خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کوانووی کەلەپووری هەوشار؛ رێزنامەی میرزا حوسەین فەقیهی گەزەردەرە

کوانووی کەلەپووری هەوشار؛ رێزنامەی میرزا حوسەین فەقیهی گەزەردەرە

کوانووی کەلەپووری هەوشار

رێزنامەی میرزا حوسەین فەقیهی گەزەردەرە

 

د. محەمەد ڕەحیمیان

میلان کۆندرا لە رۆمانی “هەرماندا” ئەیژێ: “چیان لێ­ بەسەر دێ ئەو بلیمەتانەی کە لە سەردەمێکی ناکۆک­دا لە دایک دەبن، کە چی بۆ ئەو کات و ساتە و بۆ ئەو دەورانە نەخوڵقاون”.

کەسی زۆرمان لە مەڵبەندی کوردەواریدا پێ شک تێ کە بە هۆی چەپگەردی گەردوون، هەر یەک بە تەورێ بەر سزای گەردوون دەکەون و دەوران دەوری وان نییە و زەمانە پیریان دەکات و لە بیریان دەبات. بەو شێوە کە ئەشێ بپشکوێن و باڵا بکەن، هەلیان بۆ نارەخسێ. کەسی وا هەیە کە ئەگەر دەور دەوری خۆی بایە و لە کاتی خۆی­دا سەری هەڵدایە، بگرە نووسەر و پسپۆڕ یان شاعیر یان هەڵکەوتەیەک بایە لە هەڵکەوتەکان.

مامۆستا میرزا حوسەین فەقیهی (لالە حوسەین) لە دایک بووی ١٣١٤ی هەتاوی لە ئاوایی گەزەردەرەی هەوشار سەر بە شاری تیکاب، کوڕی گەورەی مەلا میرزا ئەحمەد کوڕی خەڵیفە ئەڵماس[۱](کە لە سەردەمی خۆیدا وەک کەسایەتییەکی ئەدیب و شاعیر، بەناوبانگ بوە)، کوڕی مەلا موستەفا کوڕی مەلاعەبدولکەریم. میرزا حوسەین بە میرمنداڵی و لاویەتی لە خزمەت باوکی بەڕێزی و هەر وەها مەلا و ئەدیب و خوێنه­‌وار و کەسایەتییه هەڵکەوتەکانی ناوچە­دا پەروەردە دەبێت. بەم چەشنە گیانی تینووی بە مەعریفەی ئایینی و زانست و ئەدەب تێراو دەکات. بە وتەی خۆی ،هەر لەو سەردەمەوە حەز بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی ئەکات. کەڵکەڵەی ئەوە ئەکەوێتە گیانی کە خۆی وتەنی کوردی نووس و کوردی خوێن وێت. مامۆستا کە بە ماوەی سی ساڵ (١٣٧٥- ١٣٤٥ هەتاوی) بەرنوێژی و مەلایەتی ئاوایی گەزەردەرە ئەگرێتە گەردن، لە فێرکاری و ئامۆژگاری و وانەوتنەوەوە بگرە تا شایی و شیوەن بە دەم خەڵکەوە بوە و وەکوو ئەرکێکی پیرۆز ڕوانیویەتە ئەم بابەتەوە. لە لای خەڵکی وا باوە دەڵێن “لالە حوسەین لە شاییا ئەچێتە داواکاری، دەس وەوی ئەنێتە ناو دەس زاوا، سەرچۆپیەکە ئەگرێت و زەماونەکە ئەگەڕێنێ و کارێک بۆ خاون زەماون نامێنێ. لە شیوەنا مردیەکە ئەشۆرێ، تەڵقینی دائەدا و وە خاکی ئەسپێرێ و ئەیلاوێنێت و هیچ کارێک بۆ خاون مردی نامێنێ”.

بە گشتی با بلێین میرزا حوسەیەن لەو کەسانەیە کە توانیویەتی “هایدگێر” کوتەنی “عالەم ‘ێک بۆ خۆی پێک بێنێت. عالەمێک کە ‘بوون”ی مرۆڤ لەوێدا ئەدرۆشێتەوە. کەسەکان لەم عالەمە­دا خۆیان ئەنوێنن و جێهان ئەدوێنن. لە خۆیان تێ ئەگەیێن و خۆیان ئەبینن. مەرجی تێگەیشتن لە رەنجەکان و خۆشی و ناخۆشیەکانی ‘هەبوون’، گێڕانەوە و وتنەوەی ئەو عالەمەیە. عالەمێک کە بە زمان و لە زمان­دا ساز ئەبێت و بە زمان ئەگێڕدرێتەوە. ئەوانەی لە عالەم بێوەرین، خۆیان ناژین و جیهانیان نییە. ‘لالە’ سیمای خۆی لە عالەمێک کە بە جەوهەری کورد و کەلەپووری پێکهاتوە ئەبینێت، بۆیە شاد و پڕ سەمەر و “بەختیار عەلی” وتەنی لە دەرەوەی کات­دا ئەژیت.[۲] ژیانێک کە لە پێناو کۆکردنەوەی چل و پێنج بابەت سەبارەت بە کەلەپووری کوردەواری چوەتە سەر و وەکوو عالەمێکی “هایدێگێری’ بووژاوەتەەوە.

بۆ داگرتنی کۆی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۸ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF

داگرتنی PDF

___________________________________

[۱] – بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە گۆڤاری: هوخت، ١٣٤٩، سال بیستم، شماره ٥، صدیق صفی­زاده (بوره­‌که­‌یی)، خلیفه الماس گزردرئی، ص: ٥٤.

هەر وەها بڕوانه: سدیق، بۆرەکەیی(سەفی­زادە). مێژووی وێژەی کوردی، هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨

[۲] – بڕوانە: بەختیار عەلی، کەشتی فریشتەکان، سلێمانی: ئەندێشە، ٢٠١٧

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری بەیان، ساڵی سێهەم، ژمارە ۱٤، بەفرانباری ۱۳۹۹

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *