خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “بێ‌وچان تا تایمز” براوەی یەکەمین خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی

“بێ‌وچان تا تایمز” براوەی یەکەمین خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی

“بێ‌وچان تا تایمز” براوەی یەکەمین خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی

ئەمرۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۰۴/۱۳ لەتەلاری هونەرهۆڵی چێوار ناوەندی بڵاوكردنەوەی كەپر، لەڕێوڕەسمێكدا خەڵاتێك لەپێناو برەودان بەنووسینی دەقی شانۆیی و هاندانی شانۆنامەنووساندا، بەناونیشانی (خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامەی كوردی) بەخشرا بە محەمەد عەلی دەستماڵی نووسەر و شانۆنامەنووسی ناسراوی سنەیی.

لەمەراسیمەكەدا، وێڕای پێشكەشكردنی موزیك و دابەشكردنی خەڵات و بڵاوكردنەوەی كتێبی شانۆنامەی «بێ وچان تا تایمز» بەرهەمی عەلی دەستماڵی براوەوی خەڵاتی دانا ڕەئووف لە لایەن چەند شانۆكارێكەوە بەشێك لەدەقە شانۆییەكە نمایشکرا.

شایانی باسە، ناوەندی كەپر شانۆنامەی براوەی بە ناوی «بێ وچان تا تایمز» چاپ كردووە و نووسەری شانۆنامەکەی بە بڕی ۵۰۰ دۆلار خەڵات و پەیكەرێكیشی پێشكەش کرد، كە پەیكەری خەڵاتی (دانا ڕەئووف)ە بۆ شانۆ نامەی كوردی، پەیكە‌رەكە لەلایەن هونەرمەند شوان كەمال-ەوە لە كەرەستەی برۆنز لەوڵاتی سوید دروستكراوە.

 

محەمەد عەلی دەسماڵی لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٧ی زایینی لە شاری سنە، هەتا ئێستا ٢ کۆمەڵە چیرۆک و یەک کۆمەڵە شیعری بە فارسی بلاو کردۆتەوە. ئەو هەروەها گوڵبژێرێک لە شیعری هاچەرخی تورکیای لە زمانی تورکی ئەستەمبۆڵی یەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و لە کتێبێک بە ناوی تاڵترین قاوە، بلاوی کردۆتەوە. شایانی باسە محەمەد عەلی دەستماڵی ساڵی ۱۳۹۹ بە چیرۆکی «ددانی حەزرەتی ئەشرەف»، خەڵاتی دووەمی ئەدەبی سادق هیدایەتی پێ بەخشرا، کە یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتە ئەدەبیەکانی ئێرانە.

دەستماڵی جگە لە کاری نووسینی چیرۆک، لە مێژە سەرقاڵە بە ڕۆژنامەوانی و کارناسی پرسەکانی تورکیا و سووریا و هەرێمی کوردستانە و هاوپەیوەند بەم بابەتانە چەندین وتار و ڕاپۆرت و هەڤپەیڤینی ناوازەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و گۆڤار و ڕۆژنامە جیهانییەکان بڵاو کردووەتەوە.

دانا رەئووف

دانا رەئووف نووسەر و شانۆکار و دراماتۆرگ، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی و لە ساڵی ١٩٩٢ وە لە ستۆکهۆڵم دەژی. لە سویدیش خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی (شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی) هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سویدی و لەگەڵ شانۆی سویدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەویتریان بە سویدی لەلاین پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە. تا ئێستا ٣٥ کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندان دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سویدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سویدی بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لە کتێبە سویدییەکانی (ڕەوش و داهێنان) لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، شایانی باسە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.
لە پەیمانگای هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتۆتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوید و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سویدی و بە کوردی پێشکەش کردووە. بەشداری چەندان کۆر و سیمیناری لە سوید، دانیمارک و ئینگلتەرا کردوە. جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی دە دەقی شانۆیی نووسیوە.
دانا رەئووف سەرپەرشتی بڵاو کراوە شانۆییەکانی کوردستان کردوە، بۆ نموونە گۆڤاری شانۆ و زنجیرەی دەقی شانۆیی بیانی لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی دەکردنی گۆڤاری (تاڤ) دەکات، کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی دەردەچێت.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *