خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «گابریال گارسیا مارکیز» بڵاوکرایەوە.

کتێبی «گابریال گارسیا مارکیز» بڵاوکرایەوە.

کتێبی «گابریال گارسیا مارکیز» بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: «گابریال گارسیا مارکز»، سەڵاح حەسەن پاڵەوان، دەزگای ئایدیا سلێمانی۲۰۲۰.

 سەڵاح حەسەن پاڵەوان

 ئەم کتێبە گەڕان وپشکنینێکە بە نێو کوچە و کۆڵانەکانی ژیانی ئەو کەڵە نووسەرەی کە تا ئێستەش ئەو کیشوەرە لە ئاستیدا سەرسامە و نەیتوانیوە لەو جادووە بگات کە لە نێو هزرو قەڵەمەکانییەوە دەرەڕیوە، ئەگەر کۆڵۆمبس دۆزەرەوەی کیشوەرە نامۆکەی ئەو بووبێت، مارکس ئاشکراکەری ئەو زامانەیە لە ناواخنی گوند و دیوار و کەنار و جەنگەڵەکاندا بێ تیمار کەوتوون. ئەم کتێبە گەڕانێکە بەنێو هەندێ لەو کار و بەرهەمانەی کەم تا زۆر تیشکێک دەخەنە سەر سامانی پڕ لە یاقووتی ئەو.. سەرباری کورتەیەک لە ژیانی بڕێ بابەتی زۆر گرنگیشی تێدایە لەسەر هەندێ لە بەرهەمە جوانەکانی وەک بیرەوەری و وتار و پارچەیەک لە رۆمانەکانی.

کتێبی گابریال گارسیا مارکیز هەرچەندە وەک پاشکۆی گۆڤاری باران بڵاوبووەتەوە، بەڵام نامیلکەیەکی قەبارە ١٦٠ لاپەڕەییە. کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتووە:

۱. ژیان و بەرهەمەکانی مارکیز

۲. ئەو وتارەی مارکیز لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا پێشکەشی کرد.

۳. چاوپێکەوتن لەگەڵ پیتەر.ها.ستۆن.

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:گابریال گارسیا مارکیز لە دوایین کتێبی «ژیاوم بۆ ئەوەی بیگێرمەوە» دەربارەی ژیانی خۆی ئەدوێ هەر لە سەرەتای بیروەریەکانیدا نووسیویەتی «ژیان ئەو ژیانە نییە کە تێیدا ژیاوی، بەڵکو ئەوەیە کە لە بیرتەو چۆنیش ئەو ژیانەت لە یادە بۆ ئەوەی بیگێریتەوە». ئەگەر تەماشای بەسەرهاتی ژیانی ئەم نووسەرە بکەیت لە بیرەوەریەکانی ژیانی بە هەر هەشت بەشەکەیەوە، تێبینی دەکەی کە ئەو ژیانە بریتیە لە خۆشەویستی و گەڕان و ماندوونەبوون و هەژاری و سەرسەختی و چاوقایمی و ورەبەرنەدان و بەردەوامی و پشکنین و باوەشی گەرم و دڵسۆزی، لە هەموو بەشەکانیدا گوێت لەو ژیانە دەبێت، کە پڕن لە بەسەرهاتی کەسێک کە دەکرێ لە نێو پەراوەکاندا کۆیان بکاتەوە و شاکاری مەزنی وەک «کاتژمێری شوم و  سەد ساڵ دورەپەرێزی و پایزی باوکسالاری » یان لێ بخوڵقێنی.

لە بەشێکی کتێبەکەدا کە، “وتاری مارکیزە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی”دا، هاتووە:

گابریال گارسیا مارکیز

دوورەپەرێزی ئەمەریكای لاتین

كاتی ئانتۆنیو پیگافیتا Antonio Pigafetta ی دەریاوانی فلۆرانسی هاوڕێیەتی ماجەلان Magellan ی کرد لە یەكەمین گەشتی بەدەوری جیهاندا، کاتێ بەنێو کیشوەری ئێمەی ئەمەریكای باشووردا تێپەڕی، وێنەیەكی پێشەكەش كردووە پەرچدانەوەیەكی راستەقینەی واقیعە، لەگەڵ ئەوەشدا هەردەڵێی سەرچڵیەكە لە خەیاڵەوە. لە تۆماركردنەكانیدا دەنووسێ لەوێدا بەرازی بینیوە ناوكی لەسەر كەفەڵی بووە، پەلەوەری بێپای دیوە مێیەکانیان لەسەر پشتی نێرەکانیان هێلكەكانیان داناوە، پەلەوەرانێ هەروەك نەوڕەسی بێزمان، دەنووكیان وەك كەوچك بووە. لەسەر بوونەوەرانێكی سەیروسەمەرەی نووسیوە، بە سەر و گوێی قاتر و جەستەی حوشتر، قاچی ئاسك، حیلەی ئەسپ. پاشان باسی ئەوە دەكات كە چۆن لە پەتەگۆنیا Patagonia یەكەمین مرۆڤی بنەچەییان بینیوە، لەبەرامبەر ئاوێنە دایانناوە ئەو مرۆڤە زەبەلاحە لە ترسی وێنەکەی خۆی شێت بووە. ئەم كتێبە نایاب و كورتە، كە ئەوكات هەڵگری تۆوی رۆمانی ئەمڕۆمان بووە، بەدڵنیاییەوە زۆرترین ئەو چیرۆكە سەیروسەمەرانەی واقیعی ئەو سەردەمەی ئێمە نییە. تۆمارەكانی دورگەی هیندی ژمارەیەكی زۆر چیرۆكی تریان بە میراتی بۆ بەجێهێشتووین. ئیلدۆرادۆ Eldorado، ئەو وڵاتە سەیروسەمەرە بەناوبانگەی ئێمە، بۆ ساڵانێكی زۆر لەسەر نەخشەكاندا هەبووە، شوێن و شێوەكەی گۆڕاوە بەپێی فەنتازیای كارتۆگرافی نەخشەكێشان، ئەفسانەی نیونیز كابیزا دە فاكا Alvar Núñez Cabeza de Vaca لە گەڕانیدا بەدوای سەرچاوەی نەمری، لە مـاوەی هەشت ساڵدا مەكسیكی دۆزییەوە، لە گەشتێكی هەڵخەڵەتێنەرانەدا ئەندامانی گەشتەكەی هەستان بە خواردنی یەكتری، لە كۆی شەشسەد كەس كە بەو گەشتە هەستان تەنیا پێنج كەسیان گەڕایەوە. یەكێكە لەو بڕە نهێنیانەی بێئەوەی كەس هەڵیبێنێت هەروەك خۆی ماوەتەوە بەسەرهاتی ئەو یانزە هەزار قاترە بوو، كە هەریەكەیان بە سەد پۆند زێڕ باركرابوون، رۆژێ لەرۆژان وەك سەرانەی ئەتاهوالپا Atahualpa كوسكۆ Cuzco ی بەجێهێشت، بەڵام هەرگیز نەگەیشتنە شوێنی مەبەست. لەكاتێكی تر لەسەردەمی كۆلۆنیالیزیدا، جۆرە مریشكێ لە «كارتاجینا دی ئیندیاس» دەفڕۆشران، ئەو مریشكانە لە وڵاتێكی بێهاوتای پڕ زێر و سەروەت گەورە كرابوون، لە چیقڵدانەیایدا وردە بەردی ئاڵتوونی دەدۆزرایــەوە. ئەو کەسەی بەپەرۆش بوو بۆ دۆزینەوەی زێڕ تا ئەم نزیكانەش هەر بەدوامانەوە بوو. لە كۆتاییەكانی سەدەی رابـردوو، دەستەیەكی ئەڵمانی كە راسپیردراوبوون بە لێكۆڵینەوە لە راكێشانی هێڵی شەمەندەفەر لە تەنگەی پاناما لە نێوان هەردوو ئۆقیانووسدا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەم پرۆژەیە بە یەك مەرج سەركەوتوو دەبێت: هێڵی شەمەندەفەرەكان نابێ لە ئاسن دروست بكرێن، دەبی لە ژێڕ دروست بكرێت، چون لەو ناوچەیەدا پەیداكردنی ئاسن دەگمەن بوو.. رزگاربوونمان لە داگیركەری ئیسپانیاش نەبووە هۆی دەربازبوونمان لە شێتێتی، ژەنەراڵ ئەنتۆنیۆ لۆپیز دی سانتا ئانا، كە بۆ سێ خول دیكتاتۆری مەكسیكۆ بوو، لە جەنگی بەناوبانگی شیرەمەنی لاقێكی لەدەست دابوو، فرمانیدا لە ماتەمینیەكی پڕشكۆدا ئەو لاقە بنێژن. ژەنەراڵ گابریان گارسیا مۆرینۆ بۆ ماوەی شازدە ساڵی رەبەق وەک پاشای رەها فەرمانڕەوایی ئەكوادۆری کرد، پاش ئەوەش جەستە مردووەكەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دانیشتبوو، تەواو پۆشتە و بە جلی سەربازی و چینێك مەدالیاوە ئێشکی بۆ گیرا. ژەنەراڵ مەكسیمیلانۆ هێرناندز مارتینیز، سەركوتكەری حەکیمی یەزدانی لە سیلڤادۆر ۳۰ هەزار گوندنیشانیی لە قەسابخانەیەكی دڕندانەدا سەربڕی، بەندۆلێكی دۆزیبۆوە بۆ ئاشكراكردنی ژەهر لە نێو خواردنەكەیدا، فرمانی کرد گڵۆپی دارتەلی سەرشەقامەكان بە كاغەزی سوور بپێچنەوە تا هەرەس بێنێت بە نەخۆشی مێكوتە. پەیكەری ژەنـەراڵ فرانسیسكۆ مۆرازین لە سەنتەری مەیدانی سەرەكی تیگوسیگاپلا بەرپاكراوە، لەراستیدا ئەوە پەیکەری مارشاڵ «نیی»یە، Marshal Ney لە پاریس لە لەنگەی پەیكەرەكانی دەستی دوو كڕیبووی. یانزە ساڵ پێش ئێستە، پاپلۆ نیرۆدای شیللی، یەكێ لە بەرجەستەترین شاعیرانی ئەم سەردەمەمان، بە وشەكانی خۆی باسی لەم كەشوهەوایە كردووە. هەر لەوكاتەوە، ئەوروپییە نییەت باشەكان – هەندێجار خراپەكانیش- بەگرنگیدانێكی زیاترەوە بەدووی هەواڵە ئەفسانەییەكانی ئەمەریكای لاتینن، ئەو جیهانەی سنووری نییە و پڕە لە پیاوانی وەهمئامێز و ژنانی مێژوویی، ئەوانەی چاوقایمییان لە ئەفسانە دەكات. ئێمە بۆ ساتێكیش حەوانەوەمان نەبووە. سەرۆكێكی نموونەیی خەیاڵئامێز، لە نێو كۆشكە گڕگرتووەكەی بە ورەیەكی بەرز و خۆڕاگرانەوە، بە تاقی تەنیا لەگەڵ یەك سووپادا دەکەوێتە شەڕ و تا دەکوژرێ هەر دەجەنگێ، هەروەها دوو رووداوی گوماناوی فڕۆكە، كە تا ئێستەش روون نەبووەتەوە، دڵی گەورەی سەرۆكێكی تری سەندەوە، ژیانی سەربازێكی دیموكراتی كە كەرامەتی میللەتەكەی وەرگرتەوە. لەو ماوەیەدا پێنج جەنگ و حەڤدە كودەتای سەربازی روویانداوە، دیكتاتۆرێكی شەیتانی دەركەوت، بەناوی خوا یەكەمین كۆمەڵكوژی ئەم سەردەمەی ئێمەی لە ئەمەریكای لاتین ئەنجامدا. بەڵام لەوكاتەدا بیست ملیۆن منداڵی ئەمەریكای لاتین لە خوار تەمەنی یەكساڵی گیانیان لەدەستدەدا – زیاتر لەو منداڵانەی كە لە ساڵی ۱۹۷۰ لە ئەوروپا لەدایك بوون. زیاتر لە سەدوبیست هەزار كەس بەهۆی تووندوتیژی و داپڵۆسین سەرنگونبوون، ئەمە وەك ئەوە وایە تەواوی دانیشتوانی ئوپساڵای سویدی دیارنەمێنن و كەس نەزانێ چیان لێ بەسەرهاتووە. ژمارەیەكی زۆر ئافرەت لەكاتێدا دووگیان بوون دەستگیركران و دەبوایە لە بەندیخانەكانی ئەرجەنتین منداڵیان بێت، تا ئێستەش شوێن و ناسنامەی منداڵەكانیان هیچكەس نایزانێ، ئەو منداڵانەی بە فەرمانی دەسەڵاتی سەربازی هەڵگیرانەوە یان بۆ هەتیوخانە نیردران. لە پێناوی گۆڕینی ئەم هەلومەرجە لە سەرتاسەری ئەمەریكای لاتین نێزیكەی دووسەد هەزار ژن و پیاو گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە سەدهەزار كەس لە سێ وڵاتی بچووك و رەشبینی ئەمەریكای ناوەڕاست: نیكاراگوا، ئالسیلڤادۆر و گواتیمالا گیانیان لەدەستدا. ئەگەر ئەمە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا روویبدایە، ئەوە ژمارەی هاوبەرامبەری ئەمە دەبووە یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار مەرگی تووندوتیژی لە چوار ساڵدا. لە شیللی وڵاتی سەرکوتکردن، وڵاتێك كە بە خانەخوێی و میوانداری ناسراوە یەك ملیۆن مرۆڤ هەڵهاتن، واتە لە ۱۲% ی هاونیشتمانیان. لە ئۆرۆگوای، وڵاتێكی تاڕادەیەک بچووكی دوو ملیۆن و نیو مرۆڤ، ناسراوە بە شارستانیترین وڵاتی ئەو كیشوەرە، لە هەر پێنج کەس یەك هاوڵاتی وڵاتی خۆی بەجێهێشتووە و لە تاراوگەدایە. هەر لە ساڵی ۱۹۷۹ ، شەڕی ناوخۆی ئالسلڤادۆر بوە هۆی ئەوەی نێزیكەی هەر بیست خولەك نەفەرێ ناچاربێت وەك پەنابەر وڵات بەجێبهێڵێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەش، ئەو وڵاتەی دەكرێ لە هەموو پەنابەر و تاراوگە و كۆچكردووە زۆرملییەكانی ئەمەریكای لاتینی دروست بكرێت ئەوە ژمارەكەی لە ژمارەی دانیشتوانی نەرویج زیاتر دەبێت. دەوێرم بڵێم ئەم واقیعە نائاساییە، نەك تەنیا دەربڕینە ئەدەبیەكەی ئەوەیە كە ئەمساڵ بووەتە هۆی سەرنجڕاكێشانی ئەكادیمیای ئەدەبی سویدی، ئەو راستییە تەنیا لەسەر كاغەز نییە، بگرە تەواوی ساتەكان لەگەڵماندا دەژی و دەستنیشانی هەر ساتێ لە مەرگ و كوشتنی بێشومارمان دەكات، سەرچاوەیەكە بۆ تێركردنی داهێنانێ كە تێرنابێت، پڕە لە خەم و جوانی، بەوەی كە ئەم كۆڵۆمبییە گەڕۆك و تامەزرۆ بۆ رابردووە تەنیا نموونەیەكی زیاترە لەو هەموو نموونانە، بەختی هەبووە و هاتووەتە ئێرە. شاعیران و دەرۆزەكەران، موزیكاران و پەیامبەران، جەنگاوەران و چەپەڵان (دزوخراپەكاران…وەرگێڕ)، لەگەڵ بوونی هەموو بوونەوەرانی ئەم واقیعە سەركێشە، ئەوەی پێویستمانە داواکردنی قچێک خەیاڵە، گرفتی سەرەكیمان نەبوونی شێوازی ئاسایییە تا وابکات واقیعی ژیانمان بكەینە شتێك جێگەی باوەڕ. ئەی هاوڕێیان كرۆكی دابڕاویمان ئائەمەیە. ئەم سەختیانەی پەرتەوازەمان دەکەن ئێمە كرۆكەكەی پێکدێنین، دەزانین كە مێشكە واقعییەكانی ئەمبەری دنیا كە لە قوڵبوونەوە بەنێو كولتووری خۆیان گەیشتوونەتە باڵا، هیچ راڤەیەكیان بۆ شیكردنەوەی ئێمە نییە. ئاساییە كە ئەوان سووڕن لەسەر ئەو ئەندازەگیرییەی كە بۆ خۆیان بەكاریدێنن بەهەمان ئامڕازیش ئێمە بپێون. ئەوەیان بیرچووەتەوە كە وێرانییەكانی ژیان بۆ هەمووان وەكو یەك نییە، هەروەها گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ناسنامە بە هەمان ئەندازە سەخت و خوێناوییە بۆ ئێمە هەروەك چۆن بۆ ئەوانیش هەر وابووە. راڤەكردنی راستییەكانی ژیانمان لە رێگای شێوازگەلێ كە هی خۆمان نین، وامان لێدەكەن زیاتر لە هەموو كاتێكی تر بەنەناسراوی بمێنێنەوە، لە جاران كەمتر ئازادیمان هەبێت، هەروەها لە هەموو كات زیاتر تاقوتەنیابین. رەنگە باشتر دەبوو ئەگەر ئەوروپای رێزدار وەك رابردووی خۆیان ئێمەیان ببینیایە. دەبێ ئەوەش باسكەین لەندەن پێویستی بە سێسەد ساڵ بوو تا یەكەمین شورای شار دروست بكات، هەروەها پێویستی بە سێسەد ساڵ بوو تا ببێتە خاوەنی قەشەی خۆی، رۆما لە ماوەی بیست سەدەدا لە جەنگێكی دڵەراوكێیانەدا دەتلایەوە تا پاشایەك لە «ئەتروسكان Etruscan « توانی لە نێو مێژوودا جێگەیەکی بۆ داگیر بکات، تا كۆتاییەكانی سەدەی شازدەهەم ئاشتیدۆستانی سوێدی ئەمڕۆ، ئەوانەی بە پەنیرە بە لەزەتەكانیان تێرمان دەكەن و بە خۆیان و كاتژمێرە گرانبەهاكانن هەڵپەی سامانن، وەك سەربازانی بەخت و خێر ئەوروپایان خەڵتانی خوێن كرد. تەنانەت لە لوتكەی رێنیسانس دوازدە هەزار سەربازی بەكرێگیراوی ئەڵمانی لە سوپای ئیمپراتۆری هەستان بە تاڵان و وێرانکردنی رۆما، هەشت هەزار لە دانیشتوانەکەیان سەربڕی. مەبەستم ئەوە نییە وەهمەكانی تۆنی كرۆگەر بەرجەستەكەم، ئەو كەسەی خەونی دەبینی بە یەكگرتنی باكورێكی پاكوتەمیز لەگەڵ باشوورێكی سۆزدار، ۵۳ ساڵ پێش ئێستە لێرەدا تۆماس مان باسیكردبوو. بەڵام بڕوام وایە ئەوروپییە رووناكبیرەكان، ئەوانەی لێرەشدا خەبات دەكەن بۆ وڵاتێكی دادپـەروەر و مرۆڤایەتی، یارمەتیدەرێكی زیاتر دەبوون، ئەگەر ئەوان بیروبۆچوونیان دەرهەق بە ئێمە بگۆڕاییە. هاوسۆزی لەگەڵ خەونەكانماندا وامان لێناکات هەست بکەین ئێمە کەمتر دابڕاوین، ئەگەر ئەم شتانە بەتەواوی بۆ کرداری کۆنکریتی نەگۆڕێت و بە فەرمی ناساندنی پشتیوانی بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە خەون دەبینن بەوەی لە دابەشبوونی جیهاندا ژیانی تایبەت بەخۆیان هەبێت. ئەمەریكای لاتین نە ئەیەوێ و نە هۆیەكیشی هەیە بۆ ئەوەی داشێکی بێئیرادەی نێو شەترەنج بێت، هەروەها روانین و بۆچوونی دەربـارەی سەربەستی و رەسەنایەتی بەشیوەیەكە بە ئەركی رۆژئاواییەكانی نازانێـت. لەگەڵ ئەوەشدا واپێدەچێت گەشەكردنی كەشتیوانی وایكردبێت ئەو نێوەندەی لە نێوان هەردوو ئەمەریكا و ئەوروپادایە كورتبێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە نێوانی كولتووریمان دوورتربووەتەوە. بۆچی رەسەنایەتیمان لە ئەدەبدا ئاوا بە ئاشكرا قبووڵ دەكرێت كەچی لە هەوڵە سەختەكانمان بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە لایەن هەمووان بە چاوێكی گومانەوە تێی دەڕوانرێت؟. بۆچی ئەو دادپەروەرییە كۆمەڵایەتییەی ئەوروپاییە پێشكەوتووەكان لە وڵاتی خۆیاندا پیادەی دەكەن، ناكرێ بە میتۆدی جیاواز و بۆ هەلومەرجی جیاواز بۆ ئەمەریكای لاتینیش ئامانجێك بێت ؟. نەخێر: تووندوتیژی و ژانی بێكۆتایی مێژوومان دەرئەنجامی لایەنەكانی نایەكسانی دێرین و ئەو تاڵی وسوێریانەیە كە باس ناكرێ، نەك ئەو پلانگێڕییەی لە سێهەزار فەرسەخ دوور لە ماڵەوە نەخشەی بۆ دادەڕێژرێت. بەڵام زۆر لە رابەران و بیرمەندەكانی ئەوروپا بە زەینی پیرگەلێك كە شێتێتی پڕبەرهەمی سەردەمی لاوێتی خۆیان فەرامۆش كردووە وابیردەكەنەوە، وەك بڵێی دۆزینەوەی چارەنووسی كەسێكی تر مەحاڵە لەدەرەوەی سایەبانی دوو هێزە مەزنەكە. ئەی هاوڕێیان ئائەمەیە پێوانەی دابڕانمان. سـەرەڕای ئەوەش، بە ژیان وەڵامی سەركوتكردن، تاڵانكردن، فەرامۆشی دەدەینەوە. نە لافاو نە تاعون، برسێتی و ماڵوێرانییەكان، نە ئەو جەنگانەی بەدرێژایی سەدەكان بەردەوامن، نەیانتوانیووە بۆ مردن لە شانوبازووی ژیان كەمكەنەوە. سیفەتێكی باشی گەشەكردن و خێرایی ئەوەیە: هەموو ساڵێ، لەدایكبووەكان هەفتاوچوار ملیۆن لە مردووەكان زیاترن. وەك بڵێی ساڵانە حەوت جار زیاتر لە ژمارەی دانیشتوانی نیوۆرك مرۆڤ زیاد دەكات، زۆر لەمانەی تازە لەدایك دەبن لەو وڵاتانە روودەدات كەمترین دەرامەتیان هەیە، زۆربەیان لە وڵاتە هەژارەكان بە سەرچاوەكانی هەژارتر لەوانە لە ئەمەریكای لاتین لەدایك دەبن. بە پێچەوانەی ئەمەشەوە، ئەو وڵاتانەی باشترین خۆشگوزەرانی تێدایە، سەركەوتوون لە کۆکردنەوەی گەورەترین هێزی وێرانکاری، بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی نەك تەنیا ئەو مرۆڤانەی كە تا ئەمڕۆ ژیاون، بەڵکو اسەدبار زیاتر لە مرۆڤەکانی ئەمڕۆش، هەروەها تەواوی ئەو بوونەوەرانەی كە لەسەر ئەم ئەستێرە بەدبەختەدا هەناسەیان داوە. لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، لە هەمان ئەم جێگایە مامۆستام ولیام ڤۆكنەر William Faulkner وتی» قبوڵكردنی كۆتایی مرۆڤ رەتدەكەمەوە». خۆم بە شایستەی ئەوە نازانم لەم شوێنەبم كە ئەوی لێبوو، ئەگەر بە چاكی ئەوە نەزانم ئەو تراژیدیایە گەورەیەی ئەو پێش سی و دوو ساڵ رەتیكردەوە، ئەمڕۆ بۆ یەكەمین جار پاش پەیدابوونی مرۆڤایەتی ئەگەرێكی سادەی زانستییە. لە بەرامبەر ئەم واقیعە ترسناكە كەدەبوایە بە درێژایی مرۆڤایەتی تەنیا خەیاڵ بوایە، ئێمەی داهێنەری خورافاتەکان، ئەوانەی بڕوایان بەهەموو شتێكە، دەبێ بڕوامان بەوەش هەبێت هێشتا دڕەنگ نییە بۆ ئەوەی بەشداربن لە خوڵقاندنی دژە یۆتۆبیایەك (دژە خەیاڵێك). خەیاڵی ژیانێکی نوێ و سەرتاپایی، بەجۆرێ هیچ كەسێ بۆی نەبێ بڕیاربدات كەسانی تر چۆن بمرن، لەوێدا ئەشق راستی و شادی مومكین بێت، لەوێدا ئەو مرۆڤانەی مەحكومن بە سەد ساڵ دوورەپەرێزی، دواجار و بۆ هەمیشە دەرفەتێكی تریان لەسەر زەوی بۆ بڕەخسێت.

!ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *