خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / بەشێک لە کتێبی «هەر چی هەیە ڕاڤەیە»

بەشێک لە کتێبی «هەر چی هەیە ڕاڤەیە»

بەشێک لە کتێبی «هەر چی هەیە ڕاڤەیە»

دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە

یەکەم ڕۆمانی چاپکراوی کوردیی ناوەندی لە غوربەتی سۆڤیەتی پێشوودا دەنووسرێت و لە سبەینێی شۆڕشی کورد لە بەشێکی کوردستان، لە غوربەتێکی تردا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ساڵانێک دواتر حەسەنیانی وێڕای شیعر لە غوربەتێکی تردا دەست بۆ نووسینی ڕۆمان دەبات و غوربەتە کوشندەکەی بینینی ڕۆمانە چاپکراوەکەی دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لێ دەکات بە خەونێکی هەرگیز وەدینەهاتوو. لە هەلومەرجی بێدەنگکرانی کوردا، سووژەی کوردی بە فارسی دەدوێت و وەردەگێڕێت و محەمەد قازی، یونسی، دەرویشیان، لاری و یاقوتی بەستێنی گشتی کوردی بە فارسی پێناسە دەکەن. لە دەرەوەی وڵات چەند هەوڵی مامناوەندی بۆ گێڕانەوەی ڕۆمانییانە دەدرێت بەڵام وەک دەڵێین دەروەستی گرنگیی و قورسایی ئەرکەکە نایەن.

قەقنووسی کوردایەتی هەمدیسان لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە گڕ دەگرێتەوە و بە شنەی هێمنانەی میرزا و هاوارەبەرە و زیندەخەون چەکەرە دەکات و دوایە بە باڵندەکانی دەم با و گابۆڕ و گۆمی بەردەڵانکێ و بڵند و نەوی ئاگرەکەی خۆش دەکات و گەرماکەی تا دوورەدەستان، زەینی خوێنەری ڕۆژهەڵاتی و سەرتاپای نیشتمان گەرم دەکاتەوە.
کامران حامیدی بە وەرددانەوەی شۆرە کاتی وڵات وێنای مرۆڤی کورد لە بەستێنێکی مێژوویدا، ئەگەرچی نە زۆر دوور، دەردەخاتەوە.

مەنسووری حامیدییش لە جەنجاڵی ونبوونی تاکی کورددا پەنا بۆ تێکنیکی ئاڵۆزی گێڕانەوە دەبات و لە چۆمێکی سووردا سۆراغی دوورەدەراوەکان دەکات. هەر لەو فەزایەشدایە کە شارام کەڵکەڵەی زەینیی سوەیلاکەی دەکاتە گوتاری هەڵواسراویی گەنجانی کورد لە بەرزەخی بوون و نەبووندا. بە پێشەوا قاقا پێدەکەنێتی کاوان نەهایی گێڕانەوە هەمدیسان دەکەوێتەوە سەر شاڕێی گەشە و پەرەئەستاندن و دەبێتەوە هۆکاری دڵخۆشیی خوێنەری ڕۆمانی کوردی.

غوربەت هەمدیسان بەدەستی ئاوەڵاتر ئاوڕ لە تراژێدیای کوردبوون دەداتەوە. کەریم دانشیار سەرەداوی تراژێدیای کوردبوون لە چیاکانی کوردستانەوە تا کۆڵانەکانی ئوروپا دەبات و لە مەرگی تراژیکی کچە کوردێکدا دوا گولـلە تفەنگە کۆنێک بە مێشکی باوکی کوردەوە دەنێت و لە دۆزەخی ژیان ڕزگاری دەکات. مەنسوور لە‌بیری ژیاندنەوەی میراتی خەباتدا، ژیانەوە بە کاتی سیروان دەنووسێتەوە. پەری کەریمینیا بە ئالیگۆریی قڕەجار حاشالێکراویی وڵاتی کوردان لە جاڕ دەداتەوە و فەڕۆخ نێعمەتپوور هاوارێکی هاوچەشن بەڵام بە دڵنیگەرانییەکی زیاترەوە ئاراستەی بەردەنگێکی فەلسەفەویست دەکات.

🎙خوێندنەوە: Dr. Hashem Ahmadzadeh
🎼ئاهەنگ: Ulysses’ Gaze
🎹ئاهەنگساز: Eleni karaindrou

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *