خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هێمن لە نێوان نوێ‌خوازی و نوێ‌بوونەوەدا؛ وتووێژ لەگەڵ د. بەختیار سەجادی

هێمن لە نێوان نوێ‌خوازی و نوێ‌بوونەوەدا؛ وتووێژ لەگەڵ د. بەختیار سەجادی

هێمن لە نێوان نوێ‌خوازی و نوێ‌بوونەوەدا؛ وتووێژ لەگەڵ د. بەختیار سەجادی

بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی لەدایک‌بوونی مامۆستا هێمن

ئاماژە: ئەم وتووێژە لە بنەڕەتدا بە شێوەی ڤیدیۆ لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠٠٨) لەگەڵ د. بەختیار سەجادی‌‌دا ئەنجام دراوە و ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردی بە شێوەی دەقی نووسراو دایڕشتۆتەوە. هەڤپەیڤینەکە لە لایەن بەڕێز نەبەز ڕەحیمی-یەوە تۆمار کراوە.

 

پرسیار: جێگەوپێگەی هێمن لە ئەدەبیاتدا چۆن دەبینن؟

د. سەجادی: مامۆستا هێمن خاوەن جێگەوپێگە و کەسایەتییەکی بێ‌وێنەیە لە سەرجەم مێژووی ئەدەبی کوردیدا. ئێمەمانان وشەکان بەو پەڕی پارێزەوە بەکار ئەبەین، کە ئەڵێین کەسایەتییەکی بێ‌وێنەیە، بە هەستیارییەوە ئەو وشەیەم هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ژیانی مامۆستا هێمن و قۆناغە جیاجیاکانی، بە قۆناغی ئەدەبی، ڕۆشنبیری و سیاسییەوە، هەروەهاش ئەو بوار و دەڤەرە جیاجیایانەی مامۆستا هێمن تیاندا کاری کردووە، ئەگەر ئەوانە لەبەر چاو بگرین و بەراوردی بکەین بە هەر کەسایەتییەکی ترەوە، بێگومان تێدەگەیین مامۆستا هێمن خاوەن جێگە و پێگەیەکی دیاریکراو، ئاست‌بەرز و تەنانەت بێ‌وێنەشە لە سەرجەم مێژووی ئەدەبی کوردیی هاوچەرخدا. 

پرسیار: ئەو بوارە جیاجیایانە کە مامۆستا هێمن کاری تێیدا کردووە ئەتوانن شی بکەیتەوە؟

د. سەجادی: مامۆستا هێمن ڕاستە وەکوو شاعیرێک ناسراوە، بەڵام بەردەوام کەسایەتییە گەورەکان لایەنێک لە ژیانیان بەرجەستە ئەبێتەوە و ئەمەش زوڵمێکە دەرهەق کەسایەتییە گەورەکان ئەکرێ، لەبەر ئەوەی کەسایەتییە گەورەکان چەندلایەنە و فرەڕەهەندن، لە چەندین بواری جیاجیا کار ئەکەن. بەردەوام لایەنێک لەو لایەنانە، بوارێک لەو بوارانە بەرجەستە ئەبێتەوە؛ مامۆستا هێمن-یش هەر بە هەمان شێوە، وەکوو شاعیر ناسراوه، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە مامۆستا هێمن لە وەرگێڕانیشدا وەرگێڕێکی کارامەیە. کۆمەڵێ چیرۆکی بیانی تەرجەمە کردۆتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر ئێوە تەماشای پاشەرۆک بکەن، تێدەگەن وەرگێڕێکی زۆر کارامەیە. 

هەر بە هەمان شێوەش، پەخشان‌نووسێکی زۆر لێهاتووە. بۆ نموونە، ئەو پێشەکییەی کە بۆ وەرگێڕانی شەرەفنامە لە لایەن مامۆستا هەژارەوە نووسیوێتی وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو و دەگەمەن لە پەخشانی هونەریی کوردی ناوی لێدەبەین. نموونەکان زۆرن، وەک پێشەکیی تاریک و ڕوون بە ناوی «لە کوێوە بۆ کوێ». بێجگە لە پەخشان، لە ڕۆژنامەوانیشدا کەسێکی چالاک بووە. هەر لە سەردەمی کۆماردا دەوری سەرەکی گێڕاوە لە گۆڤاری نیشتمان و گۆڤاری ئاوات و پاشان لە دوا قۆناگەکانی ژیانیدا هەر وەک هەمووان دەزانن، لە گۆڤاری سروەدا. 

بێجگە لەم بوارانەش، وەک ڕۆشنبیریکی خاوەن پلە و پایەی بەرز کە خۆشەویستی هەموو لایەکە، کە لەگەڵ هەموو لایەنە جیاجیا ڕۆشنبیری، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکانیش لە پێوەندیییەکی نزیکدا بووە و ئەمەش ڕێک وەک زمانی هێمن-ە. هێمن، موکریانییە، ڕاستە شێوەزاری موکری لە سەرجەم بەرهەمەکانیدا وەکوو بناغەیەک دەرکەوتووە، بەڵام هێمن دەمارگرژ نەبووە لە هەمبەر هەڵبژاردنی جۆری وشەی تایبەتی موکریانی، بۆ نموونە، لە شێوەزاری ئەردەڵانی، زۆر بەکارهاتووە لای ئەو، لە کۆمەڵێ دەستەواژە و تەنانەت پێکهاتەی ڕستە و تەنانەت چەشنی وشەبژێری نەک هەر لە شیعرەکانیدا لە هەموو بەرهەمەکانیدا بەکار ئەبات. ئەمەوێ بڵێم ئەو مامەڵەیەی کە هێمن ئەیکات لەگەڵ زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانیەوە، هەر وەکوو ئەو مامەڵەیەی کە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسیی هێمن ئەیکات لەگەڵ هەموویاندا. 

ئەو بوارانە بێگومان زۆرن و لە هەموویاندا خاوەنی جێگەی دیاری خۆیەتی. بۆ نموونە لە فۆلکلۆردا، بەرهەم بەناوبانگی توحفەی موزەفەریە کاتی خۆی ئۆسکارمان ئەوانەی کۆ کردووە و مامۆستا هێمن باشترین بەرهەمی هەڵبژرادووە بۆ ئەوەی بیهێنێتەوە سەر ئەڵفوبێی عەرەبی و ئەو پێشەکییە پوخت و پاراوەی بۆ نووسیوە. بێجگە لەمانەش، لە کۆمەڵێ کاری تریدا، بۆ نموونە، لە شیعری ناڵەی جودایی‌، ئاماژە دەکات بۆ چەندین بەیت و چەندین کەسایەتی و چەندین چیرۆکی فۆلکلۆریکی کوردی و گرنگییەکی زۆری داوە بە ئەدەبی زارەکی وەکوو پێشینەیەکی دەوڵەمەند و وەکوو کەلەپوورێکی لەمێژینەی دوورودرێژ کە تەژییە لە واتای مرۆیی و وەکوو سامانێکی گرنگی مرۆڤایەتی ئەتوانین سەیری بکەین. مامۆستا هێمن هەردەم ئاوڕی داوەتەوە لەو سامانە دەوڵەمەندە. کەواتە، لە چەندین بواری جیاجیادا مامۆستا هێمن کاری کردووە و پێم وایە کورت کردنەوەی هێمن بۆ شاعیرێک خۆگێل‌کردنە لە لایەنەکانی تری ژیانی. جۆرێک ناهەقییە دەرهەق بە هێمن لەبەر ئەوەی کە لە زۆر بواری تردا کاری کردووە و خاوەنی جێگە و پێگەی خۆیەتی.

پرسیار: نوێخوازی لای هێمن چۆن بووە؟

د. سەجادی: نوێخوازی، ئەگەر وەرگێڕانی «نوگرایی» بێت لە فارسیدا و، ئەگەر وەرگێڕانی «مۆدێرنیزم» بێت لە ئینگلیسی و فەرانسەویدا، ئەو بزووتنەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەیە کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا لە ئەدەبی گەلاندا سەری هەڵداوە. لە ژانری شیعردا نوێخوازی، ئێمە کە باسی شیعری کوردی ئەکەین بێگومان لێرە مەبەستمان شیعری گۆرانی نییە و بەڵکوو مەبەست کورمانجیی ناوەڕاستە. ئەگەر مەبەستمان شیعری کورمانجی بێت، ئەوە بە قەدری جان و عوسمان سەبری دەست پێدەکات، ئەگەر مەبەستمان شیعری کوردیی کورمانجیی ناوەڕاست بێت، ئەوە بە مامۆستا گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح-ەوە دەست پێدەکات و دیارە هەر کامیان خاوەنی ڕابردوو و بنەمای فیکری و لایەنگری و مۆرکی دیاریکراوی خۆیانن کە ناکرێ لێرە باسی بکەین. ئەگەر مەبەست شیعری نوێی کوردی ناوەندی بێت لە ڕۆژهەڵاتدا، مەبەستمان ئەو کۆمەڵە گەنجە خوێندکارەن کە لە زانکۆی تاران لە سەرەتای شەستەکانی زایینیدا، بۆ نموونە، سوارە ئیلخانی‌زادە، عەلی حەسەنیانی و ..هتد. ئەگەر مەبەستمان شیعری مۆدێرنیستی و نوێخوازانە بێت لە کەڵهوڕی و فەیلیدا، ئەو شیعرەیە کە لە بیست و پێنج ساڵی رابردوودا لەو ناوچانەی بە کوردیی خواروو دەئاخڤن. دیارە مامۆستا هێمن ناچێتە هیچ کام لەم خانەگەلەوە. واتە، هێمن مۆدێرنیست نەبوو، بەڵام کاریگەریی مۆدێرنیتەی بەسەرەوە بوو. مۆدێرنیزم وەکوو بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگی لە فۆرمدا و لە پێکهاتە و سیما و ڕوخسار و شێوەدا لە ژانرە جیاجیا ئەدەبییەکاندا خۆی دەردەخات، بەڵام شیعری مامۆستا هێمن لە ڕووی ناوەرۆک و ناوخنەوە و لە ڕووی واتاوە شیعرێکی مۆدێرنە با ئەگەر لە ڕووی فۆرم و سیماوە شیعرێکی مۆدێرنیستی نەبێ. 

شاعیرانی کورد بە هەموو زارەکانەوە لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی گشتی کاریگەریی مۆدێرنیتەیان بەسەرەوە بوو نەک کاریگەریی مۆدێرنیزم. لەم ڕووەوە. مامۆستا هێمن، نزیکە لە قانع، لە فایق بێکەس، تەنانەت لە حەمدی. مەبەستم دووپات‌بوونەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو کۆمەڵە چەمکە دنیاداگرەیە کە بەشێکن لە ناوەرۆکی مۆدێرنیتە وەکوو فیکر و ئەندێشە؛ بۆ نموونە، ئازادی، ئاشتی، پێشکەوتن، گرنگیدان بە زانست، مافی مرۆڤ، مافی ئافرەت، ئەمانە بە شێوەیەکی فرەپات لە شیعری مامۆستا هێمن‌دا ڕەنگیان داوەتەوە. تەواو دیارە بە شێوەیەکی لە سەداسەد کاریەگریی مۆدێرنیتەی بەسەرەوەیە. بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا مۆدێرنیزم لە قۆناغێکی تردا سەری هەڵدا. 

ئەگەر مۆدێرنیتە، وەکوو هزر، سیستەمی فیکری و مەعریفە و بۆچوون، زاڵە بەسەر شیعری کوردیی زاراوەکانی ژووروو و ناوەڕاست لە ماوەکانی نێوان شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیدا، بەڵام مۆدێرنیزم پاش شەڕی دووەم سەری هەڵدا. کەواتە، کە دەڵێین مامۆستا هێمن مۆدێرنیست نییە بەو مانایە نییە کە نوێخواز نییە بە مانای بەرتەسکەکەی، بەو مانەیەی کە شێوە و شکڵ و قاڵب و فۆرم و پێکهاتەی شیعری هێمن نوێخوازانە نییە کەچی ناورۆکەکەی نوێخوازنەیە، ئەو قاڵبانەی مامۆستا هێمن بەکاریان ئەبات کلاسیکین و چەندین کەس باس لەوە ئەکەن کە هێمن ڕاستە بە هۆی ڕەچاوکردنی قاڵبە کلاسیکییەکانی شیعرەوە ناچێتە خانەی نوێخوازییەوە، بەڵام بێجگە لە ناوەرۆک و واتاکانەوە خودی ئەو شیوازە زمانییەی بەکاری ئەهێنێ مۆدێرنیستییە. ئەو نزیک دەبێتە لە زمانی خەڵکی ئاسایی، لە کۆشکەوە دێتەوە خوارێ ئەچێتە ناو قوژبنەکانی کۆمەڵگاوە، تۆزێ سادەتر ئەبێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا قاڵبەکە کلاسیکییە. 

لەبەر ئەوە ئەکرێ وەکوو خاتەموشوعەرای شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەندی ناوی لێبەرین، دیارە ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبی فارسیدا بۆ جامی بەکار ئەبرێ، واتە جامی وەکوو دواهەمین شاعیری گەورەی ئەدەبی کلاسیکی فارسی پاش شێوازەکانی خوراسانی و عەراقی. لە ئەدەبیاتی کوردیدا مەبەستمان ئەوەیە کە دواهەمین شاعیری گەورەی سەر بە ڕێبازی کلاسیکی. هەرچەند کە لە زەمانی ژیانی هێمن‌دا، چ لە گەنجی و چ لە پیریدا، کۆمەڵێ شاعیری بەناوبانگ و گەورەی کلاسیکی کورد هەن، وەک مەلا غەفووری دەباغی، خاڵەمین، حەسیب قەرەداغی، کەمالی، هێدی، هەژار، تەنانەت ئێستاش کە سی و چەند ساڵ پاش مەرگی هێمن، شاعیری کوردی سەر بە ڕێبازی کلاسیکیمان هەیە. بەڵام بە گشتی دەکارین بێژین، دواهەمین شاعیری گەورەی سەر بەو ڕێبازە یان بەناوبانگترین شاعیری گەورەی سەر بەو ڕێبازەیە. 

بە باوەڕی من، لە نێوان ساڵەکانی ٧٥ و ٨٥دا، هێمن بەناوبانگترین و گەورەترین شاعیری کوردی زیندووە، بە هەر دوو بەشی کلاسیک و نوێوە، چونکە مۆدێرنیستەکان لەو کاتەدا لە قۆناغی پاش گۆران‌دا گەنج بوون، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ڕەفیق سابیر و فەرهاد شاکەلی لەو کاتەدا دیارە خاوەنی ئەو ناو و ناوبانگە نەبوون کە ئێستا هەیانە، ئەو بەرهەمانەیان هێشتا نەنووسیبوو کە دواتر پێشکەشیان کرد. هەرچەند لە ئەدەبی کورمانجیشدا جگەرخوێن زۆر ناوبانگی هەبوو لە قۆناغەدا، ڕاستە جگەرخوێن لەبەر دڵانە، ڕاستە جگەرخوێن-مان خۆش دەوێ، ڕاستە دەنگێکە زاڵ و لێوڕێژ لە نیشتمان‌پەروەری، بەڵام ئێمە وەک توێژەری ئەدەبی زیاتر قامک ئەخەینە سەر قووڵایی و وردەکاری و ئەو سامانە دەوڵەمەندەی کە لە پشت شیعری کەسێکی وەک هێمن‌دایە، واتە، ئەو مۆرکانەی لە شیعری هێمن‌دان و لە شیعری جگەرخوێن‌دا نین، هەرچەند ئەمەش هیچ شتێک لە گەورەیی و خۆشەویستی جگەرخوێن کەم ناکاتەوە. مامۆستا هێمن بەرهەمەکانی لە ڕووی فۆرم و پێکهاتە و شێوە و قاڵبەوە نوێخوازانە نین بەڵام لە ڕووی ناوەرۆکەوە لێوڕێژن لە نوێخوازی.

پرسیار: هەر وەک خۆشتان ئاماژەتان پێکرد، هێمن تەنیا شاعیر نەبوو؛ هێمن پەخشانی زۆر بەرزی هەیە. تێبینیی ئێوە چییە سەبارەت بە شیعر و پەخشانی هێمن و گەر بەراوردێکیان بکەین ئێوە چۆن ئەیبینن؟

د. سەجادی: زۆر کەس سەبارەت بەم پرسە ڕوانینی خۆیان پێشکەش کردووە. شیعر دەچیتە خانەی هونەر و ئەدەبی داهێنەرانەوە. پەخشان گەرچی هەندێجار دەچێتە ئەو خانەیەوە، بەڵام زیاتر ئامرازێکە بۆ دەرخستنی بیر، ڕوانگە، هەواڵ، فەلسەفە، مەعریفە، زانست. پەخشان دوو مانای گشتی هەیە: یەکێکیان کە زیاتر لای ئێمە مەبەستە و من دژی ئەو مانایەشم زیاتر پەخشانە وەکوو ئەدەبی داهێنەرانە، وەکوو هونەرێک، بەڵام ئەوەی لا ئێمە مەبەستە زیاتر پەخشانە لە پێگەی ئامرازێک یان قاڵبێک بۆ دەرخستنی بیرێکی مەعریفی یان کارێکی ڕاگەیاندن یان بەرهەم‌هێنانی دەقی زانستی. دیارە مامۆستا هێمن پەخشانەکانی دەچنە قاڵبی یەکەمەوە، لەم پێناسەیەدا واتە پەخشان وەکوو هونەر و ئەدەبی داهێنەرانە نەک وەک دەقێکی هەواڵنێرانە. لەم ڕوانگەیەوە هێمن یەکێکە لە مەزنترین پەخشان‌نووسەکانی کورد هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچیتەوە، کە هەر وەک دەزانرێ شیعری هێمن بە کۆمەڵێ چەمکەوە بەردەوام بەستراوەتەوە، ئەمەش وەک مۆتیف و وەک واتایەک لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە، وەک جوانی‌پەرستی و گرنگیدان بە جوانی. 

شیعری هێمن بە هۆی گرنگیدان بە جوانییەوە کەمتر ئایدیۆلۆجیکە بە بەراورد لەگەڵ شیعری شاعیرانی هاوچەرخ و پێش و پاش خۆیەوە. ئێمە ڕووبەڕووی کۆمەڵێ شیعری ئایدیۆلۆجیک ئەبینەوە، لە بەرهەمی کەسێکی وەک مامۆستا گۆران کە وەک پێشەنگی نوێخوازیی شیعری کوردی ناوی لێدەبەین؛ جگەرخوێن، مامۆستا هەژار کۆمەڵێ شیعری لەو چەشنەی هەیە. ڕاستە ئایدیۆلۆجییەکە جیاوازە. ئەو گوتارە ئایدیۆلۆجیکەی لە شیعری هەژاردا ڕەنگ ئەداتەوە جیاوازە لەو گوتارە ئایدیۆلۆجیکەی لە شیعری گۆران‌دا ڕەنگ ئەداتەوە، بەڵام هەر دووکیان دەچنە خانەی گوتاری ئایدیۆلۆجیکەوە. شیعری هێمن بە بەراورد لەگەڵ شاعیرانی هاوچەرخی خۆی کەمتر دەچێتە خانەی لایەنگری‌کردن لە گوتارێکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆجیکەوە. شیعر لەم حاڵەتەدا دەگاتە باشترین حاڵەتی خۆی چونکە شیعر ئامرازێک نییە بۆ دەرخستنی مەبەستێک بەڵکوو خودی مەبەستەکەیە. شیعر ئامرازێک نییە بۆ پیشاندانی حەقیقەتێک بەڵکوو خودی حەقیقەتەکەیە، ڕێک بە پێچەوانەوەی پەخشانەوە، لە حاڵەتی دووەمدا یان شیعری ئایدیۆلۆجیک. لەم ڕوانگەیەوە، شیعری هێمن ئەدەبییەتی زۆرترە لە شیعری هەژار، جگەرخوێن، قانع، فایق بێکەس، لە شێرکۆ بێکەس لە قۆناغی یەکەمدا، لە شیعری عەبدوڵا پەشێو لە زۆربەی قۆناغەکاندا، واتە لایەنگرییەک‌ ناکا لە شوێنێکی دیاریکراو بە پێی بنەمای گوتارێکی ئایدیۆلۆجیک، لایەنگری ناکات لە بیرۆکەیەکی دیاریکراو بە پێی بنەمای گوتارێکی ئایدیۆلۆجیک، بۆ دروشمێکی دیاریکراو؛ بەرتەسک نییە، خۆی سنووردار نەکردۆتەوە لە ناو چوارچێوەیەکی تەنگی سەر بە مۆرکێکی دیاریکراو که لە لایەن گوتارێکی ئایدیۆلۆجیکەوە هاتووە. لەبەر ئەوە ئەو کارانە ئەدەبییەتی تێدا زیاترە.

بەرجەستەبوونی ئەدەبییەت لە شیعری هێمن‌دا، تەژی‌بوونی ناوەرۆکی ئەو شیعرە لەگەڵ ئەو چەمکە و زاراوانەی پێشتر وتمان نوێخوازانەن، شێوازی زمانیی شیعری هێمن، ڕوانینی هیمن، بەو جۆرەی لە شیعرەکانیدا دەرکەوتووە، بۆ شیوەزارەکانی تر، دەوری فۆلکلۆر و کەلەپوور وەکوو پاڵپشتێک بۆ ئەو شیعرانە، بێجگە لە کۆمەڵێ بەهرە و هەستی تر، ئەمانە سەرومڕ پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەیە کە بڵێین هێمن لە ژانری شیعردا ئاستێکی زۆر بەرزی تۆمار کردووە، تەنانەت زۆر بەرزتر لەو کەسانەی خەڵكی تر پێیان وایە لە هێمن شاعیرترن. ئەو قسەیەش بە هیچ مانایەک بە مانای کەم‌کردنەوەی ئاستی پەخشانی هێمن نییە. وەک پێشتریش پیشانم دا هێمن لە پەخشانیشدا بە هەمان شێوە هەڵسوکەت ئەکات. ئەو کەسانەی پێیان وایە هێمن زیاتر پەخشان‌نووسێکی کارامەیە تا شاعیر، دیارە کۆمەڵێ جیاوازی ئایدیۆلۆجیکیان هەیە. لەبەر ئەوە من وەک توێژەرێک، شیعری هێمن لە بەرزترین ئاستی ئەدەبییەتدا دەبینم. 

پرسیار: پرسیارێک سەبارەت بەوەی مامۆستا هێمن، بێجگە لە شیعر و پەخشان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر فەرهەنگیش بووە چ بە شیعرەکانی و چ بە چالاکییەکانی خۆی. ئێوە چالاکی و کاریگەریی مامۆستا هێمان لەسەر فەرهەنگ و ئەدەب چۆن دەبینن؟

د. سەجادی: وتەیەکی ئاشنا هەیە کە دەڵێ نوخبەسازی لە بوون بە نوخبە گرنگترە. واتە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نوخبە ئەوەیە کە نوخبە بەرهەم بهێنێت؛ گوتارێک بهێنێتە ئاراوە، کاریگەریی دابنێت. مامۆستا هێمن ڕاستە ئەزموونێکی پتەوی هەبووە لە سەردەمی گەنجێتیدا و تەنانەت لە سەردەمی کۆماردا بەرپرسی ئەو کۆمیسیۆنە بوو کە دانرابوو بۆ دۆزینەوەی هاوواتای ڕەسەنی کوردی بۆ کۆمەڵێ دەستەواژە و ڕاستە مامۆستا هێمن لە سەرەتای حەفتاکاندا وەکوو هێزێکی مەعنەوی دەوری دەگێڕا بۆ ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد، ڕاستە کۆمەڵێ پێوەندیی جیاجیای هەبوو لەگەڵ ناوەند و تاقمە جیاجیا ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکاندا، بەڵام لە دواهەمین قۆناغی ژیانیدا کە گەڕایەوە مەهاباد پاش ماوەیەک بە ڕاوێژ دەستی کرد بە دامەزراندنی ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەلاحەدینی ئەیووبی کە گۆڤاری سروەی لێکەوتەوە. وەک لە سەرەتادا وتم، کەسایەتییە گەورەکان لایەنێک لە لایەنەکانی ژیانیان یان بوارێک لەو بوارانەی تێدا کار دەکەن گەورە و بەرجەستە دەبێتەوە بە جۆرێک کە دەبێتە زوڵم و ناحەقی بەرامبەر بەو کەسایەتییە و مامۆستا هێمن-یش ئاوارتە و ڕیزپەر نییە. بۆیەش ئەمە مامۆستا هێمن-یش دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی وەک شاعیر ناسراوە، کەچی ئەبێ سەرنج بدەینە ئەو خاڵەش کە بە دامەزراندنی گۆڤاری سروە و ناوەندی سەلاحەدینی ئەیووبییەوە توانی شەپۆلێکی گەورە لە چاند و ڕۆشنبیری و زمان و ئەدەبی کوردی ئاراستەی بەردەنگ بکات، بە تایبەت کوردی ڕۆژهەڵات. 

ئەو چەند ساڵەی بە تایبەت ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەلاحەدین ئەیووبی، ڕاستە لە ڕووی چەندایەتی و ژمارەوە زۆر کەم بوون، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و ئاستەوە ئەو بەرهەمانە ئاستێکی بەرزیان هەبوو و کاریگەریی خۆیان دانا. بۆ نموونە، قامووسەکەی زەبیحی، کە لەوێ چاپ کرا، بەرگی یەکەمی، پیتی ئەلف و بێ. ئەتوانین بڵێین کە ئەو چالاکیانەی ناوەندی سەلاحەدینی ئەیووبی ئەیکرد لە ناوەڕاستی شەستەکانی کۆچیدا، لە پاش کۆمارەوە، نموونەی وامان لە ئێراندا نەبووە. ئەگەر ساڵەکانی نێوان ٢٥ بۆ ٦٥، واتە چل ساڵ، ڕاستە لە سەردەمی کۆماردا جۆرێک لە بووژانەوە هەیە وەکوو گۆڤار و نووسین و ڕۆژنامە و خوێندن و گرنگیدان بە پرسە فەرهەنگی و زمانی و ئەدەبییەکان، بەڵام لە ٢٥ەوە بۆ ٦٥، ئەگەرچی لە ئێراندا و بە تایبەت زیاتر لە تاران و لە سییەکاندا کۆمەڵێ کار کراوە و کۆمەڵێ هەوڵ دراوە، وەک بەڕێز د. محەمەد سدیق موفتی‌زادە کە هەفتەنامەی کردستان-یان دەرئەکرد، یان هەوڵەکانی ئەو کارمەندە خەمخۆرانەی ڕادیۆ کوردییەکانی کرماشان و تاران، بەڵام بە گشتی لە ٢٥ەوە بۆ ٦٥ ئەتوانین بڵێین ئەو کارەی کە نەشری سەلاحەدینی ئەیووبی و سروە کردیان بێ‌وێنەیە، لەبەر ئەوەی کە لەو چل ساڵەدا گەرچی کار کرابوو بەڵام لەو ئاست و قەبارەیەدا و بەو شێوەیە نەبوو. کارامەترین و پڕکارترین و کاریگەرترین ناوەندی سەردەمی خۆی بووە. گەرچی بەردەوام کێشەی بودجەیان هەبووە، بەردەوام چاودێرییان لەسەر بووە، و نەیان‌توانیەوە بە ئازادییەوە هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام باشترین بەرهەمیشیان هەبووە. گۆڤاری سروە ئەگەرچی پاش چوار ژمارە مامۆستا هێمن کۆچی دوایی کرد بەڵام لەسەر دەستی کەسایەتییەکی وەک مامۆستا ئەحمەد قازی توانی گەشەیەکی زیاتر بە خۆیەوە ببینێ. 

سروە بوو بە قوتابخانەیەک، ئێستاش زۆرن ئەو نووسەر و شاعیرانەی ڕۆژهەڵات یان بەشەکانی تر کە خۆیان بە خوێندکاری ئەو قوتابخانەیە پێناسە دەکەن. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو گۆڤارە و ئەو چالاکیانە ڕووبەڕووی ڕەخنە نابنەوە، من خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە بە نووسینیش ئەو ڕەخنانەم بڵاوکردۆتەوە، ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەو ناوەندە و ئەو زەینییەتە و ئەو شێوە هەڵسوکەوتە لەگەڵ زمان و ئەدەب و فەرهەنگدا دەکرێنەوە. ئەوەیان باسێکی ترە، بەڵام کاریگەریی مامۆستا هێمن بە تایبەت لەم سی ساڵەی ڕابردوو و بە تایبەت بە هۆی ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەلاحەدینی ئەیووبی و گۆڤاری سرەوە، کاریگەرییەک بوو کە وەک کورمانجان ئەڵێن، توو کەس، کەسی تر نەیتوانیوە کاریگەرییەکی بەو شێوەیە لە بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی زمان و ئەدەب و چاند و ڕۆشنبیریی کوردیدا لانی کەم لە ڕۆژهەڵاتدا بەجێ‌بێڵێ.

 بۆ داگرتنی کۆی وتووێژەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۱۶ لاپەڕەیدا کرتە بکە سه‌ر داگرتنی پی دی ئێف:

داگرتنی PDF

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *