خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / نا بۆ کتێب‌سازی، بەلێ بۆ توێژینەوە و داهێنان

نا بۆ کتێب‌سازی، بەلێ بۆ توێژینەوە و داهێنان

نا بۆ کتێب‌سازی، بەلێ بۆ توێژینەوە و داهێنان
.

پێشکەش بە ڕۆحی پرۆفێسۆر کەمال مەزهەر بۆ خزمەتی بە نڤیساری کوردی

دوکتۆر بەختیار سەجادی

۱. لە ڕابردوودا زۆرمان گوێ لەو وتەیە بوو کە فڵانە نووسەر دەیان کتێبی نووسیوە! تا چەند ساڵ لەمەوبەریش خەڵکانێک تەنانەت باسیان لە ژمارەی لاپەڕەکانی سەرجەم کتێبەکانی نووسەرێک دەکرد. بۆ نموونە، دەوترا فڵانە نووسەر ئەوەندە هەزار لاپەڕەی نووسیوە! ئەوەی زیاتر بۆتە جێگەی سەرسووڕمان ئەوەیە کە تەنانەت ئەوڕۆکەش کەسانێک هەن کە هەر بە هەمان نەفەسەوە، واتە بە حەماس و شاگەشکەییەوە، و وەک شانازییەک بۆ نووسەرەکە ئاماژە بۆ ژمارەی کتێب و لەوەش سەیرتر ژمارەی لاپەڕەکانی کتێبەکانی دەکەن. لەمەش سەیرتر ئەوەیە بەشێکی ئەو کەسانەی بەم شێوەیە قسە دەکەن بەتەمەن نین و تەنانەت خاوەن بڕوانامەی بەرزیشن. ئەوان وەک نیشانە و بەڵگە بۆ زیرەکی و داهێنانی کەسێک باس لە ژمارەی کتێبەکانی دانەرێک دەکەن. ئەو کەسانە گەرچی هاوچەرخمانن بەڵام، مخابن، لە راستیدا بیر و زەینیان لەسەر ڕوانینی سەردەمانی ڕابردوو دامەزراوە.

۲. لە کوردستاندا زۆربەی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی‌کتێب پێداچونەوەی بەر لە چاپ بۆ کتێب ناکەن. فۆنتی بەکارهاتوو لە زۆربەی کتێبەکاندا گەورەن، بە تایبەت لە کوردیی ناوەندی و ئەلفبێی عەرەبیدا. پەراوێزەکان چ لە سەر و خوار و چ لە راست و چەپ ڕووبەرێکی گەورەی لاپەڕەکەیان داگیرکردووە. مەودای نێوان دێڕەکان لەبری ۱ بۆ ۱.۵ لە سەرووی ۲دایە. پەرەگرافەکان کورتن و هەر بۆیەش لە هەر لاپەڕەیەکدا دوو سێ دێڕ بە ناتەواوی دەمێننەوە. لاپەڕەی سپی زۆرن و لاپەڕەی یەکەمی بەشەکان لە نیوەوە دەست پێدەکەن. بە کورتی، نیو‌ەی لاپەڕەکانی بەشێکی کتێبە کوردییەکان (بە تایبەت لە کوردیی ناوەندیدا) بە فیڕۆ دراون. لە کتێبی کورمانجی و ئەلفبێی لاتیندا تۆزێ دۆخەکە لەم ڕووەوە باشترە. بۆ نموونە، ژمارەی دێڕەکان لە لاپەڕەدا، بە بەراورد لەگەڵ کوردیی ناوەندی، زۆرترە.

۳. بێجگە لەمانە و گرنگتر لە هەمووشیان، ئامادەنەبوونی کتێبی کوردی لە ناوەند و دەزگاگەلی نوانەسازی و ئاماژەپێویی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا هێندەی تر گۆمی کردەی نووسینی کوردیی شەڵەقاندووە. نەبوونی کۆد، ناسێنە، مۆرک و ژمارەگەلی نێودەوڵەتیی (وەک ژمارەی پێوەری نێودەوڵەتیی کتێب، ژمارەی کاتالۆگی کتێبخانەی کۆنگرە، دیووئی یان DDC و یاخود ژمارەیەکی وەک فیپا بۆ پێڕست‌نووسینی بەر لە بڵاوبوونەوە) سەرومڕ پێکەوە کتێبی کوردییان کردۆتە دوورگەیەکی دوور و دابڕاو لە گوتاری زانستی و هزریی جیهانی هاوچەرخ. بێجگە لەمانەش، نەبوونی کتێبخانەی ئەلکترۆنیک و بنکەی زانیاری بە کوردی نرخی مەعنەوی و بایەخی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی هزریی کتێبی کوردیی تا ئاستێی یەکجار زۆر هێناوەتە خوارێ.

۴. بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە بەشێکی گۆڤارە کوردییەکانیش خاوەنی “دەستەی نووسیاران” نین، چ بگات بەوەی دەستەی هەڵسەنگێنەرانیان هەبێ. هەمان بێ‌نرخی و بێ‌بایەخی کە بەشێکی زۆری کتێبە کوردییەکانی گرتۆتەوە، ڕووبەڕووی بەشێکی نووسین و گۆڤارە کوردییەکانیش بۆتەوە. بەشێکی ئەو کتێبە کوردیانەش کە بە “فیکری” و “مەعریفی” و “ئەدەبی” ناودێر دەکرێن، لە ڕاستیدا کۆی ئەو نووسینانەن کە پێشتر دانەر لە فەیسبوک یان ڕۆژنامەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە. ڕاستە ئەمانە تێکڕا چالاکیی ڕۆشنبیرانەن، بەڵام لە بیرمان نەچێ لە دونیای هاوسەردەمدا “ڕۆشنبیر”یش پێویستە شان بە شان گۆڕانکارییەکانی گوتاری زانستی پێشکەوێ. توێژەر ڕۆژنامەنووس نییە و بڕیاریش نییە لە دەڤەری زانیاریی گشتیدا کار بکات. توێژینەوە جیاوازە لە پێشکەش‌کردنی زانیاری. ئەو سەردەمە بەسەرچوو توێژەر زانیاریمان بداتێ. پێشتر کتێبخانەکان و ئێستاش ئینتێرنێت تژین لە زانیاری.

۵. پارادایمی ئێستای داهێنانی زانستی و فیکری لە جیهاندا خۆی لەو کتێب و ژورناڵانەدا دەبینێتەوە کە لای ئێمەی کورد لە ئارادا نین. لە گوتاری زانستیی هاوچەرخدا، نرخ و بەهای یەک توێژینەوەی ڕەسەن لە ڕواڵەتی وتارێکدا لە دەیان کتێبی هەمان بوار بەرزترە. مکووڕبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار بەم شێوەیەی ئێستا و بە پێی نۆرمەکانی تایبەت بە گوتاری ڕۆشنبیریی کوردی، نەک هەر هێندەی تر بە دەوری بازنەیەکی بێکەڵکدا دەمان‌سووڕێنێتەوە، بەڵکوو چاوی خوێنەری کوردیشی لە هەمبەر پارادایمی ڕاستەقینەی داهێنان و توێژینەوەدا نابینا کردووە. هیچ شک و گومانێکم نییە بەشێک لەو کەسانەی لە جڤاتە کوردییەکاندا خەریکی توێژینەوەن گوێیان کەڕ و کاس بووە و چاویشیان نابینا. ئەوان ئەم قسانە ناژنەفن؛ ناشی‌خوێننەوە. بۆیەش، زەحمەتە لێیان بگەن.

٦. چەند ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەوروپا ویستیان بەشی لێکۆڵینەوەی کوردی بکەنەوه. چەندین کەس بە پیری بانگەوازەکەوە چووبوون و بەشدارییان لە هەڤپەیڤینی دامەزراندنی مامۆستا کردبوو. یەکێکیان نووسەرێکی بەناوبانگی کوردی دانیشتووی ئەوروپایە. لەچاوپێکەوتنەکەدا، پرسیاریان لێ‌کردبوو چەند وتارت هەیە؟ لە وڵامدا وتبووی “من هەزاران وتارم بڵاوکردۆتەوە!” فەقیرە درۆی نەکردبوو چونکە لە ناو کورددا بە نووسینی کورتی فەیسبوکی و یاخود گۆشەی ڕۆژنامەیی و نووسین بۆ ماڵپەڕە گشتییەکانیش هەر دەوترێ “وتار”. یەکێک لە مامۆستا بەشداربووەکانی ئەو هەڤپەیڤینە پێی وتم نەمان‌دەزانی بە چ شێوەیەک پێکەنینەکەمان بشارینەوە!

۷. ئەو کەموکۆڕیانەی سەرەوە نابێ ببنە هۆ و پاساو بۆ نەنووسین یان بۆ نەبوونی توێژینەوە بە کوردی. دانانی “کتێبی وانە” بە کوردی بۆ هەموو بەشە زانستییەکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و تەنانەت ئەرکێکی پیرۆزیشە. هەروەهاش، دانانی نەک دەیان بەڵکوو سەدان ڕێبەرۆک یان کتێبی ڕێبەر بە کوردی و لەسەر زانسته جیاجیاکان و بۆ ئاسته جیاوازەکان پێویستییەکە بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو و دەبێ دەسەڵاتی کوردی بە بایەخەوە بۆی بڕوانێ. بێجگە لەمەش، وەرگێڕان پێویستییەکی دونیای ئیمڕۆ و نەوەی تازەیە و هەر بە هەمان شێوەش ئەرکی دەسەڵاتە گرنگیی زیاتری بداتێ. ئەو قسانەی سەرەوە بێگومان دانانی دیوانە شیعر و ڕۆمان و کۆمەڵە چیرۆک و یاخود شانۆنامە و پەخشانی هونەری و تەنانەت مێژوو و فەرهەنگیش ناگرێتەوە. هەروەتر، مەبەستمان وتاری ڕۆژنامە و گۆڤاری گشتی و تۆڕی کۆمەڵایەتی نین. مەبەستی سەرەکی لەم نووسینەی بەردەست ئەو کتێبانەن کە دەچنە خانەی زانستی و شیکاری و شرۆڤەوە، یان ئەوەی لای کورد پێی دەوترێ نووسینی مەعریفی!

٨. هەر دوو گوتاری ڕۆشنبیری و ئەکادێمیک لە کوردستان، بە گشتی، هێندە لە ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی زانستیی جیهانی ئێستاوە دوورن کە کەسمان نازانین هاوواتای کوردیی زاراوەگەلی پێوەندیدار بەم بابەتەوە چین! بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە ناو کورددا بە نووسەر و ڕۆشنبیر و بیرمەند ناسراون، خاوەنی یەک نووسینی “پیێر ریڤیۆ” نین ، کەواتە ئاساییە ئێمەی کورد بە هۆی دووری لە کاروانی زانستی و ڕۆشنبیریی هاوسەردەمەوە نەزانین peer review بە کوردی دەبێتە چی! زۆربەی “ڕۆشنبیر‌ان” و “مامۆستایانی زانکۆ” لە کوردستان حەزیان لە ورووژاندنی ئەم پرسە نییە چونکە، لە لایەکەوە، چوونە نێو ڕەوتەکەوە گەلێک زەحمەتە و، لە لایەکی تریشەوە، هەر لەم سۆنگەیەوە جێگەوپێگەی مەعنەوی‌یان دائەڕمێ!

۹. گۆرانیبێژی کۆچکردوو، مامۆستا فواد ئەحمەد، بۆی گێڕامەوە جارێکیان لەگەڵ چەند هاوڕێیەک دەڕۆن بۆ خەستەخانە بۆ سەردانی رەسووڵ گەردی. لەوێ برادەرێک بە حەماسەوە دەست دەکاتە تاریف‌دانەوەی گۆرانیبێژێکی تازەپێگەیشتووی شێوازی پاپ. رەسووڵ گەری-یش وتبووی: “گەر پیاوە، حەیرانەکی برێ!” پێم وابێ کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش ڕوو لە زۆربەی توێژەرانی کوردی هاوچەرخمان بکەین – ئەوانەی خاوەنی سەدان و یان هەزاران لاپەڕەی نووسینی فیکریی بەبێ‌پێداچوونەوەن – پێیان بڵێین گەر زیرەکن، توێژینەوەیەکمان بۆ بڵاوبکەنەوە کە لانی کەم لە لایەن دامەزراوەیەکی زانستییەوە دانی پێدانرابێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ په‌یجی فه‌رمی دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی له‌ فه‌یسبوک وه‌رگیراوه‌.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *