خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “ئەلف/ یا” لە هەڵوەدایی فۆڕمەوە تا مەلوولی مەعنا

“ئەلف/ یا” لە هەڵوەدایی فۆڕمەوە تا مەلوولی مەعنا

“ئەلف/ یا” لە هەڵوەدایی فۆڕمەوە تا مەلوولی مەعنا

د. محەمەد ڕەحیمیان

زۆرم کۆرەوەری دیتووە تا ڕاهاتووم چۆن ”ئەلف” هەتا ”یا” بە خنجەخەت بنووسم. ئەزبەنێ خەیاڵ مەفەرموون بێ­ڕەنجە، لە جڵەوگرتنی ئەسپێکی پەت­پسێن چەتوون­ترە. کەوی کردنی ” لام” و ”کاف” لە کەوی کردنی تەیری سڵۆک هاسانتر نینە. بە تەغار، شووڵ و تووڵی وەستای خەت و خوتووتم بەرکەوتووە. مەرکەبم پێ هەڵقوڕێنراوە و قەڵەم­بڕ لە ژێر نینۆکم ڕۆکراوە و جەزرەبە دراوە. بێ­داد سەربهوردەی تاڵ و تاڵترم بە سەردا ڕابردووە؛ سەرما و سۆڵە و گەرما و گڕی زۆر شار و گوندانم چێشتوە. ئەمێستاکە لە سێبەر و پێچکی تەختی ئەم عەمارەتە ئاسوودەم (ل:٣٠).

لێکۆڵینەوە لە هەندێ کۆنەلاپەڕەی دەسنووس و تۆژینەوە لە چەند کتێبی مێژوویی سەبارەت بە خۆشنووسێکی ناوبزری کورد، بوە بە هەوێنی ئافراندنی ڕۆمانێکی جیاواز[۱] و هەلێکی نوێ لە بەستێنی ڕەوایی زمانی کوردی­دا پێکهێناوە. هەلێک بۆ تاقی­کاری لواویە ئەزموون­نەکراو یان کەمتر ئەزموون­کراوەکانی زمانی ڕەوایی و دەرکەوتنی بڕستی زمان بۆ گێڕانەوە و وەنواندنەوەی هەست و نەستی مرۆڤ لە شاراوە­ترین مەیل و بێ­مەیلییەکانییەوە بگرە تا کار و ئاکار و دەستەسووترین شت و مەکەکانی دەوروبەری.

لە غیابی دەقی ئارکائیکی کوردی­دا کە گوزارشتێک بێت لە زمانی ژیانی کوردەواری بە بوارە جۆراوجۆرە ماکی و مەعنەوییەکانییەوە، هەم گرینگایەتی زمانی ڕەوایی ڕۆمانی ئەلف/ یا و هزری هونەری و ئافرێنەرانەی دەرئەکەوێت و هەم کەلێن و کەمایەسییەکانی کتێبخانەی زمانی کوردی خۆی دەرئەخات.

ئەگەر بێتوو ئەم بیرۆکەیەی “هیومبێڵت” بسەلمێنین کە «ئێمە مرۆڤین نەک بەو هۆیە کە زمانمان هەیە[۲] بەڵکوو بەو هۆیە کە خودی زمانین»، بۆمان مسۆگەر دەبێت کە مرۆڤ لە زمان­دایە کە جیهان و خودی خۆی ئەدۆزێتەوە و لە خۆی و جیهانی دەور و بەری تێ­ئەگات. بەم پێیە ئێمەی کورد. دابڕانێکی مەعریفیمان لە گەڵ ڕابردووی خۆمان­دا هەیە و سەبارەت بە زمان لە قەیران و قەڵشتێکی مێژوویی­دا دەژین. گەلێک پرسیار لەم قەڵشتانەوە سەرهەڵئەدەن کە وڵام دانەوەیان ئەستەمە. ئەوەی کە ئەگەر لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بلوایە و بکرایە لە بوارگەلێک وەک  مێژوونووسین، وەرگێڕان، ڕەخنە و بووتیقانڤیسی، ژانرە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی، سەفەرنامە، ژیان­نامە و گەلێک بابەتی تر، بەرهەمی کوردی پێکهاتبایە، ئاخۆ دەوڵەمەندی زمانی کوردی لە چ ئاستێک­دا دەبوو و ئێستا چ بەرهه­مگەلێکمان بە دەستەوە بوو؟ ڕەوتی ئاڵ و گۆڕی زمانی کوردی بە چ بگارێک­دا دەچوو؟ داخۆ جۆری زمانی دەربار و دەسەڵاتی کوردی و میر و مونشی و پاکار و بازاڕ و خەڵکی خاوەن پیشە و شێوەی ئاخاوتنی چینە کۆمەڵایەتییەکان بە چ لەونێک بووبێت؟ دیارە خوسبە خواردن و تەمیان بۆ ئەوەی کە نەبوە و نەکراوە و ڕابردوە و ڕۆێشتوە، هیچ بەهرەیێکی لێ ناکەوێتەوە بەڵام کە دەبینین بە هۆی ئەم بۆشاییە زمانیەوە، پێشینەی زۆربەی ژانرکان لە بواری ئەدەبی کوردی و بە تایبەت لە بواری جۆرەکانی پەخشان­دا، پێشینەیەکی تۆخ و تۆکمە نییە. هزرێکی ئافرێنەر و قەڵەمێکی ڕەسەنمان پێویستە کە ئەم کەلێنە، بە گێز و گومانەوە پڕکاتەوە؛ ئەوەش بە شێوەیەک کە لە گەڵ مێژووی زمان و مەنتقی ئاڵ و گۆڕی زمانی­دا یەکانگیر بێت. دیارە لێرە­دا تۆژینەوە و تێڕامان و موکاشفە[۳]ی زمانی پێویستە تا ئەو زمانە کارامەیە بە شێوەی پێویست دابەزێتە گۆڕەپانی یاریەکەوە.

ئەو یارییە بنەڕەتییە کە لە ڕۆمانی ئەلف/یا دا هاتیەسە کایەوە ئەوەیە کە  واقێعێکی مێژوویی بە ئاڵ و گۆڕێکی جەوهەری و جوانی­ناسانەوە کراوە بە واقێعێکی ڕەوایی و داستانی. تروسکە یادێک لە “ئامێد”ی ناوێکی خۆشنووس و تۆزقاڵە بەڵگەیەک لە سەربهوردەی کەسێکی نەناس، لە ڕەفەی گەردگرتووی مێژوەوە گوێزراوەتە بەستێنێکی ڕەوایی و ڕۆمانێکی ڕاست و ڕێکی لێ خوڵقاوە کە بە داڕشتێکی داستانییەوە گوتار و جیهانێکی نوێی هێناوەتە پاوانی زمانی ڕەوایی کوردییەوە. پاوانێک کە لە سەر سنووری ”گومان­”دا دامەزراوە. گومانێکی بوون­ناسانە لە ڕاستی یان ناڕاستی ئەوەی کە ڕووئەدات و ئەوترێت. گومانێک کە گەلێک پرسیاری فەلسەفی و هەروەها ڕەوایەت­ناسانەی لێ ئەکەوێتەوە. ئەو گومانەی کە خەسڵەتێکی تەکنیکی ئەگرێتە خۆوە و وەک کەرستەی هەڵپەساردەیی و تەعلیق لە فۆڕمی ڕۆمانەکەدا ئەتوێتەوە و دڕدۆنگییەکی جوانی­ناسانە و چێژێکی فەلسەفی لێ ئەکەوێتەوە.  

بۆ داگرتنی کۆی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۲۹ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF

داگرتنی PDF

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

_________________________________

[۱] – هۆی بە جیاواز ناوبەردە­کردنی ڕۆمانی مەبەست، لە دەوامی وتارەکەدا ڕوون ئەبێتەوە.

[۲] – ئاماژەیە بە وتە بەناوبانگەکەی ئەرەستوو کە ئەڵێت:”مرۆڤ ئاژەڵێکی ناتیقە”، ناتیق بەرانبەری لۆگۆسی یوونانییە کە هەم بە واتای هزرە و هەم بە واتای زمانە.

[۳]– Meditation  

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *