خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / سەمفۆنیای شێوەزارەکان یان تووکەتووکی بێ‌ناوەرۆک؟

سەمفۆنیای شێوەزارەکان یان تووکەتووکی بێ‌ناوەرۆک؟

سەمفۆنیای شێوەزارەکان یان تووکەتووکی بێ‌ناوەرۆک؟

سڕینەوەی ئەویدی و ناسنامە لە زنجیرەی نوون خێ‌دا

  دوکتۆر بەختیار سەجادی

هێرشی گوڵەبەڕۆژەخۆرەکان

سیلڤیا پلەت لە شیعری «خاتوو لازارووس»‌دا، کاتێ وەسفی ساتەوەختی زیندووبوونەوەی خۆی پاش سێهەمین هەوڵی خۆکوشتنی دەکات، دەنووسێ: «خەڵک بە دەم ترووکاندنی گوڵەبەڕۆژەوە هێرش دەهێنن/ بۆ ئەوەی ببینن چلۆن دەست و پێی من دەکەنەوە». ئەم ئاماژەیەی پلەت بۆ گوڵەبەرۆژەخۆرەکان یەکێکە لەو وێنەسازییە جیدیانەی دنیای ئەدەبیات کە تێیدا گوڵەبەڕۆژەخۆرەکان وەکوو کەسانی بێ‌خەبەر و کەم‌مایە و تەنانەت گەمژە وێنا کراون. خواردنی گوڵەبەڕۆژە، یان بەو چەشنەی لە شێوەزاری ئەردەڵانیدا پێی دەوترێ «تۆم تووکاندن»، لە ڕووی فەرهەنگییەوە خاوەنی دەلالەتێکی ئەرێنی نییە و دیارە لە زۆر شوێنی تریش هەر بە هەمان شێوەیە. باری نەرێنیی دەنگی تووکەتووک تەنانەت گەیشتۆتە کابرای «تۆم‌فرۆش»یش کە لە زاراوەی زمانیی ناوچەی ئەردەڵاندا وەکوو کەسێکی بێخەبەر پێناسە دەکرێت کە خراپترین ناحەقی و جەفای دەرحەق کراوە بەڵام بێخەبەرە یان خۆی داوە لە گێلی. گێل‌بوون لە بنەڕەتدا بە مانای نەزانین و بێخەبەرییە؛ با بە هەڵەدا نەڕۆین، باسی چەشنە تەوسێکی سوقراتی ناکەم: زۆر جار کەسی زانا و تێگەیشتوو بە ئەنقەست خۆی دەدا لە گێلی، بەڵام تۆم‌فرۆش لە لایەکەوە خۆی داوە لە گێلی و لە لایەکی تریشەوە هەر بە ڕاست نەزان و گێلە.

لەم سەردمەی ئێستا و لەم ناوچەیەی ئێمەدا ڕووبەڕووی هێرشی گوڵەبەڕۆژەخۆرەکان بووینەتەوە. چینی مام‌ناوەندی لە جڤاکەکانی ئەم دەڤەرەدا گوشاری زۆری لەسەرە و ناتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بهێنێ و وا خەریکە ئاوێتەی جەماعەتی گوڵەبەڕۆژەخۆر دەبێت. ڕەوتەکە مخابن بەراوەژوو بووەتەوە: ئەدەب و هونەری جیدی کە بڕیار بوو بێتە هانای ئەندامانی چینی مام‌ناوەندییەوە و جێگای باوەڕ و خەیاڵ‌پڵاوەکانیان بگرێتەوە، لە ڕەسەنایەتیی دوورکەوتووەتەوە و ئاوێتەی کەڵکەڵە هیچ‌وپووچەکانی جەماعەتی گوڵەبەڕۆژەخۆر بووە. لە دەلالەتی فەرهەنگیدا گوڵەبەڕۆژەخۆر، وەکوو هێمایەک، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هێمای گوڵەبەڕۆژەفرۆشدا نییە: ئاست‌خوار، بێکار، بێ‌فەرهەنگ، لەشگران، بێ‌خەیاڵ، سادەدڵ و سادەنواڕ، گێل و گەمژە، نەزان، پێش‌مۆدێرن و، بەڵام لە هەمووان گرنگتر، بێ‌هەست بەرامبەر بە ئەزموون و ڕەنجی مرۆیی و هەروەهاش بێ‌خەیاڵ لە بەرامبەر هونەر و ئەدەبی ڕەسەن و باڵکێشدا.

تۆم‌ ترووکاندن وەکوو زاراوەیەکی هێمایینی ناو زمان لە جیاتی پێشکەوتن، «بەرایی‌بوون و نەخوێندەواری»مان نیشان دەدات، کە بە هۆیەوە نەک لە شاکارە ئەدەبی و هونەرییەکان تێدەگەیین و نەک دەتوانین لەم سەردەمەی ئێستادا وەکوو شارۆمەندێکی مۆدێرن بژین. لێرەدا کە ئاوەڵناوی «بەرایی» بەکار هێنرا، خێرا ئەوەش بڵێم «بەرایی‌خوازی فەرهەنگی» لە پێگەی بۆچوونێکی مەعریفی و دنیاداگردا جیاوازە لەم باسەی ئێمە و ئەمەیان چیرۆکێکی تری لە پشتە. بەشێک لە دەرهێنەرانی شانۆ و تێلیڤیزیۆن و سینەما زۆر زیاتر لەوەی فکری لێ‌دەکەینەوە نەخوێندەوارن و بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو جۆرە باسانە نین. من بۆخۆم قسەی سەیر و سەمەرەی وام لە کۆمەڵێ دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی بیستووە کە ئەگەر لێرە بیانکۆرمەوە لە بری شرۆڤەکار و ڕەخنەگر دەبمە جەفەنگ‌باز و نوکتەچی.

لە نێوان زاوا و چلوورەفرۆشدا

گەر لێم بپرسن باشترین شانۆنامەنووسی نوێخوازی ئامریکایی کێیە، قامک دەخەمە سەر یوجین ئۆنیل، چونکە نەک هەر لە مێژووی شانۆنامەی ئامریکادا بەڵکوو لە شانۆی مۆدێرنیستیی جیهاندا وەک داهێنەرێکی بێ‌وێنە دەرکەوتووە. بەرهەمەکانی ئۆنیل بەهێز و فرەتوێ و وردەکارانەن و لە نێویشیاندا شانۆنامەی چلوورەفرۆشەکە دێت وەکوو شاکارێک دەدرەوشێتەوە. بەشێکی زۆری خوێنەران و ڕۆشنبیرانی لای ئێمە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار کە ئێرە شوێنی باس‌کردنیان نییە زیاتر تامەزرۆ و لایەنگری هاوتا ساکارەکەی ئەو شانۆنامەیەن، واتە مەرگی دەستفرۆش، نووسینی ئارتوور میلێر. ئەمەی دوایی پێم وایە زیاتر لە بیست جار و بە شێوەگەلی جیاواز لە لایەن وەرگێڕە جیاجیاکانەوە کراوە بە فارسی و هەر ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە چەندە ناوبانگی دەرکردووە. میلێر ڕیالیستێکی ساکاری مەیلەو کۆمۆنیست بوو، بەڵام ئۆنیل دژی مارکسیزمی سادەنواڕ و گشتی‌وێژ بوو. تا ئێستا چەندین جار شانۆنامەی مەرگی دەست‌فرۆش-م بۆ خوێندکارانی کارناسی وتووەتەوە، بەڵام زەحمەتە بتوانی بەرهەمێکی ئۆنیل بە وردی تەنانەت بۆ خوێندکارانی ماستێریش شرۆڤە بکەیت.

«خێرا کەن، زاوا خەریکە دێت». ئەمە ئایەتێکە لە ئینجیلی مەتا. زاوا هێمایە بۆ گەرمی، گەشببینی، بەرهەم‌هێنان و ئایدیالیزم کە هەموویان لە کەسایەتیی مەسیح‌دا دەرکەوتوونە، کەچی لە شاکارە شانۆییەکەی ئۆنیل‌دا زاوا جێگای خۆی داوەتە چلوورەفرۆش، کە نەک هەر هێمای ساردی و ڕەشبینییە بەڵکوو خیانەتیشی لەگەڵ خۆی هێناوە. زاوا هێمای چاکەیە و چلوورەفرۆش هێمای خراپەیە. کەسایەتیی چلوورەفرۆش، تارۆزێکە لەسەر شیرفرۆشەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی کۆمەڵێ شاری رۆژئاوایی کە بەیانیان کاتێ پیاوان لە ماڵ نەبوون بوتڵە شیریان دەبردە بەر دەرگای ماڵان و ئافرەتانیان بە تەنها دەبینی و بە گەرمی چاک‌وچۆنییان لەگەڵ دەکردن. ئەم شانۆنامەیە کراوە بە فارسی و ناونیشانەکەیان کردووە بە مرد یخین می‌آید، کە بە باوەڕی من وەرگێڕانێکی دروست و پڕبەپێست نییە. ئەم بەرهەمەی ئۆنیل، لە ڕوانگەیەکی ترەوە، دژی ئایدیالیزم و ئامۆژگارییەکانی شانۆنامە بەناوبانگەکەی ماکسیم گۆرکی بوو بە ناوی تەنکەکان‌. هەر بۆیەش پەند و پەیامە ئەخلاقییەکانی ئەوێ هیچ جێگایەکی لەم بەرهەمەی ئۆنیل‌دا بۆ نەماوەتەوە. گۆرکی و بەرهەمی، دیسانەوە لەبەر کۆمەڵێ هۆکاری ئاشکرا، وەک میلێر و شانۆنامەکەی، لای خوێندەوارانی ئێمە زۆر زیاتر لە ئۆنیل ناسراون.

سەمفۆنیای زمانناسانەی ئەوان و تووکەتووکی بێ‌ناوەرۆک لێرە

شانۆنامەی چلوورەفرۆشەکە دێت لەخۆگری چەندین کەسایەتیی جیاجیایە کە بەشێکیان لە ئامریکا نەژیاون و هەر بۆیەش ناتوانن بە شێوەیەکی پاراو و ڕەوان بە ئینگلیسی قسە بکەن. ئەم کەسایەتیانە بە ڕەچەڵەک ئیرلەندی، ئاڵمانی و ئافریقایین و تەنانەت سێ کچی هەرزەکاری نیۆیۆرکیشیان لەگەڵدایە کە شێوەی قسەکردنیان لە ڕووی وشەبژێری و ڕستەسازییەوە دەچێتە خانەیەکی جیاواز لە ئینگلیسیی پێوەرەوە. ئۆنیل لە بەرهەمەکانیدا هەوڵی دەدا شێوازی قسەکردنی چین و توێژە جیاجیاکان بنوێنێتەوە و هەر بۆیەش شێوەزاری هەر کام لەم کەسایەتیانە بە شێوەی سەربەخۆ و جیاکار نوێندراونەتەوە، ئەمەش تا ئەو ئاستەی کە نەک هەر لەهجەکەی بەڵکوو تەنانەت لەحن و هەوا و ئیقاعی ئینگلیسی قسەکردنەکەشیان جیاوازە و بەندە بە زمانی زگماکییانەوە. «سەمفۆنیای زمان‌ناسانەی شێوەزارەکان» ئەو دەستەواژەیەیە کە دەتوانین بۆ ئەو شانۆنامەیە بەکاری بهێنین چونکە، وێڕای کۆمەڵێ نوێکاریی ئەدەبی و فیکری، سەرنجێکی ئەوتۆشی داوەتە زاراوەناسیی زمانی.

تووکەتووک، نەک بە مانای نم‌نمەی بەفر، بەڵکوو بە مانای دەنگی شکانی گوڵەبەڕۆژە بە ددان، سەرانسەری زنجیرەی نوون خێ-ی گرتۆتەوە. دیسانەوە با بە هەڵەدا نەڕۆین: لەم بەرهەمەدا مەبەست لە دووبارەبوونەوەی ئەو دەنگە بە هیچ شێوەیەک دەرخستنی هەوڵە بێ‌ئەنجامەکانی کەسایەتییەکان نییە؛ واتە، ئەم نواندنە، بنەمایەکی فیکریی لە پشتەوە نییە و تەنها بە مەبەستی قەشمەربازی و هۆکارێک بۆ پێکەناندنی بەردەنگ دانراوە، ئەویش لە جۆری گەوجاندن. هەر کاتێ شانۆگەری لای ئێمە توانی ژیانی بێ‌ڕۆحی ڕۆژانە و بە دوور لە بیرکردنەوە و تێڕامانی سووژەی کوردی و هەروەهاش هەوڵە بێ‌سوود و بێ‌واتا و دووبارەییەکانی ئەو سووژەیە بە شێوەیەکی تەوساوی و بە گوێرەی بیرۆکەکانی سیستەمێکی دیاریکراوی هزرڤانی بنوێنێتەوە، ئەو کاتە ئەمن ئیمانی پێ ئەهێنم. ڕوونتر بڵێم: مەبەستم لەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە بیرمەندانەیە لە بەرهەمی هونەریدا، بۆ نموونە، لە ڕۆمانێکدا وەک گۆڕبەگۆڕ، نووسینی ویڵیام فاکنێر، دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی هونەرمەندانە گێلی و نەزانیی کۆمەڵێ دێهاتیی باشووری ئامریکای کردووەتە هەوێنی خەمڵاندنی کۆمێدییەکی ڕەش کە هەڵگری سەرەک‌واتایەکی مۆدێرنە سەبارەت بە بێ‌واتایی و هیچ‌و‌پووچیی ژیانی خەڵکی ئەو دەڤەرە. با نموونە لە ژانرێکی تر نەهێنینەوە و هەر لە فیلمدا هەڵوێستە بکەین: لە فیلمی دۆرپێچکراودا، بەرهەمی بێرتۆلووچی، کەسایەتییەکە دانیشتووی ئورووپایە کەچی لە سەرانسەری بەرهەمەکەدا چەندین جار ئاوازی پیرەمێردێکی ژەنیار و حیکایەتخوانی ئافریقایی دووبارە دەبێتەوە و وەکوو مۆتیفێک هەر دەم وە بیری فۆلکلۆری ڕەسەن و دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە ئافریقاییە زوڵم‌لێکراوەمان دەخاتەوە کە زێدی کەسایەتیی سەرەکیی فیلمەکەیە.

ئەوەی بەشێکی زۆری کارە شانۆییەکانی ئەم دواییانەی تێلێڤیزیۆن و تەنانەت سینەمای ئێران بە هەموو بەشەکانیەوە پێشکەشی دەکەن، لەبری نواندنەوەی فەرهەنگ و فۆلکلۆر و ئەدەبی کەمینە نەتەوەییەکان و لەباتی خستنەڕووی سەمفۆنیای زمان‌ناسانەی شێوەزارەکان، لە ڕاستیدا هیچ نین بێجگە لە تووکەتووکێکی بێ‌مانا و تەنها بە مەبەستی سەرقاڵ‌کردنی بەردەنگی ئاست‌خوار هاتوونەتە بەرهەم. بەشێکی زۆری ئەو فێڵانەی کە پێوەندیدارن بە کەسایەتی‌پەروەراندن و تان‌وپۆسازیی بەرهەمەکەوە و دوا مەبەستیشیان پێکەناندنی بەردەنگە، هێندە دووبارەیی و ئاست‌نزمن کە بۆ بینەری یەک تۆز وریا ڕواڵەتی کڵێشەیان لەخۆگرتووە و هەر بۆیەش نەک هەر بێ‌کەڵک و بێ‌بایەخن بەڵکوو دەبنە مایەی بێزکردنەوەش. پێشتریش وتوومە ئێران وڵاتێکی چەندزمانەیە و کەلەپوورێکی زمانیی یەکجار دەوڵەمەندی لەخۆ گرتووە و ئەم تایبەتمەندییەش دەتوانێت ببێتە هەوێنی بەرهەم‌هاتنی گەلێک شاکاری گەورەی ئەدەبی و هونەری، بەڵام ڕەوشەکە مخابن لە چەشنێکی ترە: کەسایەتی پەروەراندن لەم زنجیرەیەدا بە گوێرەی ڕوانینێکی سووک بەرامبەر بە کورد داڕێژراوە و کەسەکان ساکار و ڕووکەشیانە و تەنانەت ئابڕووبەریشن. تەنز، تارۆز، تەوس، تانە، لاتاو و تەنانەت تیتاڵی و گاڵتەبەرهەم جیاوازن لە گاڵتەجاڕی، قەشمەری، فشەکەری، هەڵبەزدابەز و قسەی قۆڕ و جووڵەی قیزەون لە ڕووی فەرهەنگییەوە.

بە باوەڕی من، گرنگترین ڕەخنە لەو زنجیرەیە، وێڕای ئەو نموونانەی باسم کرد و دواتریش هەر لەم نووسینەدا زیاتری لێک‌دەدەمەوە، شێوەی مامەڵەی ئەو بەرهەمەیە لەگەڵ بابەتی زێدە گرنگ و هەستیاری زمان. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بینیمان کەسانێک وەک کەزازی، شەفیعی کەدکەنی، دەوڵەتئابادی و هەندێ لە ئەندامانی فەرهەنگستانی زمانی فارسی چلۆن کۆمەڵێ ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیک و نازانستییان سەبارەت بە زمانی کوردی درکاند. ئەوان هەر هەموویان بەرهەم‌هێنراو و، پاشان لە قۆناغێکی تردا، بەرهەم‌هێنەری هەمان ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیک و پاوانخوازانەن سەبارەت بە نەک هەر زمانی کوردی بەڵکوو سەرجەم زمانە جیاجیاکان لە ئێراندا.

کوردیی خواروو

کوردیی خواروو چەمکێکی گشتگیرە کە، لە لایەکەوە، بۆ کۆی شێوەزار و بن‌زارەکانی دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵات و هەروەهاش ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و بەدرە لە باشوور (بێجگە لە هەورامی و لەکی) بەکاری دەهێنین و، لە لایەکی تریشەوە، دەکرێ وەک زمانی پێوەری ئەو ناوچانە سەیر بکرێ: کەلهوڕی، کولیایی، زەنگەنە، مەلەکشایی، سەنجابی، کوردەلی، فەیلی، بەدرەیی و هتد سەرومڕ پێکەوە ئەو تاقمە زمانیانە پێک‌ئەهێنن کە بە کوردیی خواروو ناوبردە دەکرێن. گەرچی لەبەر چەند هۆکارێک کەلهوڕی توانیویەتی تا ڕادەیەکی بەرچاو جۆرێک لە هێژێمۆنی لەو ناوچانە ساز بکات، بەڵام ئەوانی تریش و بە تایبەت فەیلی توانیویانە لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکەی باش بە خۆیانەوە ببینن.

هەر داهێنەرێک بیەوێ بەرهەمێک سەبارەت بەو دەڤەرەی کە تێیدا یەکێک لە ژێرلقەکانی کوردیی خواروو قسەی پێ دەکرێ بخولقێنێ، ڕۆمان‌نووس و شانۆکار و شاعیر بێت یان دەرهێنەر و تەنانەت مووزیک‌ناس، دەبێ سەرەتا وەک زمان‌ناس و مرۆڤناسێک دەست بکات بە توێژینەوە سەبارەت بە مۆرکە زمانی و فەرهەنگییەکانی ئەو ناوچەیە. ئەم قسەیە پەند و ئامۆژگاری نییە بەڵکوو قانوونێکی حاشاهەڵنەگرە و یەکەم هەنگاوی کارەکە پێک‌دەهێنێت. بێجگە لەمەی وترا، دەرئەنجامەکە لە جیاتیی بەرهەم دەبێتە وەرهەم؛ ئەمەش سووکی و سووکایەتی و تەنانەت ڕق و کاردانەوەی توندیشی لێ‌دەکەوێتەوە.

شێوەزارە کوردییەکان لە نێوان تواندنەوە و نواندنەوەدا

ئەو زمانەی کەسایەتییەکانی زنجیرەی نوون خێ قسەی پێ ئەکەن نەک هەر ناچێتە خانەی هیچ کام لە ژێربەشەکانی خوارووەوە بەڵکوو ناشچێتە خانەی هیچ تاقمێکی زمانیی زمانی کوردییەوە. چەوت‌نواندنەوە، شێواندن و تێکەڵ‌پێکەڵ‌کردنی شێوازی قسەکردنی کەسایەتییەکان تا ئەو ئاستەیە کە بڵێین هیچ کەس و کۆمەڵێک لەسەر گۆی زەوی بەو زمانە قسە ناکەن. دەرئەنجامی خێرای ئەم مامەڵە ناواقیعی و چەواشەکارانەیەی کاربەدەستانی ئەو زنجیرەیە لەگەڵ بابەتێکی هەستیار و هەرە گرنگی وەک زماندا هیچ نییە بێجگە لە سووک‌کردن و نەرێنی‌سازی لە لایەکەوە و، یەکسان‌سازی و تواندنەوەی زمانی لە لایکی ترەوە، لە پێناوی یەکدەست‌کردنی ناسنامەی کەمینەکان لەگەڵ گوتاری زمانیی نەتەوەی باڵادەستدا.

مانگێک لەمەوبەر لە نووسینێکی دیکەدا باسی واقیع‌خوازی و واقیع‌نوێنی و جیاوازییەکانیانم کرد. لەوێدا وتبووم هەر کاتێ ئەو کێشەیە لە ئەدەب و هونەردا چارەسەر کرا، تازە بە تازە گەمە سەرەکییەکە دەست پێ دەکات، کەچی وەک دەردەکەوێ بەشێکی زۆری ئەو خەڵکەی ناوی ئەدیب و هونەرمەندیان لە خۆ ناوە زۆر زیاتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە لە دواوەوەن. ئێمە لایەنگری واقیع‌خوازیی پەتی نین و مەرجیش نییە لە سەرجەم بەرهەمەکاندا واقیع‌نوێنی بە مانا کلاسیکەکەی دەربکەوێت، بەڵکوو دەکرێت وەکوو بنەمایەک ڕەچاو بکرێت و هەر جۆرە هەوڵێکی نوێخوازانە و یاخود ئەوپەڕ-واقیع‌خوازانە و تەنانەت پاش‌نوێخوازانەش لەوێوە دەست پێ‌بکەن. ئەگەر کەسایەتییەکانی ئەو زنجیرەیە کوردن، ئەو زمانەی قسەی پێ ئەکەن چ زمانێکە؟ بۆچی ئەو زنجیرەیە هەوڵی داوە گرنگترین مۆرکی ناسنامە کە هەمان زمانە بسڕێتەوە؟ بۆچی دەبێ ئەم شێوە هەڵسوکەوتە لەگەڵ زمان و ناسنامەی گەلانی ئێرانیدا بۆ زۆرینەی خەڵک ئاسایی بێت؟ ئەو دەزگایەی سەری زمانی و بنی زمانی ناسنامە و فەرهەنگە بۆچی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا دەکات؟

نەک هەر لە زنجیرەی ناوبراودا بەڵکوو لە ئەرزی واقیعیشدا کوردیی کرماشانی، بەو هەموو دەوڵەمەندی و فرەلایەنییەوە، وا بە ئاسانی و خێرا جێگای خۆی دەبەخشێتە شتێکی نامۆ کە ناوی فارسیی کرماشانی-یان لەسەر داناوە. ئەرکی دەزگایەکی زەبەلاح و کاریگەری وەک ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگ پاراستن و نواندنەوەی کوردیی کرماشانییە نەک ئەو شێوە ناحەزەی کە بە فارسیی کرماشانی ناوزەد کراوە. لەم دۆخەدا نواندنەوەی زمانی جێگای خۆی بەخشیوەتە تواندنەوەی زمانی. لەم زنجیرەیەدا دووان لە کچەکان لەهجەی فارسیان هەیە کەچی خوشکێکی تریان و داپیرە و هەندێ لە گوندییەکان بە باشترین شێوە فارسی قسە دەکەن! واتە، ڕەوتەکە تەواو پێچەوانەیە، هەرچەند خودی واقیعی ڕەوتەکەش هەر دیسانەوە کارەساتاوییە. لە زۆربەی بنەماڵەکانی کرماشاندا منداڵە گەورەکان بە کوردی و منداڵە بچووکەکان، هەر لە هەمان بنەماڵە و خانوودا، بە فارسی قسە دەکەن. لەناوچوونی کوردی لە کرماشان مخابن بۆتە واقیعێک و ئەوەندی من بزانم دەزگا فەرهەنگییەکان، ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و پەروەردە هیچ جۆرە هەوڵێکی باڵکێشیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە.

ڕاستە جلوبەرگ یەکێک لە مۆرکە مرۆڤناسانە و تایبەتمەندییە فەرهەنگییەکان پێک‌دەهێنێ، بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێتەوە یەکێکە لە ساکارترین و بێ‌دەردیسەرترین ناسێنە فەرهەنگییەکان. جلوبەرگ ڕواڵەتێکی بەرهەستی هەیە و دەچێتە خانەی بەشی بەرهەستی فۆلکلۆرەوە. تۆ دەتوانی زۆر بە ئاسانی و لە کەمتر لە چەند خولەکێکدا جلوبەرگی کوردی لەبەر بیانییەک بکەیت، بەڵام ئاخۆ ئەو کەسە بەم کارەوە دەبێتە خاوەنی ناسنامەی کوردی؟ تۆ بڵێی جیاوازیی نێوان ئەو بێژەرە گێل‌وگەوجەی کاناڵێکی مانگیلەیی کە وتبووی جلوبەرگی کوردی هی مۆزەخانەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم زنجیرەیە کە مۆرک و ماف و تایبەتمەندیی زمانییان بە تەواوەتی پێشێل کردووە لە چیدابێ؟ ئەو قەشمەرەی مانگیلە قسەی ناشیرینی دەرحەق جلی کوردی کردووە و ئەم زنجیرەیەش هەمان مامەڵەی بۆ زمانی کوردی هەیە. زۆر گەمژانەیە بوترێ ئەو جۆرە فیلم و سریاڵانە بە هۆی موزیکی کوردییەوە و بە بۆنەی بەکارهێنانی جلوبەرگ و ناوی کوردیی کەسایەتییەکانەوە خەریکی نواندنەوەی کوردن. بە واتایەکی تر، ئەوەی لەم کارە دەکەوێتەوە تواندنەوەی کورد و شێوەزارە کوردییەکان و مۆرکی دیاریکراوی ناسنامەی سووژە و جڤاکی کوردییە نەک نواندنەوەیان.

چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر بوو کە بەکارهێنانی هاوکاتی هەڵبەستی زاراوە جیاجیا کوردییەکان لە یەک بەستە و یاخود یەک مەقامدا وەکوو تابوو وابوو؛ بەڵام بە هەوڵ و بوێریی چەند کەسێک وا ئێستا بووەتە نۆرمێک لە موزیکی کوردیدا. لە نڤیساریشدا، مامۆستایان شوکور مستەفا، هەژار و هێمن بە دروستی ڕەچاوی شێوەزارەکانیان دەکرد.  هەژار، لە چێشتی مجێوردا، کە دیالۆگی کەسایەتییەکانی ناوچەکانی دەشتی هەولێر، بادینان، ئەردەڵان و ڕۆژئاوا دەهێنێتەوە هەر بە هەمان شێوەزار تۆماریان دەکات. بەڵام با زۆریش گەشبین نەبین: یەک دیالۆگی هەورامی لە سەرجەم ڕۆمانە سۆرانییەکاندا نییە؛ یان گەر هەشبێ، نەمدیتووە. فرەزمانی، واقیعێکی جڤاکە کوردییەکانە و نەک هەر لە شانۆنامە و فیلمدا بەڵکوو لە بووتیقای ئەدەبی کوردی بە ڕۆمان و شیعریشەوە دەتوانێ ڕەهەندێکی زۆر گرنگ پێک‌بهێنێ؛ ئەم ڕەهەندە بەردەوام لە لایەن سووژەی نووسیاری کوردەوە وەپشتگوێ خراوە.

ئەویدییەکان زۆرن، کورتیان مەکەنەوە!

هەڵەیە گەر بوترێ بۆ فارس، کوردی ئێران ئەویدیی گەورەیە. کورد، تەنها لە هەندێ ساتەوەختدا وەک، بۆ نموونە، پرسی کۆبانێ و هەندێجاریش بە شێوەیەکی لاوەکی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا و یان لە بووژانەوەی ئابووریی باشووردا، دەبێتە خاوەنی سیمایەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بۆ سووژەی فارسی‌ئاخێو. کۆی پەرەسەندنەکانیش تا ئەم ساتە نەیانتوانیوە کورد بۆ تاک و جڤاتی فارس بکەنە ئەویدیی گەورەی. لە کۆنەستی فارسیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێ نەتەوەی سەرەکی پێکهاتووە کە برێتین لە فارس و عەرەب و تورک؛ ئەمەش ڕێک ئەو ڕوانگەیەیە کە هەر ئەمساڵ بەر لە نەورۆز بە ئاشکرا لە چەندین وتار و نووسینی ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی تاران‌دا بڵاوکرایەوە. گوتاری فەرهەنگی و تەنانەت رۆشنبیرانەی نەتەوەی باڵادەست لە زۆربەی کاتەکاندا بە ساکاری چاوپۆشی لە نەتەوەکانی تر دەکات، ئەمەش تا ئەو ئاستەیە کە مرۆڤ دەکارێ بێژێ هەر بیریشی لێ ناکەنەوە تا ئەوەی کە بە ئەنقەست چاوپۆشی لێ‌بکەن. واتە، بوونی هەیە بەڵام بۆ ئەو گوتارە، بوونی نییە؛ یان، بوونەکەی نابێ ببێتە کۆسپ لە بەردەم بەرنامە و پەرەسەندنەکانی ئەو گوتارەدا. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هەوڵەکان بۆ برەودان بە کەمینە نەتەوەییەکان لە لایەن گوتاری باڵادەستەوە خۆیان لە تواندنەوەی ناسنامەدا دەبیننەوە، یان ئەوەی کە بە ساکاری خۆیانی لێ گێل دەکەن. کاناڵی تەرەتە شەش لە کاتی داگیرکردنی نامەردانە و بێ‌شەرمانەی عەفرین‌دا خۆی بە بڵاوکردەوەی موزیکی فۆلکلۆریکی کوردی و بەرنامەی دەنگبێژییەوە سەرقاڵ کردبوو.

بەشێکی زۆری ئەوانەی بە هەڵە پێیان دەوترێ «دانشمەندانی علوومی سیاسی» هاوکێشەی سوژە و ئوبژە و ئەویدی، لە ڕادەبەدەر سادە و کورت‌وکۆ دەکەنەوە. ئەویدییەکان زۆرن، یەک و دوو و سێ نین. بۆ کوردی ئێران، فارس بووەتە، یان، باشترە بڵێین، کراوەتە ئەویدیی گەورە، بەڵام ئەمە تەنها یەکێکە لە ئەویدییەکان. هەر بە هەمان شێوە، بۆ کوردی باکوور گوتارە جیاجیاکانی نەتەوەی باڵادەستی تورک تەنها یەکێکن لە پۆلەکانی ئەویدی و، چەندین ئەویدیی گەورەی دیکە لە ئارا و لە کاردان بۆ سووژەی کوردی لە باکوور کە پێشتر بە نووسین ناوم بردوون و شرۆڤەم لەسەر کردوون، کەچی توێژەرانی ساکارساز و گشتی‌بێژی بواری هزری سیاسی بەردەوام پێمان ئەیژن کوردی باکوور لە هەمبەر یەک ئەویدیی گەورەدایە، واتە تورک.

چەندین ساڵ لەمەوبەر پرۆژەی دابەشکاریی ئەویدییە گەورەکانی سووژەی کوردیم لە سمینارێکدا لە زانکۆی لەندەن پێشکەش کرد و باسم لە پێویستیی سەرنجدانی وردتر کرد بۆ ئەرک و کاریگەریی گوتارە ئایدیۆلۆجیکە ناوخۆییەکان کە دەوری ئەویدیی گەورە دەبینن بۆ سووژەی کوردی. گەرچی لاکان فێری کردین ئەویدی بۆخۆی پێش‌وەخت دابەشبوو و پارچەپارچەیە؛ ئەویدی پێشوەخت هەڵپێکراوە و هەر لە سەرەتاوە قەڵشتی تێکەوتووە؛ ئەویدی یەکگرتوو نییە و ئێمە تەنها پێمان وایە یەکگرتووە. بەڵام، با لە جیهانی دەرهەستی دەروون‌شیکارییەوە بێینە نێو گوتاری بەرهەستی کۆمەڵایەتییەوە. هەندێ نووسینی توێژەرانی بواری هزر و زانستی سیاسی، تورک و فارس و عەرەب وەک سێ نەتەوەی باڵادەست، لە پێگەی ئەویدیی گەورەی کورددا ڕەچاو دەکەن و بەم چەشنەش چاوپۆشی دەکەن لە چەندین پۆلی جیاجیای ئەویدی بۆ سووژەی کوردی. لە ڕاستیدا، هاوکێشەکان زۆر ئاڵۆزتر لەوەن کە هەندێ توێژەری دەڤەری سیاسەت لێکی‌دەدەنەوە. لە ڕوانگەی منەوە، نەک هەر کۆی ئەویدییەکان بەڵکوو هەر تەنها خودی ئەویدیی گەورەش لە هەمبەر سووژەی کوردیدا بۆ سەر دوو دەستەی جیاواز دابەش دەکرێن کە برێتین لە ئەویدیی گەورەی دەرەکی و ئەویدیی گەورەی ناوەکی. «ئەگەدە» و «ئەگەنا» هەردووکیان لە ڕێگەی زمانەوە و بە هۆی زمانەوە لە سوبژێکتیڤیتەی سووژەی کوردیدا ئامادەن و لەم دەرکەوتنەیاندا دەکارین وەکوو ئەویدیی گەورەی زەینی ناویان لێ بەرین. هەر لە درێژەی ئەو پۆلێن‌بەندییەدا، وەکوو نموونەیەکی تر، دەکارین ئەویدیی گەورەی دەرەکی بەسەر دوو دەستەی جیاوازدا دابەش بکەین کە برێتین لە ئەگەدەی دوور و ئەگەدەی نزیک.

لێرەدا نامەوێ ئەو دەستەواژانە پێناسە و شرۆڤە بکەم؛ تەنها دەمەوێ بڵێم هاوکێشەکان پێچەڵپێچ و ئاڵۆزن و هەر چەشنە ساکارسازییەک ڕووبەڕووی کەم‌وکۆڕیی زەقمان دەکاتەوە. بۆ نموونە، هەر کام لەم پۆلە جیاجیاگەلە بۆخۆیان چەندین گوتاری ئایدیۆلۆجیکی جیاواز دەگرنەوە و هەر هەموویان پێکەوە لە کاردان بۆ بەخشینی بیچم بە ناسنامەی سووژەی کوردی. گوتارە ئایدیۆلۆجیکەکەن لە سوبژێکتیڤیتەدا دەوری ئەویدی بۆ یەکتر دەگێرن و ناسنامەی سووژەی کوردی، بەرهەمی ئەویدیی گەورەی زاڵی زەینییە. ناسنامەی کوردی هیچ نییە بێجگە لە دەرئەنجامی دیالێکتیکە نێوان-زەینییەکانی دەرکەوتەکانی ئەگەدە و ئەگەنا لە کیانی سووژەدا. لە ڕەوتێکی درێژخایەنی مێژووییدا. ناسنامەی کوردی لە زۆربەی حاڵەت و ساتەکاندا سەربەخۆیی و خۆبژیویی لە دەست داوە و بۆخۆی بووەتە گوتاری ئەویدی.

پەراوێزخراوێتیی ئەویدی لە نوون خێ‌دا

لە زۆربەی شانۆگەری و زنجیرە تێلێڤیزیۆنییەکانی ئێران و تەنانەت لە سینەماشدا، کورد نەک وەک ئەویدیی گەورە و نەک وەک ئەویدیی ئاسایی و بەڵکوو تەنها وەکوو پەراوێزێکی بندەستی خەساو تەماشا دەکرێت، کە لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە بەشێک لە بوون و کیانی ئەویدیی گەورە، واتە گوتاری نەتەوەی باڵادەست. سادەیی، ئەو مۆرکەی کوردی لە فیلمی ئێرانیدا پێ وێنادەکرێ، لە جیهانی ئەمڕۆدا مەودایەکی دووری لەگەڵ ڕەهەندە پێش‌مۆدێرنەکاندا نییە. کاتێک بینەرێکی فارس یان سووژەی زمانی نەتەوەی باڵادەست تەماشای بەرنامە پڕ لە هەڵبەزدابەزەکانی کاناڵەکانی پارێزگا یان زنجیرەیەکی وەک نوون خێ دەکات، ئامرازێکی باشی بۆ ڕابواردنی کات یان بۆ گاڵتەپێکردن دەست کەوتووە. بینەری ئاماژەبۆکراو بە هۆی قەشمەربازییەکانی ناو شانۆ و سریاڵەکەوە لە ڕێگەی زەینی ناخودئاگاوە هان‌دەدرێ زیاتر لە جاران خۆی لەو ئۆبژەیە دوور بخاتەوە کە ئێستا لەسەر شاشە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، بینەری کوردی ئەو سریاڵە کاتێ خۆی دەبینێتەوە کە بە جلوبەرگی کوردییەوە لە تاران‌ خەریکی ئابڕووبەرییە، بیرۆکەی خەساوبوون زیاتر لە هەست و نەستیدا تەشەنە دەکات. دیسانەوە، ناڕاستەوخۆ و ناخودئاگا بەڵام کاریگەرتر، ئەوەی بۆ دەسەلمێنرێتەوە کە بۆخۆی ئەویدیی فارس نییە و بەڵکوو ئەمە فارسە کە ئەویدیی گەورەیە بۆ ئەو. واتە، باڵانسەکە زیاتر تێک‌دەچێ و ئەمجارەش وەکوو جاران لە خزمەتی هێژێمۆنیی نەتەوەی باڵادەستدایە. لە وەها ساتەوەختێکدا هەستی خۆبەکەم‌زانین، دابڕان و کەواتە بۆشایی، لای سووژەی کوردی بە شێوەیەکی ناخودئاگا گەشە دەستێنێ، ئەمجارەیان بە شێوەیەکی فەرمی و دامەزراوەیی و لە ڕێگەی مێکانیزمی لێپێچینەوەی بەردەوامی سووژە لە لایەن پۆلیس و دادگا و قانوونەوە و بە چەشنێکی دراماتیک، واتە ناڕاستەوخۆ بەڵام کارتێکەرانە.

گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتیی لەو زنجیرەیەدا تارانییەکە بە ناوی میرزایی کە تەنانەت یەک جاریش لە زنجیرەکەدا دەرناکەوێ. میرزایی دەوری ناوەند دەگێڕێ و هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بۆ لای ئەو. مەرگی میرزایی ڕەوشی ئابووریی تاک و جڤاک دەشێوێنێ و سەرجەم کاروبارە جیاجیاکانی ئەو جڤاکە بەو بۆنەوە تێک‌دەچن. هەڵەیە گەر کوردەکان وەک فرۆشیار و میرزایی وەک کڕیار سەیر بکرێن؛ واتە، هەڵەیە گەر وا بزانین گۆڕینەوەیەکی ئابووریی پەتی ڕووی داوە. لێرەدا لایەنێک ئەویدیی گەورەیە و ئەو لایەنەکەی تر چاوەڕوانی دلۆڤانی و بڕیارە چارەنووس‌سازەکەی لایەنی یەکەمە کە هێمای ناوەند و دەسەڵات و پارەیە و هەموو بژاردەکانی لەبەر دەستدایە. لە دواهەمین حەڵقەی زنجیرەکەدا کەسایەتییەکی تر بە ناوی کاف دال کە ئەویش وەک میرزایی لە ئەویدیی گەورەوە هاتووە و لە ڕووی مادیشەوە یەکجار دەوڵەمەندە جێگەی میرزایی دەگرێتەوە و سەرجەم کێشەکان لە چاوترووکانێکدا چارەسەر دەکات. خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە کاف دال، دیسانەوە وەک میرزایی، دەمرێ و مەرگەکەشی سەرجەم ڕیسەکان دەکاتەوە بە خوری. جیاوازیی چینایەتی لەم زنجیرەدا بووەتە واقیع و کەس ئاوڕ لە هۆکارەکان و دەرئەنجامەکانی ناداتەوە. لە یەک وڵاتدا نوێنەرانی ئەویدیی گەورە لەوپەڕی خۆش‌بژێویدا ژیان دەبەنە سەر و هاوکات هاووڵاتیانی دیکەی هەمان وڵات هێندە لە باری ئابوورییەوە هەژارن کە ناتوانن یەکەم پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن.

ئەم مێکانیزمە دەروونییە لە هەست و نەستی بینەری فارسدا سەرناگرێت و ئەو تەنها وەکوو بیانوویەک بۆ پێکەنین یان هۆکارێکی ناخودئاگا بۆ سەرتربوونی خۆی ڕەچاوی دەکات و بە باشی ئاگای لەوەیە کە ئەوان لە ئێمە نین. واتە، ئەو کوردەی بە جلوبەرگی کوردییەوە لە تارانە و تەنانەت ناشزانێ بە ئامێری عابربانک کار بکات لە ئێمە نییە، ئێمەی بافەرهەنگ و مەدەنی و باڵادەست. لێرەدایە سەرلەنوێ و بە هۆی دووبارەبوونەوەوە بۆ چەندەمین جار ئەو سوبژێکتیڤیتەیەی کە پێی وایە ئەویدیی گەورەی فەرهەنگساز و ناوەندخواز بوونی هەیە و بوونەکەشی پێویستە و دەشێت زیاتر بپارێزرێت قوت دەبێتەوە و لایەنی زاڵی ناسنامەی بینەران پێک دەهێنێ. ئەو دەزگای ڕاگەیاندنەی بە ڕواڵەت باسی یەکگرتوویی و یەکێتی دەکات لە بنەڕەتدا و بە ڕاستی بۆخۆی خراپترین دەوری هەیە لە شێواندنی سیمای نەتەوە جیاجیاکاندا. ئەم ڕەوتە بەمەوە ڕاناوەستێ و لەناوچوونی بایەخی هەڵکردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر و تێکدانی گیانی لێبووردەیی لێ‌دەکەوێتەوە.

تێلێڤیزیۆن ئامێرێکی سیحراویی سەردەمی ئێستایە. زۆر بیرمەندی جیهانی هاوچەرخ باسی دەوری تێلێڤیزیۆنیان کردووە، ئەمەش ئەو دەورەیە قووڵایی و بەرفراوانییەکەی لە ڕۆژنامە، ئینتێرنت، سینەما و تەنانەت سیستەمی پەرەوەردەشدا نابیندرێ. تێلێڤیزیۆن گرنگترین دەزگای ئولگووسازی سەردەمی ئێمەیە. گەر ئامێری وەرگری کاناڵە تێلێڤیزیۆنیەکان وەکوو کانگای گوتارە ئایدیۆلۆجیکەکان ڕەچاو بکەین، دەتوانین کۆنترۆڵی ئەو ئامێرە وەک کۆگای ئەو گوتارانە لە قەڵەم بدەین و کەسی هەڵبژێر وەکوو دەنگدەری سندووقی ئایدیۆلۆجییەکان ناوزەد بکەین. تەنانەت لەم حاڵەتەشدا ئەمە هەڵبژێرەکە نییە کە بڕیار دەدات کام کاناڵ هەڵبژێرێ بەڵکوو دیسانەوە خودی ئایدیۆلۆجییە کە بڕیار دەدات و خۆی هەڵدەبژێرێتەوە. واتە، ئێوە بە بڕیارەوە کاناڵەکان هەڵنابژێرن بەڵکوو پێشوەخت لە چوارچێوەی هەڵبژاردنێکی ڕۆتینی و پلان‌بۆدانراو و ئۆتۆماتیکیدان کە ئایدیۆلۆجی ڕێساکانی داڕشتووە و بەڕێوەی دەبات.

ئەوەی کە گوتاری باڵادەستی فەرهەنگی دەست دەکاتە نەرێنی‌سازی و پەراوێزسازی، ڕووداوێکی سەیر و ئاوارتە نییە، بەڵام ئەوەی کە ئەمجارەیان ڕووی داوە ئەوەیە کە پەراوێزەکە بە شێوەی سووک و ساکار و قەشمەر و بێ‌ڕێز وێنا کراوە و لەمانەش گرنگتر وەک بەرنامەیەکی گشتگیری گرنگترین کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ئێران بڵاو دەبێتەوە. ئەو کوردەی لەم زنجیرەیەدا وێنا کراوە هێندە دوورە لە شارستانییەت کە تەنانەت ناشزانێ کارە سادەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەم سەردەمە جێبەجێ بکات. هەر ئەم شێوەڕوانینە باڵادەستە، ئەفغانەکانیشی گرتووەتەوە کە لەو سریاڵەدا بە چەشنێکی گێلتر لە کورد نوێندراونەتەوە. واتە، هەر دوو کەمینەکە بوونەتە ئامرازێک بۆ پێکەناندنی بینەری سووژەی گوتاری باڵادەست و گەوجاندنی سووژەی ئەو دوو کەمینەیە. لەم ساتەوەختەدا کورد لە کوردبوونی خۆی و ئەفغان لە ئەفغان‌بوونی خۆی شەرم دەکات.

تێلێڤیزیۆن جادووگەرێکی کارامەیە و بە هاسانی ئەمانخەڵەتێنێ. تێلێڤیزیۆن باشترین ئامێر و ئامرازە بۆ درێژکردنەوەی ڕەوتی نەرێنی‌سازی لە ناخی تاکەکانی هەموو گوتارەکاندا. ئاکامەکانی ئەو جۆرە کارتێکەرییەش کارەساتاوین، بە تایبەت لە نموونەی بەرباسدا: ترسنۆکی، بێ‌باوەڕی، قوڵمی، خۆبەزل‌زانین، لاتی و لاتیگەری، فشەکەری، پاڵەوان‌بازی، هەستی درۆیین و تەنانەت لە وێستگەکانی دواییدا پارانۆیا و پاشان تەنانەت سکیتزۆفرێنیا. لای ئێمە زۆرن ئەو کاناڵە تێلێڤیزیۆنیانەی بە شێوەگەلی جیاجیا دەوری ڕووخێنەریان گێڕاوە و دەشگێڕن. پێشتر چەندین جار باسی هەندێ کاناڵی باشوورم کردووە و بە هێنانەوەی بەڵگە پیشانم داوە چلۆن ئەو کاناڵەی بە ئاشکرا باسی یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکات بۆخۆی دەوری سەرەکی هەیە لە پارچەپارچەکردنی زیاتری سوبژێکتیڤیتەی کوردیدا.

بەراوەژووسازیی بەهاکان و هەڵوەشاندنەوەی واتاکان

چەق‌سڕینەوە و ناوەندبێزی، وەکوو دەرئەنجامی بەرچاوی بیری پاش‌پێکهاتەیی‌خوازانە، لانی کەم لە ڕووی تیۆریکەوە دەتوانێ ساڕێژی زامی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بێت لە کۆمەڵگایەکی فرەنەتەوە و فرەئاییندا. زۆرن ئەو نووسینە فارسی و کوردیانەی لەم ساڵانەی دواییدا تیۆریی هەڵوەشاندنەوەیان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند کردۆتەوە و، ئەز نازانم چلۆن لای ئێمە نووسەرێک ئەو مافە دەداتە خۆی بە کورتە نووسین و یادداشتێک سەرلەبەری پارادایمێکی بەرفراوانی ڕەخنەیی بەرەوبڕ بکاتەوە کە بەرهەمی تێڕامانی چەندین نەوەی جیاجیای بیرمەندانی سەر بەو پارادایمەیە.

دەمەوێ خوێندنەوەیەکی هەڵوەشێنەرانەی سەر بە قوتابخانەی پاش‌پێکهاتەیی‌خوازیی بەرەو ڕووی زنجیرەی نوون خێ بکەمەوە: دەشزانم زنجیرەی ناوبراو بەتاڵە لە هەر جۆرە واتایەکی قووڵی فەلسەفی یان تەنانەت فەرهەنگی و، هیچ جۆرە سەرەک‌واتایەکی مرۆیی و دنیاداگر یان مامەڵەیەکی هونەرمەندانەی تێدا نابیندرێ. لەمانە گرنگتر، بزربوونی بووتیقای شانۆ لەم زنجیرەیەدا بە ئاشکرا لە جیدییەتی بەرهەمەکەی کەم کردووەتەوە، بەڵام هۆکاری ڕەخنەکەم بڵاوبوونەوەیەتی لە تێلێڤیزیۆندا، ئەویش لە گرنگترین کاناڵی ئەو وڵاتەدا.

با دەست پێ بکەین: دوانە لێکدژەکان، وەک بیرمەندانی پێکهاتەیی‌خواز پێیان وتووین، لە سەرجەم سیستەمە جیاجیا فەرهەنگی و ئایینی و ئەدەبییەکاندا ئامادەن. چارڵز برێسلێر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەمەڕ تیۆریی ئەدەبی‌ باسی شەش قۆناغی ڕەخنەی هەڵوەشێنەرانە دەکات:

١. دۆزینەوەی ئەو دوانە لێکدژانەی دەقەکەیان لەسەر دامەزراوە: لە زنجیرەی نون خێ‌دا هەندێکیان برێتین لە: ناوەند/پەراوێز، تاران/شارستان، شار/دێهات، مۆدێرن/خێڵەکی، ڕاستگۆیی/درۆ، وەفاداری/خیانەت، بابەتی مەعنەوی/بابەتی مادی، چاکە/خراپە، ناوەوە/دەرەوە، ئێرانی/ئەفغانی و چەندین نموونەی تر. ناوەند/پەراوێز یان تاران/شارستان یەکێکە لەو دوانە لێکدژانەی دەقەکە لەسەری بنیات‌نراوە.

٢. دەربڕینی سەرنج لەسەر ئەو چەمک و بەها و بیرۆکانەی وەکوو بنەمایەک بۆ کاری دوانە لێکدژەکان لە گۆڕێدان: دوانەی لێکدژی ناوەند/پەراوێز لەم زنجیرەیەدا لە ڕواڵەتی تاران/شارستان‌دا دەرکەوتووە. واتای پاڵەکیی شارستان لە فارسیدا پێچەوانەی کوردییە. لە کوردیدا شارستانیەت واتە ژیار و ئاوەدانی و پێشکەوتن؛ لە فارسیدا بە مانای ئاکاری پێش‌مۆدێرن و هەژاریی ئابووری و فەرهەنگی دێتە بکارئانین.

٣. هەڵگەڕاندنەوە یان بەراوەژوو کردنەوەی دوانە لێکدژەکان: واتە لە بری تاران/شارستان یان ناوەند/پەراوێز دەبێژین پەراوێز/ناوەند. ئەو ڕوانینە سەقامگرتووانە بە پێی بەرودوایی دەستکردی دوانە لێکدژەکان پێک‌هاتوونە و تەنها لە بەستێنێکی دیاریکراودا دەوریان هەیە و هەر بەم بۆنەشەوە زۆر بە هاسانی دەکرێت لە سیستەمێکی تری فەرهەنگیدا نەک هەر ڕەخنەیان ئاراستە بکرێت بەڵکوو لە بنەڕەتیشدا هەڵ‌‌بوەشێندرێنەوە.

٤. وازهێنان لەو ڕوانینانەی پێشتر دنیابینیی ئێمەیان دروست کردووە: واتە، لە پشت واتا پاڵەکییەکانی هەر کام لە بەشە پێکهێنەرەکانی دوانە لێکدژەکاندا بیروبۆچوونی سووژەی فارسی‌ئاخێو زاڵە و لەم ڕەخنەیەماندا دەبێ وازیان لێ بهێنین. لە فارسیدا شارستان لە گۆشەنیگای نەتەوەی باڵادەستەوە پێناسە دەکرێت.

٥. پەسەندکردنی ئەگەری سەرهەڵدانی چەندین ئاستی جیاوازی دەقێک ئەمجارەیان بە گوێرەی بەرودوایی تازەی دوانە لێکدژەکان: واتە، ئەم زنجیرەیە بە ساکاری خودی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە چونکە کۆمەڵێ لەو دوانە لێکدژانەی لەسەریان دامەزراوە لە بنەڕەتدا دەستکردن و، لە ڕاستیدا درێژکراوە و کارتێکراوی ئێرانی سەردەمی پاش ڕەزاخان-ن کە ئێستاشی لەگەڵدابێ وەکوو پەیڕەو ڕەچاو دەکرێن. بەرهەمی ئەو ڕیزبەندییە، ناوەندگەرێتییە و ئەمەش چەندین کێشە و گرفتی جیاجیای بۆ کەمینە و پەراوێزەکان دروست کردووە.

٦. مۆڵەت و دەرفەتی هاتنە ئارای واتا جیاوازەکان بڕەخسێنین: واتە، دەقەکە نابێتە خاوەنی تاقە مانایەکی دیاریکراو و نەگۆڕ؛ بە پێچەوانەوە، کەس ناتوانێ بڕیار لەسەر یەک تاقە واتای ڕەهای ئەو دەقە بدات. ڕەوتی واتاسازی بەردەوامە و هەر کەسێ مافی ئەوەی هەیە ماناکەی دیاری بکات.

لە وەها خوێندنەوەیەکدا «نوون خێ» دەتوانێ ئاماژە بێ بۆ کەسایەتییەکانی ئەو زنجیرەیە کە نەزانی خۆماڵی، ناتەوانی خەساو و نەخوێنەواری خێڵەکین؛ تەنانەت دەشکرێ ئاماژە بێت بۆ ناوی زنجیرەکە و بە شێوەی ناوونیتکەی خراپ و نوکتەی خۆکرد بیخوێنینەوە. ئەمانە کۆمەڵێ ڕوانگەی کەسەکی نین کە لە دەرەوەڕا لەسەر بەرهەمەکە داسەپێنرابێتن، بەڵکوو خودی دەقەکە ئەوەمان پێشکەش دەکات. تەنانەت گەر دەرهێنەر و فیلم‌نامەنووس و دانەری ئەو زنجیرەیە پێیان وابێ مەبەستیان ئەوە نەبووە دیسانەوەش هەر سوودی نییە چونکە دەقەکە لە بابەتێکی ترە و لە بنەڕەتدا شتێکی تری خستووەتە ڕوو. ڕەخنەگرانی بواری ئەدەب و هونەر، بە چاونواڕین لە ڕوانگەی دوو توێژەرەوە بە ناوی ویمسەت و برەدلی، دەمێ ساڵی ئاگاداری چەمکێکی ڕەخنەیین بە ناوی «هەڵەکاریی مەبەستی دانەر». زۆر جار هەڵدەکەوێ بۆچوونی دانەر لەسەر بەرهەمەکەی و مەبەستی لە دانانی، جیاوازن لەوەی خودی بەرهەمەکە ئاراستەی دەکات.

دار کرمی لە خۆی نەبێ تەمەنی هەزار ساڵە

یەکگرتوویی نەتەوەیی ئەو چەمکەیە زۆربەی کاتەکان لە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانەوە گوێبیستی دەبین، کەچی وەک بینیمان هەمان دەزگای ڕاگەیاندن کە بانگەشە بۆ ئەو چەمکە دەکات بۆخۆی دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە دابڕانی زیاتری نەتەوەکانی ئەو وڵاتە. زنجیرەی نوون خێ لەباتی ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت و هۆکارەکانی دووریی کوردی ئێران لە نیشانەکان و دەرکەوتەکانی مۆدێرنیتە بخاتە بەرچاو و لە جیاتی خستنە ڕووی کێشە جیاجیا ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی نەبوونی پیشەسازیی پتەوەوە لەم ناوچەیەدا، هەر هەمان پرس دەکاتە هەوێنی پێکەناندن و ئامرازی کات‌ڕابواردنی بەردەنگ. ئەو زنجیرەیە کوردی وەک مرۆڤێکی تووڕە، سادە، هەست‌ناسک، هەستیار، مێوان‌خۆشەویست، پێش‌مۆدێرن، گوندەکی و تەنانەت ئابڕووبەر و بێ‌مێشک و بە گشتی کەمینەیەکی دوور لە شارستانیەت ناساندووە. ئەو زنجیرەیە دەیتوانی دەوڵەمەندیی زمانی و فۆلکلۆریک و فەرهەنگیی جڤاکی کوردیی خواروو بەرجەستە بکاتەوە نەک ئەوەی بە تەواوی خۆی لەو پرسە زێدە گرنگانە گێل بکات.

گەرچی بەرهەمی گەورە داهێنەرانێک وەک خالقی و حەسەن زیرەک و شاکرۆ لەو زنجیرەیەدا بەکارهێنراون، بەڵام ئەو بەرهەمانە چ پێوەندییەکیان بە ناواخنی زنجیرەکە و تان‌وپۆی چیرۆکەکەوە هەیە؟ ناتەبایی زەق‌وزۆپی نێوان موزیک و ناوەرۆکی ئەم زنجیرە چ مەبەستێکی لە پشتە؟ گەر دیسانەوە کەڵک لە یەکێکی دیکە لە زاراوە ڕەخنەییەکانی ویمسەت و برەدلی وەربگرم، دەبێ دەستەواژەی «هەڵەکاریی کارتێکەری» بەکاربهێنم: نوون خێ کەوتووەتە داوی هەڵەکاریی کارتێکەرییەوە و هەر بۆیەش هەڵەیە بە بۆنەی ڕادەی بەرفراوانی وەرگیرانیەوە لە لایەن بەردەنگی ئاسایی ئێرانییەوە بە بەرهەمێکی سەرکەوتووی بزانین. لە رێگەی سەرنجدان بەم زاراوە ڕەخنەییەوە دەتوانین پەردە لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵ‌بدەینەوە کە ژمارەی چاپەکانی بەرهەمێکی ئەدەبی یان بڵاوبوونەوەی نێوبانگی بەرهەمێکی هونەری بە هیچ شێوەیەک دەلالەت ناکات لە جیدیەت و ڕەسانەیەتی و ئاست‌بەرزیی ئەو بەرهەمە.

سەبارەت بە ناوی کوردیی کەسایەتییەکانیش دەبێ بڵێم بیستنی هەندێ ناوی وەک کەژاڵ، ڕۆژان، شیرین و هتد لەم جۆرە شانۆنامە و فیلم و زنجیرانەدا لە کڵێشە دەرچووە و بووەتە فریوکارییەکی بێتام بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەری ئاست‌خوار. ئاخۆ کەنگێ بڕیارە کۆتایی بەو زەینییەتە ڕۆمانتیک و ساکار و ڕووکەشیانەی چالاکڤانانی بواری فیلم و شانۆ بهێنرێ؟ لە کوێدایە تەکنیکی «هێماخوازیی ناو» و هەستیاریی بەرامبەر هەڵبژاردنی ناو بە مەبەستی دەرخستنی واتای پاڵەکیی جیاجیا و پێوەندیدار بە سەرەک‌واتای بەرهەمەوە؟ ئەو جۆرە ناولێنانە بە ڕاستی لە کڵێشە دەرچووە و بووەتە سەرئێشە. وێڕای ئەمانە، وەک پێشتریش وتوومە، ئایدیۆلۆجی هێندە کاریگەر و بەهێزە کە تەنانەت ڕەهەندێکی ئایدیۆلۆجیکیش دەبەخشێتە ئیگۆی نەوڕسکی عەقڵانیی سووژە و بەم چەشنە ئیگۆی ئایدیۆلۆجیک ساز دەبێت کە دەبێتە سوکانداری ناسنامەی سووژە. سادەتر بڵێین: لەم ساتەدا سووژە دەبێتە بەردی لە ئاگر گرمترە. هەر بۆیەش، پێم وابێ زنجیرەی نوون خێ لە ماڵە کورداندا زیاتر لە هەر بنەماڵەیەکی تر لە ئێراندا تەماشاڤانی هەبووە.

سنە، خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ» بڵاوکرایەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *