خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / گەمە زمانییەکانی “کایە بە ئەلف و بێی گریان”

گەمە زمانییەکانی “کایە بە ئەلف و بێی گریان”

 

گەمە زمانییەکانی “کایە بە ئەلف و بێی گریان”

 د. محەمەد ڕەحیمیان

بە ڕووی مندا مەلوورێنن … تکایە

        من یۆنس-م … خۆ یووسف نیم.

ویتگنشتاین وەکوو فەیلەسووفی زمان، دەستەواژەکانی «گەمەی زمانی » و «بیچمی ژیان »ی بۆ بێچمبەندی، مەعریفە و کارکردی زمانی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا داناوە. وشەی “گەمە” لەم دەستەواژەیەدا هەڵگری دوو چەمکی “ڕێسامەندی” و “مەبەست‌مەندی”ە واتە هەر گەمەیەک بە پێی ڕێسا و قاعیدەیەکی تایبەتی و جیاوازی خۆی دەرەخسێ. لە بنەڕەت‌دا هەر گەمەیەک بە پێی یاساکانی دیاری دەکرێت و تەوفیر ئەنوێنێ. دیارە هەر گەمەیەکیش مەبەستێک بە دی دەکات و گەمەی بێمەبەست بابەتێکی نەگونجاوە. بە بڕوای #ویتگنشتاین گەمە زمانیەکانن کە شێواز و پەیڤ و هەڵس و کەوتەکان و بیر و ڕاکانی مرۆڤ لە ژیان‌دا دیاری و بێچمبەندی دەکەن.

با بە شێوەیەکی بەرهەستی و کۆنکرێتی بەشێک لە گەمە زمانییەکانی «کایە بە ئەلف و بێی گریان»، بخەینە بەر تیشکی رەخنە و بزانین چۆن بە یاری کردن بە لواوییەکانی زمانی، بووتیقا و قاعیدەی خۆی پێک دێنێ و مەمبەست ئەپێکێ.

١) وانەی سیزێف ..لە سنوورەکانی ڕۆژئاوا/ لە سنووری بادا

شیعری “وانەی سیزێف …”، وەک یەکەمین شیعری کۆمەڵە شیعری ”کایە بە ئەلف و بێی گریان”، بە گەمەیەکی زمانی داهێنەرانەوە، شێوەیەک لە شێوە شڵەژاوەکانی ژیانی مرۆڤ دەگێڕێتەو. ئەم شێوە ژیانە شڵەژاوە و ئەو گەمە زمانییە تایبەتە، بە چەشنێکی دوو ئاڵی و هاوتەریب لە گەڵ یەک دەخوڵقن و لە ڕووی بوون‌ناسییەوە، هیچیان پێشمەرجی ئەوی تر نیین. واتە لە گەمەیەکی زمانی‌دا بە قاعیدەیەکی تایبەتەوە ژیانێک لە بەستێنی گێڕانەوە‌دا دەخولقێ. ئەم گەمە زمانییە ڕێزمانێکی نوێ و تایبەت بە خۆی پێک دێنێ و بە پێی ئەو ڕێزمانە خۆی ئەگێڕێتەوە کە بریتین لە:

ئ)گەمە بە رێزمانی غیابەوە

بەو پێیەی کە زمان لە گەمەکانی خۆی‌دا یاسای تایبەتی خۆی پێک دێنێ و هەر یاسایەکی ڕێزمانی تازه‌پێکهاتوو بە ڕێژەی ئەو گەمە تایبەتە کە کەوتوەتە گەڕ، هەڵ‌ئەسەنگێندرێ، غیاب یان سڕینەوی وشەکان لە کۆمەڵە شیعری “کایە بە ئەلف و بێی گریان’ دا کە بە ئاراستەی جۆراوجۆرەوە ڕوو ئەدات، دەبێت بە شێوازێکی تایبەتی شیعری و لایەنێکی جوانی‌ناسانەش بە خۆوە دەگرێت. ئەو ساتمەدان و بڕگەبڕگە بوونەی دێڕەکان، وەک ڵاڵەپەتەیەکی جوانیناسانە، دەبێتە ئامرازێکی مۆسیقایی و ڕیتم و ڕاوێژێکی تایبەتی لە بەستێنی زمان‌دا چێ دەکات و وەک نۆتی بێدەنگی لە کێش و ڕیتمی شیعرەکە‌دا شوێن و کارکردی خۆی پیشان ئەدات. بەم پێیە لێمان دەرئەکەوێت کە ئەگەر بێتوو لواویە هێزەکی و نهێنییەکانی زمان لە گەمە تایبەتەکانی‌دا بدۆزینەوە، ئاسۆی داهێنان و ئیمکانی جوانی‌ناسانەی نوێمان بۆ ئەلوێت. هەر بە پێی ئەم واقێعە ئەکرێت ئەم حوکمە بدەین کە توانستی ڕاستەقینەی هەر شاعیرێک لە دۆزینەوە و شهودی گەمەی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئەو گەمەیە کە هەم شێوازی تایبەتی هەر شاعیرێک پێناسە دەکات و هەم خوێنەریشی پێ سەرسام ئەکات. خوێنەر لە کاتی خوێندنی بابەتەکە، خۆی لە جەغزی گەمەیەکی نوێی زمانی‌دا دەبینێتەوە و ڕیتم و ڕەوەندی یاریەکە دەی‌شگڤینێ.

 ب) چالاک کردنەوەی پیت و وتەکان

وە گەڕ خستن و چالاک کردنەوەی پیت و وتەکان یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی گەمەی زمانی لە “کایە بە ئەلف و بێی گریان”دا. با سەرنج بدەینە کارامەیی وتەی “بە” لە کۆپلەی یەکم­دا: «پەنجەکانی ئاور “بە” پەنجەرەی سبەینێم دەبەخشم/ لە جۆغرافیای دۆزەخدا/ مەترسیش “بە” قاناوەکانی شاردا/ بەسەرهاتی ئاسۆیەکی ماندوو نا “بە”… هەتاو/ سەربردەی ئەسپەکانی من دەبێ … “بە”حیلەیەکی مەستەوە». بە پێی ئەو دەورە ڕێزمانی و ماناییە کە وتەی “بە’ لە دێڕەکانی یەک و سێ و پێنج دا دەیگێڕێ، لە دێڕی چوارەمیش­دا پیتی “بە” بۆ وەرگرتنی دەیان وشەی ژێهاتی و بەجێ تەیار و تابین کراوە. تەنانەت ئەکرێت دەورێکی ڕێزمانی وەک پێشگری “بە” لە وشەی بەسەرهات بگێڕێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو چۆڵگەیە کەلیمەی شیاو ساز بکات. هەر وەها چالاکی وتەی “نا” لە ئەم دێڕانەدا: «بەسەرهاتی ئاسۆیەکی ماندوو “نا” بە … هەتاو »/ «بەرەو شەپۆلەکانم بڵێسەکانتان “نا” … کە ساردە»/  «بەرەو دارەکان “نا” بە واتایەکی تاڵەوە … لە تێپەڕینی کات»/ «بە باخێکی قورسەوە کە لە سەر شانم نا»( “نا” بە دوو واتاوە کە واتایەکی وەک نای نەفی، واتایەکیش کە لە کارکردی هاوتاکانی پێشووی خۆی وەری­دەگرێت)./ «لاڕێ ئەگەر “نا” …. بە سنوورەکان­دا … چۆڕە چۆڕ … / سوور ناکاتەوە مەترسیم».

لە داڕشتی ئەو ڕستە دیاری­کراوانەدا دەورێکی دووئاڵی ئەرێنی(ئیجابی) و نەرێنی(سەلبی) بە وتەی “نا” دراوە. دێڕەکان کە بە شێوەی ئەرێنی خەریکن ئیماژێک ساز ئەکەن، کوتوپڕ بە پیتی “نا” دادڕمێن و جێگا بۆ ساز بوونی وێنەیەکی دیکە خۆش دەبێت: «بە سەرهاتی ئاسۆیەکی ماندوو “نا” …»، (ئیماژی “بەسەرهاتی ئاسۆیەکی ماندوو” دەڕووخێت و مەجالێک بۆ سەرهەڵ­دانی وێنەهایەکی دیکە و هەر وەها وەگەڕ کەوتنی خەیاڵی خوێنەر یان بەستێنێک لە ناخی خودی شیعرەکە ئامادە دەبیت تا وێنە بە سەر وێنە­دا بکەوێت و گەمەکە بێ­بڕانەوە بەردەوام بێت.

پ)سیمای ئۆستوورەیی ڕەنج

شیعری سیزێف لە گەمەیەکی زمانی‌دا بە شێوەیەکی قاعیدەمەند، فۆرمێک پێک دێنێ کە ڕیتم و مێلۆدی تایبەتی خۆی هەیە. ملۆدیەک کە بە ڕیتمی غیاب، نۆتی سێ خاڵەکان، سەییالییەتی ڕێزمان، دەلالەتی چەندلایەنەی وشەکان و داڕشتی چەن‌جەمسەری ڕستەکان ساز دەبێت. بەم شێوە کۆپلە مۆسیقایەکی زمانی چێ دەبێت کە بە داڕشتی وێنەکان و نەخشاندنی ئیماژەکان، لە کەشێکی عاتفی‌دا سەربردەیەکی پچڕ پچڕ و زامدار ئەگێڕیتەوە. سەربردەیەک کە وەک دیاردەیەک لە خوێنەر دەرئەکەوێت و جیهانێکی نوێ بە تایبەتمەندی‌های خۆیەوە لە بەرانبەر خوێنەردا بەل دەکاتەوە.

شیعری ”وانەی سیزێف …”، بە بەزمانی کردنی ڕەنج لەو گەمە زمانییە و دامەزراندنی ئەو کەشە ئیستعاری و ئۆستوورەییە، ڕەنج وەک بەشێک لە شوناسی ”بوون” ئەسڕووشێنێت و ئاشکرای دەکات.

سەردێڕی ”وانەی سیزێف …لە سنوورەکانی ڕۆژاوا لە سنووری بادا”، لە سەرەتاوە دوو بابەتی گشتی (سیزێف) و پاژەکی (ڕۆژاوا) بە یەکەوە گرێ ئەدات. هەر بەم پێیە ئەگەر بێتوو ئستراتێژیەک بۆ ئەم شیعرە پێناسە بکەین، بریتییە لە: دەربڕین و خۆیا کردنی شوناسێکی تایبەت یان با بڵێین دەرخستنی ”بوون”ێکی تایبەتە لە ئقلیمی ”بوون” بە واتا گشتی و فەلسەفییەکەی. بەل بوونەوەی ڕەنجێکی دانستە لە بەستێنی ئەو ڕنجە گشتییە کە بە “بوون”ی مرۆڤ گرێ‌دراوە. حەیشان و زەق کردنەوەی شوناس و بوونێک بە گێڕانەوەی ڕه‌نج‌خەساری ”سیزێف”ی کورد.

بە پێی ئەوەی کە ”بوون” بە زەمەنەوە بەنە و لە زەمەن‌دا دەگووڕێت، بوونی ئەو ڕەنجەی کە ‘وانەی سیزێف …”، حەقیقەتی پێ دەبەخشێ، ڕنجێکی کوردەوارییە کە لە جوغرافیای دۆزەخ‌دا خۆیا دەبێت و دەرئەکەوێت. ئەو ئاماژە مێژوویی یان نیشانە خوازەییانە کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی شیعرەکە وەک بڵێی بە تاڵێکی نادیارەوە، بە یەک هۆنراون، ڕاهێڵێک ئەتەنێتەوە بۆ بوونەوەری و نواندنەوەی ڕەنجەڕۆیی سیزێفی کورد.

بۆ داگرتنی کۆی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۸ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF

داگرتنی PDF

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *