خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / سه‌لارخان عه‌شقێكی له‌بارچوو

سه‌لارخان عه‌شقێكی له‌بارچوو

سه‌لارخان عه‌شقێكی له‌بارچوو

ئاکۆ قادر حەمە

له‌م ڕۆژانە‌ی دواییدا ئه‌م ڕۆمانە‌م خوێندە‌وە‌، له‌گه‌ڵیشیدا لە‌گه‌ڵ زیاد لە‌ هاوڕێیه‌كدا گفتوگۆم لە‌بارە‌وە‌ كردووە‌، لە‌گه‌ڵ هیچیاندا هاوڕا نەبووم، ئە‌وان تەماشای پنتێكی تری ئە‌و ڕۆمانەیان دە‌كرد و منیش سە‌رنجم لە‌سه‌ر شوێنێكی تری بوو، بۆیە‌ ئەم نووسینە زادە و وەڵامە بۆ تێبینی ئە‌و هاوڕێیانە‌یە‌، یان خستنە ڕووی تەماشاکردنە جیاوازەکەی خۆمە.

مەحموود نە‌جمە‌دین

سە‌لارخان ناوی ڕۆمانێكی تازەی كوردییە‌ لە‌ نووسینی مەحموود نە‌جمە‌دین، من یە‌كە‌م بە‌رهە‌می ئە‌و نووسه‌رە‌یە‌ دە‌یخوێنمە‌وە‌، ژینگەی كۆمه‌ڵایە‌تی ڕۆمانەكە‌ی شاری سلێمانییە لە دوو سەردە‌می جیاوازدا، نزیكە‌ی كۆی ڕۆمانە‌كە‌ی بە‌ زمان یان زاراوە‌ یاخود بنزار و دیالێكتی سلێمانی و بە‌ شێوازی سلێمانیانە‌ و ئیدیۆمی سلێمانیانە‌ نوسراوە‌، سە‌لار كچێكی جاحێلی دە‌یە‌ی دووە‌می سە‌دە‌ی بیست و یە‌كە‌ و ماكۆسان كارە‌كتە‌ری دووە‌می ڕۆمانە‌كە‌ كوڕێكی گە‌نجی ساڵانی هە‌شتاكانی سەدە‌ی بیستە‌، ئە‌م دوو كەسە‌ بە‌ خه‌یاڵ نەک بە وەهم وە‌ك هاوڕێیە‌ك نووسیویە‌تی، ئەو دوانە عاشقی یە‌كن لە‌ هە‌مانكاتدا بێ ئە‌وە‌ی لە‌ هەمانكات و سه‌ردە‌مدا بن، بێ ئە‌وە‌ی یە‌كیان دیبێت، هە‌ردوكیان بە‌ جاحێلی و بە‌ گه‌نجی سەرمەست و شەیدای یە‌كدین و لە‌ خه‌یاڵدا یە‌كیان بینیوە‌ و مە‌ستی یە‌ك بوون ئە‌مە‌ لە‌ كاتێكدا زیاتر لە‌ سێ دە‌یە‌ لە‌ نێوانیاندایە ( زیاتر لە‌ سی ساڵ.)

ماكۆسان كوڕێكی هە‌ڵاتووی خزمە‌تی سە‌ربازی سە‌ردە‌می شە‌ڕی ئێران- عێراقە‌ و بە‌ موختە‌فی لە‌ ژێرزە‌مینی ماڵی باوكیدا دە‌ژی، ئە‌و لە‌ دۆخی ساڵانی هە‌شتاكاندایە‌ و كە‌سێكە‌ بە‌ خەون و خە‌یاڵی گه‌نجێكی هە‌شتاكانه‌وە‌، كوڕێكە‌ پڕە‌ لە‌ وزە‌ی بە‌رگریی نە‌تە‌وە‌یی بە‌رامبە‌ر ستە‌مكاری بە‌عس و دە‌یە‌وێت لە‌و دۆخە‌ هە‌ڵبێت و ببێت بە‌ پێشمە‌رگە‌، لە‌ هە‌مانكاتدا عاشقی كچێكە‌ لە‌ زە‌مە‌نێكی تر و سە‌ردە‌مێكی تر، عاشقی كچێكە‌ لە‌ سه‌دە‌ی بیست و یە‌ك و دوای نزیكە‌ی سێ دە‌یە‌ لە‌ نە‌مانی ئە‌و ژینگە‌ سیاسی و سەربازییە‌ی بە‌عس!.

سەلارخان كچێكی جاحێلی خوێندە‌واری سە‌ردە‌مێكی ترە‌، مامۆستایە لە‌ سە‌ردە‌می حوكمی كوردی و نە‌مانی بەعس و سە‌ردە‌می گۆڕانی بەهاكان و كە‌وتنی پیرۆزی و خە‌ونە‌كان، سە‌ردە‌می تە‌لارە‌ بە‌رزە‌كان و سە‌ردە‌می نە‌مانی هۆشیاری دەربەستبوون و پەیوەستبوون بە ئەوانی ترەوە، ئەو کچی سەردەمی کولتووری سە‌رهەڵدانی جنێو و تووڕە‌یی و نە‌مانی بە‌ها باڵاكان و خە‌ون و ئومێدە‌ گە‌ورە‌كان و بێ دەربەستیە بە ژیانی ئەوانی تر، لە کاتێکدا خۆی تاقانەیە لەو ڕووەوە کە بەتەنگ ئەوانی ترەوەیە، ئەو پەیوەستی هۆشیارییەکی گشتییە بۆیە تەنیا و گۆشگیرە، هەر ئەوەشە وای لێ دەکات هۆشیارییەکی پەرتبوو و هەڵبزڕکاوی هەبێت و زمانی لە زمانی مرۆڤێکی نەخۆشی سایکۆپات بکات.

سە‌لار كچی سەردە‌می بایكۆت و خۆشاردنە‌وە‌ و خۆ زیندانیكردنە لە‌ پە‌تای كۆرۆنا.

لە هە‌مانكاتدا هە‌م ماكۆسان و هە‌م سە‌لار بانگه‌شە‌ی ئە‌وە‌ دە‌كە‌ن لە‌ هە‌مان سەردە‌مدا دە‌ژین و لە‌یە‌ك كاتدا ژوانیان كردووە‌ و عاشقی یە‌كبوون.

نە دە‌وربە‌رە‌كه‌ی سە‌لار و نە‌ دە‌وربە‌رە‌كە‌ی ماكۆسان ئەم بانگە‌شە‌یە‌یان پێ قوت ناچێ و بە‌ خەیاڵات و وە‌همی دە‌زانن، وە‌ك باوكی ماكۆسان دە‌ڵێت: ئە‌و كچە‌ی تۆ عاشقی بوویت هێشتاكە باوكی هاوسەرگیریی نە‌كردووە‌، وە‌ك زۆر لە‌وانە‌ی ئەم ڕۆمانە‌یان خوێندۆتە‌وە‌، بە‌ڵام لای من هێزی گەورە‌ی بیرۆكه‌ی ئە‌م ڕۆمانە‌ تە‌نیا لە‌و پنتە‌دایە‌، یان لە‌و بیرۆكە‌ سەرە‌كییە‌دایە.

ماكۆسان كوڕی خەونە‌كانی سە‌ردە‌می بە‌رگرییە‌، ئاماژە‌یە‌ بۆ خە‌ون و ئومێد و عە‌شق‌ بە‌ سە‌ردە‌مێكە‌وە‌ كە‌ ستە‌مكاری نامێنێت، بە‌ڵام سە‌لار نۆستالیژیا و گە‌ڕانە‌وە‌یە‌ بۆ خە‌ونێكی لەبارچوو، بۆ سە‌ردە‌می ئومێد و بە‌رگریی دژ بە‌ ستە‌مكاری، ماكۆسان خە‌ونی نە‌وە‌یە‌كە‌ بە‌سە‌ربە‌ستییە‌وە‌، عە‌شقە‌ بۆ سەربە‌ستی، سە‌لار كچی سە‌ردە‌می هە‌ڵوە‌رینی خە‌ونی سە‌ربە‌ستییە‌، بۆیە‌ وە‌ك لە‌ كۆتایی ڕۆمانە‌كە‌دا د‌ەردە‌كە‌وێت سە‌لار و ماكۆسان لە‌سە‌ر زە‌مین و سە‌ردە‌مێكدا لێكنزیك دەبنە‌وە‌ و خە‌ریكە دە‌گە‌ن بە ‌یە‌ك ( کۆتایی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک)، بە‌ڵام لە‌ژێر پێی مرۆڤانێكدا دە‌پلیشێنە‌وە‌ كە‌ نووسە‌ر وە‌ك بوونە‌وە‌رانێكی سەیر وێنایان دە‌كات، مرۆگە‌لێكی سە‌یری ترسناكی سە‌ردە‌می بێ مانایی و بێ بە‌هایی و حوكمی پارە‌ و چێژپە‌رستی، مرۆگە‌لی ئامێریی سەردە‌می تە‌لارە‌ بە‌رزە‌كان.

ڕۆمانی سە‌لارخان پێش هە‌ر نە‌نگی و گرفتێكی تە‌كنیكی و زمانە‌وانی لای من وه‌ك بیرۆكە‌ دە‌ست بردنە‌ بۆ گرفتێكی گە‌ورە‌ی زیندوویی لە‌بارچوونی خە‌ونی سە‌دساڵی ڕابردووی هۆشیارییه‌كی گشتی نە‌تە‌وە‌یی، پێ دە‌چێت یە‌كێك لە‌ جیاوازییەکانی تە‌ماشاكردنی من بۆ ئە‌دە‌ب و بە‌تایبه‌تتر بۆ ڕۆمان وە‌ك خوێنە‌رێك بە‌ باكگراوندێكی كۆمه‌ڵناسییە‌وە‌ ئە‌وە‌ بێت پێشهەموو شتێك لە‌ دە‌قە‌كاندا بە‌دوای ئە‌وە‌دا دە‌گەڕێم، ئە‌م ڕۆمانە‌ باس لە‌ چ ژینگە‌یە‌كی كۆمه‌ڵایە‌تی و مێژووی و ئابووری دە‌كات، ئە‌م دە‌قە‌ سە‌رقاڵی خستنە‌ڕووی چ بە‌ها و ڕە‌فتار و دیاردەیەکی كۆمە‌ڵایە‌تییە‌وە‌، سەرقاڵی دەست بردنە بۆ چ هۆشیارییەکی گشتی، دە‌كرێت لە ‌ئە‌ودا چی هە‌ڵبهنجێنین؟!

سە‌لارخان لای من دە‌قێكە‌ سە‌رقاڵی گرفتێكە‌ لە‌و گرفتانە‌ی دە‌قە‌كانی لە‌خه‌وما و سە‌گوە‌ڕ و ئێستە‌ كچێك نیشتمانمە‌ پێیە‌وه‌ سە‌رقاڵن، بۆ من ئە‌م دە‌قە‌ دە‌قێكی ئە‌دە‌بییە‌ كە‌ بێ هیچ زۆر لە‌خۆكردنێك لە‌ ڕووی پیشاندانی ڕاشكاوانە‌ی دیو‌ە سیاسیە‌كە‌ی كارە‌كتە‌رە‌كانی‌ پە‌یامێكی سیاسی مێژووی گە‌ورە‌ی خستۆتە‌ ڕوو.

پە‌یامی ئە‌وە‌ی سە‌ردە‌می ئێمە‌ سە‌ردە‌می بە‌یە‌ك نە‌گەشتنی عە‌شق و خەونی نە‌وە‌كانی پێشووە‌ بە‌ ئێستا، ئێستامان بریتییە‌ لە‌ڕێ دە‌رچوون و لە‌بارچوونی ئومێدی گشتی نە‌وە‌كانی ڕابردوو و لە‌هە‌مانكاتدا بریتییە‌ لە‌ بێزاری و تووڕە‌یی ئێستامان لە‌وە‌ی كە ئێستامان درێژە‌ی خە‌ونە‌كانی پێشوومان نییە‌، ئێستامان لە‌ڕێ دە‌رچوونە‌، ونبوون و ناكامییە‌، ئە‌لقە‌یە‌ك لە‌و نێوانە‌دا بچڕاوە.‌

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *