خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وەچانێک لە سەر کۆمەڵە چیڕۆکی “باوە توان و چەند چیڕۆکی تر”

وەچانێک لە سەر کۆمەڵە چیڕۆکی “باوە توان و چەند چیڕۆکی تر”

ناسنامە: “باوە توان و چەند چیرۆکی تر”، گی دۆ مۆپاسان، ساسان ئاهەنگەری و ئاکۆ عەبباسی،چاپەمەنی “بیریار”، سەقز ساڵی چاپ: ۱۳۹۷

 

ئەرسەلان چەڵەبی

“باوە توان و زاوا خوێنشیرینەکانی”
وەچانێک لە سەر کۆمەڵە چیڕۆکی “باوە توان و چەند چیڕۆکی تر”
بەرهەمی چیڕۆکنووسی فەڕەنسی چاخی نۆزدە گی دۆ مۆپاسان
بەرهەمی ناوازەی وەرگێڕانی بەڕێزان: ساسان ئاهەنگەری و ئاکۆ عەبباسی

بۆ دەبێ ئەو كتێبە بخوێنینەوە؟

کێ هەیە نەزانێت وەرگێڕان چ دەورێکی گرینگ و چارەنووس‌سازی لە سەر گەشەی ئەدەب و هونەری کۆمەڵگاکان دا هەیە، بە تایبەت لە رووی زمانییەوە، زمان هەتا کاری پێ بکرێت زۆرتر کۆک و پۆشتە دەبێ، کار پێ کردن بە زمانیش چەندین رەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هەر کامیان بە نۆرەی خۆی خزمەت بەو پڕۆسەیە دەکا. بە تایبەت ئەگەر مژاری بەر باسی ئێمە زمانێک بێت بە ناوی زمانی کوردی کە چ قەیران گەلێکی کارەساتبار و قۆناغگەلێکی هەستیاری تێپەڕاندووە. سەرانسەری ئەو میژووە پەڕ بە پەری هەوڵی شوومی لەبار بردنی تێدا تۆمار کراوە، جا بۆیە دەڵیم کە گوتمان زمانی کوردی بابەتەکە تەواو جیاواز و هەستیارتر دەبێتەوە، ئەویش هی ئەو مێژووە پڕ لە تەنگ و چەڵەمەیەیە کە بەرەوڕووی بۆتەوە، زمانێک کە مرۆڤەکانی ناو ژینگەی ئەو زمانە نە پێی پەروەردە دەبێت و نە لە مناڵییەوە فێری خوێندن و نووسینی دەبێت، جگە لەوەش دەق‌گەلی زانستی و هزری و فەلسەفی پێ بەرهەم نایەت، لانیکەم ئەگەر ئەو دەق‌گەلەی پێ نانووسرێت زۆر بە کەمی بە کوردی وەریدەگێڕن، واتە دەق‌گەلێکی زانستی و فەلسەفی و هتد،ی رۆژ کە بە زمانە بەهێزەکانی دونیا دەنووسرێت لانیکەم بەو زمانە وەربگێڕدرێتەوە و ببێتە کوردی، ئەوە بە بەشی خۆی ئەو خەسارانەی کە لەو زمانە دەکەوێ نیوەی دەکاتەوە و دەهێڵێ هەناسە بدا! جا ئەوەیە کە دەگوترێ وەرگێڕان چەندە گرینگە شتێکی رەمەکی نییە و بە داخەوە ئێمەی کوردیش لەو بوارە دا لەوپەڕی هەژاری داین. کە باسی وەرگێڕان دەکەین لایەنی زمانییەکەی یەک لە بەشە سوودمەندەکانی وەرگێڕانە و ئەو مژارە هەڵگری چەندین سوود و بابەتی ئەرینی ترە کە لەو یادداشتە دا جێگای باس کردنی نییە.

وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی تاک و تەرا لە زمانی سەرەکییەوە بۆ کوردی هەبووە بەڵام لە دوو دەهەی رابردووەوە زۆرتر بووە و ئێستا چینێکی باش کەوتوونەتە خۆ کە زمانەکانی تر فێر بوون و وزە و توانستی خۆیان لەو بوارە دا تەرخان کردووە بۆ کتێبخانەی هەژاری وەرگێڕانی کوردی، یەک لەو کەسانە هاوڕێ ئاکۆ عەبباسی بووە کە لەو چەند ساڵەی رابردوو دا نیشانی داوە دەتوانێ لەو بوارە دا قازانج بە وەرگێڕانی کوردی بگەیەنێ، بە تایبەت کە ناوبراو زمانی فەڕەنسی دەزانێ و ئەو وڵاتەش خۆی یەک لە ئەستۆنە بەهێزەکانی هونەر و ئەدەبیاتە و هەموو گەلێک پێویستە مێژووی هونەر و ئەدەبی ئەو وڵاتە بخوێنێتەوە و شارەزای بێت. بە تایبەتی ئەگەر ئەو مێژووە لە زمانی سەرەکییەوە بکرێتە کوردی ئیتر قازانجەکەی بۆ ئیمەی کورد لە دوو سەرەوەیە. یەکەم مەجبوور نین لە زمانی دووهەم و سێهەمەوە یخوینینەوە، دووهەم راستەوخۆ کلتوور و وزە و جوانکاری هونەر و ئەدەبی ئەو وڵاتە راستەوخۆ لە ناو زمانی کوردی دا لە کل دەردێت.
“باوە توان و چەند چیڕۆکی تر” بەرهەمی نووسەر و چیڕۆکنووسی ناوداری چاخی نۆزدەی زایینی “گی دۆ مۆپاسانە” ۱۸۵۰_۱۹۹۳، تازەترین بەرهەمی وەرگێڕانی ئاکۆ عەبباسی و ساسان ئاهەنگەری،یە کە دووقۆڵی لە فەڕەنسییەوە کردوویانە بە کوردی.

مۆپاسان لەگەڵ باڵزاک و ئیمیل زولا و فلۆبێر و ئێستاندال لە نووسەرە هەر مەزنەکانی چاخی نۆزدەی فەڕانسەن، مۆپاسان نزیکەی ۳۰۰چیڕۆک و ۶ رۆمان و کۆمەڵیک کتیبی تری نووسیوە بەڵام ناوبانگی ئەو زۆرتر بۆ چیڕۆکەکانی دەگەڕێتەوە بە جۆریک کە مۆپاسان وەکوو یەک لە باشترین چیڕۆکنووسەکانی جیهان دێتە ئەژمار، لەوە زیاتر باس لە مۆپاسان ناکەم و خوێنەری شارەزا خۆی ئاگای لە چەند و چۆنی بەرهەمەکانی ناوبراو هەیە و حەز دەکەم بە کورتی باسی ئەو وەرگێڕانە نایابە بکەم.
یەکەم بەرهەمی وەرگێڕانێک کە لە ئاکۆ عەباسی خوێندمەوە شانۆنامەی “دادپەروەران”ی ئالبێر کامۆ بوو. هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە بۆ ژیری وەرگێر دەگەڕیتەوە کە چەند بە دانسقە دەستی داوەتە ئەو کارەی کامۆ. کورد کە لە بواری شانۆنامە نووسین دا لەو پەڕی هەژاری دایە و لە ناو ئەدەبی کوردی دا گرینگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. ئەو کات بە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە خەنی بووم و دڵنیاش بوومەوە کە ئاکۆ وەرگێڕێکی دەست و پێ سپیلکە نییە و بەرهەمی زۆر داهینانەتریشی بە شوێن دادێت.

کۆمەڵە چیڕۆکەکەی “گی دۆ مۆپاسان” لە دووتوێی کتێبیکی ۲۱۸ لاپەڕەیی دا هاتۆتە بەر دیدی خوێنەر و ۱۲ چیرۆکی کورت و درێژ، بیوگڕافییەک و وتاریک لە سەر مۆپاسانی لە خۆ گرتووە. ئەو وەرگێڕانە بە کوردییەکی وەها رەوان و بێ گرێ و گۆڵ وەرگێردراوە کە کەم وەک ئەوەی دەچێ بەرهەمێکی وەرگێڕان بێت، لە باری زمانییەوە دەڵیی کۆمەڵێک چیڕۆکی کوردییە و هەر بەو زمانەش لە دایک بووە.
زمان بەر لە هەموو شتێک کلتوورە. زۆر گرینگە بۆ فێربوونی زمان هەوڵ بدەی لە کلتووری ئەو زمانە تێبگەی. تێگەیشتن لە کلتووری زمان جا هەر زمانێک بێت یارمەتیدەرێکی چارەنووس‌سازە بۆ ئەوەی لە ناو ئەو زمانەی دا خۆ بتوێنییەوە. هەتا رادەیەکی زۆر هەر دوو وەرگێری ئەو کتێبە لە کلتووری زمانی سەرەکی ئەو کۆمەڵە چێرۆکە تێگەیشتوون. هۆکاریش بۆ ئەو قسە زلەی من کەڵک وەرگرتن لە پتانسیەلەکانی زمانی کوردییە، خوێنەر بە ئیشتیا دەتوانێ قسەی نەستەق و مەتەڵ و کۆمەڵێک دەستەواژەی ناو حکایەتە کۆنەکان لە ناو ئەو وەرگێڕانە ببینێتەوە، بە پێی پێویست ئەوەی جوانکاری زمانی کوردی هەیە لە ناو چیڕۆکەکانی مۆپۆسان دا لەکار کراوە، کە سەرەتا جەختم لە سەر کلتووری زمان کرد مەبەستم هەمان باسە، مادام تۆ بە سەر زمانەکە دا زاڵ نەبی دەنا بۆ هەر قسە و مەتەڵ و وتەیەکی باو لە زمانێکی تر دا بە چوارچێوەیەکی تر بەرانبەری هەیە. کە تۆ بەرانبەری ئەوانت لە زمانەکەی تر دا دیتەوە دەبێتە هۆکارێک وەرگێڕانێکی وەستایانە و ڕێک و پێک بێتە بەرهەم و خوێنەری پی خەنی بێت کە بە بڕوای من ئەو کتێبە خاوەنی هەموو ئەو باسانەیە کە من کردم.

جیا لەوەش چیڕۆکەکانی مۆپاسان هەڵگری تایبەتمەندی و جیاوازی خۆیەتی، ناوبراو “وەک سامڕست موام” چیرۆکنووسی بریتانیایی گوتبووی: هەموو لایەک دەتوانن چیڕۆکەکانی مۆپاسان لە سەر سفرەی خواردن یان لە شوێنێکی گشتی بگێڕنەوە و سەرنجی بیسەران بە باشی بۆ لای خۆیان رابکێشن”. ئەو تایبەتمەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ زمان و جۆری گێڕانەوەی مۆپاسان کە بە نەرم و نیانی خوێنەر لەگەڵ خۆی راکێش دەکا هەتا دوایین دێڕ، ئەو تایبەتمەندییە بەرچاوەش لە داڕشتنەوەی زمانی وەرگێڕانە کوردییەکەی بە باشی رەچاو کراوە. زمانێکی هێندە لەبەردڵان و شیرینە کە خوینەر برۆ ویک نانێ و وشە بە وشە وەدووی دەکەوێ و لەگەڵ رووداوەکان هەناسە دەدا. بە دڵنیاییەوە خۆ لە قەرەی مۆپاسان دان دەبێ بە وەها زمان و راوێژێک لە وەرگێڕان بەرەوپیری بچی دەنا چوار پەلی چیڕۆکەکە لێک دەترازێ و لەبار دەچێ!.

جا ئێستا بۆ دەبێ ئەو کتێبە بخوێنینەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارەم بە شێوەیەکی خێرا نووسیوە و جێگای ئەوەشی هەیە لە رەهەندگەلی جۆراوجۆری ترەوە شانی وەبەر دەی و خوێندنەوەی بۆ بکەی. هونەری گێڕانەوە لە ناو ئەدەبیات دا وەک تاقە ژانڕیک کە ئێستا لە ئاستی دونیا دا شکۆ و شەوکەتی وەک خۆی ماوە و مرۆڤ‌گەلی شەیدای ئەدەبیات بەردەوام هەموو کون و کەلەبەرێکی بۆ دەگەڕین وەچنگی دەخەن و دەیخوێننەوە. هونەرێک کە لە کوردستان دا هێندەی پێویست بەخێو نەکراوە و وەکی مناڵێکی هەتیو وایە و زۆر نییە کەوتووەتە گاگۆڵکە! بۆیە خوێندنەوەی ئەو کتێبە و کتێبی تری لەو چەشنە بۆ هەموو خوێنەرانی شەیدای ئەدەبیات و بە تایبەت نووسەران و لەو ناوەشدا چیڕۆکنووسەکان وەکی نانی شەو پێویستە هەتا زۆرتر رۆبچنە ناو هونەری چیڕۆک و چێڕۆکنووسی!
لە کۆتاییدا لە دوورەوە دەستی هەر دووک هاوڕێی وەرگێر دەگوشم و پیرۆزبایی ئەو بەرهەمە بەنرخەیان لێ دەکەم و هیوادارم ئەوە دوا بەرهەمیان نەبێت و شان بدەنە بەر کاری تریش و لەگەڵ کەسانی وەکی خۆیان خوێنێکی تر بخەنەوە ناو دەماری کتێبخانەی وەرگێڕانی کوردی!

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە «سرنجێک لەسەر ڕۆمانی خەوزڕان»

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *