خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «نیشتمانی فەلسەفە؛ گەشتێک لەگەڵ پرۆڤیسۆر حەمید عەزیز»

ناساندنی کتێبی «نیشتمانی فەلسەفە؛ گەشتێک لەگەڵ پرۆڤیسۆر حەمید عەزیز»


ناساندنی کتێبی «نیشتمانی فەلسەفە؛ گەشتێک لەگەڵ پرۆڤیسۆر حەمید عەزیز»

هەرێم عوسمان

پرسیاركردن و وەڵامدانەوەش كارن، بەڵام هیچیان تەواوكردنی كار بەرجەستە ناكەن، بەتایبەت لە بواری فیكرو فەلسەفەدا. بەواتا ئەگەر كاركردن بەرهەمی كارەكەی لێ بكەوێتەوە، ئەوا پرسیاركردن و وەڵامی پرسیارەكان بەرهەمێكی تەواوی لێ نایەتە ئاراوە، بەڵكو هەمیشە بەرهەمێكی ناتەواوە. ئەمە چەند نەرێنییە هێندەش ئەرێنییە، لەبەرئەوەی لە فەلسەفەدا پرسیارو وەڵامەكان بۆ گەیشتن بە بڕوا نین، بەڵكو بۆ سازكردنی كەشێكن بۆ بیركردنەوەو تێڕامان. واتە پرسیاركردن بەجۆرێك تێكشكاندنی وەهمی بڕواو تێپەڕكردنە، ئەگەر وەڵام تێپەڕكردنی تێنەپەڕ بێت، ئەوا پرسیاركردن سەرلەنوێ سازكردن و نوێكردنەوەی وەهمی تێپەڕكراوەكانە. گەڕانەوەیە بۆ سەرەتا، تێكشكاندنی وەهمی وەڵامە. لێرەوە ئەگەر وەڵام جێگیركردن بێت، پرسیار لەقكردنی جێگیرەكانە. ئەگەر فەلسەفە لە گومانەوە دەست پێ بكات، گومانیش بكرێتە پرسیار، ئەوا وەڵامدانەوە بۆ گەیشتن بە بڕوا نییە، بەڵكو بۆ كردنەوەی دەروازەكانی تری گومانن، كۆششكردنە بۆ دیتنی روانگەو جیهانبینی دیكە‌و دەرگا ئاوەڵاكردنە بۆ پرسیاری دیكە.

پرسیار لە فەلسەفەدا وەڵام نادرێتەوە، بەڵكو پرسیاری دیكە دەخاتەوە، لە هەناوی هەر پرسیارێكی فەلسەفیدا چەندان پرسیاری فەلسەفی دیكە هەن. وەهمی هەندێك فەلسەفەخوێن یاخود نامۆبوونی بیركردنەوەی فەلسەفی كاتێك دەبینین، كە پێیوایە گەیشتووەتە وەڵام یان راستی. لەبەرئەوەی لە زۆرباردا بە تایبەت لە فەلسەفەدا وەڵام واتە دۆگما، بەڵام وەڵامدانەوەی فەلسەفی كاتێك ناكرێت وەك دۆگما ببینرێت، كە بۆ بڕواسازیی‌و بەخشینەوەی بڕوا نییە یان بۆ وەڵامدانەوەی بنبڕ و یەكلاكەرەوە نییە، هێندەی بۆ ئەوەیە بەرهەمی پرسیارەكە بەشداری لە سازكردنی پرسیاری دیكەدا بكات و كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەڵامە جێگیرەكان بكات.

گرنگی فەلسەفە لە گەیشتندا نییە، بەڵكو لە گەڕانەوەدایە. بە كۆتاگەیشتن و داخستنی هەموو كتێبێكی فەلسەفی لە سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەدایە – لە گەڕانەوەدایە، گەڕانەوەیەك بۆ دەستپێكێكی نوێ. لە فەلسەفەدا هەموو رۆشتنێك پێویستی بەگەڕانەوەیە، چونكە هەر فەیلەسوفێك لە رۆشتنیدا چەند شتێكی لەیاد كردووە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لە بیركراوەكان، هەموو گەڕانەوەیەكیش رۆشتنە بەرەو پێش، بەو پێیەی فەیلەسوفی گەڕاوە تەنیا بۆ لەبیركراوەكانی ئەوان ناگەڕێتەوە، بەڵكو زیادكراوی خۆی هەیە. تەنانەت فەیلەسوفگەلێك هەن بەشێوەیەكی سەرتاپاگیر‌و سەرجەمگیر بە مێژووی كۆششی فەیلەسوفاندا دەڕۆنەوە‌و سەرئەنجام كردەی هەڵوەشاندنەوە دێننە ئاراوە. ورتر بیڵێم گەڕانەوەی فەلسەفەكار بەرەو پێشچوونە، لەبەرئەوەی ئامانجدارە.

ئەگەر سەرنجی مێژووی فەلسەفە بدەین، بریتییە لە ناتەواوی و ناكامڵی و نەخەمڵین. مێژووی كۆششە بۆ تەواوكۆیی‌و كامڵی…مێژووی پڕكردنەوەی كەلێنەكانە، ئەو كەلێنانەی تا فەلسەفە هەبێت بەردەوام دەبێت. فەلسەفە بەو كەلێن‌و درزانە دەژی. چاوی فەلسەفە وردبین و كارایە، توانای دیتنی درزەكانی هەیە، توانای فەیلەسوفیش لە كەشفكردنی درزی بێ درزەكاندایە، كە ئەمەش نەكردەیە، نەكردەیی بێ درزی هەم ئومێدبەخشە هەم ئازار بەخش، بەو مانایەی وزەبەخشی بەردەوامییە! لەم سۆنگەیەوە ئەگەر بڕوانین بۆ فەلسەفەی سەردەم توانای فەیلەسوف لە دانپێدانان‌و ئاشكراكردن‌و شیكاریكردنی درزەكاندایە، نەك كاركردن‌و بڕواكردن بە پڕكردنەوەی تەواوەتی درزەكان‌و دانانی سیستمی كامڵا، واتە فەلسەفەی سەردەم تاڕادەیەك لەوە تێگەیشتووە كامڵبوون‌و بێ درزی نەكردەیە.

لە فەلسەفەدا ئەو بەهایانەی گوایە كامڵ و ئەو وەڵامانەی بە وەهم جێگیرن، گومانی فەیلەسوف كامڵی و وەڵامەكان تێكدەشكێنن. ئەمە باڵاكردنی فەیلەسوف نییە هێندەی كاری فەیلەسوفە، باڵابوون و باڵاكردنی فەیلەسوفان هەوڵە بۆ خستن و كوێركردنەوەی تواناكانیان. دیتنی نەدیتراوەكان لای فەیلەسوف چەند پەیوەستە بە توانای بیركردنەوەوە هێندەش پەیوەستە بەخاكیبوونەوە، بە نەتوانەوەی لە ژیانی رۆژانەوە. 

زانیاری وەك دۆگمای زانین

پرسیاركردن لە فەلسەفەدا زانینی نەزانییە. نەزانیەكی چاوەڕوان و خۆئامادەكەر بۆ زانین، ئەو زانینەی ئاوسە بەپرسیارو گومان. پرسیاری فەلسەفی لە زانینێكی گوماناویەوە دەستپێدەكات بۆ جێگیركردنی گومان نەك بۆ تێپەڕكردنی گومان. گەر وەڵامی پرسیار بۆ فەلسەفەكار تێپەڕكردنی گومان بێت، بەڵام بۆ خوێنەری كارای بواری فەلسەفە چاندنی تۆوی گومانە، نەك وەڵامی یەكلاكەرەوە. فەلسەفە دژە دۆگمایە، وەڵامیش لە زۆرباردا دۆگمایە! ئەگەر پرسیاركردن لای هەندێك بەرهەمی زانیاری بێت، ئەوا لێكەوتەی پرسیار زانینە، زانینیش وەڵام نییە، هێندەی توانای پەیوەندیكردنە. پێموایە پرسیاركردن لە فەلسەفەدا لەنێوان زانین و زانیاریدایە، لەنێوان تێگەشتن و تێنەگەیشتندایە. پرسیاری فەلسەفی كاتێك دەبێتە پرسیار، كە بیركردنەوە كارا بێت. بیركردنەوەش هەوڵە بۆ زانین، كە كەرەسەكەی زانیارییە. گەر پرسیاركردن من بخاتە ناو دۆخی بیركردنەوەوە ئەوا پرسیارەكە لەوە دەرچووە تەنیا زانیاری بێت، بەڵكو تێكەڵەیەكە لە زانیاری و زانین. گومانكردن و پرسیاركردن زانیاری دەكاتە زانین، زانیاری دۆگمایە، بەڵام زانین دۆگما نییە، زانیاری بەرهەمی زانینێكە، بەڵام زانینی من نییە، من گومان دەكەم لە زانیارییەكان واتە، من مشەخۆر نیم. زانین بەرهەمی بیركردنەوەی تاكەكەسە، بەڵام زانیاری گەر بەرهەمی تاكەكەسیش بێت، ئەوا روویەكی بەكاربەری هەیە. هاوكات لە زۆرباردا زانیارییەكان بكوژی بیركردنەوەن، زانین ژیانەوەی زانیارییە.

زانیاری كاڵایە، وێرانكەری چالاكی مرۆڤە، ئەودەمە زانیاری مەترسیدار نییە، كە ببینە یاری بیركردنەوەو زانین. گرنگە زانیاری ببێتە كەرەسەی بیركردنەوە، بتخاتە ناو پرۆسەی زانینەوە. واتە زانیاری بۆ ئەوەی بزێت دەبێت بتخاتە ناو پرۆسەی زانینەوە هەركات ئەمە روویدا ئەوە جارێكی دیكە زانیاری دیكە دێتە ئاراوە. دەبێت پرۆسەی گۆڕانی زانیاری بۆ زانین و زانین بۆ زانیاری بەردەوام بێت دەنا وەستان دێتە ئاراوە، مەسرەفكردن و بەكاربردن كارا دەبێت نەك بەرهەمهێنان.

 لەنێوان مەسرەفكردنی زانیاری‌و زانیاریسازی

فەیلەسوفان زانیاری مەسرەف ناكەن، بەڵكو زانیاری ساز دەكەن، واتە لە وەرگرتنی هەر زانیارییەكدا سەرئەنجام زانیاری نوێ دەخەنەوە. ئەوان بەكاربەرێكی بێ بەرهەم نین. ئامانجی فەیلەسوفان بەكاربردن نییە، بەڵكو بەرهەمهێنانە. نابێت زانیاری مێشك و لەشی مرۆڤ خاو بكاتەوە، بەڵكو دەبێت چالاكی بكات. مەسرەكردنی زانیاری هەستەكان بێدەنگ دەكات وەك ئامێریان لێدەكات، بەڵام فەیلەسوفان زانیاری مەسرەف ناكەن هەربۆیە زانیارییەكان چاویان دەكەنەوە هەستەكانیان چالاك دەكەن. ئەوان زانیاری وەك خۆی وەرناگرن، بەڵكو دەچنە ناو زانیارییەكەوەو دەستكاری دەكەن و هەڵیدەوەشێننەوەو جارێكی دیكە بەشێوازێكی نوێ سازیدەكەنەوە. لەگەڵ زانیاری دەژین بۆ ئەوەی لێی هەڵبێن و یاخیبن، نەك دیلی ببن. چونكە هەموو فەیلەسوفێكی راستەقینە بڕێكی زۆر پێویستی بە سركی و یاخیبوونە.

هاوكات هەندێك زانیاری هەن بە بەرد بوون، واتە جێگیربوون و ناكرێت گومان هەڵبگرن، بۆ نمونە دەگوترێت فڵان شاعیر ساڵی ئەوەندە مردووە. وەلێ زانین لە گەیشتن بە تەواوكۆیی دوورە. زانین پەیوەندی دروستدەكات لەگەڵ دنیاو بیرۆكەو ئایدیای دیكەدا، تەنانەت كاتێك زانیاریەكی بە بەردبووی وەك سوكرات یان هایدیگەر ساڵی ئەوەندە مردن، دێتە بەردەم فەلسەفەكار. فەلسەفەكار ئەم ساڵانە بە بوارو لایەنێكی دیكەوە پەیوەست دەكات. وەك ئەو ساڵە كامە دەبینین لەم دۆخەدا چەندین زانیاری لەیەكدی دەدرێن و دەبرێنە ناو پرۆسەی بیركردنەوەو بەرهەمهێنانی زانینەوە. زانیاری گەر نەبرێتە ناو پرۆسەی زانینەوە دیلمان دەكات، دەمانكات بە بەكاربەر. ئامێرەكان لێوان لێون لە زانیاری وەلێ زانین بەرهەمی تاكەكەسە. سەردەمی ئەمڕۆ، كە سەردەمی شۆڕشی زانیارییەكانە، بەجۆرێ شۆڕشكردنە بەسەر زانیندا. زانیارییەكان فرە بوون، بەڵام زانین كەمبووەتەوە. ئەم بەرهەمە كۆششە بۆ گەڕانەوە بۆ زانین. دیارە گەڕانەوە بۆ زانین پێویستی بە خوێنەری چالاك هەیە، نەك خوێنەری بەكاربەر دەنا ئەمەش دووبارە دەبێتەوە بە زانیاری!

فەلسەفە بەچی ئەژی! ئەی من؟

منی ئامادەكاری ئەم بەرهەمە كەمە زانیاریم هەیە، لە كۆششی ئەوەدام زانیارییەكانم بكەمە زانین. پرسیار دەكەم، نەك بۆ وەڵام، بەڵكو بۆ خۆخستنە دۆخی بیركردنەوەو رامانەوە، بۆ بە زانینكردنی زانیارییەكان…واتە كۆششەكانم بۆ ئەوەیە زانیارییەكانم لەنێوان زانیاری و زانیندا بەرەو زانین پەلكێش بكەم. هەوڵدانم بۆ تێگەیشتنە، تێگەیشتنیش لای من بێ لایەنە، تێگەیشتن بوار دروستكردنە بۆ بیركردنەوەو پرسیارسازكردن و زانین. تێگەیشتن رازیبوون نییە بە وەڵام، بەڵكو خستنەوەی دۆخێكی بیكردنەوەی ناوەكییە بۆ كەسی تێگەیشتوو. من پرسیار دەكەم بۆ ئەوەی تێبگەم، بزانم، بۆ ئەوەی زیاتر بكەومە ناو خۆم. زۆر پرسیاریش لە گەڕانەوە بۆ ناوەوەی بیركردنەوە دێت. زۆركات پرسیارەكان بۆ تاقیكردنەوەی وەڵامەكانن، واتە زۆر پرسیار هەن، وەڵامن. بەڵام پێویستیان بە دووبارە تاقیكردنەوە هەیە، پێویستیان بە خستنە ناو پرۆسەی گومانكردن هەیە. هەموو وەڵامێكی فەلسەفی پێویستی بە سەرلەنوێ پرسیاركردن هەیە…گەر بەرهەمی فەلسەفەكاران تێكەڵەیەك بن لە پرسیارو وەڵام، ئەوا ئەو بەرهەمانە بە روانینی من كەرەسەی سەرلەنوێ سازكردنەوەی گومان و پرسیارن.

گرنگی فەلسەفە لەو خاڵیكردنەوەو كەلەبەرەدایە، لە فەلسەفەدا تێربوون نییە. گەر وەڵام پڕكردنەوە و داخران بێت، ئەوا هەمیشە پرسیارگەلێ هەن بۆ خاڵیكردنەوەو كرانەوەی. هەرچەند ئەمە رەنگە بارێكی پوچخوازانە بێت، لەوەی گەیشتن بە بڕوا لای فەلسەفە نییە، بەڵام زۆر فەیلەسوف هەبوون لە زۆر كێشەدا گەیشتونەتە وەڵام. ئەمە هەناسەی فەلسەفەیە، ئەمە ژیانی فەلسەفەیە… فەلسەفە دەگاتە وەڵام بەڵام ناگاتە بڕوا. بڕوا گەیشتنە بە كۆتایی، داخستن و پڕبوونە، بەڵام فەلسەفە دژی داخستنە. فەلسەفە داخراوێكی هەمیشە كراوەیە، وەڵام چەندە داخستنە هێندەش كرانەوەیە، كرانەوەیە بەرووی پرسیارو گومانی دی. ئەو فەیلەسوفانەی دەگەنە وەڵام لەلایەك رەدی لایەنە بێ ماناو پوچخوازیەكە دەدەنەوە، هاوكات دەرگاش بۆ پرسیاری دیكە ئاوەڵا دەكەن.

ئەم بەرهەمەی بەردەستت گەشتێكی دوورودرێژە لەگەڵ فەلسەفەكارێكی بە ئەزموونی كورددا، گەشتی پرسیارە نەك وەڵام. حەمید عەزیز یەكێكە لەو فەلسەفەكارانەی ماوەی زیاتر لە چل ساڵە لەبواری فەلسەفەدا دەنووسێت، دەشتوانین بڵێین یەكەم كوردە كە پلەی پرۆفیسۆری لە فەلسەفەدا هەیە. چاوبڕین لەم ئەزموونە فراوانەو بەردەوامبوونی ئەم ئەزموونە زیاتر منی ئامادەكاری تینو كردووە، لەبەرئەوە ئەم بەرهەمە تەواونەكراوە. ئەمە دەستپێكی گەشتەكەیە، سەرەتایە نەك كۆتایی. ئەم بەرهەمە ئاشنابوونێكی سەرەتایە بە ئایدیاو جیهانبینی و كەسێتی فەلسەفەكار.

جێگەی ئاماژە بۆ كردنە لەم بەرهەمەدا زۆر هەوڵمدا لە رێگەی نامەو دەستنووس و وێنەو كەسێتییەكانی نزیك لەم فەلسەفەكارە زیاتر خوێنەر ئاشنا بكەم بە كەسێتی و ژیانی، بەڵام بەهۆی دووریمان لەیەكدی و هاوكات بێ ماڵی ئەوان و پەرتبوونی بەرهەم و وێنەو نامەكانییەوە بۆ ئەم گەشتە تەنیا ئەوە كراوە، كە لێرەدا تۆی خوێنەر دەیبینیت. ئومێد دەكەم لە گەشتەكانی دیكەدا بتوانم زیاتر لەسەر ئەم كەسێتییەو دنیابینی و ژیانی كەرەسە كۆبكەمەوە.

جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو بەشداربوانی ئەم كتێبە بكەم. هاوكات سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم، كە بە بچوكترین كارو وشە یاریدەم بوون. سوپاسی زۆرم بۆ دیار عەبدولباقی و هیمداد حسێن لەبەشی فەلسەفە بە جۆرێك لینك‌و پۆستەچی نێوان من و دكتۆر حەمید بوون. سوپاس بۆ ئەوانەش، كە ئەم بەرهەمە دەخوێننەوە نەك بۆ مەسرەفكردنی زانیاریەكان، بەڵكو بۆ كەوتنە ناو دۆخی زانینەوە.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *