خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «هەر چی هەیە ڕاڤەیە»، نوێترین بەرهەمی دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە بڵاوکرایەوە

«هەر چی هەیە ڕاڤەیە»، نوێترین بەرهەمی دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە بڵاوکرایەوە

«هەر چی هەیە ڕاڤەیە»، نوێترین بەرهەمی دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە بڵاوکرایەوە

 ناسنامەی کتێب: «هەر چی هەیە ڕاڤەیە»، هاشم ئەحمەدزادە، چاپەمەنی گوتار، سەقز ۱۳۹۹.

دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

 بۆ دەنگە نەرم، هێمن، مەند و زولالەکەی خالەقی

پێشەکی:

دیسانەوە پێشەکی. دەستبەردار نییە پێشەکی. هێندێک نووسەر فێڵ لە پێشەکی دەکەن و ناوی دیکەی بۆ دەدۆزنەوە و سەرەتای کتێبەکانی خۆیانی پێ دەڕازێننەوە. “دەروازە”، “پێشبار”، “سەرەتا”، “دەستپێک” و هتد. بەڵام گۆڕینی ناوەکانیش چارەی کێشەکە ناکات. خوێنەر کە دەست دەداتە کتێبێک بیخوێنێتەوە، وەک دیاردەیەکی باو لە پێشەکیی کتێبەکەوە دەست پێ دەکات. یان لە پێڕستەوە دەست پێ دەکات. لە پێڕستیشدا. پێشەکی لە پێش هەموو ناواخنەکەدایە. شتەکە بۆ نووسەر جیاوازە. نووسەر لە ماوەیەکی دوورودرێژا خەریکی نووسینی کتێبێکی یان خود وتارێک دەبێت، کە کاتی چاپ و بڵاوبوونەوە وەک ئەجەل لە دەرگای بەرهەم و نووسەر دەدات، دەق دەکەوێتە باڵەفڕکە و نووسەر دەکەوێتە ئاویلکە. دەق ترسی لادانی پەچەی هەیە و نووسەر وەحشەتی لادانی دەمامک. کاتی خۆی دەیڤید هیومی فەیلەسوف لە سەدەی هەژدەهەمدا و دوای سەرنەکەوتن لە بڕیاردان بۆ خوێندنی ماف/یاسا/قانون/ لە زانکۆ و تەنانەت دۆزینەوەی کار لە زانکۆکانی گلاسکۆ و ئێدینبۆرۆ، بڕیار دەدات ببێت بە نووسەر. کە یەکەم کتێبی بڵاو دەکاتەوە هێندە ناسەرکەوتوو دەبێت، ترس هەڵی دەگرێت. ئاخر ئەو لە سەردەمی زاڵبوونی باوەڕی دێکارتییانەی ڕاسیۆنالیزم/ئاوەزمەندیدا دێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەوە هەستەکانی مرۆڤن کە بە پلەی یەکەم بوونی ئێمە دەسنیشان دەکەن. ئیتر نەبەزینی هیوم لە کارەساتی سەرنەکەوتنی یەکەم کتێبیدا، دواجار ئەو بیریارە شوێندانەرەی لێ دەکەوێتەوە کە هەموو هۆگرانی سەفەری بیر و ئەندێشە لێی ئاگادارن. ئەم بەسەرهاتەی هیومی سکاتلەندی دەتوانێت فێری ئەوەمان بکات لە دەرەوەی دەق و نووسەردا فاکتەرەکی دیکە یان گۆشەیەکی تریش هەیە کە سێگۆشەی ئافراندنی مانا تەواو دەکات. ئەگەر لە ڕەوتی مێژووی ئەدەبدا خوێندنەوەکان بۆ ئاستی کاریگەری هەر یەک لە گۆشەکانی ئەم سێگۆشەیە بەرینە ژێر چاوی وردبینانەی ڕەخنەکارییەوە، دەبینین کە لە هەر دەورەیەکدا یەک لە گۆشەکان سەرداری بێ ڕکابەری گۆڕەپانی سرنج بوونە. ڕۆژگارێک هەموو عەوداڵی مەبەستی نووسەر بوون و ئەو وەک خواوەندی مانائافرێن سەیر دەکردرا. کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و زاڵبوونی بۆچوونی ئەرێنیخوازی/پۆزیتیڤیستی بە شوێن دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی پێوەری بەرهەست/ئۆبجێکتیڤدا دەهۆڵی ناوەندییەتی دەقی لێدا و لە ڕەخنەی فۆرمالیستی و ئامریکاییدا ئیتر ئەوە دەق بوو کە کەوتبووە ناوەندی سرنجی گۆڕەپانی خویندنەوەکان. زۆری نەخایاند کە پێکهاتەخوازی لە ڕەوتی تەشەنەکردنی خۆیدا بۆ هەموو کونوکەلەبەرەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا جێپێی بە دەقیش چۆل کرد و ئەمجارەیان خوێنەر بوو بە ناوەندی سرنج و هەڵێنجانەکانی ئەو کران بە پێوەری مانا. ئەمەیان هێندە تیڕەوی پێوە دیار بوو کە ڕۆلان بارت ڕۆلی گۆشەی نووسەری هەر سڕییەوە و جاڕی مردنی نووسەری بێنەوای کێشا. بەڵام ڕێڕەوانی بارت و گەشەپێدەرانی تیۆرییەکانی خوێندنەوە و ماناسازی لە خەباتی بێوچانی کارکردی سێ گۆشەی سێگۆشەکە نەوەستان و دواجار دیالێکتیکی دەق و نووسەر و خوێنەر لەلایەن قوتابخانە ئەدەبی و هزرییەکانی دیکەوە زیاتر شی کراوە و لە پۆل ڕیکۆرەوە بگرە تا ئومبێرتۆ ئێکۆ، لە گیۆرک گادامێرەوە بگرە تا هانس رۆبێرت یاووس و سەدان و بگرە هەزاران بیرمەندی دیکە، هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە جیهانی پەیڤ و پەیڤئافرێن و پەیڤخوێن درێژەی هەبووە. ئەگەر مرۆڤ بخوازێت دەمارگیریی باوی هێندێک لە بیریارانی بواری ڕاڤەی دەق و مەبەستی نووسەر و ڕۆلێ خوێنەر وەلا بنێت و لە ڕستەیەکدا خوازیارانی تێگەیشتن لە پەیامی ئەدەب و زمان بگەیەنێت، زۆر بە ڕاشکاوی بۆ هەر یەک لەم گۆشانە کارکردێک دەسنیشان دەکات و دواجار مانا و چێژی دەق وەک دەرەنجامی هۆکاری و هۆکردانەی هەموو ئەم فاکتەر و چەندان فاکتەری دیکەش دەبینێت. بە واتایەکی دیکە هیچ کام لەو ڕوانگانە بە تەنیایی ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێوەندیی پڕ لە ڕەمز و ڕازی دەق ق خوێنەر و دانەر بن. زانستناسی یان با بڵێین تیۆرییەکانی زانست وەڵامی جیاواز بە پرسی مانا و ڕاڤە و چیژ دەدەنەوە. لە دەرەوەی دەستکەوتە هزرییەکانی ئەم بوارانەدا دواجار خوێنەر و دەق لە خەڵوەتی خوێندنەوەدا دونیای بەرفراوانی خۆیان تا تەشقەلانی جیهانە بێ سەرەتا و کۆتا درێژ دەکەنەوە و چرکەکانی خوێندەوە دەکەن بە سەرمایەی تێگەیشتنی زیاتریان لە ژیان و جیهان و مان و نەمان. ڕەنگە پرسیاریش هەر ئەوە بووبێت کە شازادەی دانمارکی سەدان ساڵ پێش ئێستا لە زمانی شێکسپیرەوە ئاراستەی کرد: “بوون یان نەبوون؟ ئەمەیە پرسیارەکە.” ئەدەبیات هەوڵێکی مرۆڤە بۆ یارمەتیدانی خۆی لەمەڕ تێگەیشتنی ئەم پرسیارە و دۆزینەوەی وەڵامەکەی/وەڵامەکانی. هەوڵێ ڕەخنەکارانی ئەدەبی و تیۆریداڕێژەرانیش دواجار شتێک نییە جگە لە یارمەتیدان بە ڕەوتی وردکردنەوە و ئەتۆمیزەکردنی پرسیار و وەڵامەکان.

لە شیعرییەتی ئەرستوڕا هەتا هەڵوەشانەوەخوازیی دێریداو و کێبوونی دانەری فوکۆوە و هەتا ئەو ڕۆژەی “گایەکەی سەر پشتی ماسی” ڕاوەستاوە، ئەم ڕەوتە درێژتر و قووڵتر و بەرفراوانتر دەبێتەوە.

بەم پێشەکییە حەز دەکەم ئەم کتێبە تازەیەی خۆمتان ئاراستە بکەم و ئاواتەخواز بم لە خوێندنەوەی چێژ وەرگرن و لە ناورۆکەکەی شتێک بۆ قووڵبوونەوەی زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەقی ئەدەبیدا هەڵکڕێنن. ئەم کتێبەش وەک چەند کتێبی دیکەم پێک هاتووە لە چەند وتار و دیمانە. خاڵی هاوبەشی هەموو وتارەکان کە هێندێکیان بۆ یەکم جار لێرەدا بڵاو دەبنەوە و هێندێک پێشتر لە گۆڤار و کتێبی دیکەدا بڵاو بوونەتەوە، ئەدەب و زمان و خوێندەوە و ڕاڤەیە. ناوی کتێبەکەم ناوە ‘هەرچی هەیە ڕاڤەیە!”. بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی ئەم ناوە وتارێکم هەر بەم ناونیشانە لە کتێبەکەدا نووسیوە و وەک یەکەم وتاری ئەم کۆمەڵە وتارە پێشکەش دەکرێت. خوێندنەوەکانی من لە جیهانی ڕۆمان و دەقە ئەدەبییەکان و مێژووی ئەدەبی کوردی و جێگەوپێگەی ئەم ئەدەبە لە خەمڵاندنی هزر و ناسنامەی ئێمەدا، بەر لە هەر شتێک ئەنجامی ساڵانێکی دوورودرێژی کارکردنە لە بەستێنی ئەدەب و فەرهەنگ و زمان و تیۆریدا. باوەڕی خاکەڕایانەی خۆم ئەوەیە کە ئەم بیروڕایانەی لێرەدا ئاراستە دەکرێن شتێک نین جگە لە ڕاڤەیەک لە زنجیرەی لە بڕاننەهاتووی ڕاڤەکاندا. گومانم نییە ئێوەی ئازیزیش دوای خوێندنەوەی وتارەکان ڕاڤەیەکی دیکە دەخەنە سەر جیهانی هەتا ئێستا کەڵەکەبووی ڕاڤەکانەوە.

لێرەدا پێویستە سپاسی بەڕێوەبەری ناوەندی گوتار، کاک ڕەزا شەجیعی، بکەم کە زۆر بەم کارەوە ماندوو بوون. ئاواتەخوازم لە ئەرکی گرنگی چاپ و بڵاوکردنەوەدا هەر بەردەوام و سەرکەوتوو بن.

خوێندنەوەیەکی خۆش و ڕاڤەکارییەکی نوێتان بۆ بە ئاوات دەخوازم. ژیانتان خۆش و بیرتان گەش و تێگەیشتنتان قووڵ!

 پێڕستی کتێبەکە بەمجۆرەیە:

۱. پێشەکی

۲. هەرچی هەیە ڕاڤەیە

 ۳. سەدەی ڕۆمان

 ٤. بەسەرهات و ڕەهەندەکانی گێڕانەوە

٥. لە پەروەرەدەوە هەتا دونیای گێڕانەوەکان

 ٦. مەتەڵۆکی زمان و پەڕجووی مانەوە

۷. هەژاریی ڕەخنە نەک ڕەخنەگر

۸. چیا، خوازەیەک بۆ ژیان

۹. ڕۆمان و گەڕان بە شوێن شتە ونبووەکاندا

۱۰. بۆ دەنووسین؟

 هێندێک لە بەرهەمە چاپکراوەکانی دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە:

۱. نەتەوە و ڕۆمان

 

 ۲. جیهانی ڕۆمان


 

۳. گێڕانەوەناسی

٤. کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە»

 ٥. وەرگێرانی «هونه‌ری داستان»ی ده‌یڤید لاج

 ٦. وەرگێرانی «هیچ دۆستێک جگە لە چیاکانی»ی بێهرووز بووچانی

۷. «مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب»

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارەی نوێی گۆڤاری مه‌هاباد چاپ و بڵاوکرایەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *