خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / دیوانی حەریق (ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ) لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان بڵاو کرایەوە

دیوانی حەریق (ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ) لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان بڵاو کرایەوە

دیوانی حەریق (ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ) لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان بڵاو کرایەوە

ناسنامەی کتێب: دیوانی حەریق (ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ)، ساخکەرەوە: جەعفەر قارەمانی، محەممەد ئیسماعیل‌نەژاد، ٢٠٦ لاپەڕە، چاپەمەنی: پەخشانگای زانکۆی کوردستان ١٤٠٠ ک. هـ..

جەعفەر قارەمانی

حەریق یەکێک لە شاعیرە ناسراوەکانی قوتابخانەی کوردیی ناوەندییە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم ژیاوە. دیوانی حەریق تا هەنووکە چەندجار چاپ و بڵاو کراوەتەوە؛ بەڵام سەرەڕای هەوڵی ساخکەرەوان ئەو دیوانە تووشی ناتەواوییەکی زۆر وەک: هەڵەی ڕێنووسی، گۆڕانکاریی و دەست‌تێوەردانی هەڵە، داکەوتنی پیت و وشە، هەڵەی پیتچینی، نەپاراستنی مەودا و نیومەودای نێوان وشەکان و هتد، بووە، تاڕادەیەک کە خوێندنەوەی شیعرەکانی حەریق ئاستەم بووە و بە شێوەیەک گەر خوێنەر وردبین نەبێت، ڕەنگە تووشی هەڵەی خوێندنەوەیی و تێگەیشتنی ناتەواو ببێت، بۆ نموونە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی دیوانی حەریق لە لایەن نەوزاد کەڵهوڕ لە ساڵی ٢٠١١، نەتەنیا هەڵەکانی پێشووی ئەو دیوانەی کەم نەکردۆتەوە؛ بەڵکوو ڕەچاو چاپەکانی پێشوو هەڵەی زیاتری تێکەوتووە. ئەم ساخکردنەوەیە بەپێی کۆنترین نوسخە خەتتییەکان شیعری حەریق ساخ‌کراوەتەوە. لەم دیوانەدا بە پشت‌بەستن بە نوسخە خەتتییەکان و سوودوەرگرتن لە پێوەری زمانی و ڕەوانبێژی لێکدانەوەی دێڕە ساخکراوەکان بە شێوەی ڕووکەشی کراوە، هەرچەند زانستیی ساخکردنەوە جیاواز لە لێکدانەوەیە و لە ساخکردنەوەدا هەر جۆرە لێکدانەوەیەک هەڵەیە، بەڵام لەم دیوانەدا بۆ سەلماندنی دروستی وشە و لێکدراوە ساخکراوەکان بە شێوازێکی ڕووکەشی واتای دێڕەکان شی‌کراوەتەوە. مەبەست لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە، تەنیا ساخکردنەوەی شیعری حەریق نییە؛ بەڵکوو لە ڕوانینێکی بەربڵاوتردا سەلماندنی ئەو بابەتەیە کە ساخکەرەوەی دیوانی شاعیرانی کلاسیک جیا لە پشت‌بەستن بە نوسخە خەتتییەکان- وەک بناغەی ساخکردنەوە- دەبێت شارەزای زانستەکانی شێوازناسی، کێشناسی و ڕەوانبێژیی ئەدەبیش بێت. ساخکردنەوەی دیوانی شاعیرانی کلاسیک بێ‌ڕەچاوکردنی مێتۆدۆلۆژی زانستی، ناسینی پێوەرەکانی ساخکردنەوە و ڕوانینی ڕەخنەیی بە دەق کارێکی ناتەواوە. ساخکردنەوەی ئەو دیوانە بەپێی پێوەرەکانی زانستیی ساخکردنەوەیی دەتوانێت یارمەتیدەری ساخکەرەوانی تر بێت و ڕێگە لە دووپاتی هەڵەی هاوشێوە لە ساخکردنەوەی دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردی بگرێت.

 ئەو دیوانە (حەریق) لە چوار بەش پێک‌هاتووە:

بەشی یەکەم: پێش‌باس

لەم بەشەدا بەپێی زانستیی شێوازناسی، شێوازی شیعری حەریق لە سێ ئاستی زمانی، ئەدەبی و هزریدا بە شێوەیەکی پوخت شی‌کراوەتەوە و بابەتە دیارەکانی ئەو سێ ئاستە پشکنینی بۆ کراوە. دیاری‌کردنی شێوازی شیعری حەریق تەنیا بۆ سەلماندنی ئەو بابەتەیە کە شیعری حەریق سەر بە قوتابخانەی کوردیی ناوەندییە.

بەشی دووهەم: پێشەکی

ئەو بەشە لە چەند تەوەر پێک‌هاتووە؛ تەوەری یەکەم: لەم تەوەرەدا زانستیی ساخکردنەوە و شێوازەکانی ساخکردنەوەی دەق تاوتوێ کراوە، پاشان نوسخە خەتتییەکانی دیوانی حەریق بۆ ساخکردنەوەی ئەو دیوانە پێناسە کراون. لە تەوەری دووهەمدا بە شێوەیەکی ورد هەڵە و ناتەواوی چاپەکانی پێشووی دیوانی حەریق و جیاوازییەکانیان لەگەڵ ئەو دیوانە لە پەراوێزدا خراوەتە ڕوو. لە تەوەری سێهەمدا ئاماژە بە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی هەڵە و ناتەواوی لە دیوانی شاعیرانی کلاسیک و بەتایبەت دیوانی حەریق کراوە. لە تەوەری چوارەمدا ژیاننامەی حەریق و چەند گێڕانەوەیەکی پەیوەندیدار بە حەریق و ڕوانگەی توێژەرانی پێشوو، لەسەر ڕێکەوتی لە دایک‌بوون و کۆچی دوایی و ڕووداو دیارەکانی ژیانی حەریق باس‌کراوە.

بەشی سێهەم: لەم بەشەدا شیعرە کوردییەکانی حەریق بەپێی دوایین پیتی سەروای دێڕەکان پۆلێن کراون، پاشان هەرکام لە شیعرەکان بەپێی نوسخە خەتتییەکان بەردەست ساخکراونەتەوە. لەم بەشەدا جیاوازیی چاپەکانی پێشوو لەگەڵ ئەو دیوانە دیاری‌ و نووسراوە.

بەشی چوارەم: لەم بەشەدا شیعرە فارسییەکانی حەریق بەپێی نوسخە خەتتییەکانی بەردەست ساخکراوەتەوە و جیاوازیی شیعرە فارسییەکانی حەریق لەگەڵ چاپەکانی پێشووی دیوانی حەریق خراوەتە ڕوو.

داگرتنی PDF

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *