خانه / ناساندن و ڕه‌خنه‌ / خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی « من غوربەتم »

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی « من غوربەتم »

ناسنامەی کتێب: من غوربەتم، ئارام فەتحی. ۱٦۵ لاپەڕە، مه‌ریوان ۱۳۹۵.

🔸خوێندنەوەیەکی « من غوربەتم »

شەهلا دەباغی (ماجستێر ئەدەبیات – زانکۆی سودێرتۆرن)

“وشە هەموو ئەو شتەیە کە ئێمە هەمانە.” سامۆئێل بێکت

پێشەکی

کەوتنە ناو گێژاوی غوربەت بە هۆی جیاوازی وەک شەڕ، کێشەکانی ئابووری، کارەساتی سروشتی، دەسەڵاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم لە دەورانی باستانەوە تا ئێستا کێشەیەکی وجوودی بووە و باسی کۆچ لە ڕێگای ڕەوایەت و زمانەوە خوێندنەوەی لەسەر کراوە. لە مێژووی هاوچەرخ و مۆدێڕندا زۆر نووسەری ناسراو وڵاتی خۆیان جێ‌هێشتووە و بۆ شوێنی دیکە کۆچیان کردووە، هێندێک بە خواستی خۆیان و هێندێک بە ناچار. نووسەرانی بەناوبانگی وەک جۆیس، برێشت، کافکا و زۆری دی کۆچ و نامۆیی‌یان ئەزموون کردووە کە لە زمان و نووسینەکانیان ڕەنگی داوەتەوە. لە ناو شاعیران و نووسەرانی کوردیش زۆربەیان دەردی تاراوگەیان چێشتووە و “غوربەت”ی خۆیان هۆندۆتەوە و نووسیوەتەوە. ڕەنگە بەناوبانگترین شێعری تاراوگە  ناڵەی جودایی[۱] ماموستا هێمن بێ:

[…]

بۆ منی بابردەڵەی گردە نشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارە و دورە وەتەن
بولبولی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
پەڕ وەریوی باڵ شکاوی دەنگ بڕاو
بێ بژێوی بەش خوراوی دەرکراو
پیری زورهانی کەنەفتی دەر بە دەر
دیدەسوری دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر
[…]

ڕەنگە بۆ نووسەرێک تاراوگەنشینی گرێدراوی ڕزگاری لە تۆتالیتاریسم و نەجاتی ژیان بێ، بۆ وێنە بۆ برێشت، بەڵام بارکردن بۆ تاراوگە لەلای نووسەرێکی دیکە دەکرێ بۆ ناسینی جیهانی ئەوبەر بێ. بۆ وێنە ئەمین مالوف نووسەری لوبنانی دانیشتووی فەڕانسە ساڵی ١٩٧٦لە وتووێژێکدا سەبارەت بە “تاراوگە” باس لەوە دەکا کە ئەو خۆی بە پەنابەر نابینێ بەڵکو ئەو وەدوای ئەوە کەوتووە کە جیهانی دیکە بناسێ و دەڵێ:

“من چەمکی تاراوگەم خۆش ناوێ، چونکە  بەردەوامی وڵاتی پێشوویە و بەناچار لە شوێنی دیکە بێ ڕیشە دەتناسێنێ، نا ئینسان ڕیشەکانی لە ئاسمان دایە.”[۲] 

 هەڵسەنگاندنی پێشوو

من غوربەتم بە دوای  یەکەم کتێب (ئەوەندە بە مردنا تکاوم) دووهەمین کتێبە شێعری شاعیری گەنج  ئارام فەتحی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئارام لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ بە ئەزموونی کۆچ دا تێپەردەبێت، لە زێد بۆ دەرەوەی وڵات و دواتر گەڕانەوە بۆ وڵات. من غوربەتم لەو دەورەیە لە ژیانی شاعیردا دەنووسرێ. بەختیار کەریمی ڕەخنەگری ئەدەبی و کارناسی حەوزەی مێدیا، دانیشتووی ئاڵمان، پێشترلە بابەتێک لە ژێر ناوی غوربەتێک نێوان دۆزەخی رابردوو و خاپورستانی ئێستا سەبارەت بە من غوربەتم دەنووسێ:

“شاعیر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌دا ئه‌ڵێت: من له‌ شیعردا ده‌بم به‌ وه‌ی كه‌ هه‌م. له‌ وشه‌دا ده‌بمه‌ حه‌قیقه‌تی خۆم. شاعیر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا حوكمی خۆی داوه‌و پێویست به‌لاڕێ چوون ناكا. حەقێقەتی تاکێکی دیاریکراو بەناو ئارام نیە، بەڵکوو ململانێی مرۆڤە لە گەردوون بۆ چەسپاندنی حەقێقەتی بوونی. بوونێکە بەردەوام نەبوونی حەقێقی بووە تاکوو بوونی. ئارام شاعێرێکی کۆمەڵایەتی، بەرپرسیار و هزرمەندە کە بەزمانی شێعرەوە لەگەڵ گەردوندا دێتە دواندن. پێوندی گرتنی وەرگر لەگەڵ بەرهەمی من غوربەتم  دژوار نیە، چونکو زمانی ئارام، زمانێکی نامۆ و قورس و بێناوەرۆک و ناحەز نیە کە زەوقی بخوێنەر تێکبدا و چیتر سەرنجی نەداتێ، زمانی شێعری بە پێی شێوازی داڕشتن لە وشە و کار و سێفەت و سەرجەم ئێلمانەکانی زمانوانیدا گۆڕان و نوێگەرایی تێیدایە و ئەم جوانکاریانە لە بەشی مانای نوێ و خۆلقانی وێنای نوێ بە روونی بەرچاو دەکەوێ. بۆیە وەکو شاعێرێکی نوێگەرا لەململانێی زمان و مانا و تەکنیکی شێعری سەرکەوتو بووە. بەردەوام بەردەنگ خۆی ئامادەی نوێیەتیەک ئەکات، زەمان لە حەساری ڕووداو تێپەریوە، زمان و زەمان لە ململانێی بوونێکی هەتایی، گەردوون دێننە سەما، وشە لە باڵای مانا بەرەو ئافراندنی تابلۆی گەردوون سەرکەش دەبێ.”[۳]

دواتر کەریمی باس لە تازەگەرییەکانی شاعیر دەکا و چەمکی “نامۆکردن یان ئاشنایی سڕێنەوە” لە من غوربەتم دا دێنێتە بەر باس. بە ڕای کەریمی “ئاشنایی سڕینەوە” لە لای ئارام فەتحی بە شێوەی “هنجارگریزی معنایی” ئەنجام ڕوودەدا:

“ئەو تەکنیکانە دەپێکێ کە شاعێر بۆ نامۆ کردن و دێردەرکەوتنی مانا بۆ خوێنەر بەکاری دەبات واتا بەکارهێنانی توخمە خوازەیەکانە لەنێو دەقی ئەدەبی و شێعردا، بەکارهێنانی خوازیەوشەییەکان سەرنجی زەین بەرەو واتا نوێیەکان ڕادەکێشێ و واتا ناسیاوەکان بێبایەخ دەبن و بزردەبن تاکوو جیهانی دەق لەبەرچاوی خوێنەران نامۆ بنوێنێ.[…] ئاشنایی سڕینەوە بەزۆری بەشێوەی هنجارگریزی مانایی ڕەنگی داوەتەوە. بەشی مانا لە چاو دیکەی بەشەکانی زمان زۆرترین هنجارگریزی تێیدا ڕوو ئەدات. هاونشینی دووهەستی جیاواز لەتەنیشت یەکدا لەشێعری مۆدێرن زیاتر بۆ رەنگینکردنی فۆرمی شێعر ولایەنی جوانناسیە. ئارام بە تێکەڵاوکردنی هەستە جیاوازەکان و هاونشین کردنی وشە جۆربەجۆرەکان کە لە یەک رەگەز نین هەست و رەنگ و دەنگی جیاوازی خولقاندووە.”[۴]

هوشیاری

ئاندرێش ئولسۆن لە Ordens asyl  [۵]باس لەوە دەکا کە “گەڕانەوە”ی ئۆدیسە بۆ زێد بریتتە لە nótos (لە ڕیشەی nóos) کە بە مانای ئاگاهی و هۆشیاری و شعورە. ئولسۆن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئۆدیسە وەک قارەمانێکی هوشیار لە ڕێگای بیرەوەری و زانیاری دەربارەی پێشینەی خۆی بەسەر دنیای تاریکی ژێرزەویی Hades دا زاڵ دەبێ. ئۆدیسە وەک بوونەوەرێکی هوشیار کاتێک لە دوورگەی یورا لەگەڵ هاوڕێ‌کانی دەچنە جیهانی بن زەوی، دەتوانێ لە دەست Polyfemos / دێوی یەک‌چاوی ئینسان‌خۆر کە ئەوانی زیندانی کردبوو، نەجاتیان بێ. کاتێک پۆلیفێمۆس لە ئۆدیسە دەپرسێ ناوی چییە، ئۆدیسە بە زیرەکی‌ دەڵێ “هیچ/هیچ‌شتێک”. ئۆدیسە ناهێڵێ مادە هۆشبەرەکانی ژێر زەوی کاریگەری لەسەر هۆش و ئاگاییان دابنێ و بە تیر چاوی دێوکە کوێر دەکەن. دێوەکە ڕوو بە ڕەفیقە دێوەکانی هاوار دەکا “هیچ کوێری کردم” و دێوەکان حاڵی نابن “هیچ” کێیە و بەمجۆرە ئۆدیسە و هاوڕێ‌کانی لەژێر زگی مەڕوماڵات خۆیان دەشارنەوە و نەجاتیان دەبێ. هۆمێرۆس هوشیاری بەو شوێنەی کە ئینسان لێی‌ڕا دێ، لەبەرامبەر فەرامۆشی و حەماقەت دادەنێ. بیرەوەری واتە ئاگایی بەوە کە لە کوێڕا هاتووی.[۶]

ئەزموون

گادامێر پێیوایە کە “ئەزموون” دیالێکتیکی، نێگاتیڤ و لە هیچە. بۆ گادامێر ئەزموون لە زمان ‌دا ڕوودەدا و پێویستی بە “ئاواڵەیی” لە بەرامبەر بەستراویی‌یە. زمان مێدیۆمێکی گەردوونی‌یە و “تیگەیشتن” لە ڕێگای خوێندنەوە ڕوودەدا. تەنیا دەق زمان نییە بگرە “تێگەیشتن”یش زمانە. لە ئانتۆلۆگی هێرمۆنێتیکی  گادامێردا فۆڕم و مانا لێک جیا نین. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین کە زمانە ئێمە دەدوێ نەک ئێمە بە زمان دەدوێن.[۷]

مەبەستی گادامێر لەوە ئەزموون نێگاتیڤە ئەوەیە کە ئێمە شتێک ئەزموون دەکەین کە پێشتر هیچمان دەربارەی نەزانیوە و دواتر لە ڕێگای ئەزموون تێگەیشتنێکی دەربارەی وەدەست دەخەین، واتە پێشتر تێگەیشتنی دروستمان نەبووە و ئێستا شتێکی دەربارەی دەزانین. لە ڕاستیدا ئەزمون لە نەفسی خۆیدا ئەزموونە لە هیچ. ئێمە پێمانوایە شتێک بە جۆرێکە و دواتر لە ڕێگای ئەزموون دەزانین کە وا نییە و بەم  جۆرە تێگەیشتن و ئۆبژەی تێگەیشتنمان دەگۆڕدرێ. ئێدی شتەکان بە جۆرێکی دیکە دەبینین و دەناسین و بە حەقیقەتێک دەگەین کە پێشتر نەماندەناسی. حەقیقەتی ئەزموون بەو مانایە نییە کە ئیتر هەموو شتێک دەزانین بەڵکو ئەزموون هەمیشە کراوەیە و ئینسان دووبارە ئەزموون دەکاتەوە و بەردەوام فێردەبێ. دیالێکتیکی ئەزموون لە زانینێکدا کۆتایی نایە بەڵکو کراوەیە بۆ ئەزموونەکانی دیکە.[۸]

من غوربەتم

هەست بە غەریبی ئایا بستراوەتەوە بە کات، شوێن، ڕووداوەکان و پێوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا یا تایبەتمەندییەکانی خودی تاک؟ لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێستای ڕۆژهەڵات ئایا تەنیا دووری لە زێدە کە هەست بە غەریبی‌مان تێدا وەخەبەر دێنێ؟ چ بڵێین سەبارەت بە ئەوانەی لە زێدی خۆیان دەژین بەڵام دۆخی ژیانیان کەوشنێک نییە بۆ ئاسوودەیی هەستەکان؟ پارادایمەکانی کۆمەڵگا چن کە تەنانەت لە نیشتمان دا زۆر کەس هەست بە غەریبی دەکەن، گەردوونی فەلسەفی ڕوحی خودی تاک یا کەش و هەوای ژیانی تاک، یا هەر دوو؟ هەست بە غەریبی نەخۆشییە یا نیشانەی کۆمەڵگایەکی ناساز؟ چ شتێک دەردی غەریبی دەرمان دەکا؟ ڕەنگە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە لە تاقەتی ئەم نووسینە بەدەربێ، بەڵام دەکرێ لە دەلاقەی ئەو تیئۆری و چەمکانەی پێشتر ئاماژەیان پێکرا خوێندنەوەیەکمان هەبێ بۆ من غوربەتم.

ئارام فەتحی هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە تا ئاخر لاپەڕەکان خەریکی گواستنەوەی ئەزموونە لە ڕێگای زمان. فەتحی گەنجە بەڵام بە ئەزموونێکدا تێپەڕیوە کە قەدەری زۆربەی ئینسانی کوردە. هێندێک دەینووسنەوە و هێندێک کەس نازانێ کە ئەوانیش بەشێک بوون لەو هاوقەدەربوونە؛ سەربازێک کە قاچێکی لەدەست داوە، شەهیدێک کە تەنیا مردنی پێ بەخشراوە و فەرامۆش کراوە گەرچی بەردەوام دەگوترێ شەهید نامرێ. ژیان چییە جگە لەوەی ڕۆژانە دەیبینین و هێندێک تاک دەینووسنەوە:

“ژیان چییە؟! جگە لە قاچی بڕاوی سەربازێک، کە لە هەموو خەونێکیا پیاسەیە و ناتوانێ بە هیچ نیشتمانێکەوە بڕوات؛ یان چاوی زیندووی شەهدێک، کە تەنها مردنێکی پێ بەخشراوە.” (من غوربەتم. ل. ٦)

ئەزموونکردنی ژیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەختە. زۆربەمان تامی برسێتی و هەژاریمان چێشتووە، ڕوویداوە کە بە پەنا بەستنی فرۆشێک دا تێپەڕ بووین و دمولۆچمان لێستۆتەوە، ناهومێد بووین، لە هەمووان گرینگتر مشتێک وشەی قاچاخمان پێ بووە کە نەنووسراون، ئەگەریش نووسرابنەوە ئەوە ئیزنی چاپیان نەدراوە:

“ژیان چییە؟! جگە لەوەی منداڵێک بەدیار بەستەنییەکی نەسندراوەوە تا درەنگان دەمی خۆی بلێسێتەوە یان وەنەوزی نیوەشەوی بۆ لاڵاندنەوەی سەندنی کەوشی پێنج هەسارە و ئەوەی کە چۆن بەیانی کوڕە دراوسێکەیان ڕازی بکا دەورێکی پاسکیلەکەی پێ باتەوە. جگە لە ناهومێدییەکانی میوەفرۆشێک لەو سێفانەی کە ئێواران بەسەر دەستیەوە دەمێنێتەوە، جگە لە بێدەرەتانییەکانی نووسەرێک کە ناوێرێ نووسراوەکانی بەرێتە چاپخانە؟!” (ل. ٦)

ئێمە منداڵی زەمەنێکی سەیر و سەمەرەین بە ئەزموونێکی غەریب. زەمەنێک کە ستەمی بە هەر هەموومان ڕەوا دیت. بێگانە ژیان، نیشتمان ئێمەی نەپێکا، لەباوەشی نەگرتین و گۆڕغەریب بووین. کەوتینە تاراوگە بەڵام ئەوە ئێمە بووین وەفادار ماینەوە و نیشتمانمان لەبیر نەکرد و بە پێی “ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە”[۹] لە تاراوگەش نەحەساینەوە و نیشتمانمان وەک دڵۆپەکانی خوێن لە بست بە بستی جەستەدا هەڵگرت. ئێمە لە ناوەند و لە چاخێکی غەریب دا غەریبانە ژیاین، بەڵام ڕانەوەستاین و بەردەوام ڕێگا بووین. لە هەر کوێ کە بووین و هەین، ئەشقی نیشتمان داگیرمان دەکا و هەڵمان‌دەدێرێتەوە ناو کارەساتەکانی وڵات و هەمیسان جگە لە سڵاو نازانین. فەتحی لە ئەزموونی خۆی‌ ڕا ئەوها باسمان دەکا:

“من خاڵی وەسەتی ئەم غوربەتەم

وەرە بمپێکە ئەی نیشتمان

من ئەتوانم لێرە فووت تێکەم و

تیزانگێک بە حەواوە

هۆشت بێ نەتەقم

هۆشت بێ منی ڕێگا

بۆ بێتاقەتی نابم

منی ئاو

بۆ ئاکواریۆم

چی ماسییە لە بەرمایە

چی کڵاوە لە سەرتایە

چی غوربەتە سڵاو!”  (ل. ٤٤)

ئەگەر بگەڕینەوە سەر بۆچوونەکەی ئولسۆن دەبارەی سەفەری ئۆدیسە، دەتوانین باس لەوە بکەین کە غەریبایەتی و کۆچ  بۆ زۆربەی ئینسانەکان ئەو دێوە یەک‌چاوە ئینسانخۆرەیە کە دەیهەوێ قوتی بدا. بە تێپەڕبوونی ساتەکان وردە وردە زێد فەرامۆش دەکرێ. دەبێ ئۆدیسە بی تا فەرامۆش نەکەی لە کوێڕا هاتووی. دەبێ هوشیاری و زاناییت هەبێ تا بتوانی خۆت لە دێوی غوربەت ڕەها بکەی. هەر کەسێک بەناچاری تاراوگەی هەڵبژاردبێ دەزانێ کە ساڵانی یەکەمی تاراوگە تێکەڵاوێکە لە ژان و چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوە بۆ زێد و نیشتمان. کەم نەبوون ئەوانەی کە شەقامەکانی تاراوگەیان بە فرمێسکی خۆیان ئاوپڕژێن کردووە. غوربەت هاسان نییە، جەرگی دەوێ. بەڵام هاوکات غوربەت لە دوورەوە سرنجڕاکێشە و ئینسان بانگ دەکا چونکە گادامێر گوتەنی تۆ ئەزموونت نییە و شتێک لەسەر غوربەت نازانی. تۆ پێشتر غەریبیت نەدیوە. کە هاتیتە غوربەت ئینجا ئەزموونی دەکەی و دەیناسی.

بەڵام هەست بە غەریبی تەنیا لە دەرەوەی نیشتمان ڕوونادا. گەلێک زۆرن ئەوانەی غەریبانە لە سەر خاکی خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن و پیر دەبن. جار هەیە وەک ماشێنێک لەناو بەفر لە چەقی ژیاندا دەوەستی. زەمەن ڕادەوەستێ، نە دەتوانی بڕۆیتە پێش و نە دەتوانی بگەڕێتەوە و ئەو کاتانە تەنیا ڕێگای نەجاتت نووسینەوەی ئەزموونەکانە:

“من نووسەری هەموو پیربوونێکم؛ پیربوونی وشە، دەنگ، تەنیایی و پیربوونی حەسرەت. من پیربوونی خودی پیریم. تەمەنی خۆزگە و من ماڵئاواییم. من ئەو ساتەم کە عەشق ناگاتە سەرەنجام و کات لە بەرپێی خۆی گیر ئەکا و ناچێتە پێش. من ئەو ساتەم کە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا وەستاوە، وەک وەستانی ماشینێک لە بەفردا و هەردووکیان دەژی و دەستی لە هیچیشیان گیر نابێت.” (ل. ١٦٤)

فەتحی تاراوگە ئەزموون دەکا. گەرچی خەونی ئاو لە تاراوگە وەدی هاتووە بەڵام دەگاتەوە وشکانی. ئیدی دوای ئەزموون دەزانێ ئەو خەونانەی کە لە دوورەوە بانگیان دەکرد سەرابێک زیاتر نەبوون و دەزانێ کە ئازادی لە هیچ کوێ بوونی نییە. هەر بۆیە دواتر دەگەڕێتەوە زێد. ئینسان تا منداڵە دەزانێ ژیان چییە، واتە منداڵ ئەزموونێکی وەهای نییە و زیاتر خەریکی کایەکردن و چێژبینینە لە ژیان. زەمەن ئینسان دابەش دەکا و جوانییەکان دەکوژێ. ئینسان، به وته‌ی نیچه، “هاوکات هه‌م هۆی فه‌نا و هه‌م جاده‌ی پێشکه‌وتنی خۆیه‌تی. ‘خودی والائینسان’، وه‌ک ده‌نگێکی خوڵقێنه‌ر و به‌زێنه‌ری سنووره‌کان له پرۆسه‌یه‌کدا درووست ده‌بێ. ‘خود’ هه‌وه‌ڵ ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی ‌و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه لای خۆی. ئینجا له ده‌وری خۆی سووڕده‌خوا تا خۆی دوباره‌ وه‌ده‌ست‌بێنێته‌وه. سه‌رئه‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو و لای خۆی. له‌و پرۆسه‌یه‌دا ‘خود’ دەگۆڕیت و ‘دگردیسی’ په‌یداده‌کا. ‘خود’ به‌ بارێکی گران واته ‘خواست’ێک  ئیزن‌ده‌دا که شێتی بگه‌شێته‌وه تا بگاته ‘خرد’ و لوتکه به‌رزه‌کان. [..] پرۆسه‌ی ڕه‌نج ده‌بێته هۆی ‘دگردیسی خود’ واته گه‌شه‌کرنی ‘خود’ له ‘هیچ’وه‌ بۆ ‘هه‌موو شتێک’. […] ئینسان له ‘هیچ’وه‌ دێت ‌و ساتێک ده‌ژی ‌و دوباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ‘هیچ’. ژیان دیارده‌یه‌کی ‘شوێنی- ساتی’ سنوورداره که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ‘هیچ’ و ئینسان نابێ له مه‌رگ بترسێ:[۱۰]

“لە دوای ئەو هەموو سەرابەی جێم هێشتوون ، ئێستا کە دەستم بە ئاو گەیشتووە، لە ئاو دەترسم. لە ئاو دەترسم و بڕوام بە وشکێنی هێناوە. پەیکەری ئازادی لە هیچ کوێ بوونی نییە؛ ئەوەی هەیە زیندانێکە لە ناخی خۆما دامناوە. کات قاتڵی هەموو شتێکە. قاتڵی خۆشەویستی، ژیان، ئازادی. بکوژێکی بێدەنگ. مرۆڤ هیچ کات بە نەمریی ناگات. لە کۆتاییدا ئەبێ خۆمان بسپێرینە دەستی مردن، هەر بەو شێوەیەی خۆمان سپاردە دەستی ژیان. گەورەبوون لە فامی مرۆڤا بوونی نییە. ئەوەی هەیە دابەشکردنی کاتە. هەموان لە سەرەتاییترین پرسیارەکاندا دەمرین؛ هەموان بە منداڵی دەمرین. ئەی ژیانی من، کە ڕوخساری خۆتم لێ تێک دەدەی، بۆ کوێم دەبەی؟ ئەی ژیانی من کە ناتناسمەوە؛ کە بە مردن شارەزاترم؛ ئەوەندەی مردن گەورەیی پێ بەخشیوم، تۆ هەرگیز! من مرۆڤی بوون و نەبوونم؛ مرۆڤی شەڕ و ماڵوێرانی.” (من غوربەتم. ل. ١٦٥)

ڕاگواستنی ئەزموون گرینگی‌یەکی تایبەتی بۆ کۆمەڵگای ئینسانی هەیە. ئەگەر ئەدیبان، سیاسیکاران و ئینسانەکانی پێش ئێمە لە کوردستان ئەزموونەکانی خۆیان ڕاستگۆیانە بە جۆرێک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان باس کردبا ڕەنگە زۆر هەڵە لە کۆمەڵگای ئیمەدا دووپات نەکرابانەوە. ئێمە دەبێ ئەزموونەکانمان بۆ نەوەی داهاتوو بنووسینەوە. ئەوە کە شاعیران وەک ڕاستگۆترین تاکی کۆمەڵگا بە ڕاشکاوی باس لە ئەزموونەکانی ژیان دەکەن دەتوانی ڕووناکی بخاتە سەر ڕێگا و هەڵبژاردنەکانمان. گادامێر گوتەنی ئەزموون لە هیچەوەیە و ئێمە ڕەنگە زانیاریمان لەسەر زۆر شت نەبێ بەڵام دەکرێ لە ڕێگای نووسین ئەزموونەکانمان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەین. ئێمە لە چاخێکدا هاتووینەتە سەر گۆی زەوی کە پڕە لە بێدادی، کۆچ، شەڕ. ئێمە تەنانەت لە زێد و نیشتمانی خۆمان بوونێکی ئاسوودەمان نییە، ڕاو دەکرێین، دەکوژرێین، دڵتەنگ دەژین و زۆر جار دەپرسین بۆ لەو نوختەیە لە زەوی لە دایک بووین:

ئەتەوێ چ حەیوانێک بم ئەی نیشتمان؟

ڕاوم کە و،

من لە ماسییا ڕاحەت ئەمرم

لە گورگا دژوار ئەژیم و

لە خۆتا نەختێک حەیفم بۆ بوون

نەختێک حەیفم بۆ نەمردن   (ل.٤٥)

لە دوای شاعیرانێکی وەک هێدی، هەژار، هێمن، مارف ئاغایی، جەلال مەلکشا، ڕامان سۆفی سوڵتانی و تاد، کە زیاتر بەو ڕێزمانە دەنووسن کە بە ستانداردی موکریانی ناسراوە، شاعیرانێک لە نەسڵی نوی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەستیان بە نووسین کردووە کە زیاتر پێوەندی زمانیان بە هاونەسڵی خۆیان و ناوچەی ژیانی خۆیان هەیە. ئەوە دەکرێ جێگای باس بێ کە ئایا زمانی نووسین دەبێ یەکدەست بێ و یەک ستانداری نووسینمان هەبێ یا دەکرێ چەند ستانداردمان هەبێ و نووسەرانی هەر ناوچەیەک زاراوەی خۆیان بەکار بێنن. دیارە خودی ئەزموونەکانی ژیان بۆ وێنە ئەزموونی غوربەت دەکارن کاریگەری جیاوازیان لە سەر فۆڕم و ستایلی نووسین دابنێن بەڵام فۆرم و ستایلی جیاواز نابێ لە سەر پوختی زمان کاریگەری نێگاتیڤی هەبێ. شاعیرانی بەرەی پێش گەرچی لە فۆڕم و ستایل دا زۆر گۆڕانکارییان نەکردووە بەڵام پوختی زمان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان زیاتر بووە. ئێمە لە لاپەرەکانی هەوەڵی من غوربەتم دا زمانێکی یەکدەست نابینین، بەڵام هەرچی بە لاپەڕەکانی ئاخر نزیک دەبینەوە زمان زیاتر بەرەو پوختی دەڕوا.

بۆ ئەو تاکەی بەدوای حەقیقەتی خۆیدا دەگەڕی و ئەو حەقیقەتە چ لە تاراوگە و چ لە زێد نادۆزێتەوە، تەنیا ڕێگای گەیشتن بەو حەقیقەت و بوونە وشە و شێعرە. حەقیقەتی تاکی خودی ئارام فەتحی، لە ناو ڕستە و دەقە پچڕاوەکان‌دا دروست دەبێ. کاتێک کەوشەنێک نییە بۆ فڕین و وشەکان قاچاخن و تاک لەو ئازادییەی کە دەیهەوێ بێ‌بەشە، دەقەکان یەکدەست نابن و گاە بێتاقەت دەبن. بەڵام هەموو ئەو دەقانە کە لە گۆڕان دان، بەشێکن لە من/خودی شاعیر. “من”ێک دەتوانێ هەڵگری چەندان دژایەتی بێ، بەڵام ئەو دژایەتی و کەرتانە ئەو “خود”ەیان پێک هێناوە. خود ئەو بەشانە لە خۆی ئەزموون کردووە و بەو ڕێگایەدا ڕویشتووە و ئەو ساتانەی تێپەرکردووە. خود بەرامبەرە لەگەل خود، واتە خود خۆی دابەش کردووە. دژایەتی واتە دەوڵەمەندکردنی خود هاوکات لەگەڵ پڕش‌وبڵاوبوونی و خود لە پرۆسەی ئەزمووندا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەزموونەکانی خود لەناو زمان دا خۆیان دەردەخەن و ئەوەی کە شاعیر لە دنیای دەرەوە وەدەستی ناکەوێ لە شێعردا پێی‌دەگا. فەتحی خۆی لە پێشەکی‌ من غوربەتم ‌دا قسەی خۆی کردووە و ژیانی شاعیرانەی خۆی ئەوها هێناوەتە بەر باس:

“نیچە دەڵێت: ببە بەوەی کە هەیت. من لە شیعردا دەبم بەوەی کە هەم. لە وشەدا دەبمە حەقیقەتی خۆم. ئەم کتێبە سێ بەشی شیعری و کە خۆی لە چوار بەش پێک هاتووە بەشێکیش چەند دەقێکی بێتاقەت؛ دووهەمین کتێبی شیعرمە یان باشترە بڵێم بەشێکی تر لە حەقیقەتی من یان درێژەی حەقیقەتمە. لەم کتێبەدا زمان و ڕۆحێکی یەکدەست لەوانەیە بوونی نەبێت و شیعرەکان لە چەند جۆر زمانی جیاوازدا دەرکەوتبێتن؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من بڕوام بە زمانێکی یەکدەست بۆ کتێبێکی شیعر بەنیسبەت خۆمەوە نییە؛ چونکوو منی دەروونم بەردەوام لە گۆڕان و لە من بوونی تازە یان دیکە دایە و ئەو منە تازەیە بۆ نووسینەوەی خۆی، زمانی نووسینی خۆی هەڵبژاردووە. لەوانەیە لە بڕێک شوێندا منەکانی ئەم شیعرانە جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ یەکدیدا ببێت و تەنانەت لە دیدی خوێنەردا دژبەیەکیش بن؛ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من ئەو منانە ژیاوم؛ ڕەنگە ئێستا ئەوانە نەبم (ڕەنگە بیشبم). گرنگ ئەوەیە کە ئەمانە سەردەمێکن لە ((من))م.”[۱۱]

و بەمجۆرە وشە دەبێتە هەموو هەست و نیستمان. نووسەر و شاعیر چ سامانێک شک دەبەن جگە لە وشە. وشەکان دەرد و ژان، ڕەنج و نەهامەتی، شادی و گەشە کردنمان نیشان دەدەن. زمان تێگەیشتن لە خۆمان و لە جیهانی دەوور و بەرمان فورمولە دەکا. زمان باس لە ئەزموونەکانی ژیانمان دەکا. زمان ئێمە دەدوێ. بێکت گوتەنی “وشە هەموو ئەو شتەیە کە ئێمە هەمانە” و بەهۆی وشەکانمان دەبینە ئەوەی کە هەین.

________________________________________

[۱].  ناڵەی جودایی، هێمن. بەغدا، ١٩٧٩. ل. ١٢-٢٤.

[۲] https://www.svd.se/exilen-som-grund-for-skapande

[۳] http://knwe.org/?p=9397

[۴] http://knwe.org/?p=10016

[۵] Anders Olsson, Ordens asyl. Lettland: Alebert Bonniers förlag, 2011.

[۶] .۲۲ سەرچاوەی پێشوو. ل.

[۷] ‌Hans-Georg Gadamer, Sanning och metod i urval. Uddevala: Daidalos, andra tryckningen 2002.

[۸] سەرچاوەی پێشوو. ل. ١٦٤-١٦٥.

[۹] تاریک و ڕوون، هێمن. ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە.

[۱۰] دگردیسی لە شێعڕی ناڵەی جودایی دا، خوێندنەوەیەکی فەلسەفی فێمینیستی. شەهلا دەباغی، زانکۆی سودێرتۆرن، تێزی ماجستێر، ٢٠٠٧.

[۱۱] من غوربەتم. ٢٠١٧. ل. ٤.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە «سرنجێک لەسەر ڕۆمانی خەوزڕان»

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *