خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «دڵڕه‌قیی و بێماڵیی»

ناساندنی کتێبی «دڵڕه‌قیی و بێماڵیی»

ناساندنی کتێبی «دڵڕه‌قیی و بێماڵیی» بەرهەمی دوکتۆر مەریوان وریا قانع

ناسنامەی کتێب: «دڵڕه‌قیی و بێماڵیی»، د. مەریوان وریا قانع، ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، سلیمانی، چاپی یه‌كه‌م ۲۰۱۵.

 

 پێشکەشە بە شێرکۆ بێکەس، کۆچکردنی لە پڕ و ناوەختی یەکێک بوو لە ڕووداوە ناخۆشەکانی سەد ساڵی ڕابردوو/دوکتۆر مەریوان وریا قانع

كتێبی دڵڕه‌قیی و بێماڵیی، كتێبێكی نووسه‌ر و ڕووناكبیری ناسراوی كورد مه‌ریوان وریا قانیعه‌، كه به‌شێك له‌ وتاره‌كانی‌ باس لە ئه‌دەبیاتیی کۆمەڵێک نووسەری گرنگیی وەک شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، قانیع و حاجی قادری كۆیی ده‌كات.

به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه‌ باس لە ئەزموونی دوو نووسەری عەرەب دەکات، كه‌ ئه‌وانیش محه‌مەد ماغوت و مستەفا خەلیفەن. هاوكات وتارێکی درێژیش لەسەر ئەزموونی ئەدەبیی ئەلبێر کامۆ له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌ده‌ر له‌مانه‌ی باس كران درێژترین وتاری ئه‌م كتێبه‌ لەسەر ڕوانینی نووسەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرته‌ بۆ هونەر و ئەدەبیات، لەگەڵ ڕوانینی پیار بۆدریۆ.

د. مەریوان وریا قانع

نووسه‌ر له‌ پێشەکی كتێبه‌كه‌دا باس لە ڕوانینی جان پۆل سارتەر و رۆلان بارت بۆ هەمان بابەت ده‌كات. له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت؛ له‌م كتێبه‌دا بێماڵیی ئەزموونی سەرەکیی محەمەد ماغوتە، کە دەکرێت بۆ شێرکۆ و قانعیش هەروابووبێت. نووسینە تیورییەکانیش لەسەر فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەی ئەو دیدەیە، کە هونەر ئەدەبیات دەکات بە ئەلتەرناتیڤی چالاکییە ئینسانییەکانی تر و هونەر وەک تاکە سەرچاوەی ئازادبوونی مرۆڤ وێنا دەکات. ئەمە لای ئەدۆرنۆ زۆر ئاشکرایە. باسکردنی سۆسیۆلۆژیای پیار بۆردیۆ، بەتایبەتی سۆسیۆلۆژیای هونەر و کولتوور لای ئەم نووسه‌ره‌، دابەزاندنەوەی هونەر و ئەدەبیاتە سەر زەویی و نیشاندانیه‌تی، کە چالاکیی هونەریی و ئەدەبیی چالاکییەکی مرۆییانەی سەرزه‌مینانەیە، کە پڕیەتی لە ململانێ و تەماح و خوستی تایبەت. بەکورتی سەندنەوەی ئەو ڕۆمانسیەتە ناتەندروستەیە لە ئەدەبیات، کە وەک ڕووبەرێکی پاکژ و بێتەماح تەماشایدەکات.

نووسه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ ده‌كات كه‌ له‌م كتێبه‌دا تیشیان خراوه‌ته‌ سه‌ر ده‌نووسێت: ئەو نووسەرانەی لەم کتێبەدا باس دەکرێن، ڕەنگە لە نووسەرە گەورەکانی ئەم بەشەی دونیا نەبن، بەڵام بێگومان لە نووسەرە هەرە کاریگەرەکانن. بۆ نموونە کە باس لە ئەدەبیاتی کوردی لە سەدەی بیستەمدا دەکەین، ناکرێت باز بەسەر ئەزموونی شێرکۆ بێکەس و حسێن عارف و قانعدا بدەین، لە ڕێگەی قانعیشەوە باز بەسەر ئەزموونی حاجی قادری کۆییدا بدرێت، کە باس لە ئەدەبیاتی عەرەبی دەکرێت، ناکرێت باز بەسەر ئەزموونی محەمەد ماغوتدا بدرێت، کە باس لە ئامادەگیی ئەدەبیاتی بەشەکانی تری دونیا لەم ناوچەیەدا دەکرێت، ناکرێت باز بەسەر تێکستەکانی ئەلبێر کامۆدا بدرێت، کە باس لە ئەدەبیاتی زیندانی ئەم ناوچەیە دەکرێت، ناکرێت باز بەسەر ڕۆمانە تۆقێنەرەکەی مستەفا خەلیفە، ڕۆمانی (قەپێلک)دا بدرێت.

ئەم نووسەرانە بە شێوازی جیاواز کاریگەریی گەورەیان لەسەر سەردەمەکەی خۆیان و لەسەر خوێنەران و لەسەر کۆمەڵگەکانیان هەبووە. هەریەکێکیان گرنگیی بە کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی داوە، کە بەشێکی گرنگی مێژووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم ناوچەیەیە و هەریەکەشیان شێوازێک لە خەونبینین و چاوەڕوانی و وێناکردنی دونیای سەروەر کردووە، کە بەشێکن لە وێناکردن و چاوەڕوانی و خەونە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە. هاوکات هەریەکێکیان ڕووکارێکی ئەو دونیایە بە خوێنەران نیشان ئەدەن، کە بە ڕووکارە هەرە سەرەکی و هەرە گرنگەکانی ئەو دونیایەی دەزانن. هەریەکێکیشیان ئەزموونی ئەدەبیی تاکەکەسێکە، کە هەڵگری ئاکار و تایبەتمەندی و ڕوانینی تاکەکەسییانەی خۆیەتی، کە لەوانی تری سەردەمەکەی خۆی و سەردەمەکانی پێش خۆی و ئەوانەی دوای خۆشی جیا دەکاتەوە.

پێرستی کتێبەکەش بەم شێوەیە:

 ۱- لە نێوان سارتەر و ڕۆلاند بارتدا

۲- ڕۆمانی قەپێلک

۳- چی لە ئالبێر کامۆ بکەین؟

۴- شێرکۆ بێکەس و کوردبوون

۵- قانع لە ساڵە درێژەکانی سەدەی بیستەمدا

۶- ئیستاتیکای بێزاری و توڕەبوون

۷- من و حسێن عارف

۸- هونەر و گۆڕان و نائومێدی

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *