەبەست لە گێڕەرەوە کاک عەتا نەهایی نیە بەڵکوو گێڕەرەوە بێ‌ناوە نەناسراوەکەی ڕۆمانەکەیە کە وەکوو نووسەر دەردەکەوێ(گێڕەرەوەی ئەوەڵ).

[۳] – میتاسەرهات بەرامبەرێکە بۆ (metafiction)ی ئینگلیزی.

داگرتنی فایلی PDF

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *