خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گابۆڕ بەرهەمی سەیدقادر هیدایەتی

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گابۆڕ بەرهەمی سەیدقادر هیدایەتی

ناسنامە: گابۆڕ، سەیدقادر هیدایەتی، گوتار و خانی، سه‌قز، ۱۳۹۶.

خوێندنەوەیەکی ڕۆمانی گابۆڕ

شەهلا دەباغی

?پێشەکی

سەیدقادر هیدایەتی نووسەری دەیان وتار و ڕەخنەی ئەدەبی، داهێنەری سێ ڕۆمانی دەنگی نوختە، تۆقی عەزازیل و گابۆڕ، و هاوکات کوردیزانێکی شارەزاشە.[۱]

لەسەر چۆنێتی شێواز، تکنیک و فۆڕمی ڕۆمانەکانی هیدایەتی دەیان بابەت و وتار لە شوێنی جۆراوجۆر بڵاوبوونەتەوە. تەنانەت بە هۆی گرینگی ڕۆمانی گابۆڕ بەڕای زۆربەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی، کۆمەڵە وتارێکی شیکارانە لە کتێبێکدا بە ناوی سێبەری زیندووی نووسین ١٣٩٧، کۆ بوونەتەوە و وتارەکانی د. هاشم ئەحمەدزادە، د. بەختیار سەجادی، ڕەزا عەلی پوور، عەلی غوڵامعەلی، لەیلا ساڵحی، سیاوەش کەریم زادە، کاوان محەمەپوور، لە ١٧٠ لاپەڕەدا لە لایەن هەردوو چاپەمەنی “گوتار” و “خانی” بڵاو بۆتەوە.

بەڕای زۆربەی ڕەخنەگران، ڕۆمانەکانی هیدایەتی هەر کام بە شێوازێک تازەگەری و داهێنانێکی نوێ لە ئەدەبی کوردی دان. سەبارەت بە گابۆڕ زۆرینە ئاماژە بە جیدی بوونی دەکەن:

“رۆمانی گابۆڕ یەکێک لەو بەرهەمە جیدییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتووەتە چاپی سێهەم و بەم پێیەش دیارە توانیویەتی سنووری خوێنەری بژاردە دەرباز بکا و شۆڕ بێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و لە نێو خەڵکی ئاساییشدا خوێنەر بۆ خۆی بدۆزێتەوە. جیا لەوەش رەنگە لەو دەگمەن بەرهەمانە بێت کە لەم چەند ساڵەدا زۆرترین قسەی لەسەر کراوە و زۆرترین وتاریشی لەسەر نووسراوە و ئەمەش سەلمێنەری رادەی کاریگەریی ئەم ڕۆمانە لەسەر توێژی جیددی خوێنەرانی ئەدەبیات و رەخنەگرانە.”[۲]

نووسینی  گابۆڕ ١٩٤ لاپەڕە، هاوینی ١٣٩٤ تەواو بووە و تا ئێستا گەیشتۆتە چاپی چوارەم. گابۆڕ یەک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ٣١مین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی تاران بووە.[۳]

وەک باس کرا زۆر بابەتی بەپێز بەتایبەت لەسەر لایەنی تێکنیکی و فۆڕمی گابۆڕ نووسراوە. بەڵام کەمتر باس لە لایەنی جێندێری ڕۆمانەکە کراوە. لێرەدا ئاماژە بە بڕگەیەک لە نووسینی لەیلا بەهرامبەگی دەکەم کە باسی لە لاوازی کارەکتێرەکانی ژن و یان هێندێک دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی کردووە:

“[…] به‌ داخه‌وه‌ جنێو و قسه‌ی ناشیرین، هه‌م به‌ ژن و هه‌م به‌ ئاژه‌ڵ به‌ تایبه‌ت مانگا، له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ باوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسان له‌ جێ جێی كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌، وه‌ك دیارده‌ی دزێوی نێربازی، له‌ حه‌وشه‌ی ئیداره‌ی به‌رق، یا زۆرخوازی مه‌یلی جینسی میرزاهادی یا جنێوه‌كانی باوكی عه‌بدولموته‌لیب كه‌ به‌ منداڵانی گه‌ڕه‌كی ده‌دا، یا قسه‌كانی سه‌یده‌ سووره‌ له‌ ئاخری ڕۆمانه‌كه‌دا كه‌ به‌و جوانه‌گایه‌ی ده‌ڵێ كه‌ دواتریش هه‌ر به‌شاخی ئه‌و تێدا ده‌چێ.

[…] ژن بوونی كاڵه‌ و له‌ هیچ شوێنێك قاره‌مان یا بكه‌رێكی سه‌رنج راكێش نییه‌. دایكی عه‌بدولموته‌لیب، ترسنۆكه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ كاغه‌زه‌ به‌ كوردی نووسراوه‌كه‌ی لێ ده‌دڕێنێ.

كچه‌كانی كووچه‌ هه‌ر چه‌ند ده‌زانن، پووڵه‌كه‌ هی ئه‌و كوڕانه‌ نییه‌، ته‌سلیمیان ده‌بن و ده‌یانده‌نێ. دایكی كه‌ریم به‌ بۆڵه‌یه‌ و ته‌نیا له‌ شوێنێك بۆ به‌ سه‌ردا نه‌دانی چارشێو له‌ پاسگاكه‌ وه‌ جواب دێت، ئیتر ژنی به‌رچاو و بوێرم نه‌دی.

سووكایه‌تی به‌ ژن، له‌ داستانه‌كه‌دا له‌ لایه‌ن، كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ زۆره‌، ئه‌مه‌ش راستییه‌كی تاڵی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ نووسه‌رهێناویه‌ته‌ ڕوو. وه‌كو ئه‌م رسته‌یه‌: «هه‌تیو خۆ تۆ ژن نی!».”[۴]

?دیسان گابۆڕ؟

ڕەنگە بەرهەمێک لە بەرهەمەکانی نووسەرێک زیاتر بەدڵی خوێنەران بێ و باسی لەسەر بکرێ. من هەر سێک ڕۆمانی هیدایەتی لە بەرزاییەکانی چیرۆکی کوردیدا دەبینم بەڵام لێرە زیاتر سرنج و هەست دەخەمە سەر گابۆڕ، و لایەنی مانا و ناوەرۆک زیاتر ئامانجی ئەم وتارەیە. وتارەکانی سێبەری زیندووی نووسین بە چڕوپڕی شێواز و فۆڕمی گابۆڕیان هێناوەتە بەر باس و ڕەنگە من وتەیەکی زیاتر لەوانم پێ نەبێ[۵]  بەڵام بە هۆی بارودۆخ ئەمە مانا و ناوەرۆکە کەمتر لەسەری نووسراوە گەرچی لەم ڕستە یا ئەو پاراگراف ئاماژە بە هێندێک مانای شاراوە کراون.

گابۆڕ باس لە ژیانی چەند میرمنداڵێک، لەوان دوو پێرسۆناژی سەرەکی عەبدول متەللیب و کەریم دەکا کە بۆ کڕینی تۆپێکی تەقەڵی فوتباڵ خەریکن پارە کۆدەکەنەوە و هاوکات خەمی ئەوەیانە کە ئەگەر تۆپیان کڕی شەوانە تۆپەکە لای کێ بێ و کێ ببێتە کاپیتان. ئەوان دەزانن هەتا تۆپێکی ڕاستییان نەبێ ناتوانن ببنە تیمێکی ڕاستی. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەو دوو میرمنداڵە گەورەدەبن و شاهیدی ئەوەن چۆن چەکدارانی ناو پاسگای سەری کوچە تەنانەت لە نێوەڕاستی ڕۆژدا دەستڕێژ لە خەڵکی بێ‌تاوان دەکەن. ڕۆژێک کەریم و عەبدول متەللیب بە هەڵکەوت لە کوتە کاغەزێکدا، لاپەڕەیەکی گۆڤاری سروە، چیرۆکی “پاڵەوان فس فس” دەبینن و دەزانن کە دەتوانن بە زمانی خۆیان بیخوێننەوە. ئیدی ئەو هەستە وایان لێ دەکا کە وەدوای ئەو گۆڤارە بکەون و دواتر لەگەڵ کتێبفرۆشێک ئاشنا دەبن. بەرەبەرە ڕووداوەکانی ژیان وا دەکەن کە تەنانەت شک لە مامۆستای مەدرەسە و کتێبفرۆشەکەش بکەن. کێشەی “ناسنامە و بوون” لەبەر دەمیان قوت دەبێتەوە، بۆ عەبدول متەللیب ئەو ناوە ناخۆشەی هەیە، چۆن ناوی خۆی بگۆڕی، زمانی کوردی کە جیاوازە لەگەڵ زمانەکەی دیکە، چۆن فێردەبن، و سەرئەنجام چۆن بەرئەنگاری واقعی ژیان ببنەوە و بەرەو کوێ بڕوون.

هاوتەریب لەگەڵ گێڕانەوەی ژیانی ئەم دوو کوڕە و باقی دانیشتووانی وڵاتی گابۆڕ لە زمان خۆیانەوە، ئێمە لە ڕێگای بیرەوەری کەریم-وە شاهیدی ڕووداوەکانی کوشتارگایەک بووین کە هەموو ڕۆژێک بەیانی زوو لەوێ سەید مانگاکان سەر دەبڕێ و مانگا لە گابۆڕ دەدەن. لە ئاخری ڕۆمانەکەدا مانگایەکی بریندار زگی سەید هەڵدەدرێ.

?گێڕانەوە و بیرەوەری

دوکتور هاشم ئەحمەدزادە (گێڕانەوەناسی،٢٠١٧) باس لەوە دەکا کە لەڕاستیدا کاری ڕۆمان نیشاندانی دیاردەکانە لە ڕێگای گێڕانەوەوە. هاوکات ئەوە چیرۆکبوونی نووسینە کە نووسینێک وەک چیرۆک و ڕۆمان دەناسێنێ. بەدەر لە فۆڕم و شێوازەکانی نووسین دواجار ئەوە گێڕانەوەی بەسەرهاتی کۆمەڵێک کاراکتێر لە شوێنگەلێکی گرێدراوی زەمەنگەلی دیاریکراوە کە دەبێتە هەڵگری سەرەکیترین تۆوەکانی ڕۆمان.[۶]

هەمیسان  دوکتور ئەحمەدزادە  پێیوایە کە ڕابردووی هه‌ر تاك و كۆمه‌ڵێك بڕیارده‌ر له‌سه‌ر پرسی سازبوون و گۆڕانكاریی ناسنامه‌:

“مشتومڕی زۆری گێڕانه‌وه‌كانیش له‌سه‌ر چیبوون و چۆنبوونی ڕابردووه‌كان هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بێت كه‌ كێبه‌ركێی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ ئێستادا هه‌وڵی ڕه‌چاوكردنی تاریفگه‌لی جیاوازیان له‌ ناسنامه‌ی خۆیان و ئه‌وانی تریان هه‌بێت. لێره‌وه‌ چه‌مكی سیاسه‌تی بیره‌وه‌ری دێته‌ ئاراوه و هه‌م خود و هه‌میش ئه‌وانی تر بیره‌وه‌ری و ڕابردووه‌كان به‌پێی سیاسه‌تی ئێستایان پێناسه‌ ده‌كه‌ن.”[۷]

بەڕای ئەحمەدزادە له بواری گێڕانه‌وه له دووتوێی ژانری ڕۆمان‌دا زمان وه‌ك هێمای بوون و كه‌ره‌سه‌ی هزر بیره‌وه‌رییه‌كانی مرۆڤ له ئاستی تاكه‌كه‌سی و به‌كۆمه‌ڵدا هه‌رمان دەكات. واتە بەگوێرەی ڕستە بەناوبانگەکەی لاكان ‘”ئه‌وه دونیای وشه‌كانه كه دونیای شته‌كان ساز ده‌كات.'”[۸]

?شاهیدی مێژوویی

بە ڕای لاکان “خود” کاتێک دروست ده‌بێ که دێته ناو نه‌‌زم ‌و سیسته‌می زمان ‌و کولتوور، بەڵام جولییا کریستێڤا هەنگاوێک زیاتر داوێت و باس لەوە ده‌کا که دروستبوونی سابجێکت زۆر زووتر- پێش هاتنی منداڵ بۆ نێو سیسته‌می زمان دروست ده‌بێ. واته پێش قۆناغی ئاوێنه‌یی، کاتێک منداڵ و دایک پێوه‌ندییه‌کی سێمیۆتیکیان هه‌یه. “خودی شاعیرانه‌” خودێکی ئاڵۆزه که له گۆڕاندایه‌ و له‌ دڵی ‘ویست’ و ‘كه‌مایه‌سی‌’یه‌ک دا سه‌ر ده‌ردێنێ. زمان بۆ شاعیر ته‌نیا نیشانه نییه، به‌ڵکو بانگه‌شه‌/ ویست و داوایه‌كه‌ بۆ ئه‌و كه‌مایه‌سییه. ده‌قی شاعیرانه که به ‘ساتێکی تایبه‌تی قه‌یران‌’ به‌ستراوه‌ته‌وه، لەخۆیدا هه‌ڵگری جه‌سته‌یه‌کی دایکانه (سێمیۆتیک/ ڕه‌مزی)یه، که به‌رامبه‌ره له‌گه‌ڵ زمان/ سیسته‌می نیشانه‌یی. شاعیر له ‘ساتی قه‌یران’دا، له سنووره‌کانی نێوان ڕه‌مز و سیستیم‌دا، خۆ ده‌بینێته‌وه ‌و به‌م جۆره ‘دیسکۆرسی مێژوویی’ ده‌ق له‌قاو ده‌دا.[۹]

?شی کردنەوە

هەروەک پێشتر گوترا زۆر بەڕێز لەسەر لایەنی جیاوازی گابۆڕ نووسیویانە و زەینی خۆیان داوەتێ، بەڵام هێشتا گابۆر بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەشێ. لەم شی کردنەوەیەدا دەمهەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە یا پێشتر باس نەکراون و یا زۆر کورت لە حەدی ڕستەیەک دا ئاماژەیان پێکراوە.

?مۆتۆڕی جووڵەی گابۆڕ

لە ڕاستیدا جیا لە خودی “گێڕانەوە و چیرۆک” وەک توخمی سەرەکی ڕۆمان و ئەرکی وەگێڕ/ ڕاوی، مۆتۆڕی جووڵەی گابۆر یاد و بیرەوەری کەسێکە کە تەنیا نۆ جار ناوی لە دەق‌دا دێ بەڵام هەست دەکەی هەموو گابۆڕ بۆ ئەو نووسراوە:

“کوتت من برایەکم بوو لە خۆم گەورەتر بوو، نێوی کاک جەماڵ بوو، ئەودەم کە لەدایک بووم، ئەو نێوی نابووم خەبات.”[۱۰]

ئەگەر نووسین ڕێگایەک بێ بۆ بیرەوەری و زیندووڕاگرتن ئەوە وەگێڕ (وەگێرەکان) بۆ یادی ئازیزێک قەڵەمی تاوداوە تا لە سەراسەری دەق‌دا بزە و خوێنی سووری “کاک جەماڵ” بە دەمارەکانی گابۆڕ دا بخوشێ و کەریم و هەژیر بەرەو ڕزگاری بەرێ. خوێنەر دەزانێ کە کاک جەماڵ شەهید کراوە، چونکە دایکی کەریم و کاک جەماڵ هەر هەناسە هەڵدەکێشێ و تەنانەت وێنەکەی کاک جەماڵ لە ترسان لابردراوە و تەنیا شوین و بۆرایی لەسەر دیوار ماوەتە:

“کوتت دایکم هەموو جارێک سەر هەڵدێنێ و چاو لەو شوێنە بەتاڵە دەکا و هەناسەیەک هەڵدەکێشێ.

کوتت هەموومان وەختێک چاو لەو شوێنە دەکەین کاکەجەماڵی تێدا دەبینین کە ئاغابانووەکەی لە ملی کردووە و بە بزەیەکی تایبەتەوە چاومان لێ دەکا.

کوتبووت دایە کا

کە جەماڵ هەمیشە چاو لە من دەکا.

دایکت دەستی کردبووە گریان.

کوتت وەختێک کوژرا من لەبیرم دێ

کوتت  ڕۆژێکی یکە بۆت دەگێڕمەوە چۆن کوژرا.” ل. ٦٤/٦٥.

بە پێی تێئۆری ئاماژەپێکراو، گابۆڕ ئەو نووسینەیە کە کاکەجەماڵ دەکاتە هەرمان و هەتاهەتایی. ئیتر لەمەودا ئەگەر وێنەی کاک جەماڵ لەسەر دیوار نەماوە، ئەوە ناو و بزەی لە بیر و زەینی خوێنەر و دەق و گێڕانەوەدا زیندووە و لە شادەماری بۆکان ڕا دەگاتە ستۆکهۆڵم و کەسێک سڵاو لە گیانی دەکا.

?ڕزگاری و تاکی ئازاد

ئەگەر تۆپەکەی دەستەیەک منداڵ کە قڕان قڕان پارەی بۆ کۆدەکەنەوە و دەیکڕن و دوایە پاسگای سەری کۆڵان لێیان داگیردەکا (هەر ئەوە کە تۆپەکە داگیردەکرێ ئاماژە بە بوونێکە)[۱۱] وەک هێمای نیشتمانێکی داگیرکراو بخوێنینەوە ئەوە بەو ئاکامە دەگەین کە سەرەڕای هەموو داگیرکارییەک هەمیسان نەوە بە نەوە کەسانێک پەیدا دەبن کە لە حەول و دەولی ئەوە دان ئەو تۆپە وەدەست خەنەوە. هەر بۆیە لە گابۆڕدا وردە وردە کەریم و هەژیر فام دەکەن، لەگەڵ سروە و هێمن و وشە ئاشنا دەبن، ئەوان سەرەڕای کەم تەمەنی بەڵام دیسان بیر لەوە دەکەنەوە کە بە قۆچەقانی و تیر لە ملی چەکدارەکانی ناو پاسگا ڕاکێشن:

“کوتی چوار پێنج گاکوژم دەیە.

کوتی چوار پێنج گاکوژی دایە.

کوتی یەک بە دوای یەک‌دا چوار دانەی تێهەڵکرد.

کوتی حەک کوێراییم دابێ؛ دا زەرگەتەیەکم دەیە بزانم ئەو چۆنە؟” ل. ٥٢.

لە ڕەوتی گەورەبوونی کەریم و هەژیر دا چەند “هەڵکەوت” گرینگی تایبەتیان هەیە؛ ئەو مامۆستایەی ڕۆژێک بە هەڵکەوت دێتە سەر کلاس چونکە مامۆستای کلاسی ئەدەبیات ئاغای عەلی زادە ناساز بووە:

“کوتت لەپڕ کەسێکی دیکە هاتە سەر کلاس کە قەتمان نەدیبوو.” ل. ٥٧.

مامۆستای کاتی کە بانگی منداڵان دەکا و ناوی عەبدول متەللیب دەخوێنێتەوە دەڵێ:

جا ڕۆڵە گیان تۆ و ئەو نێوە؟!

کوتت یەکێک تۆی نەدیبێ دەڵێ داخوا پیاوێکی پێچوکڵاو بەسەری شەست حەفتا ساڵەیە؛ ئەوە بۆ، بۆ تۆ دەبێ؟ ئێمە دەبێ نێوی بەشەر لە خۆمان بنێن.  […]ل. ٥٨.

دواتر مامۆستا پێی دەڵێ لەبەر عەبدول متەللیب خۆیەتی و تا ئەو هەموو ناوە جوان و خۆشەی وەک ئازاد و هیوا و ئارام هەبێ بۆ ئەو ناوێکی وا قورسی هەبێ.

“کوتت چا ئەو نێوە کوردییانە چەن خۆشن. کورت و سووک و لە زمان خۆش. ئەخە عەبدول متەللیبی نادرزادە خەتێک دەگرێتەوە.

کوتت تۆ سبەی دەچیتە زانکۆ، دەچیتە سەربازی، نێو هەتا کورت بێ خۆشترە.” ل. ٥٨.

ئیدی لەمەودوا عەبدول متەللیب هەوڵی گۆڕینی ناو، پێناسە و ناسنامەی خۆی دەدا وەها کە شەوێک بەدزی بابی “عەبدول”ەکەی بە پاکوون لە سەر سجیلەکەی پاک دەکاتەوە.

دووهەم هەڵکەوت دیتنەوەی لاپەرەیەکی گۆڤاری “سروە“یە کە داستانی “پاڵەوان فس فس”ی تێدا چاپکراوە. شۆکی ئەوەکە دەتوانن بە زمانی کوردی نووسراوەکە بخوێننەوە هێندە قووڵ و خۆشە کە کوڕەکان بەدوای دیتنەوەی باقی چیرۆکەکە دەچنە کتێبفرۆشییەک و دواتر بۆ لای “سولەیمان” کە لەسەر شەقام گۆڤار و کتێب دەفرۆشێ. بەمجۆرە کەریم و هەژیر لەگەڵ جیهانی زمان و وشە و شێعری کوردی ئاشنا دەبن:

“کوتم ئەوە چین، ئەو کەلیمە سەیرانە؟ دادەی…

بە زمانی فارسی نەبوو. بەڵام ئەو دەیتوانی بیخوێنێتەوە.

کوتم پا…ڵە…وان… فس…فس؟؟ ئاااا؟؟! پاڵەوان فس فس چییە؟ ئەو کابرایە پاڵەوان فسه‌فسە؟ هەتی خۆ دەتوانم بیخوێنمەوە…” ل. ٨٠.

کوڕەکان وردە وردە هێندە ئۆگری کتێب و خۆێندنەوە دەبن کە ماڵەکەیان پڕ دەبێ لە کتێب، گەرچی کتێبەکانیان بە قەرز دەکڕن و هێندە قەرزدارن کە لەڕوویان هەڵنایە لەلای کاک سولەیمان سەر هەڵێنن و هاوکات پرتەوبۆڵەی ماڵیش بۆخۆیان دەکڕن.

“کوتم کتێب کڕین وەک هیچ شتێک ناچێ، لەو دەمەدا کە کتێبەکەت بە دەستەوەیە ئاگات لە خۆت نییە و سەرخۆشی نازانی چیت کردووە. گوێت لە گرانی و هەرزانی و قەرزوفەڕزی نییە؛ هەتا کەی؟ قوربان هەتا ئەودەمەی دەگەیەوە بەردەرگای ماڵی خۆتان. ئەودەم وردەوردە دەکەوییە فکرەوە.

چۆن وای ببەمە ژوورێ کەس نەیبینێ؟

چۆن لە ڕیزی کتێبەکانی دیکەدا وای دانێم نەزانن تازەیە؟” ل. ١٢٢.

?دیسکۆرسی مێژوویی دەق

دەسەڵاتی جەنگی تەنیا شار و گەرەکەکەی کەریم و هەژیر ناخاتە ژێر چەکمەی خۆی، بگرە هەموو ئەو تاک و قەومانەش کە وەک خۆی نین دەهاڕێ. “نەنەعەجەم” کە لە گەڵ کوڕەکەی میکاییل دوای تێکچوونی وڵات لە شوێنێکی دوور ڕا بەهۆی ئەوە موسڵمان نین و دەردەکرێن، پەنایان بۆ شارەکەی کەریم و هەژیر هێناوە. ڕسق و ڕۆزی نەنەعەجەم تاقە مانگایەکە کە ئەوەیش دەکەوێتە بەر دەستڕێژی پاسگا. مانگاکەی نەنەعەجەم هەر وەک مانگاکانی قەسابخانەکەی سەید لە خوێنی خۆی دەگەوزێ:

“کوتی یا خودا دوژمنەکەشت شتی وا نەبینیێ.

کوتی لەو لاوە کەلاکی مانگاکەش کەوتبوو بە گوربانت دەبمەوە. ئەوەندەی خوون لێهاتبوو ئەوەندەی خوون لێهاتبوو. ئەو مانگا فەگیرە.

کوتی خوێنەکەی بەرەو نەنەعەجەم شۆلاوگەی بەستبوو و لەژێری‌دا پۆنگی خواردبۆوە.

کوتی مانگاکە چاوی بڕیبووە نەنەعەجەم و ڕەگێکی لاملی جارناجارێک جوڵەیەکی دەکرد.

کوتی نەنەعەجەم هەتا مرد و ڕەگی لاملی دەجوڵا، دۆعاونزای لەو چەکدارە دەکرد و سنگی لێ دەکوتا.” ل. ٥٠.

ناکرێ باسی گابۆڕ بکەین بەڵام خۆ لە پراگرافێکی یەکجار گرینگ (کە هەر خۆی بە تەنیایی کەرتێکە) نەدەین. لە لاپەڕە ٣٢دا کاتێک منداڵەکان تۆپەکە لەدەست حەشامەتی پاسگا حەشاردەدەن و نیزامی بە وڵات وەردەبن، شاهیدی توندترین نمایشی چەکدارانە دەبین. نمایشێک کە دەنگ و ڕمبەی پێی چەکدارانی دێتە گوێی خوێنەر:

“چەکدارێک بە تفەنگەوە و قامک لەسەر پەلەپیتکە هات. چەکدارێکی دیکە بە تفەنگەوە و قامک لەسەر پەلەپیتکە هات. چەکدارێکی دیکەش بە تفەنگەوە و قامک لەسەر پەلەپیتکە هات. چەکدارێکی دیکەی دیکەش بە تفەنگەوە و قامک لەسەر پەلەپیتکە هات. شەقام چەکدار، کۆڵان چەکدار، ژوورێ چەکدار، دەرێ چەکدار، سەرخان چەکدار، ژێرخان چەکدار، سەربان چەکدار، حەوشە چەکدار، دەرگا چەکدار، پەنجێرە چەکدار، دار چەکدار، دیوار چەکدار، دەرێ چەکدار، خوارێ چەکدار، پشتەوە چەکدار، ڕووبەڕوو چەکدار، ڕاست چەکدار، چەپ چەکدار، ڕاستایی چەکدار، خوارایی چەکدار، قووڵکایی چەکدار، بەرزایی چەکدار، نزمایی چەکدار، پەنا چەکدار، پەسیو چەکدار، ئەملا چەکدار، ئەولا چەکدار، ئەولای چەکدار چەکدار، ئەملای چەکدار چەکدار، پەنای چەکدار چەکدار، لە خوار چەکدار چەکدار، لە پێش چەکدار چەکدار، لە پشت چەکدار چەکدار، چەکدار لە پەنای چەکدار، چەکدار لە خوار چەکدار، چەکدار لە ژوور چەکدار، چەکدار لە سەر چەکدار، چەکدار لە پشت چەکدار، چەکدار لە پێش چەکدار، چەکدار لە دوای چەکدار…”

ئازادی لە هەموو لایەکەوە بەردەوام لە ژێر خەتەرە و “تاکی ئازاد” دەبێ بەردەوام ئازادی بپارێزی. یا بە قەڵەم و یا بە بڕینی سنوورەکانی باب، دەسەڵات/دەسەڵاتەکان و شوێن. بۆ هیدایەتی نووسین ئەو پانتاییە کە دەتوانێ تێیدا بژی. لەم ڕوانگەوە هیدایەتی بەردەوام دەسەڵاتە جیاوازەکان دێنێتە ژێر پرسیار. هەر ئەوەشە لە تۆقی عەزازیل دا “سەلاح” لەبەرامبەر “سەرکردە” دا قسەی خۆی دەکا و ئاخری لە حوجرەی مزگەوتی دێ دا زیندانی دەکرێ و دواتر بە تکاوڕجا ئازادی دەکەن:

[…]  دوایی سەلاح کەوتە قسە و زۆری لەسەر ڕۆیشت، من هەر ئەوەندەی لێ حاڵی بووم لەنێو قسەکانی دا کوتی زۆربەی لایەنەکان بە جۆرێک هەر خانەقان و ئەخلاقی خانەقایی بەسەریان دا زاڵە.

سەرکردە هێشتی سەلاح بە ئیشتیای خۆی قسە بکا، هەتا بۆی دەرکەوێ سەر بە کوێیە. بەڵام لە کۆتایی قسەکانی دا ئاماژەی بەوەش کرد و کوتی قوربان ئەوەش باش نییە پێمانوابێ هەر کەسمان دی دەبێ حەتمین سەر بە لایەنێک بێ. سەرکردە کە لەمێژ بوو ددانی بە جەرگی خۆی دا گرتبوو، هەستا پێ و سەلاحیش بە ترسەوە لەگەڵی هەستا. سەرکردە دەستی درێژ کرد و خستییە ژێر چەنەگەی سەلاح و کوتی تۆ هێشتا زۆرت ماوە قسە لەگەڵ من بکەی؛ حاڵی بووی؟! نازانم سەلاح چی جواب داوە، لەنێو ئەو چەکدارانەی وا دەوریان دابوون، قاقای پێکەنین و چەپڵەیەکی بەهێز، بە خۆشیی سەرکەوتنی سەرکردەوە، ئاوێتەی یەک بوون. سەرکردە دەستی سەلاحی گرت و لەگەڵ خۆی بردییە مزگەوتەکە. من ناوێرم بڵێم دوایی سەرکردە دەستووری دا سەلاحیان بەتاواتی ئەوەی بە دژی بەرژەوەندییەکانی گەل جوڵاوەتەوە، لە یەکێک لە حوجرەکان دا زیندانی کرد.[۱۲]

هەژیر و کەریم گەورەتر دەبن. بەڵام ڕۆژێک دەبێ “هەڵۆکان” و یان “کۆمیتەی نەهێنی”[۱۳] بە هۆی نامە لە ماڵان هاویشتن و دروشم نووسین لەسەر دیواری مەدرەسە ترسی ئەوەیان لێ دەنیشێ کە گوزارشیان لێ درابێ، بۆیە بڕیار دەدەن بڕۆن. بەڵام لە ئاخر ساتەکان کەریم پەشیمان دەبێتەوە و هەژیرە کە لەسەر بڕیاری خۆی سوورە. بۆ؟

لە ڕاستیدا هەژیر لە پڕۆسەی گەشە کردنی کەسایەتی و ناسنامەی تازەی خۆیدا بڕیار دەدا لە چەند شت دابڕێ؛ سیستیم و بابێکی پیاوسالاری چڵێس و حیز. بە پێچەوانەی کەریم کە دایک و بابێکی مێهرەبانی هەیە، بابی هەژیر پیاوێکی دەمشڕ و سێکسیستە. بابێک کە پێی وایە:

“پیاو دەبێ پیاوبێ و بتوانێ هەموو شەوێک ژنەکەی وەها لاقە بکا بە عەرزییەوە نەهێڵێ و لەسەر تەپڵی سەر بیخوڵینێتەوە و گووپی پێ هەڵدا، گووپ.

[… ] دەیکوت بنیادەم چڵێس نەبێ دەبێ هەر تێهەڵدەی. [… ]” ل. ١٣٨.

لە پڕۆسەی گەشەی هەژیر وەک تاک، هەژیر دەیهەوێ چەند سنوور ببڕێ؛ سنووری دەسەڵاتەکان و سنووری دەستکرد. “عەبدول متەللیب” لە منداڵێکی دەستوپێ سپیلکەی پڕلە ترس لە بابی ڕا دەبێتە “هەژیر”ی خاوەن “هەڵوێست” و “تاکی ئازاد”.

سەبارەت بە گابۆڕی هاوتەریبی ئاژەڵەکان لەگەڵ ژیانی منداڵەکان و شارەکەیان، پێش من بەڕێزی دیکە ئاماژەیان پێ داوە کە چۆن “سەرەڕۆیی نیزامی” دەستی بەسەر کۆمەڵگادا گرتووە. بەڵام ئەوەی باسی نەکراوە “غەریزە” و “ئاگایی بە ماف”ە لەناو دەق دا. ویستی مانەوە و ژیان، نوێنەری ڕاستەقینەی هەموومان، ئەگەرچی بریندارە بەڵام سەرئەنجام زگی سەید/ قەساب هەڵدەدڕێ، حیسابی خۆی یەکلا دەکاتەوە و لە کوشتارگا دێتە دەر.[۱۴]

هەژیر تەنیا دەمێنێتەوە بەڵام بۆ سازکردنی کەسایەتی و ناسنامەیەکی تازەی خۆی دەڕوا. بەمجۆرە لە ناو جەرگەی جیهانێکی نیزامی و باوکسالاردا تاکی ئاگای ئازاد باڵ دەگرێ و سنوور دەبڕێ تا ڕۆژێک تۆپەکە بکەوێتەوە دەستی.

ئەوەی لە لای من لەم وتارە کورتەدا ماوەتەوە ئەوەیە کە بڵێم گابۆڕ بۆ ئەوە دەشێ دێڕ بە دێری شی بکەینەوە و زۆر شوێنی لەسەرڕاوە خوێندنەوەی بۆ بکرێتەوە، بۆ وێنە کەس نازانێ بۆ کەریم لە ئاخر ساتەکاندا لە هاوسەفەری هەژیر پەشیمان دەبێتەوە و ناڕوا. ڕەنگە نایهەوێ جارێکی دیکە دایکی جەرگی بسووتێ و چاو لە بۆڕایی بەتاڵی سەردیوار بکا:

“حەتمەن زوو کوتبووی کاکە بڕۆ. مینی‌بووس بەرەو بانە وەڕێ ‌کەوت. ملی لە پەنجێرەی مینی‌بووسەکەوە هێنابووەدەرێ.

بە دوای دا هەڵدەهاتم و دەگریام. قسەیەکی کرد بەڵام لێی حاڵی نەبووم… دەستی بۆ ڕاوەشاندم و ئیدی سەری بردەوە ژوورێ. هەرام کرد متەللیییب، هەژیییر، متەللییییب… هەتا بڕستم هەبوو بە دوای مینی بووسەکەدا هەڵاتم و هەرام دەکرد. متەللییییب… ئەژنۆم شل بوو.

سەڵای گەورە و گرانی لێ ڕابوو” ل. ١٩٣.

هەژیر دەڕوا. کەریم دەمێنێتەوە.

و من دەڵێم ئیدی تۆپەکە دەدەمە دەست تۆ.

و تۆ دەڵێی باشە تووپەکە وەردەگرم.

___________________________

[۱]ویکیپیدیای سەید قادر هیدایەتی

[۲] http://football.tnews.ir

[۳]http://kurdishbookhouse.com

[۴] http://knwe.org/?p=31211

[۵] سێبەری زیندووی نووسین، گوتار. ١٣٩٧. سەقز.

[۶] گێڕانەوەناسی، دەق، وتار، ڕاڤە. هاشم ئەحمەدزادە. ٢٠١٧.

[۷] هەمان سەرچاوە.

مه‌ته‌ڵۆكی زمان و په‌ڕجووی مان. گێڕانەوە ناسی. ٢٠١٧.[۸]

[۹] Kristeva. Fasans makt, 1992.

[۱۰] ل. ٦٤. گابۆڕ، ١٣٩٤.

[۱۱] بەڕێز عەلی‌پوور لە وتاری خۆیدا باس لەوە دەکا کە تۆپ هێمای نەبوونە، بەڵام بە پێچەوانە من پێموایە تۆپێک کە داگیردەکرێ ئاماژە بە بوونە. ئەگینا نەبوون داگیر ناکرێت.

لۆژیکی مەیل لە گیلگەمیشەوە بۆ کەمپ.

[۱۲] تۆقی عەزازیل، سەیدقادر هیدایەتی. لاپەرە ١٦١. چاپی دووهەم ١٣٩٤. سەقز، گوتار.

[۱۳] لاپەرە ١٦٥. لەڕاستیدا هیچ کۆمیتەیەک لەوێ بوونی نییە جگە لە کاری دوو لاو.

[۱۴] ئاخرین لاپەڕە  و ئاخرین ڕستەکان.

 

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *