خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی “ڕاسی ناوچەی لەیلاخ” بڵاو کرایەوە

کتێبی “ڕاسی ناوچەی لەیلاخ” بڵاو کرایەوە

کتێبی “ڕاسی ناوچەی لەیلاخ” چاپ و بڵاو کرایەوە

 ئیبراهیم ئەحمەدی

کتێبی «ڕاسی ناوچەی لەیلاخ« بەرهەمی ٨ ساڵ هەوڵ و کۆکردنەوە و تێکۆشانی ماندوونەناسانەی ئیبراهیم ئه‌حمەدییە کە وکوو پڕۆژەیەکی توێژینەوەیی لەلایەن توێژینەوەی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستانەوە، لە چاپ دراوە.

ئەم کتێبە سێ بەرگییە کە “١٧٠٠”لاپەڕەیە، پێکهاتووە لە چیرۆک و ئەفسانەگەلی ناوچەی لەیلاخ کە “۳۳۷” چیرۆکی لە خۆگرتووە کە بۆ وتنەوەی ئەم چیرۆک و ئەفسانەگەلە” ۱۰۶″ حیکایەت بێژ و ڕاس‌بێژی ناوچەی لەیلاخ بەشدارییان کردووە کە بوونەتە هەوێنێک بۆ بەپێزترکردنی ئەم بەرهەمە و گەیانێکی دووبارە بە ڕۆحی فۆلکلۆری کوردیدا

نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت: «چیرۆک و ئەفسانە ڕەنگدانەوەی بیر و باوەڕ، هیوا و ئاواتەکانی خەڵکن و سینگ بە سینگ و بەرەبەرە گوێزراونەتەوە و پاڵ‌پشتی پتەوی ئەدەبی ئاکاری و کۆمەڵایەتین. ناوەرۆکیان پڕە لە بنەماکانی دۆستی و دادپەرەوەری و ڕنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتین و کۆمەڵێک جیهان‌بینی خەڵکیان لە نێو دڵی خۆیاندا حەشار داوە. هەر بەم هۆیەوه، لە ڕوانگەی جۆربەجۆرەوە وەکوو دەروونناسی، و جیاوازییە زمانییەکان و کۆمەڵناسی، دەتوانین لێکیان بدەینەوە. هەروەها، کلیلی دۆزینەوەی باوەڕەکان و فەرهەنگی نەتەوەیین و لە ڕاستیدا، چیرۆکەکان ناسنامە و شوناسی فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکن کە لە خەساری جۆربەجۆری شاڵاوی عەسکەری و هزری توانیویانە خۆیان بپارێزن. لە تایبەتمەندییەکانی ئەفسانە دەتوانین ئاماژە بە پاڵەوانەکان بکەین کە بوونەوەران، ئینسانەکان و خواژنەکانن. ڕووداوەکان لە جیهانی دەرەوەی ڕاستی ڕوو دەدەن، شوێنی ڕوودان، کات و کەسایەتییەکان نەناسراون و ڕوون نین و ڕوودانی ڕووداوەکانیش لە دەرەوەی لۆجیکن.

میتۆلۆژیا و ئەفسانە لێک‌چوونگەلێکیان لەگەڵ یەکدا هەیە و جیاوازیگەلێکیشیان هەیە. گرنگترین جیاوازییەکان باسی ڕوودان یان کاتی ئەوانە. میتۆلۆژیا لە کات و زەمەنێکی بێ‌زەمەندا ڕوو دەدات. واتە، لە قۆناخی پێش مێژوودا بیچمیان گرتووە. سەرەڕای باسی کات و زەمەن، میتۆلۆژیا بە جۆرێک، پەیوەندییان بە متافیزیک و خواوە هەیە. ئەوان یا خواکانن یان کەسگەلێکن لەگەڵ ئەم هێزە پیرۆزانەدا لە پەیوندی‌دان؛ لە حاڵێکدا پاڵەوانەکانی ئەفسانە لە جۆری خودی مرۆڤن و لە نێوان خەڵکدا هەستاون. بەم هۆیەوه پاڵەوانەکانی میتۆلۆژیا دوورن لە ڕاستی و تا ڕادەیەک، باوەڕپێکردنیان سەختە. بەڵام پاڵەوان و هەموو کەسایەتییەکانی ئەفسانە بەرهەستن و نزیکایەتییەکی تایبەتییان لەگەڵ دنیای ڕاستیدا هەیە. جیاوازی نێوان ئەفسانە لەگەڵ چیرۆکدا لە ئەمەدایە کە ئەفسانە بیچمێکی لە کلیل و تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی لە نێو خۆیدا هەیە بەم جیاوازییەوه کە هێماکانی خەیاڵی و بابەتەکانی سەرسووڕهێنەر لە ئەفسانەدا زۆرترە و بەشێکی گەورە لە فۆلکلۆری پڕپیت و باوەڕی ئێمە لە خۆیدا دەگرێت. لە چیرۆکەکاندا، تاکەکان زۆر جیاوازن؛ خەڵکانێکی ئاسایی دەبینین و ڕووداوەکان لە نێو خودی کۆمەڵگادا و لە نێوان مرۆڤە ساکار و سادەکاندا ڕوو دەدات و کێشەکان چارەسەر دەبن. هومێد دەبینین؛ دێو و دێوەزمەش لە چیرۆکەکاندا هەن؛ چیرۆک بەگشتی ئەیەوێت ماف بگەیەنێتە مافدار. چیرۆکە خەڵکییەکان بە هۆی ئەوەی کە لە هەموو جیهاندا پەرەیان سەندووە، بە ئاسانی لەگەڵ هەر شوێنێک و کومەڵێکدا یەک دەگرنەوە. هەر بەم هۆیەوه، سەرەڕای کۆن‌بوونیان هەر تازە ماونەتەوە و خەڵک حەزیان لێ دەکەن و بیرو هزری قووڵ و جیهان‌بینی تایبەت لەم چیرۆکانەدا خۆی حەشارداوە.

سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ناوەرۆکی چیرۆکەکان لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی مرۆڤ و قووڵایی فەرهەنگی ئەودا بوونی هەیە، دەتوانێ ئەمڕۆکە بە پەرەسەندنی لقگەلی جۆربەجۆری زانست، بە تایبەت زانستی مرۆیی، بەستێنی توێژینەوەی تازە و لە ئاکامدا شیکاری و ڕاژەیەکی تازە بە خۆیەوه بگرێت. لە چیرۆک و ئەفسانەدا، داب و نەریت و ئادات و بڕواگەلی خەڵک ڕەنگی داوەتەوە پیاوەتی و ناپیاوەتی و خەیانەت و دەستدرێژی نامووسی و ستەم سەرزەنشت کراوە و هەروەها، لێبوردەیی، خۆبەخت کردن و یارمەتیدان بە هەژاران ستایش کراوە، لە چیرۆک و ئەفسانە خەڵکییەکاندا ناوەرۆک و ئایدیاگەلی وەکوو: نەفرەت لە ستەم و ماف لە ژێرپێ‌نان و عیشق بە سەربەخۆیی و ئازادی و بانگەشە بۆ داهاتوویەکی پڕ لە یەکسانی، نەفرەت لە ستەم و نایەکسانی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت. سەرکەوتنی باشە بە سەر خراپەدا و ڕووناکی بە سەر تاریکیدا دەبینرێت. لە زۆربەی ئەفسانەکاندا ئایرۆنی و تەنز و شیعرگەلێکی فۆلکلۆری بە نسبەتی کرداری هۆڤانەی مالکان و بازرگانان و قازییە ستەمگەرەکان، بەرتیلخۆران دەبینرێت. بەشێکی سەرەکی زۆربەی چیرۆکەکان پەیوەندی ئاشکرای لەگەڵ پەرچەکرداری کەسەکان یان نەتەوەکان لە بەرانبەر ستەمی خۆیان یان بێگانەدایە. جۆر و ناوەرۆکی چیرۆک هەر شتێک هەبێ، ئامانجی سەرەکیی بارهێنانی مرۆڤە و هاندانی ئەوە بۆ گەیشتن به تەشقی مرۆڤایەتی، ستایشی باشی و جوانی و وەسفی جوامێری و دنەدانی خەڵکە بۆ خزمەت‌کردن بە کەسانی تر.»

🔻ئیبراهیم ئەحمەدی زۆربەی کاتی خەریکی کۆکردنەوەی ئەدبی زارەکی بووە و تا ئیستا چەند بەرهەمی بەپیزی لە بواری فۆلکلۆردا کۆکردوەتەوە و لەچاپی داوە بەرهەمەکانی ئەمانەن:

١- فەرهەنگی کینایە،چاپی زانکۆی کوردستان١٣٨٦ .

٢- فەرهەنگی لێکچواندن(تشبیە)لە پەندی پیشینیان وقسەی نەستەقداچاپەمەنی غزالی١٣٨٨ .

٣- فەرهەنگی دەنگەناو لە زمانی کوردیدا،چاپەمەنی غزالی١٣٨٨

٤– ئەوەچییە (چیستان)مەتەڵ بۆمنداڵان چاپەمەنی کالج١٣٩٣

٥- فەرهەنگی زیوەری زمان،زانکۆی ئازادی ئیسلامی کوردستان١٣٩٣

٦- فەرهەنگی مەتەڵ(چیستان،لیچار،معما)چاپی وپەخشی کالج ١٣٩٣

٧- پێکهاتەی ئەفسانەی پەریانی کوردی( بەم زووانە لە چاپ دەدرێ)

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *