خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەزموونی وەرگێڕانی «ئاوا ئاخافت زەردەشت» لە یادداشتێکی وەرگێڕدا

ئەزموونی وەرگێڕانی «ئاوا ئاخافت زەردەشت» لە یادداشتێکی وەرگێڕدا

 

ناسنامە: “ئاوا ئاخافت زەردەشت: کتێبێک بۆ هه‌مووان و هیچ که‌س”، فریدریش نیچه‌، وه‌رگێڕ: هادی محه‌مه‌دی، چاپەمەنی “کانی کتێب”، سنه‌ ساڵی چاپ: ۱۳۹۵

ئەزموونی وەرگێڕانی ” ئاوا ئاخافت زەردەشت” لە یادداشتێکی وەرگێڕدا

 

هادی محه‌مه‌دی(وەرگێڕ)

“فریدریش نیچە وەک دیاردەیەکی کاریزماتیک، وەک چەشنێک بوومەلەرزە و مەزنترین رووداوی فەلسەفی سەدەی نۆزدەهەم و تێکڕای مێژووی فەلسەفە دەناسرێت.”
(Philosophiegeschichte, Volkker Steenblock)

ئه‌من به‌م کتێبه‌م گه‌وره‌ترین دیارییه‌کم به‌ مرۆڤایه‌تی داوه‌ که‌ تا ئیستا پێی دراوه‌.
(F.Nietzsche, Eco Homo , Vorwort.)

لە بیست ساڵی ڕابردوودا، چوار- پێنج جار ویستبووم کتێبی “زەردەشت”ی نیچە بخوێنمەوە، بەڵام تەنیا دوایین جار توانیم تا کۆتایی بیخوێنمەوە. چوون ئەم کتێبە، کتێبێکە بۆ هەمووان و هیچ‌کەس! دوو ساڵ پێش ئێستا دەستم کرد بە وەرگێڕانی، بەڵام خوێندنەوە لە کوێ و وەرگێڕان لە کوێ! کاتێ بەرهەمێک وەردەگێڕی، ئەگەر بە دڵ و گیان هەڵتبژاردبێ، دەبێ بە بەشێک لە گیان و ژیانت. ئێستا زەردەشتی نیچە بۆ من ئاوایە. ڕەنگە تا دوا هەناسەش لەگەلما بێت.

بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە سێ سەرچاوەی ئاڵمانی، ئینگلیسی و فارسیم لە بەردەستا بووە. ئەڵبەت دەقی ئاڵمانیم کردۆتە بنەما. بەپێی ئەزموون، ئەگەر بەرهەمێک لە زمانی دووهەم و سێهەمەوە وەربگێردڕێ، زۆرێک لە وشە و ماناکان دەشێوێن و دەگۆڕێن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لە ئەزموونی وەرگێڕی زانای ئێرانی، داریوش ئاشوری، زۆر سوودم وەرگرتووە. هەروەها بەشێک لە هەڵەکانی ئەویشم ڕاست کردۆتەوە. جگە لەمەش، لەو شوێنانە کە دەقی ئۆرژیناڵ دژوار بووە و دەقی فارسیش ناڕۆشن، هانام بۆ دوو دەقی ئینگلیسی “توماس کامۆن” و “ڤاڵتێر کاوفمەن” بردووە. بەتایبەت دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە کاوفمەن پسپۆڕی “نیچەناسی”یە. هەر ئەویش بوو کە گزنگی بیر و فەلسەفەی نیچەی لەژێر تەم و مژی ئیدیۆلۆژیک دەرهێنا.

خوێنەری وشیار ئەگەر پەراوێزەکان و فەرهەنگۆکی کۆتایی ئەم کتێبە ببینێ، کەم تا زۆر لەگەل مێتۆد و مکانیزمی ئەم وەرگێڕانە ئاشنا دەبێ. لە هەندێ بابەتدا کە زۆر ئاڵۆز بووە و تەنانەت وەرگێڕی ئینگلیسی، “ت. کامۆن”یش، بەهەڵەدا چووە، لە مامۆستای زمانی ئاڵمانیم پرسیوە و کێشەکەم بەمجۆرە چارەسەر کردووە. چوون زمانی ئاڵمانی، زمانێکی زەنگین و گرانە و، بۆ ئەوەی بە باشی فێری ببی، یان دەبێ زمانی دایکیت بێ، یان “گێرمانێستیک”ت خوێندبێ.

بۆوەی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە پوخت و پاراو بێ، ڕەنگە زیاتر لە دە جار ئێدیتم کردووە. جارێکیش هەر سێ دەقی کوردی و فارسی و ئاڵمانی م، ڕستە بە ڕستە و، لە هەندێ بابەت دا، وشە بە وشە بەراورد کردووە، سەرەڕای ئەمەش، ئەگەر تەمەن مەودا بدات دیسانیش ئێدیتی دەکەمەوە.

وەرگێڕانی شاکارێکی فەلسەفی وەکوو “زەردەشت”ی نیچە کارێکی هەروا سووک و ئاسان نییە، بە وتەی ڤۆلکێر شتین بلۆک، زمانی نیچە زمانێکی هۆنەرانە، هارمۆنیک و پێغەمبەرانەیە… لە سەردەمی مارتین لووتێر (۱۵۰۰-ز) بەملاوە، تا ئێستا کەس نەیتوانیوە وەکوو نیچە لە زمانی ئاڵمانی دا بە ترۆپک بگا.” کەوایە، ئاخۆ زمانی کوردی دەرفەت و توانای وەرگرتنی ئەم بەرهەمەی هەیە؟ ئەمن بەپێی توانا هەوڵم داوە ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنم و بە زمانێکی ڕەوان، بەهێز و هارمۆنیک ئەم بەرهەمە لە کوردی دا دابڕێژمەوە. بۆ ئەم مەبەستەش جگە لەوەی کە وشە و دەربڕینی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی، یانی سۆرانی، گۆرانی، کرمانجی، کەلهوڕی، هەورامی و زازایی م بەکار هێناوە، تەنانەت لە هەندێ بابەت دا بەناچار هانام بۆ زمانی مادی ئەڤێستاییش بردووە. یان لە هەندێ شوێندا بە لەبەرچاوگرتنی فۆرم و مکانیزمی زمانی کوردی، وشەی تازەم داهێناوە. شێواز و چۆنیەتی ئەم کارەشم لە فەرهەنگۆکی کۆتایی دا باس و ڕاڤە کردووە. تا خوێنەری خاوەن زەوق چۆنی ببینێ…

ئەو ناوەش کە سەرئەنجام بۆ کتێبەکە دامنا: “ئاوا ئاخافت زەردەشت”، لە “وەهای گوت زەردەشت” و “وای وت زەردەشت” زۆر بەهێزتر و بەشکۆترە.

خوێنەر بۆ ئەوەی باشتر لەم بەرهەمە مەزنە تێبگات، باشتر وایە کە لە پێش دا فەرهەنگی وشەکان لە کۆتایی کتێبەکەدا ببینێ. هەروەها دەبێ ئەوەش بێژم کە بۆ رێکخستنی پەراوێزەکان، کە بۆ فامکردنی ئەم کتێبە زۆر پێویستن، هەم لە کاری بەنرخی ئاشوری و هەم لە سەرچاوەکانی تری زمانی ئاڵمانی و ئینگلیسی سوودم وەرگرتووە.

بۆ ناساندنی ئاستی گرنگیی فەلسەفی، ئەدەبی و هونەری ئەم بەرهەمە، وتەکانی خودی نیچەم سەبارەت بەم کتێبە لە بەرهەمی “ئێکۆ هێمۆ” وەرگێڕاوە و لە سەرەتادا هێناومە.
پێشتر ئەم کتێبە دوو – سێ جار بە کوردی تەرجمە کراوە، بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بێژم کە وەرگێڕەکان تەنانەت نەیانتوانیوە پەیام و ماناش بە باشی وەربگێڕن. چونکە زمانی کوردیش بەباشی نازانن، تا چ بگات بە زمانی ئاڵمانی؛ هیچیان سەرنجیان بە فۆرمی زمان نەداوە، تا چ بگات بە لایەنی جوانیناسی و دەروونناسی!

لە کۆتایی دا دبێژم: لەم سەردەمەدا کە ژیان و گیانی زۆرینەی مرۆڤ داڕزیوە و دەروونی ڕەش داگەڕاوە، خوێندنەوەی زەردەشتی نیچە دەتوانێ باشترین هەتوانی دەروونناسانە بێت. هیوادارم ئەم بەرهەمە بە باشی چاپ بکرێت و بە دەستی خوێنەرانی بگات.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

رێ‌وڕەسمی «لێکدانەوەیەک لەسەر وێژەی هاوچەری هەورامی» لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو

یک نظر

  1. ناسێح نە قشبە ندی

    ڕێز وسپاسم هه یە بۆ بەرپرسانی ئە م باس وتەوەرە گرنگە، زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینی ئە م کارە جوانانە، بە تاێبە ت بۆ جە نابی کاکە هادی موحە مە دی و هه ڤاڵانی دیکە، بە ڵام ئە سە فم بۆ ئەوەیە کە ئەم کتێبانە بۆ ئێمە کە لە ڕۆژهه ڵات کوردستان دە ژین بە هاسانی ناگاتە دە ستمان تا بزانین زە حمە تی دۆستان لە چ ئاستێکایە،بە تاێبە ت وەرگێڕانی کتێبە فەلسەفیە کان ، بۆیە وەرگێڕ دە بێت بە سەر هه ردوو زمانە کەدا زانیاری تەواووی هه بێت. کتێبی ئاوا ئاخافت زەردە شت، سێ نەفەریتر وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی ، بە ڵام بە داخەوە، بە لای بابەتەکەدا نەڕۆیشتوون، حە تا داریووش ئاشووریش وەرگێڕی فارسیش بە تەواووی بۆ نەڕۆیشتووە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *