خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «ماڵی بوون»؛ یاداشتێکی کورت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە

«ماڵی بوون»؛ یاداشتێکی کورت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە

 

«ماڵی بوون»

یاداشتێکی کورت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە

گوڵاڵە دروودیان

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەیەکی پڕ پێچ و پڵووچ وەکوو زمان چێژبەخشە و لە هەمان کاتدا مەترسیدار. “شێخی ئیشڕاق” (شهاب الدین یحیی سهروردی) لە “کلمة التصوف”دا دەڵێ: لە مەحشەردا، کاتێ کە پەردەکان لادران، لەهەر هەزار کەس، ٩٩٩ کەسیان کوژراوی دەستی وشەکانن(نحن قتیل العبارات).

ئەم کوژرانە ڕەنگە بەهۆی تێنەگەیشتن بێ؛ نەگەیشتن بێ؛ یان ڕەنگە بە هۆی!

بە چاونووقاندن بەسەر مەبەستی سەرەکیی “سۆهرەوەردی” لەم ڕستەیەدا و ئەوەی کە هەر مەبەستێکی خوازەیی، هەڵگری ماناگەلی جۆراوجۆرە و هەروەها ئەوەی کە بێ‌گومان هەر خوێنەرێک و هەر دەورەیەکی مێژوویی ئیمکانی ئەوەی هەیە کە مانایەکی نوێی لێ وەرگرێ یان ماناگەلی دیکەی لەسەر دانێ، ئەو واقیعە کە حاشاهەڵنەگرە، گرنگی چەمکی زمانە لە پێوەندی لەگەڵ بوونی مرۆڤ‌دا. کاتێ کە فەیلەسوفێکی تر لە ناخی کولتوورێکی دیکە و لە ئاستێکی تری مێژووییدا بانگ هەڵدێنێ کە زمان “ماڵی بوونە” کە مرۆڤ تێیدا سەقام دەگرێ، ئەو واقیعە زۆر ڕوون‌تر خۆی دەنوێنێ.

وردبوونەوە لەم ڕوانینانە، نزیک بوونەوەیە لە قووڵایی چەمکی زمان و چییەتی ڕاستەقینەی ئەو و لە هەمان کاتدا بەرچاوتر بوونەوەی ڕۆڵی تۆخی زمان لە بوونی مرۆڤ‌دا، بە واتایەکی تر، مرۆڤ لە دڵی زماندایە کە مانا وەردەگرێت؛ مانا دەبێتەوە و شوناسی پێ دەبەخشرێ؛ بێ زمان، مرۆڤ هیچە و تەواو.

ئەمە لە ڕوانگەی “سۆسۆر”ییەوە باس لەسەر زمانە بە مانا عامەکەی، ” فێردینان دۆ سۆسۆر” باس لەوە دەکات کە زمان (langue) دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە ئاخاوتن و قسە کردندا(parole) وەکوو شێوازێکی مادی خۆی دەنوێنێ؛

بەم پێیە “زمانی دایک” ئەو زمانەی پێی ئاخاوتن دەکرێ، هەر ئەو ماڵی بوونەیە کە شوناسی مرۆڤ تێیدا مانا دەگرێت و گرنگی بابەتەکە هەر لێرەدایە: زمانێک کە دایکە، بە واتایەک ناسنامەی تۆیە و، بگەڕێینەوە سەر تەعبیرەکەی هایدێگەر: “ماڵی بوون”.

جا ئێستا بۆ تاکی کورد، زمانی دایک وەک “ماڵی بوون”، چۆن مانا وەردەگرێ و دەردەکەوێ؟

منی تاکی کورد لە ماڵی دایکی (و باوکی)دا فێری کوردییەکی ناتەواو دەبێ لەژێر هەژمونی تەواوەتی زمانێکی نامۆدا (فارسی، عەرەبی، تورکی…). بەو زمانە نامۆیە فێری خوێندن و نووسین دەبێ و “بوون”ی داگیرکراوی لەژێر دەسەڵاتی ئەو زمانەدا تا ڕادەیەک بووە کە لە تەواوی ژینیدا هەر بەو زمانیشە بیری کردووەتەوە (بەشی زۆر مەترسیداری باسەکە!).

جا ئێستا ئەگەر خوێندنەوەیەک لەسەر شوناس و زمان و – باشتر بڵێم: – بوونی منی کورد بکرێت، ئاخۆ دەبێ لە “ماڵی بوون”ی خۆیدا سەقامی گرتبێت یان لەتێک لە ئەو هەمیشە لە کۆچدا بێ – یان بە واتایەکی باشتر – لە کۆچ درابێ؟

وەی لەو ڕۆژەی مرۆڤ لە بوونی خۆی کە زمانی دایکە کۆچ درابێ و یەخسیری “شوناسێکی چل تیکە” بێت! ئەمەیە چارەنووسی حەتمی مرۆڤی کورد بە هۆی جەبری جوگرافیا و مێژووی مێزۆپۆتامیاییەوە. جا ئەم مرۆڤە کە لە “ماڵی بوون”ی خۆیدا تووشی هەڵوەدایەکی هەتاهەتاییە و دوور نییه که له زۆر جێگەشدا کوژراوی دەستی وشە بێت(به هۆی ئەوەی نە بەشێکی تەواوی لە “زمانی دایک” ی بەرکەوتووە و نە لە زمانی دووەمدا بوونێکی بۆ خوڵقاوە و لەوانەیە تێنەگەیشتبێ و هەر نەگەیشتبێ!) ئاخۆ کاتێ کە “دێریدا” وتەنی، زمانی مرۆڤەکە جیهانی ئەو دروست دەکات، بۆ تاکێکی وا، دونیا و جیهانی ئەو چۆن بەرهەم دێت و لەم دونیایەدا چۆن خۆی بۆ دەدۆزرێتەوە و بە چ شێوەیەک خۆی دەنوێنێ؟

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ژنه‌فتن

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

وەرگێڕانی دەقی زانستی یان سەقەتکردن و لە خشتەبردنیی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *