خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «شێرزاد حەسەن جوانییەک لە تووڕەبووندا» بڵاوکرایەوە

کتێبی «شێرزاد حەسەن جوانییەک لە تووڕەبووندا» بڵاوکرایەوە

کتێبی «شێرزاد حەسەن جوانییەک لە تووڕەبووندا» بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: «دیدارێک بە تامی ژیاننامە؛ شێرزاد حەسەن جوانییەک لە تووڕەبووندا»، سازدانی دیدار: هیوا قادر، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی ۲۰۲۰.

هیوا قادر

سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، خەڵکی جیهان هێشتا لە ماڵەکان و شۆسکی سەر شەقامەکانەوە تەلەفۆن بۆ یەکتری دەکەن، لای ئێمەش ڕادیۆکان بۆ باوکی کورد لە منداڵەکانیان خۆشەویستترن و هەمیشە لە باوەشیاندایە، هێشتا جەنگی سارد کۆتایی نەهاتووە و دنیا بەسەر چەپ و ڕاستدا دابەش کراوە، ئەو دابەشکردنەش لەناو بیرکردنەوە و بڕیار و تێزەکاندا قوڵپەقوڵپیەتی، کورد لەم شکستەوە بۆ ناو ئەو شکستی تر وەک ماسییەکی سوور باز ئەدات، جیهان هێشتا گەورەیە و خەیاڵی گەڕان بەناویدا بۆ خەڵکانی ئازاد کراوەیە، بۆ ئێمەش تەنها خەونێکی ڕەشوسپیی پچڕپچڕە، خەونێک کە لەناو کڕەکڕی ڕادیۆکان و پرتەپرتی تەلەفزیۆنەکاندایە، هەموومان لەناو بەندیخانەیەکدا قەتیس بووین کە ناوی کوردستانە، ڕۆژانە گەنجەکان دەگیرێن و لە ڕۆژانی جەژن و پێش هاتنی سەری ساڵدا تەرمەکانیان بە پۆل دەنێردرێنەوە. مەفرەزەکان لە شاخەوە دێنە شار و شەوانە تەقە و کوشتن و بڕینە، عێراق پێ دەخاتە ناو جەنگێکی هەشت ساڵەوە، بەندیخانەکەمان بچووکتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە، هەموومان دەزانین لە بەردەم ڕۆژگاری ڕەشتر و نائومێدترداین.

لەم ساتەوەختەدا من لاوێکی کتێبیم و گەر کتێب بخورایە، سێ ژەمە دەمخوراد، لەپڕ بەر بەرهەمی نووسەرێکی کورد دەکەوم کە لە هەموان جیاوازترە، ئەو نووسەرەش “شێرزاد حەسەن”ە، دووڕیانێک لە بەردەم خۆی و وەچەی پێش خۆیدا دروست دەکات، بە زمان و شێوازی نووسینی چیرۆکەکانیەوە خۆی لە هەموو چیرۆکنووسەکانی تر جیا دەکاتەوە. ئەمەش بۆ ئەو ڕۆژە نیشانەی دروستکردنی هەڵایەکی گەورەیە، چونکە ئەدەبی کوردی بە درێژایی دوو دەیەی پێشووتر تەنها کاری دروستکردنی پاڵەوانی سەرکەوتوو بوو، کوردێکی شۆڕشگێر، بەهێز و نەبەرد، خۆڕاگر و شکستنەخواردوو، بەڵام کەسایەتییەکانی شێرزاد حەسەن شکستخواردوو و تەنیا بوون، خەڵکانی نەبینراو و مرۆڤی بریندار بوون، دیارە پێش شێرزاد حەسەنیش کەم تا زۆرێک، بە درێژایی ئەو مێژووە هەوڵی شەرمنۆک دەهاتن و دەچوون، بە بەرهەمێک یان دوان جیاوازتر لەوانی دی دەیانووسی، بەداخەوە ڕووبارە تەنکەکەیان بەجێ نەدەهێشت و بەدوای ئاوێکی تردا نەدەگەڕان، بەڵام لە هیکڕا شێرزاد حەسەن بێ هیچ شەرمکردنێک لە خۆی و لە ئێمە و لە پاڵەوانەکانی، باسی شکست و دڵشكان و گریانی بۆ کردین. هەر یەک لە ئێمە وەک ئەوەی دەمێک بێت قوڕگمان پڕ گریان بێت و نەیانهێشتبێت بگریین، نەیانهێشتبێت باسی تەنیایی و برینداریی خۆمان بکەین، باشتر کەوتینە تێڕامان لە خۆمان. ڕەنگە ئێستا خوێنەرێک ئەم دێڕانە بخوێنێتەوە بزە بیگرێت، بڵێ ئێ ئەوە چییە، بەڵام ڕەوتی ئەدەبی کوردی لەو سەروەختەدا وا بوو، بە هەمان جێپێی هەنگاوەکانی حیزب و ڕەوتە سیاسییەکەیدا دەڕۆیشت، ئەدەب کورت کرابووەوە بۆ ئەو پەیامەی کە دەبوو لە خزمەتی بارە سیاسییە گشتییەکەدا بێت، ئەدەبی نامولتەزیم و نووسەری نامولتەزیم بە مانا بۆداتاشراوەکانی ئەو ڕۆژگارە، تەنانەت تا ئاستی بارە کۆمەڵایەتییەکەش بە نەنگی و شەرمەوە هێمای بۆ دەکرا، لە زۆر جێدا وەک نەویستەیەک سەیر دەکرا و دەچووە خانەی دوژمنەوە، بۆیە هاتنەکایەی نووسەرێکی وەک “شێرزاد حەسەن” گۆڕانێکی گەورە بوو بۆ ئەو سەروەختە.

پێم وایە هەموو نووسەرێک بەشێکی گەورەی بەرهەمەکانی لەژێر کاریگەریی ئەو قۆناغ و زمانەدا دەبێت کە تیایدا دەنووسێت،  هەڵگری بەشێک لەو پرسیار و بیرکردنەوانە دەبێت کە لەناویدا بیری کردووەتەوە، ئەم کاریگەرییەش لەناو زمان و بەرهەمهێنانیدا مانا و تەنانەت تا ئاستی تەکنیکیش بە ڕوونی دەبینرێت، دیارە هەندێک باری سیاسیی قورسی پڕ لە تراژیدیا وا دەکەن قۆناغە ئەدەبییەکەش زیاد لە پێویست بکەوێتە ژێر باری مەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، کە نەیپەرژێتە سەر گرنگیدانێکی گشگیرتر بە مرۆڤ لەوەی کە پێویستە، ئەو بیست ساڵەی پێش هاتنی شێرزاد حەسەن، مرۆڤ لەناو ئەدەبی کوردیدا دەگمەن بوو، مەبەستم لە مرۆڤێکە وەک ئەو ژوورە پڕ لە ئاوێنەیەی کە هەموو دیوەکانی پیشان دەدات، بەڵام مەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دژ بەو ژوورە پڕ ڕەهەندییە بوون، دەیانویست تەنها ئەو دیوەی مرۆڤی کورد ببینرێت، کە خزمەت بەو ڕەوتە سیاسی و مێژووییە بکات، کە هەبوو. دوو دەیەی پێش هاتنی شێرزاد حەسەن، ئەدەبی کوردی دەستێکی گەورەی لە دروستکردنی دابەشبوونی دنیادا هەبوو بەسەر خێڕ و شەڕدا، ئەویش لەژێر سایەی ئەو قوتابخانە ئەدەبییە چەپگەرایەی کە زۆرینەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردی لە دەوری خۆی کۆ کردبووەوە. هۆکاریش زۆر بوو بۆ دروستکردنی ئەو ژینگە ڕۆشنبیری و سیاسییەی دواتر ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی لێ کەوتەوە، کە خوێنەری ئێستا بە زەحمەت دەتوانن بۆیان بگەڕێنەوە و بیانخوێننەوە. دیارە مرۆڤی کورد لەو سەروەختەدا بوونەوەرێکی نەناسراو و نەدیدە بوو، گەورەترین پانتایی ژیانی لەناو جەنگە یەک لەدوای یەکەکاندا بوو، لەم تراژیدیایەوە بۆ ئەوی تر بازی دەدا، لەناو پەرچەکردارێکی لەیەکبینەدا بوو بۆ پارێزگاریکردن لە شوناس و مانەوەی خۆی. هەڵبەتە کاتێک بوون و شوناس لە کۆمەڵگەیەکی بەجێهێڵراودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، پەنا بۆ زمان دەبات بۆ ئەوەی وەک کۆڵەکەیەک لە ڕوخانی یەکجارەکی و فەوتان ڕزگاری بکات، لێرەدا مەبەستم لە زمان تەنها وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکە زمان وەک هەڵگری بەشێکی گەورەی کولتوور و بیرکردنەوە، لە حاڵوباری وادا دەنگە تاقانەکان لەناو ئەو دەنگ و خەیاڵە دەستەجەمعییەدا فڕێ دەدرێنە دەرەوە، بۆیە زۆر قورسە وەک نووسەر لەناو ئەو پانتاییە یەکڕەنگییەدا وێنە و ڕەنگ و دەنگێکی جیاواز بدەیت بە خۆت.

لەو قۆناغانەدا جگە لە شیعر، کە گەورەترین پانتایی بەرهەمی ئەدەبی کوردیی پێک هێنابوو، چیرۆکیش تا ئەو سەروەختە ئەوەندەی سەرقاڵی پرسیاری کوردبوون بوو، وەک دروستکردنی پاڵەوانی سوپەرمان، کە هەڵگری پەیام و بەکارهێنانی دەستەواژە فیودالییەکان بوو لەناو زماندا،  هێندە سەرقاڵی تەکنیک و زمانێکی شارییانە نەبوو، ئەوەندەی گیرۆدەی دروستکردنی سیمبوڵی شۆڕشگێڕانە و دنەدانی هەستی خوێنەر و هوتافات بوو، هێندە توانای سەرکێشیکردنی نەبوو بۆ ڕۆچوونە ناو قووڵاییەکانی مرۆڤ. ئەوەندەی دیلی پەیام و دروستکردنی سیمبوڵی سادەی شۆڕشگێڕانە بوو، هێندە عاشقی ئازادی و هێنانەکایەی هەمەڕەنگی و بیرکردنەوەی جیاواز نەبوو.

بەڵام مرۆڤی کورد، ئەو مرۆڤە نەدیدە و خوێنلێڕۆیشتووە لە باری گشتیدا هەڵگری خەونێکی گەورە بوو، باوەڕی بەوە بوو سبەینێیەک دەبێ بێت و ئەو سبەینێیەش دەبێ لەمڕۆ ڕووناکتر و جوانتر بێت. بۆیە هاتنەکایەی ئەو جۆرە ئەدەبەی شێرزاد حەسەن هەر وا ئاسان مایەی قبووڵکردن نەبوو، چونکە تووڕەبوون و پەلاماردانەکەی شێرزاد حەسەن، پەلاماردانێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر باوکی کورد وەک پاتریارکێک، ئەو باوکەی پێش ئەو لەناو کایەی ئەدەبیدا تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی پیرۆزی و دەستلێنەدان بوو، بۆیە ئەو هێڕشە زۆرەی لەو ڕۆژگارەدا وەک نووسین و قسەوقسەڵۆک دژ بە شێرزاد حەسەن دەکران، کە هەندێک جار بە وردەبۆرژوا و جارێ بە تێکدەر و جارێکیش بە نووسەری خراپ ناوزەند دەکرا، هێندەی تر شێرزاد حەسەنیان خستە سەر زاران و بەر چاوان. بۆ ئێمەی گەنجی ئەو سەروەختە شێرزاد حەسەن ئەو فریشتەیە بوو کە هەر پەڕێکی باڵێک بوو بۆ ئێمە. من لەو ڕۆژگارەوە ئەم پیاوەم خۆش ویست، هەم خۆی وەک مرۆڤ و هەمیش ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە بوونە ئەو دووڕیانەی کاری ئێمەی کەمێک ئاسانتر کرد بۆ بەردەوامبوون، ئەو بووە هۆی پاڵنەرێکی باش بۆ بەکارهێنانی ئەو ئازایەتی و ئازادییەی، لەناو هەر یەک لە ئێمەدا هەبوو، هەم لە ئاستی نووسین و هەمیش لە ئاستی ڕەخنەگرتندا، وای لێ کردین کە هەریەکەمان ڕێگە و ڕێچکەی خۆمان بگرینە بەر و شەرم لە پیشاندانی توانا جیاوازەکانی خۆمان نەکەین.

لەو سەروەختەدا شێرزاد حەسەن بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆی، بوو بە شاریترین نووسەر، وەک چۆن زمانی گۆرانی شاعیر لەناو شاعیرەکانی سەردەمی خۆیدا بوو بە شاریترین شاعیری سەردەمی خۆی، گوزارشتکردنەکانی بۆ جوانی لە دەستەواژە کلاسیکی و فیدودالییەکانەوە گۆڕی و دەستەواژەی شارییانەی لەبریان دانا، عەرووزی تێکشکاند و کێشی پەنجەی لەبریان دانا. دیارە مەبەستم لە “شاریبوون” ئەو جۆرەی کارکردنە لەناو زمان و تەکنیک و خەیاڵدا، زمانێک لە دەرەوەی ئاخاوتنی باو و خۆتەریککردن لەو مانایانەی کە توانای فڕینیان نییە.  شێرزاد حەسەن بە زمانێکەوە کەوتە ئاخاوتن لەگەڵماندا کە هیی خۆی بوو، زمانێک پڕ بوو لە خەیاڵی خۆی، تا ڕادەیەکیش زۆر دوور بوو لەو دەستەواژە فیودالی و دەستەجەمعییانەی کە پێش خۆی لە ئەدەبدا بەکار دەهێنرا، دوور لە خۆبەستنەوە بەو قاڵبە حازربەدەستانەی ئەو ڕۆژگارە کە زمانی ئەدەبیان هەژار کردبوو، زمانیان کۆتوبەند کردبوو، لە خزمەتی هەندێک ڕێبازی ئەدەبیدا وەک ئەدەبی بەرگری و پرۆلیتاری و نەتەوەییدا بچکۆلەیان کردبووەوە و لەقاڵبیان دابوو.

بە ڕای من شێرزاد حەسەن ئەو نووسەرە بوو کە لەڕێی بەرهەمەکانیەوە بێ ئەوەی خۆی ئیدعای ئەوە بکات، ئەدەبی بە یەکجاری لەژێر چەتری ئایدیۆلۆژی و حیزب هێنایە دەرەوە، هێرشێک و پەلاماردانێکی تووڕەی کردە سەر باوک، باوک وەک پاتریارکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی. شێرزاد خەتەرترین نەشتەرگەریی قەیسەریی لە ئەدەبی ساڵانی هەشتاکاندا کرد، نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی ئەدەب بوو لە حیزب، بڕینی ناوکی ئەدەبیاتی حیزب بە خەیاڵی زمانەوە، بە تایبەتی بە زمانی ئەدەبییەوە. هەر بۆیە ئەو پرۆسەیە دواتر ئاسانتربوو بۆ بەختیار عەلی تا هێرشکردنەکانی بۆ سەر باوک، هێرشکردنێک بێت بۆ ناسین و ڕەخنەگرتنی قووڵی بیرکردنەوەکانی. نەوەی ئێمە هەموومان قەرزاری شێرزاد حەسەنین، قەرزاری زمان و تووڕەبوون و خەیاڵەکانی ئەم پیاوەین. هەر وەک چۆن لە هەمان قۆناغدا و لە کایەی شیعردا قەرزاری زمان و خەیاڵ و دنیای شێرکۆ بێکەس بووین.

ساڵی ١٩٩٨ کاتێک شێرزاد حەسەن گەیشتە فینلەندا، لەڕێی پەیوەندیکردنمانەوە زانیم کە زۆر تووڕە و ماندووە، بە ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی خۆم کە پێش گەیشتنی ئەو من لە سوید، لەناو مەنفا ئیختیارییەکەی خۆمدا هەمبوو، دەمزانی ئەو بەریەککەوتنەی سەرەتا چ بارێکی دەروونیی ئاڵۆزی لە لا دروست دەکات، خۆمم بیر کەوتەوە کە چۆن بەو هەموو بریندارییەی جەنگەکان و ئەو ناشیرینییانەی حیزبی کوردی، کە کردبوویانە جەستە و ڕۆحمانەوە، چەندە وێران بووم. دەمزانی کە هەڵهێنانەوەی یەکەم هەنگاوی ژیان لەناو مەنفادا چەندە قورسە، لەپڕ ڕۆژێک دێت و هەست دەکەیت تەرمێکت بەسەر شانەوەیە و بەردەوام دەیگێڕیت، تەرمێکی مێژوویی و کوژراوی ناو کارەساتەکان، دەتەوێت کەسێک بەهاناتەوە بێت و لێت وەرگرێت، ئەم هەستکردنە بە تەنیایی ئەزمونێکە کە هیچ کات لە تەنیاییەکانی تری قۆناغەکانی ژیانی ناو وڵات ناچێت، هەست دەکەیت بورکانێکیت و لەوێدا باشتر گڕ و کڵپە و دووکەڵی خۆت دەبینیت، باشتر گوێت لە گرمەی ناوەوەی خۆتە کە پێشتر لە قەرەباڵغییەکانی ناو کارەساتەکانی وڵاتدا دەرفەتت نەبووە وەک ئێستا گوێت لێی بێت، یاخود ڕەنگە هەستی خۆپارێزیی جەستە و خەیاڵەکانت نەیانهێشتبێت هەستی پێ بکەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت بەردەوام بیت لە ژیان. لێرەوە ئیتر تاڵییەک لەژێر زمانتدا تام دەکەیت کە پێشتر بەو جۆرە هەستت پێ نەکردووە، ئەگەر نیشتمانت لەناو یادەوەریتدا هەڵگرتبێت، ئەوا زمانت لەناو خۆتدا پێیە و دەیگەڕێنیت، لەویادا هەست بە شیرینیی زمان و خەیاڵەکانی دەکەیت، لەویادا ئیتر دەتەوێت حەکایەتەکانی خۆت بۆ کەسێک بگێڕیتەوە، حەکایەتەکان بە زمانێک کە پڕن لە یادەوەری و برینداریی خۆت و ئەوانەی تر، کە لەناو دووکەڵی جەنگەکاندا بەجێت هێشتوون. هەندێک جار هەست دەکەیت لەناو فرمێسکی خۆتدا خەریکی دەبیت بە دوورگەیەکی بچووکی ترازاو لە هەموو دنیا، شەوانە بەدەست دێوەزمەی خەونە ناخۆشەکانەوە دەناڵێنیت. لەوێدا تەواو باوەڕ بەو قسەیە دەکەیت، کە مرۆڤی هەڵهاتووی ناو جەنگ هەرگیزاوهەرگیز خۆش نابێتەوە.

دوای چەند جار قسەکردنی دوورودرێژ بە تەلەفۆن، داوام لە کاک شێرزاد کرد پێکەوە دیدارێک بکەین، بەڵام لەگەڵ ناردنی هەر پرسیارێکدا چاوەڕوانی وەڵامەکەی بکەم و دواتر پرسیارێکی تری بۆ بنێرم. پرسیار و وەڵامەکانمان لە ڕێگەی فاکس و پۆستەوە دەگۆڕینەوە، دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیاری یەکەم، تێگەیشتم کاک شێرزاد چەندە تووڕە و خەمبار و بریندارە، منیش بەو دڵگەرمییەی ئەو هێندەی تر خوێنی بریندارییەکانم گەشتر بووەوە.

پێم وایە ئەم دیدارەی من و کاک شێرزاد، لە زۆرینەی دیدارەکانی تری جیاواز بێت، تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت بە دیداری تەمەن ئەژمار بکرێت، بە قسەی خۆشی کە دەڵێت دوای ئەو دیدارە هەرچ قسەیەکی ترم کردبێت دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو قسانە بووە. ڕەنگە یەکێک لە تایبەتمەنییەکانی ئەم دیدارە دوورکەوتنەوەی کاک شێرزاد بێت لە وڵات، بەرکەوتنی بێت لەگەڵ کولتوور و زمانی تردا، یان ژیانی بێت لەناو دوودڵیی مانەوە و گەڕانەوەیدا لە مەنفا، یاخود هەستکردن بووبێت بەو تەرمەی بەسەر شانیەوەیەتی و هەستی کردبێت دەتوانین پێکەوە بینێژین و باسی ژیانی ڕابردووی بکەین، باسی ئەو مێژووەی بکەین کە مێژووی هەموومانە. بەڵام من لە کاک شێرزاد کەمەکێک جیاوازتر بووم، مانەوەم لە مەنفا و بەرکەوتنم لەگەڵ کولتوور و زمانێکی تردا، تێیگەیاندم ئەو تەرمەی بەسەر شانمەوەیە خۆمم نەک کەسی تر، ئەوەی مەنفا بۆی ڕەخساندم ناساندنی دیوە نەدیدەکانی تری خۆم بوو بە خۆم، دووبارە دەستپێکردنەوە بوو لە سفرەوە و لەدایکبوونەوەیەکی ئازاراویی تر بوو.

لەم دیدارەدا کاک شێرزاد بە جۆرێک خەیاڵ و یادەوەرییە بریندارەکەی دەتەقێتەوە، هەموو ئەو قسانە دەکات کە هەست دەکات پێشتر نەیکردوون، یان کردوونی و نەگەیشتوونەتە جێ. هەندێک جار هەستم دەکرد کاک شێرزاد خۆی بە هەڵاتوویەکی ناو زیندانێکی تاریک دەزانێت و ئێستا گەیشتووەتە جێیەک و باس لەو زیندان و ئازارانە دەکات پێش ئەوەی ڕاپێچی ناو زیندانەکەی بکەنەوە. وەک ئەوە وا بوو یەکەم جاری بێت جەستە هەلاهەلا و بریندارەکەی خۆی لە بەردەم ئاوێنەیەکدا ببینێت، بۆیە دەست دەکات بە باسکردنی مێژووی برینداری خۆی و ئینسانی کورد و ئەو هەموو ئازار و تراژیدیایەی کە هەموومان پشکێکمان تیایادا هەیە. من هەمیشە پێم وا بووە هەندێک لە دیوە نادیار و خەیاڵ و بیرکردنەوە ڕاستەقینەکانی نووسەر تەنها لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا نییە، بەڵکە لەناو گفتوگۆ و قسەکانیشیدایە کە ڕەنگە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا زۆر ڕوون بەرچاو نەکەون، یان فریای وتنیان نەکەوتبێت و گەر وتبێتیشی کەوتبنە ژێر قورساییەکانی زمان و تەکنیکی گێڕانەوەکانەوە.

کەم جار جوانیی مرۆڤێک لە تووڕەبوونیدا دەبینرێت، چونکە تووڕەبوون هەڵگری بەشێک لە پەرچەکردار و بەرگری و هێرشکردنە، بەڵام تووڕەبوونی شێرزاد حەسەن لەم گفتوگۆیەیدا هێندە جوانە کە دەکرێت ئەو قسەیە بەدرۆ بخاتەوە کە دەڵێت جوانی لە تووڕەبووندا نییە. ڕاستییەکەی جەنگ و نەهامەتییەکان وایان کردووە مرۆڤێکی تووڕە لەناو هەریەک لە ئێمەدا دروست بێت، هەندێک جار ئەو مرۆڤە تووڕەیە بڕیار دەدات تا ئەبەد بێدەنگ بێت، یان ببێت بە مرۆڤێکی تێکدەر و توندڕەو، کە بیەوێت هەموو دنیا لەگەڵ خۆیدا بسووتێنێت، بەڵام هەندێک جار هۆشیاری ئەو تووڕەبوونە دەکات بە پرۆسەی لەدایکبوونەوەیەکی نوێ، وا دەکات لەناو ئەو لەدایکبوونەوە ئازاراوییەدا مرۆڤێکی تر خەلق بکات، جیاواز لە مرۆڤە تووڕەکانی تر. هاتنەدەرەوەی ئەم مرۆڤە بۆ تێکشکاندن و تەفروتوناکردنی دنیا نییە، بەڵکە وزەیەکە بۆ کۆششکردن لەپێناو جوانکردنی ژیان، جۆرێکە لە هەڵگرتنی خەمخۆرییەکی گەورە بۆ خودی خۆی و مرۆڤەکانی تر، بۆ ئەوەی هەموان هیچ نەبێت بتوانن جوانتر لەو ژیانە بژین کە تیایدان، یان هیچ نا هێزی ئەوەیان هەبێت قسەکانی خۆیان بکەن، پێش ئەوەی مردن زەفەریان پێ بەرێت.

لە چەند بەشێکی کتێبەکەدا هاتووە:

شێرزاد حەسەن(شێرۆ): نۆڤلێتی “حەسار و سەگەکانی باوکم”دا باس لە ترسی مرۆڤی كورد دەكەم، ترس لە بەرامبەر ئازادیی، ئێمە لە ڕاپەریندا توانیمان بەندیخانەكانی دەرەوە بڕمێنین، وەلێ نەمانتوانی یەك دیوار لە بەندیخانەكانی ناو زاتی مرۆڤی كورد بڕمێنین، ئەوەش تاڵترین هەقیقەت بوو كە زۆرینە دركیان پێ نەكرد، دیارە “ئێریک فرۆم” واتەنی، ئاسودەگییەكی زۆر لە ملكەچكردن و نوچدان و پاشەكشێدا هەیە، خۆدانە دەست هێزێكی باڵا و زێدە زاڵ ڕێگایەکە بۆ خۆڕزگاكردن لە لاوازیی و گرێی خۆ بەکەمزانین، هەڵاتنە لە پرسیاری ئازادیی و خۆ دزینەوە لە خەونی سەربەخۆبوون.

من زۆر جاران لە خۆم و هاوڕێكانم دەپرسم: ئەرێ كوردستان ئەو باوكە دڵڕەقە بوو كە هەر هەموومانی ڕاو نا و لە ماڵ دەری کردین.. یان ئەو دایكە بێوەژنە بوو کە لە تەنیایی خۆیدا هەر هەموومان فەرامۆشمان کرد؟ كوڕانی سپڵە و ناڕەسەن بووین و دڵڕەقانە لە کەلاوەکەی خۆیدا بەجێمانهێشت، کە ڕەنگە بەسەریدا بڕووخێت؟!
من تا هەنووكە لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا: تیایدا ڕاماوم، لەوە دەچێت كوردستان: هەردووكیان بێت‌، بەڵام بۆ من پتر لەو باوكە دڵڕەقە دەچێت كە لە ماڵ، لە نیوەشەوێکی تۆف و باران و وەیشوومەدا، دەری كردم.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *