خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانێک بۆ کتێبی «چاکە و خراپە»

ڕانانێک بۆ کتێبی «چاکە و خراپە»

ڕانانێک بۆ کتێبی «چاکە و خراپە» به‌رهه‌می کریشنا مۆرتی

ناسنامەی کتێب: «چاکە و خراپە»، کریشنا مورتی، وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٩.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان

چاکە بەرامبەر بە خراپە نییە. هەرگیز چاکە لە ڕێی خراپەوە دەرک نەکراوە. ئەگەرچی بە خراپە ئابڵوقە دراوە.. کریشنا مۆرتی بیرمەندی هیندی ١٨٩٥ لە دایک بووە و لە ١٩٨٦ کۆچی کردووە، زۆر بە سادەیی بیروبۆچوون و ئایدیاکانی خۆی لەمەڕ مرۆڤ و ژیان و ئاین گواستووەتەوە، خۆی لە تێما و زاراوە گرنگەکانی فەلسەفە داوە. ئازاد بەرزنجی بە وەرگێڕانێکی جوان یەکێ لەو نووسین و ئایدیانەی کریشنامان لەمەڕ چاکە و خراپە پێشکەش دەکات.  ئەم کتێبە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگ دەگرێتە خۆی گرنگن بۆ هزرو بیرکردنەوەی مرۆڤ، هەندێ جار کریشنا مرۆڤ دەخاتە بەردەم گومانەوە ئایا شتێک هەیە بە ناوی خراپەوە؟ بە کۆمەڵێ ئارگیومێنتی گرنگ دەستی خوێنەر دەگرێت و بە نێو وێڵگە سەختەکاندا دەیبات، تا دەیگەیەنێتە سەر راستە ڕێ. پێمان دەڵێ سەیری دەوروپشتی خۆتان بکەن، لێکدانەوەی خراپە بە گوێرەی ئەو شتانەی لە کتێبەکاندا نووسراوە، یان بە گوێڕەی ئەزموونی خۆمان، بێسوودە، چوون ئەزموونی ئێمە بریتییە لە کۆمەڵێ یادەوەریی کەڵەکەبوو کە بەردەوام لە رێگای بەرژەوەندی شەخسیی و بەدەستهێنانەوە شتەکان لێک دەداتەوە، بۆیە دەڵێ دەبێ هۆشتان لە باری وەرگرتن و پێشوازیکردندا بێت کاتێ دەیەوێ پەی بە مەسەلەیەکی ئێکجار گرنگی وەک خراپە ببات. بۆیە بۆ درککردنی ئەم شتە دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێبکەین. پاشان دوو زاراوەی گرنگ پەیوەست دەکات بە خراپە، کە ئەویش نکوڵیکردن و رەتکردنەوەیە، ئەو دەڵێ خراپە نکوڵیکردن نییە لە چاکە، جوانی نکوڵیکردن و رەتکردنەوەی ناشیرینی نییە. کریشنا دەڵێ ”کاتێ خۆشەویستی لە ئارادایە، نە چاکە لە ئارادایە نە خراپە، بەڵکو تەنیا خۆشەویستی لە ئارادایە. کاتێ بەڕاستی کەسێکت خۆش دەوێ، ئیدی بیر لە باشی و خراپی ناکەیتەوە، بەڵکو تەواوی بوونتان لێوانلێو دەبێت لەو عیشقە. تەنیا کاتێ کە هۆشیاری، یان خۆشەویستی نامێنت، دژایەتی لە نێوان (ئەوەی هەم) و ( ئەوەی ئەبێ ببم)دا دێتە ئاراوە، بۆیە ئەوکات ( ئەوەی هەم) خراپەیە و (ئەوەی ئەبێ ببم چاکەیە)… دوالیزمی چاکە و خراپە لە هەموو بوونەوەرێکدا هەیە، لەسەرێکەوە دەمانەوێ پڕ بین لە ئارامی و بێدەنگی و عیشق و خۆشەویستی و سۆز، لە سەرێکی تریشەوە کەسێکی تر لە ناوماندا هەیە کە سەرچڵە و دەیەوێ گورز بوەشێنێت. ئایا دەتوانین بە تەواوی لەم دوالیزمە ئازادمان بێت؟ دیارە کریشنا دەلێ: بەڵێ دەتوانی.  ئەگەر هەموو شتەکان دوو جەمسەرانە تەماشا بکەیت ناتوانیت بگەیتە چارەسەر، ئەگەر جوانیت بەرامبەر ناشیرینی دانا، ئەوکاتە نە جوانی لە ئارادا دەبێت نە ناشیرینی.. دەبێ دژ بە عادەت هەڵسوکەوت بکەیت. ئەگەر چاک تێڕامانت کرد تێدەگەیت کە خۆئامادەکردن و سەرمەشقی لەسەر سەرکێشی، سەرکێشی دەخوڵقێنێت، ئەو بڕوای وایە هەر خاڵێک تۆوی خاڵی بەرامبەری تێدایە، لە مرۆڤدا دەکرێ لە یەک کاتدا چاوچنۆکی و دژەچاوچنۆکی هەبێت. بۆیە چاکە خاڵی بەرامبەر خراپە نییە، بەڵام چاکە بایەخدانێکی گشتگیرە، بێئەنگێزەیە. چاکە بە تەنیا کاتێک دێتە دی کە تەقەلا بۆ شتێک یان نەبوون بە شتێک نەبێت، بە بڕوای ئەو تەقەلا بۆ باشبوون لە خۆیدا خراپە دەخوڵقێنێت، کەسێک هەوڵ دەدات خاکی بێت و مەشقی خاکیبوون دەکات، خراپە دەخوڵقێنێت، کەسێک هەوڵ دەدات خاکی بێت و مەشقی خاکیبوون دەکات، خراپە دەخوڵقێنێت لەبەر ئەوەی هەر ئەوەندە ئاگات لە خۆی کە خاکییە چیدی خاکیی نیییە، بە پێچەوانەوە لە خۆبایبوون و خۆبەگەورەزانین لە ئارادایە. بۆیە چاکە خاڵی بەرامبەری نییە. چاکە تەقوا نییە، بەڵکو پانتایی ئامادەبوونێکی بێئەنگیزەیە کە بەتەنیا لەڕێی خۆناسینەوە بەدی دێت. دیارە لەم کتێبەدا جگە لەم باسانە گفتوگۆیەک هەیە لە نێوان ئالن ئۆد و کریشنا مورتیدا. دیسانەوە لێرەش پرسی خراپە و چاکە دێتە ئاراوە، کۆمەڵێ پرسیاری دیکەش. ئایا چاکە بە هەلومەرجی ژینگە و هەلومەرجە کولتووری و ئابوورییەکانەوە پابەندە، ئایا چاکە دەتوانێ وەک بوارەکانی تر گەشە بکات؟ ئایا خراپە بەرهەمی کولتووری دەوروبەرە؟ ئایا چاکە و خراپەی ڕه‌ها هەن؟ هەموو ئەمانە کۆمەڵێ پرسیارن، لەو وتووێژەدا دەوروژێنرێن قسە دەکرێ لەسەر ئاین، جەنگ، کولتوور، سیستەم، رۆشەنبیری، بەختەوەری و هەموو ئەمانەش وەک زنجیرەیەک بۆ گەیشتن بە پرسیارە گرنگەکەی نێو ئەو کتێبە ئایا چاکە چییە و خراپە چییە؟ ،،نۆد لە پرسیارێکدا دەڵێ ” کاتی خۆی یۆنانییەکان دەیانوت ئادەمیزادی کامڵ ئەو کەسەیە کە هاوئاهەنگییەکی کامڵ لە زەین و دڵ و جەستەیدا هەیە.” کریشناش دەڵێ : زۆر راستە.. لێرەش لە ئاستی هەردوو وشەی ”گوناه” و ”خراپە”، بە کۆمەڵێ لێکدانەوە تەژی دەکەن. لە بابەتی ”ناوەڕۆکی خراپە”.. مرۆڤ بەرامبەر بە خراپە هەمیشە عەوداڵی بەرگریکردن بووە لە خۆی. هەمیشە ئەم خەتەرە تاریکە پەنهانە هەبووە و مرۆڤیش لە ئاستیدا هۆشیارە. مرۆڤ دەترسێت و دەیەوێت لە رێی ئەفسوون و سیحر و دوعا و ئایین لێی دووربکەوێتەوە و خۆی بپارێزێت، دەوەنێکی دڕکاوی لە ڕێگای دڕکەکانییەوە بەرامبەر بە گیانەوەران خۆی دەپارێزێت و گیانەوەران ئەوە بە خراپە دەزانن لەبەرئەوەی دەستیان بە گەڵاکانی ناگات. دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر ناوەڕۆکی خراپە، کریشنا پێی وایە بەڕەنگاربوونەوەی خراپە خراپە بەهێز دەکات، بۆیە ئەگەر زەین لە چاکەدا بژی، ئەوکات بەڕەنگارییەک لە گۆڕێدا نییە و خراپەش ناتوانێت هیچی بەرامبەر بکات، هەر بۆیە هیچ حیسابێک بۆ خراپە ناکرێ، بۆیە خراپە پێویستی بە بوونی ئیرادەیە.. بۆیە ئەگەر وەسیلە سەر بە خراپە بێت مەبەستەکەش هەر خراپە دەبێت، کریشنا دەڵێ ” ئارەزووی بەدەستهێنان و بوون بە.. لە هەر ئاستێکدا هەبوو، بە ناچاری شڵەژان و غەم و ترسیش دەبێت. کاتێک هەڵپەکردن بۆ دەوڵەمەندبوون و بوون بە فڵانە شت و فیسارە شت نامێنێت، کە ئێمە پەی بە ڕزیوی و ماهییەتی گەندەڵیی نەفس ی هەڵپەکەر و دەسەڵاتخواز دەبەین. هەر وەختێ پەیمان بەوە برد کە ئارەزوو بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە هەر فۆرمێکدا لە بنەڕەتدا خراپەیە، چیدی ئارەزووی دەسەڵات ناکەین، بەڵام ئێمە پەیمان بەوە نەبردووە کە هەڵپەخوازی دەبێتە مایەی گەندەڵی. عادەتەن هێز لە راهێنانی رۆحی و کار و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و پارێز و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت، هەموو ئەم هێزانە خراپەن، هەر بۆیە گەندەڵ و گومڕاکەریشن”. ئەم کتێبە وەک وەرگێرەکەی دەڵێ گفتوگۆی سەرسەختانەی کریشنا مۆرتییە لە پێناوی خۆناسین و ئازادی ناوەوەی مرۆڤ. کریشنا لەم پێناوەش جەنگاوە، بڕوای بەوە بووە کە پێویستە هەموو کەسێک مامۆستای خۆی و فریادڕەسی خۆی بێت، ئەمەش تەنیا کاتێک دێتە دی کە ئادەمیزاد بە مانای وشە بە عیشق و خۆشەویستییەوە لە ژیان و لە دونیا ڕابمێنێت.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *