خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیێک لەسەر چیرۆکی خەونی جاڵجاڵۆکەکان نووسینی «شێرزاد حەسەن»

خوێندنەوەیێک لەسەر چیرۆکی خەونی جاڵجاڵۆکەکان نووسینی «شێرزاد حەسەن»

چیرۆکی خەونی جاڵجاڵۆکەکان «شێرزاد حەسەن»

هاجەر هووشیار

لە سەرەتادا باس لەسەر پێکهاتەی چیرۆک دەکەم؛ گۆشەنیگا و کەسایەتییەکان لەباری دەروونناسییەوە دێنمە بەرباس و دواتر دوو فەلسەفەی لەبەرچاوی چیرۆک تاوتوێ دەکەم؛ یەکەم عەشق و دووهەم فەلسەفەی خولقان.

گۆشەنیگا لە چیرۆکدا :

.بگێڕەوەی چیرۆک یەکەم کەسی تاکە و خۆی لە ناوەندی تەواوی ڕووداوەکان دادەنێ کەوایە تەواوی ئەو بەسەرهاتانەی کە بۆی پێش دێ، دەگێڕێتەوە. یان ئەوەیکە ڕووداوەکانی دیکە دەکاتە بیانوویەک تا بتوانێ دەروونی خۆی تاوتوێ بکا. چیرۆکنووس لەم گۆشەنیگایەدا گرنگی دەدا بە ئەزموون و تەجرووبە و زانستی خۆی لە هەموو شتێکدا و هەروەها ئینسان و ڕووداوەکانیش. هەوڵ دەدا بە گۆشەنیگای ئیعتڕافی، ڕوح و زەینی خۆی ئاشکرا بکا و تا ڕادەیەک کەسایەتییەکانی دیکە دەکاتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خۆی.

لێرەشدا قارەمانی چیرۆک، ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، واتە باس لەسەر حەز و خولیای بۆ زانین لەبارەی ژیان، لەدایکبوون و تێکەڵاوی ئەویندارەکان. باس لە دنیای دوورەدەستی خەونەکان دەکا و وەکوو هێمایەکیان دەبینێ کە بە هیوان نهێنییەک بدرکێنن. یان خود وەکوو هەستێکی سەرکوتکراو لێیان دەڕوانێ. لە خەونیدا لە ڕۆحی خۆی دەگەڕێ کە تێکەڵ بە سروشت و جیهان بووە. خوازیاری دۆزینەوەی سەرەتای ژیانە. پرسیارێک کە لە منداڵییەوە کەوتووەتە نێۆ مێشک و زەینی. وەڵامی دایکی لەم بارەیەدا ڕازی ناکا و لە کاتی مێرمنداڵییدا لە نێو پەرتووکەکاندا بۆ دۆزینەوەی ئەم نهێنییە دەگەڕێ .پرسارێک کە بۆتە هۆی پێکهاتنی فکرێکی فەلسەفی لە تەواوی چیرۆکەکەدا. بە بروای من فەلسەفە لە نێو چیرۆکەکەدا زاڵە. لە سەرەتای پشکنینەکانی، لە ئایینەکانەوە دەست پێ دەکا و کاتێک وەڵامی گونجاویان نادەنێ ڕوو دەکاتە کۆمەڵناسی، مێژوو، دەروونناسی… دنیای ئەدەب و هونەر. هەموو ئایینەکان باس لە گوناهی یەکەم دەکەن، گوناهێک لە پێناو هەواو و هەوەسی دایە حەوادا. خودای ئایینەکان کە ” ساتێک مێهرەبانە و ساتێک تووڕە ” لەبەر ماچێک ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەر دەکا و دەیان نێرێتە ئەرزی. بە بڕوای ئایینەکان، ئێمە تا ڕۆژی قیامەت هەر لە ئیمتحانی ئیلاهی داین. شێرزاد حەسەن بەم بۆچوونە دەڵێ: گەمەی ئازادی.بەم بۆنەیەوە باوەڕە ئایینییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە چیرۆکدا ، جیا لە ناوی ناوداران، هیچ کام لە کەسایەتییەکان ناویان نییە، جگە لە هاوسەری قارەمان و مەلایەک کە لە لای ئەو، فێری قوڕئان خوێندن بووە.  “پاکیز ” ناوێکە پڕ بە پێستی خاتوونی چیرۆک. دەتوانێ جۆرێک بەرەنگار بوونەوە بێ بۆ بیروباوەڕە ئایینییەکان؛ واتە حەوا لە گوناهی یەکەمدا تاوانبارە. هێنانی پاکیز و دایکی هاوکات لەگەڵ یەکتر، ئەم هاوبەشییە لە گوناهدا نیشان دەدا. ” گوناهی یەکەم بوو بە دوا خولیا و خووی خەراپم. ” ناوی دووهەم” یونس” ـە،هەڵبژاردەی خودا کە لە زگی ماسیدا لە نێو دەریا ژیابوو، ئەویش دەتوانێ ئاماژەیەک بێ بۆ فەلسەفەی بەدیهاتنی جیهان لە ئاو، کە دواتر دەیهێنمە بەرباس.

لە چەند جێگادا بە پرسیارێک لە خوێنەر، بەردەنگەکەی تێکەڵاو بە هەست و ئاڵۆزییە فیکرییەکانی خۆی دەکا. بۆ وێنە ” ئەمە خودی گەمەی نێوان ژیان و مەرگ بوو کە سەرەتا و کۆتاییەکەی خەونێکی سەیر و سەمەرە بوو کە ئەگەر ئێستا بۆتانی دەگێڕمەوە ئێوەش بڕوام پێ ناکەن چونکە ئێوەش لەگەڵمدا ون دەبن.” خوێنەر خولیای دۆزینەوەی گرێ‌و‌گۆڵییەکان دەبێ و بە باس نەکردنی خەونەکە تەعلیق سازدەبێ. گەرچی جاروبارە هەست بە درێژداڕی و ماندوو بوونیش دەکردرێ. یان لە بەشێکی دیکەدا لە بەردەنگی دەوێ لەسەر کەسایەتی بگێڕ دادوەری بکا، کەسایەتییەک کە تاکوو ئێستا بە باشی نەناسراوە و ئەوەش دەتوانێ خوێنەر تامەزرۆی ناسینی خۆی بکا. ” کەس نەما تەریقم نەکاتەوە،کەس نەما بە بێڕەوشت و بەدنیهادم نەزانێ… کەس نەما ڕێنماییم نەکات. لەوەی کە ئەو حەز و خولیایەی من ناشیرین و چەپەڵە، ئێوە دەڵێن چی؟ “

دەروونناسی کەسایەتییەکان لە  نێو چیرۆکدا:

تەنیا دوو کەسایەتی لەبەرچاو لە چیرۆکدا هەیە کە جاریوایە ڕاشکاوانە و هەندێ جاریش بە پێچ و پەنا دەیناسێنێ. دوو کەسایەتی کە لە باری دەروونییەوە دژ بە یەکن.  کاتێک لە زمان “پاکیزە”وە دەڵێ دەتهەوێ بە ” سادیم ” ـم لە قەڵەم بدەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ نا من خۆم کابرایەکی ” ماسۆشی “ـم. لە کاتی جاڵجاڵۆکەبوونی “پاکیز” دا، ئاسەواری نەخۆشی سادیسمی دەبیندرێ بەم جۆرە کە مەیلی لە ئازارگەیاندنە بە بەرامبەرەکەی، چ ئازاری جەستەی بێ، یان ڕووحی لە کاتی سێکسدا؛ تەنانەت ئەمانە دەبێتە هۆی چێژوەرگرتنی. بەڵام ماسۆشی یا مازۆخیسم ڕێک پێچەوانەی نەخۆشی سادیسمە، بەم جۆرەی کە خۆی چێژ لە ئێش و ئازەرەکان دەبا. ئەوان هەموو کات بە دوای سادیسمییەکانن لەبەر ئەوەیکە تەنیا بە بوون لەگەڵ ئەوانە کە چێژە دەروونییەکەیان پێ دەبەخشرێ.

بە واتایەکی تر سووکایەتییان پێ ‌دەکرێ و لەبەر ئەوەی متمانەبەخۆییان کەمە، تەنانەت پێیان خۆشە بێ‌ڕێزیشیان پێ بکردرێ. ئەم کەسانە لە ڕوانگەی فڕۆیدەوە لە دەورانی منداڵیدا بە ئەزموونێک پێیان سەلمێندراوە کە بۆ چێژ وەرگرتن لە سێکس، دەبێ ئێش و ژان ببینن. بۆیە کاتێک باس لە قووت دانی خۆی لە لایەن پاکیزەوە دەکا، دەڵێ” ئازارم پێنەدەگەیشت، بەڵکوو پێم خۆش بوو…ختووکەم دەهاتێ و قدیلانەم دەبۆوە.. سڕوسستی ئەم لەزەتەی تێکەڵبوون … ئاسوودە و ئارام دەنێو ئەم وێڵاشەدا بزربوون … ژیان دوور لە مەترسی … ملکەچکردن لەو ساتەوەختەدا گەورەترین ئازایەتی بوو..”

فەلسەفەی خولقاندن:

باس لە فەلسەفەی بەدیهاتنی جیهان لە ناوەڕۆکدا لەبەرچاوە . فەلسەفەی عەشق و هێماکانی پێوەندیداری لەگەڵ ئەم فەلسەفەیە ڕوونە. فەیلەسووفەکان ڕوانگەی جیاوازیان هەیە سەبارەت بەوەیکە مادەی سازکەرەوەی دنیا چییە. بۆ وێنە تالێس دەڵێ چونکە هەموو شت لە جیهاندا شێدارە و تووی هەموو شت نمی هەیە کەوایە مادەی سەرەکی جیهان “ئاو”ە؛ کە لە چەند جێگەی چیرۆک ئەم ڕوانگە فەلسەفییە دەبیندرێ وەکوو ئەم بەشانە:  دواجار بە تۆ ناو هەناوم تا ئەبەد تەڕ دەبێتەوە. دەگەیتەوە دڵم و لەوێوە جارێکی دیکە دەڕژێیتەوە ناو هەر هەموو ئازای جەستەم. هەستم بە تەوژم و شەپۆلی خوێنت دەکرد کە لە هەر دوو گوێم، زەریایەک لە ناو تۆدا کەوتبووە سەر نرکە و ناڵە. تاوێک دەبووی بە دەریا و دەخزامە ناوت و بە هەموو لایەکدا سەربەستانە مەلەم دەکرد….لە چڕی قەوزە کە ڕەنگ و بۆنی منداڵدانی دایکمی دەخستەوە یادم ، دڵی تۆ و دڵی زەریاکە بەیەکەوە و لەسەر هەمان ڕیتم لێیان دەدا.”
دنیای نێو منداڵدان، تووی منداڵ کە لە ئاوە،دەریای دەوری پز کە زیندووی ڕادەگرێ،بەواتایەک پێداگرە کە ژیان لە ئاو خولقاوە.

بە بڕوای ئاناکسی مێندێر جیهانی بوونمان مەکۆی شەڕاشۆی چۆنییەتە دژبەرەکانە. چوار چوێنییەتی سەرەکیمان لە نێوانیاندا هەیە واتە گەرم و سارد ، شێدار و ویشک. کە دیسان لە چیرۆکدا نموونەی هەیە” چاوم لە تاریکی دۆڵانەکەت دەبڕی…تا ناو هەناوتم دەدی،دەرەوە سارد و ئەویش گەرم.لە سەد لاوە ئاو و خوێن ساردی و گەرمیان لێک دەدزی. تۆ بزانە گەرمی خوێنی من بۆتۆ چ گۆمێکی پڕ لە خوێنی ساردی لەم ناوە درووست کردووە.”

بە باوەڕی ئاناکسی مێنێس، هەوا مادەی سەرەکی جیهانە و بەشێکی چکۆلە لەم هەوێنە لە لەشی ئاژەڵان یا مرۆڤدا دیلە و نەفسی ئەو ساز دەکا. تۆ موعجیزە بوویت. فوویەکت لە مێشەکە کرد و زیندوو بووە و فڕی.”

خودا لە حەوت ڕۆژدا دونیای خولقاندووە یان درووستترە بڵێین لە شەش ڕۆژدا و لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی داوە.بۆیە لە بەعزە ئایینێک ڕۆژی حەوتەمی حەوتوو دەست لەکار هەڵدەگیرێ. ئاماژە بە ژمارەی حەوت لە چیرۆکدا، هێمایەکی دیکەی خولقانە کە نیشان دراوە “: چونکە هەمیشە لەسەر سەعات حەوت قورمیشم دەکرد.”

فەلسەفەی عەشق:

بە بێ‌وردبوونەوە دەبینین کە ناوەڕۆکی چیرۆک لەباڕەی عەشقەوەیە. هەڵبەت عەشقێکی ئاسایی نا، بەڵکوو تا ئەوپەڕی ژیان دەڕوا. هۆی ئەم جیاوازییە چیە؟ چ سوڕێک بووەتە هۆی دنەدانی قارەمانەکان بۆ تێکەڵاوییان؟

ئێسپینۆزا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە هۆیەکی دەرەکی بووەتە سەرچاوەی چێژوەرگرتن لە عەشق کە هەرچەندیش لە پلەیەکی بەرزدابێ، دیسان هۆکاری جێنسی هەیە. لە ڕاستیدا عەشق هەمان غەریزەی جێنسییە،بەڵام بە شکڵێکی سەربزێوتر یان باشترە بڵێین ڕاشکاوانەتر.

تێکەڵاوی و جووتبوون ڕازە و ئەوە هۆی دڵڕفێنییەتی. شەرم و حەیا وەکوو نەریتێک بەرگری ئاشکرابوونییەتی،بەڵام لە چیرۆکدا پێچەوانەیە کە ئەوەش لە پێناو هۆکارێکی پیرۆزە. ئیرادەی حەیات واتە ژیانی بەرەی داهاتوو بێ ئەوەی لەسەر کەسێکی تایبەت چڕ بێتەوە لە ڕواڵەت غەریزەی جێنسیدا، خۆی وەدەردەخا.ئەم غەریزەیە زۆر شارەزایانە، ئاگادارانە وەدەردەکەوێ بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ بڵێین ئەمە پێویستی ڕووحێکی نائاگایە. بۆیەش چاری نیە و فێڵی لێ دەکردرێ. دایکی سروشت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستی بەم چارەسەرییە هەیە.

عەشق لە خودی خۆیدا زاڵبوونە لەسەر دڵدار. بەرەی داهاتوو لەژێر تەواوی ئازار و کێشە و گرفتە عەشقییەکاندا خۆیان بە سەر ژیان، دادەسەپێنن. بۆیەش پاکیز، دنیای خۆی و هاوسەری بەرتەسک دەکاتەوە. لە هەموو دنیای دەرەکی دوور دەخاتەوە و ماڵێکی تایبەتی و تاکەکەسی بۆ ساز دەکا و ئیزن نادا کەس پێوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی بگرێ. لێرە گورگ‌ئاوڕێکیش لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق دراوەتەوە. ئەخلاقی ئاکامخوازی و قازانج‌خوازی.

دوای تێکەڵاوی ژن و پیاو ،تاکەکەسییان لەکیس دەچێ و ژیان بەم تێپەڕینە بەردەوامە. ڕەگەز بۆ زیندوومانی خۆی، “مێ ”  کوێیلە دەکا و ” نێر “‌یش کە دەیهەوێ بەجۆرێک خۆی لەم دیلییە ڕزگار کا، بە چەشنێکی دڵتەزین لەناو دەبا. ئەگەرچی ” نێر ” لێرەدا دەمرێ، بەڵام “مێ” ناچارە تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کا بۆ منداڵبوون و گەورە کردنی و بەردەوامیی ژیان.

هەڵبەت دەتوانین بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییەوە لێی بڕوانین، ئەویش باسی تاکە لە بەرامبەر کۆمەڵگادا؛ بەمجۆرەی کە ئایا تاک بە بایەخترە یان بوونیان لە پێناو بەردەوامی کۆمەڵگایە.

قارەمانی چیرۆک کێشەی تێکەڵاوی ژن و پیاوی لێ بووەتە گرێیەکی گەورە و تەواوی هەوڵی ئەوەیە تاکوو ئەم گرێیە بیکاتەوە. تەنانەت لە جووتبوونی ئاژەڵانیشدا ورد دەبێتەوە. لەم بەینەدا لە ڕازی عەشق تێ‌دەگا و دەبینێ کە هێزێکی بێ‌وێنە هەیە بۆ ڕاکێش‌کردنی نێر و مێ بۆلای یەکتر. ئەمە ئیرادەی بەرەی داهاتوویە کە لێکیان نیزیک دەکاتەوە. دڵداریی بوونەوەرەکان جیاوازە و ئەوەش هیچ پێوەندییەکی نییە بە پلەبەرزیان و تەنیا خووی بوونەوەرەکانە بۆ ئیرادەی ژیانی بەرەی داهاتوو. چونکە مرۆڤ غەریزەی کەمترە لەچاو ئاژەڵان؛ ڕەنگە نەیهەوێ بچێتە ژێر ڕکێفی ئەم ئیرادەیە، بە ڕەنگاڵەی عەشق فریو دەدرێ.هەرکاتیش چەمکی زانست و ئاگاداری ببێتە هۆی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ئیرادەیە، مرۆڤ تووشی گیر و گرفت دەبێ. هەروەکوو قارەمانی چیرۆک کە بۆ گەیشتن بە زانیاری، هێمنی و ئاسوودەیی لە ژیان دەتارێ.

کۆی بیرۆکەی شێرزاد حەسەن لە بەشی کۆتایی چیرۆک دەبینین، ئەویش ئەوەیە ئێستا کە تاک لێرەدا جیا لەڕەگەزی دەبێتە قوربانی کۆمەڵگا، ئایا توانیوییەتی دەروەستی بێ؟ ئەم ڕەشەبایەی کە باسی دەکا چییە؟ڕەشەبای نەزانیە؟نائاگاداری مرۆڤ؟ کەمتەرخەمی سەبارەت بە هاووڵاتی، ڕەگەزیان سروشت؟ دنیای مرۆڤ، بازنەیەکی نەزانییە و خووگرتن بە ژیانی ڕۆژانە و هەموو چەنگ و چەڵەمەکانی. مرۆڤی ئێستا نایهەوێ ببیستێ و ببینێ. مستی قووچاوە و دەستی بۆ یارمەتی بۆ لای کەس ، ڕانادێرێ، تەنانەت لەمەڕ ژیانی خۆشی ساردووسڕە.بیرووکەی نێهێلیزم بەو ڕستەیە دەردەبڕێ: من ملکەچی دواچارەنووسی خۆمم.

لە کۆتاییدا خەو و مردن بەرامبەرن. ئەوە لە کاتێکدایە کە خەو دەتوانێ هێمایەک بێ لە بێئاگایی ئینسان.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *