خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب»

ناساندنی کتێبی «مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب»

ناساندنی کتێبی «مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب»

ناسنامەی کتێب: «مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب؛ کۆمەڵە وتاری ڕەخنەیی و ئەدەبی، د. هاشم ئەحمەدزادە، چاپەمەنیی ئەرزان، سوید ۱۳۹٨.

دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

نووسینی پێشەکی بۆ کتێبێکی خۆت کە لە دوازدە وتار و کورتە پەخشان پێکهاتووە ئەرکێکی ساکار نییە. دەستپێکی هەر کتێبێک و هەر نووسینێک پڕە لە ئالنگاری، هەم بۆ نووسەر و هەمیش بۆ خوێنەرەکەی. لە جیهانی پڕ لە دەقی ئێستادا، مرۆڤ دەبێ یان زۆر بوێر بێت یانیش زۆر بێعار، بۆ ئەوەی باوەڕ بە خۆی بکات شتێکی بۆ گوتن پێیە. تازە دوای ئەم بوێرییە و دۆزینەوەی ورەی نووسینیش و وێرانی دەستپێکردنی دوازدە سەرەتا بۆ دوازدە وتار و کورتە پەخشان، دەبێ هەر زۆر زۆر بوێر بێت کە پێشەکییەکیش بۆ کۆی بابەتەکان کە بوونەتە کتێبێک بنووسێت. من ساڵانێکە دەستپێکی کتێبەکان بە وشیارییەوە دەخوێنمەوە.

هەموو جارێ و لە هەموو خوێندنەوەیەکدا ئەو قسە نەستەقەی میشێل فوکۆم دێتەوە بیر کە لە وتاری ڕێوڕەسمی وەرگرتنی کورسیی پڕۆفیسۆریی خۆی لە کۆلێژ دوێ فرانسدا پێشکەشی کرد. فوکۆ بەڕاشکاوی دەڵێت کە “خۆزگە مەجبور نەدەبووم دەست پێبکەم، بەڵکو لە جیاتان خۆم لە گەمارۆی وشەکاندا دەبینییەوە کە هەڵیان دەگرتم و تا ئەوپەڕی هەر جۆرە دەستپێکێکی مومکین دەیانبردم.” بەڵام مخابن ئەوە تەنێ خەیاڵێکی جوانی فەلسەفییە و لە واقیعی نووسیندا، وەک هەر کردەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی و هزری، دەبێ بە دەروازەیەکدا بڕۆیە نێو جیهانی نووسینەکەت، تەنانەت ئەگەر بەردێکی هەزار خەروارییش لەپشت دەروازەی نووسینەکەت جێگیر کرابێت. هێندێک نووسەر بە جۆرێک لە ناساندنی خۆیان لە سەرەتای کتیبەکانیاندا، دەروازەی چوونە ژوورەوە دەکەنەوە و فەرموو لە خوێنەر دەکەن. بۆ نموونە عەزیز نەسینی بلیمەت لە هێندێک لە کتێبەکانیدا ئەم کارەی دەکرد و خوێنەری لە چەرمەسەریی ژیانی خۆی ئاگادار دەکردەوە و دەرد و ئێشی ساڵانی ژیانی خۆی دەخستەوە بیر خوێنەر.

هەڵبەت ئەمە بۆ نەسینێکی ناوبەدەرەوە لە ئاستی دونیادا شیاوە و ئەو بەم کارەی دەرفەتی وردبوونەوە بۆ خوێنەر لە ڕەمز و ڕازی گریانی خۆی، واتە عەزیز نەسین، و پێکەنینی خوێنەرەکانی، دەڕەخسێنێت. بەمجۆرە باس لە ژیانی خۆت و هەلومەرجی نووسینی کتێبەکەت، بۆ هەموو کەس دەست نادات و شتێکی ئەوتۆ نادات بە خوێنەر. کەواتە دەبێ نەرم و نیان لەگەڵ خوێنەرەکەت بدوێی و سپاسی بکەی کە دەستی بە خوێندنەوەی کتێبەکەت کردووە و سەرەڕای گەمارۆدراوی بە هەزاران کێشەی ئەم سەردەمە، کاتی خۆی تەرخانی خوێندنەوەی نووسینی تۆ کردووە. بەمجۆرە، لە دەروازەی ماڵی ئەم کتێبەدا بەخێرهاتنی خوێنەر دەکەی و فەرمووی لێ دەکەی چەند ساتێک میوانی وشەکانت بێت. لە نەریتی کوردەواریدا گلەیی و گازندە لای میوان زۆر پەسند نییە.

لە ماڵی هەژارانیشدا باشترینەکان تەرخانی میوان دەکرێن و قەدری لەسەر چاو دادەندرێت. تۆیش خوێنەری ئازیز، بەخێر هاتی بۆ دونیای ئەم کتێبەی من. ئیزنم بدە تۆزقاڵێک نەریتشکێنی بکەم و بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی ماڵی کوردان و پرسینی ڕا و سۆزی جەنابت بۆ خۆشترکردنی پێوەندییەکان و پەرەپێدانی هزر و جوانئەندێشی لە دونیای نووسین و خوێندنەوەدا، باسی چەند گرفتێکت لەگەڵ بکەم. یەکەم گرفت بۆ نووسەرێکی دوورەوڵاتی وەک من هەلومەرجی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیەتی. من بۆ نووسینی هەر وتارێکم کاتێکی زۆر تەرخانی خوێندنەوە دەکەم. خۆم ئامادە دەکەم و دوای جۆرێک لە کاری مەیدانی، لە خۆم دەپرسم ئایا لەم وتارەمدا شتێکم بۆ گوتن هەیە؟ دوای وەرگرتنەوەی وەڵام بە ترس و لەرزەوە، هەڵبەت هاوکات بە شەوق و هەستی بەرزەوە، دەست بە نووسین دەکەم. کاتی بۆ دادەنێم. نیوەشەو و نیوەڕۆ و بەیانی و ئێوارە. لە سەرچاوە دەگەڕیم. بۆ دڵنیابوون لە سەرچاوەکانم سەردانی کتێبخانەکان دەکەم و بە کۆڵانە هەژارنشینەکانی کوردەواری لە گووگڵدا شۆڕ دەبمەوە و ئاکام دەبێتە چەند هەزار وشەیەکی ئامادەی بڵاوکردنەوە. لە کوێ؟ لە کام گۆڤار و کتێبدا؟ لێرەوە گرفتەکان دەست پێ دەکەن. هێشتا دەیان کێشەی ورد و درشت بەربینگت پێ دەگرن. کە کتێبەکەت دەنێری بۆ چاپ، ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە بەدگمەن هەڵسوکەوتێکی پڕۆفیشناڵانەت لەگەڵ دەکەن. نووسینەکانت دەگۆڕن، بێ ئەوەی ئاگادارت کەنەوە. کات و ساتی بڵاوکردنەوەکە ئەستمە دەستنیشان بکریت و بەڵینییەکان بچنە سەر. مافی نووسین و شەونخونییەکانی نووسەر؟ هەیهات! ئەمە تەنیا دەردی نووسەری ئەم دێڕانە نییە و ڕەنگە کەمشانستر لە زۆر نووسەری دیکە نەبووبێت. بەڵام لە سۆنگەی شارەزاییم لەگەڵ هەلومەرجی بڵاوکردنەوە و هەڵسوکەوتی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە لە ڕۆژاوا، دەزانم ڕەوشی ئێستای چاپ و بلاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، زۆر ئازاردەرە و جگە لە ناهومێدی هیچ بە نووسەری جیددی نابەخشێت. ئەگەرچی نامەوێت زۆر لە دەروازەی ئەم کتێبەدا خوێنەرە ڕێزدارەکەم ڕابگرم، بەڵام حەز دەکەم ئاماژەیەکی کورت بە گرنگیی چاپ و بڵاوکردنەوە بکەم لە خەمڵاندنی هەستی وشیاری و ئاگایی نەتەوەیی و گەشەی کۆمەڵایەتیدا. دوای داهێنانی مەکینەی چاپ لە ١٤٥٣، هەر لە سەدەی پانزدەهەمدا ٢٠ میلیون کتێب لە ئوروپا چاپ دەکرێت و سەدەیەک دواتر، واتا سەدەی شانزدەهەم، ئەم ژمارەیە دەگاتە ٢٠٠ میلیۆن کتێب. ئەمەش دەبێتە ئەو دیاردەیەی بێنێدیکت ئاندێرسۆن ناوی دەنێت سەرمایەداریی چاپ (print capitalism) و بە یەک لە فاکتۆرە سەرەکییەکانی گەشە و سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە و دواتر دروستبوونی نەتەوەکان، ناوی دەبات. چیرۆکی داهێنانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چیرۆکێکی کورت و شێواوە.

ئەمەش کارتێکەریی تایبەتیی خۆی لەسەر ڕەوتی نەتەوەسازی و گەشەی کۆمەڵاتیەتی و هزریی مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرەدا هەبووە و هەیەتی. بەسەرهاتی یەکەم مەکینەکانی چاپ لە ئیمپراتۆریای عوسمانی و سەفەوی و دواتر قاجارەکاندا، دەتوانێت چارەنووسی دواکەوتوویی ئابووری، کۆمەڵایەتی و هزریی ئەم دوو بەشەی جیهان، تەنانەت لە ڕۆژگاری ئێستاشدا، لە قاو بدات. ئەم چیرۆکە لە کوردستاندا هەتا بڵێی ئاڵۆز و گرفتاویترە. هیچ زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین هۆکارێکی سەرەکی و سیمبۆلیک بۆ وەدواکەوتنی پڕۆژەی نەتەوەسازی لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە سەر سەقامگیرنەبوونی نەریتی چاپ و بلاوکردنەوەی کتێب. ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش سەدە لە داهێنانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، هێشتا لە وڵاتی ئێمەدا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب نەبووەتە پیشەسازییەکی بەرچاو و نووسەر هەتا کتێبێک چاپ دەکات ڕۆحی دەگاتە سەر زاری و بێبەش لە هەر جۆرە مافێک، تەنیا و تەنیا بە پەڕجووی باوەڕ بە نووسین و ڕۆڵ و ئەرکی خۆبەخشانەی ئەدەبی، ورەی خۆی ڕادەگرێت و لە کارەکەی بەردەوام دەبێت. ئەگەر سکاڵاکانی ڕەسووڵ هەمزەتۆف لە ‘داغستانی من’ لەمەڕ گرفتی چاپ لە سۆڤیەتی پێشوودا بێنینەوە بیر، باش تێدەگەین هەلومەرجی هەنوکەیی چاپ و بلاوکردنەوە لە کوردستاندا دەتوانێت لەسەر دواڕۆژی ئێمە وەک نەتەوە، چەندە مەترسیدار بێت. لێرەدا حەز دەکەم پڕ بە دڵ سپاسی دۆستی ئازیزم ئەنوەر عەبباسی (هەرەس) بکەم کە زەحمەتی خوێندنەوەی وردی ئەم کتێبەی کێشا و بە وردبینی و پێشنیارە بەنرخەکانی ژمارەی هەڵەکانی کتێبەکەی کەمتر کردەوە. بەم تێبینییە، هەمدیسان سپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەم کتێبەتان گرتووەتە دەست و بڕیاری خوێندەوەیتان داوە. پڕ بە دڵ ئاواتەخوازم لە خوێندنەوەی ئەم وتارانە چیژ وەرگرن.

ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو بیریتین لە: “لە چیاوە بۆ دوورگە، پرسی ژانر و دژەژانر، ڕۆمان و ئه‌ڤین: شینی هەناسەساردێکی ڕەش، سیاسه‌تی ئه‌ده‌بی، گڕی دارستان و سووتانه‌وه‌ی ئیكارۆس، وێنه‌ی وشه‌یی، گێڕانەوەی جیهانێکی حاشالێکراو، ڕۆمان و فەلسەفە، ڕۆمان و دەریا، مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب” و چەند بابەتێکی دیکە.
مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب

?پێشتریش نووسەر چەند کتێبێکی دیکەی گرنگی چاپ و بڵاوکردووەتەوە کە دیارترینیان ئەمانەن:

۱. نەتەوە و ڕۆمان

 

 ۲. جیهانی ڕۆمان


 

۳. گێڕانەوەناسی

٤. کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە»

 ٥. وەرگێرانی «هونه‌ری داستان»ی ده‌یڤید لاج

 ٦. وەرگێرانی «هیچ دۆستێک جگە لە چیاکانی»ی بێهرووز بووچانی

جێگای ئاماژەیە ئەم کتێبە دوو چاپی پێشتر لەلایەن کتێبی ئەرزانەوە لە سوێد و چاپێکی لەلایەن دەزگای  ئاراسەوە لە  کوردستان بڵاو بووەتەوە.

.❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *