خانه / ناساندن و ڕه‌خنه‌ / ڕانانی کتێبی چەند خوێندنەوەیەک لە مێژووی کورد

ڕانانی کتێبی چەند خوێندنەوەیەک لە مێژووی کورد

ناسنامه: چەند خوێندنەوەیەک لە مێژووی کورد: ئیمپراتووری، قەومییەت و شوناس. ژین ڕیس باجەڵان، سارا زەندی کەریمی (ئیدیتۆر)، بلاڤۆکی راتلێج، لەندەن، ٢٠١٥.

SBN: 978-1-138-88468-7

ئەم کتێبە هەڵگری کۆمەڵە وتارێکە، کە یەکەم جار لە ژمارەیەکی تایبەتیی گۆڤاری “توێژینەوە ئێرانییەکان”دا لە ژێر ناوی ” کوردەکان و مێژوویان: ڕوانگە نوێکان” بە ئیدیتۆریی هاوبەشی ژین ڕیس باجەڵان و سارا زەندی کەریمی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە لە حەوت بەش پێکهاتووە و وتارەکانی بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆژیک ڕیکخراون.

بەشی یەکەم، پێشەکیی ئیدیتۆرەکان سەبارەت بە؛ شێوازی هەڵبژاردن و ڕێکخستنی وتارەکان و مەبەستی کۆکردنەوە و یەکخستنیان لە دووتوێی کتێبیکدا لە خۆ دەگرێت.

بەشی دووهەم بریتیە لە وتارێکی جەیمس بۆریس بە ناوی “بە کارهێنانی وشەی کورد لە سەرچاوە عەرەبییەکانی چاخی ناویندا”. بۆریس لەم وتارەدا دوو قۆناغی بەکارهێنانی وشەی کورد لە یەک جیادەکاتەوە. قۆناغی یەکەم، قۆناغی هاوتەریب لە گەڵ “بەربەرەکانێی عەرەب و عەجەم” و گرێدراو بە چەمکەکانی “کۆچەری، بەدەوییەت و ئەعرابی” و قۆناغی دووهەم، قۆناغی جێگیربوونی وشەی کورد وەک ناوێکی تایبەتی قەومی لە ناو دیکەی گرووپەکاندا… بنەمای پتەوی تیۆریکی و بەکارهێنانی ڕەخنەگرانەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە وەک گوتارێکی بە هێز و پڕسوود دەربکەوێت.

بەشی سێهەم بە نووسینی مایکل لیزەنبرگ لە ژێرناوی “عەلی تەرەماخی و خۆماڵیکردنی فێرکاریی حوجرەیی لە کوردستاندا”؛ تیشک دەخاتە سەر، سەرهەڵدانی “ئایدۆلۆژییە زمانییە نوێکان”ی سەدەی هەژدەهەمی زایینی، وەک پێش مەرجێکی بنەڕەتیی نەتەوەخوازیی زمانی”. خوێندنەوەکە لەسەر لێکدانەوەی کتێبی “تەسریف”ی عەلی تەرەماخی بیچمی گرتووە.

بەشی چوارەم بە قەڵەمی سەبری ئاتەش، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گشتگیرە سەبارەت بە شۆڕشی نەقشبەندییەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (١٨٨٠-١٨٨١ز). بەشی یەکەمی وتار، گێڕانەوەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیرە لەم شۆڕشە و بەشی دووهەمی خوێندنەوەیەکی شیکاری و ڕاڤەییە لە ویست و ئامانجەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و لێکدانەوەی رەهەندەکانی بزاڤ.

لە بەشی پێنجەمدا، هاروون یەڵماز لە وتارێکدا دادەبەزێتە سەر “سەرهەڵدانی کوردستانی سوور” لە ناوچەی کوردنشینی هەرێمی “لاچین”ێ کۆماری ئازەربایجان، لە درێژەی دوو دەیەی سەرەتایی یەکییەتی سۆڤییەتدا. هەرچەند تا ڕادەیەکی زۆر، بە پێچەوانەی ناوی وتارەکە، کرۆکی بابەتەکانی بریتییە لە شێوازی گەشەی فێرکاریی زمانی کوردی لە کۆماری سۆشیالیستی ئازەربایجاندا.

لە بەشی شەشدا، سەرهات بوزکورت “بەردەوامی و دابڕان” لە سیاسەتەکانی نیشتەجێکردنی کوردان لە دواقۆناغی سەردەمی عوسمانی و قۆناغی سەرەتایی کۆماری تورکیا دەخاتە بەر خوێندنەوە. بوزکورت بە میتۆدی بەراوردکارانە دوو کۆمەڵە دیکۆمێنتی دەستووری، کە بریتین لە: یاسای کاری پەسەندکراوی ١٩١٦ز کۆمیتەی یەکییەتی و پێشکەوتن و قانوونی ١٩٣٤ز سەبارەت بە سیاسەتەکانی نیشتەجێکردنی حکوومەتی کۆماری تورکیا، تاوتوێ دەکات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات.

لە بەشی حەوتەمدا، جوردی تەجەل چاڵاکییە فەرهەنگییەکانی ڕۆشنبیرانی ناوداری دوورخراوە بۆ وڵاتی سوریا و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ بەرپرسانی فەرەنسیی دانیشتوووی سوریا تاوتوێ دەکات. نووسەر لەو باوەڕەدایە کە دوای شکستی شۆڕشی ئارارات (١٩٢٦-١٩٣٠ز) ئەم ڕۆشنبیرانە “رینسانێکی کولتوورییی کوردی” هاوشێوەی مودیلی ئەرمەنییان رێکخست… کە لە گەڵ بەرنامەکانی بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری فەرەنسا، یەکیان دەگرتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی سەبارەت بە بابەتە کۆکراوەکانی ئەم کتێبە دەکرێت وەها بدوێیت: لە کاتێکدا کە بە هۆی بازنەی درێژی مێژوویی وتارەکان، بابەتەکان لە ڕوانینی یەکەمدا دوورن لە یەکگرتوویی و هاوشێوازیی پێویست، بەڵام کێشە و پرسی سەرەکیی کتێب، واتا؛ شیوازی مێژوونووسی کوردان بە میتۆدی نوێ، بە سیمایەکی دیار لە تەواوی کتێبەکەدا دەرکەوتووە. لە هەمووی بەشەکاندا، نووسەران هەوڵدەدەن تاکوو بە مێتۆدێکی نوێ پرسیارە کۆنەکان هەڵسەنگێنن.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە – کتێبی کارڵ» بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *