خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / فەرهەنگی زارەکیی موکریان و دواگوژمەکانی گەمییەوانی زەریای زمانەوانی

فەرهەنگی زارەکیی موکریان و دواگوژمەکانی گەمییەوانی زەریای زمانەوانی

فەرهەنگی زارەکیی موکریان و دواگوژمەکانی گەمییەوانی زەریای زمانەوانی

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمان‌ناس و لێکۆڵەر

لەم دواییانەدا دووبەرگی تر لە پڕۆژەی پڕپیت و فەڕی خەرمانی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە لایەن «خانەی موکریانی» چاپ و بڵاوبۆوە و چاو و دڵی هەموو نووسەران و وێژەران و توێژەران و فەرهەنگدۆستان و مشوورخۆرانی ڕاستەقینەی زمان و کەلتوور و کەلەپووری کوردی پێ ڕوون بۆوە.
ئەم دوو بەرگە بریتین لە بەرگی ۱۱ کە لەخۆگری ماکەکان و نێرتکەکانی پیتی «قاف»‌ـە لە ‌۸۸۲ لاپەڕەدا و هەروەها بەرگی ۱۲ کە لەخۆگری ماکەکان و نێرتکەکانی پیتی «کاف »ـە لە ۱۳۳۴ لاپەڕەدا(سەرجەم لە ۲۲۱۶ لاپەڕەدا).

پڕۆژەی فەرهەنگ‌نووسی زارەکیی موکریان تا ئێستا سەرجەم ۱۲ بەرگی فەرهەنگی ئەلف‌وبێیی، لە ۹۵۲۵ لاپەڕەدا و، دووبەرگی سەربەخۆی، واتە: «فەرهەنگی زارەکیێ موکریان، خورد و خۆراک» و «فەرهەنگی زارەکیی، بەشی ژنان» لە ۸۵۶ لاپەڕەدا لێ چاپ و بڵاوبۆتەوە (سەرجەم لە ۱۴ بەرگ و لە ۱۰۳۸۱ لاپەڕەدا ).

پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بە چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم دوو بەرگە تەکووز و دڵ‌ئەنگێوەی، هەنگاوی ناوەتە قۆناغ و وارگەیەکی کۆتاییی دڵ‌ئەرخەیانکەر و جێ‌گرتوو و سەقامگیر کە وەک هەتاوی پڕتین و تاوی هاوینانی سارا و گەرمێنان تیشک و پڕشەنگی زێڕینی هاویشتووەتە گشت قەد و لاپاڵەکانی گەرمێن و کوێستانی کوردستان و لق و پۆپی داکوتاوەتە ناو هەناوی دڵ‌بزوێن و ڕۆح‌‌هەژێنی جەستەی فەرهەنگ‌نووسیی کوردیی سەردەمەوە.

مامۆستا سەلاح پایانیانی ورەبەرز و لێهاتوو و بەئەزموون، وردەوردە و وارگەوارگە پێی سەلماندین کە دەکرێ زمانی کوردیش وەک زمانانی تری خاوەن پلەوپایەی گەردوون، دەراوی ڕوون بەخۆیەوە ببینێ و ببێتە خاوەنی فەرهەنگێکی زانستی و وڵامدەر و کارا و داگر و تەکووز، لەسەر بنچینەی ماکە زمانی‌یەکانی زمان-وێنەی زارەکیی ئەم بەشەی کوردستان.

گەر بە چاوێکی وردبینانە و شڕۆڤەکارانە و لێزانانە و پێزانانەوە بڕوانینە مێژووی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی، لە سەردەمی ئەحمەدی خانی‌یەوە تا چاخی ئێستا، تاک‌وتەرا بیرۆکەی وەگەڕخستنی پڕۆژەی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی لە بیرگەی زمان‌ناسان و زمان‌زانانی کورددا گەرای خستووە، بەڵام تاقە پڕۆژەیەکی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی کە تا ئێستا توانیبێتی لە وارگەی بیرۆکەی گەرا خستنەوە بۆ قۆناغی کردەیی، وەگەڕ و گەڕیان کەوتبێ و بەو جێگەوپێگە دڵ‌ئەرخەیانکەر و سەقامگیر و جێ‌گرتووە گەیشتبێ، تەنیا پڕۆژەی تاک و بێ‌میناکی فەرهەنگ‌نووسیی زارەکیی موکریان ـە و بەس؛ بەتایبەت کە ئەم فەرهەنگە هەرمانە گەیشتۆتە قۆناغی هەرە کۆتایی و وارگەی دڵنیایی و بستووی دڵئەرخەیانی لە بەستێنی داهێنان و ڕۆنان و ئافراندن و خوڵقاندنی فەرهەنگنووسیی گشتگیردا. بەئەوپەڕی دڵخۆشی و گەشە و نەشەوە دەبێ ڕایگەیێنم کە گەمییەوانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان تەنیا و تەنیا گوژمێکی ماوە تا گەمییەکەی لە زەریای بێ‌بنی فەرهەنگنووسی و کەلتوورناسی و زمانەوانی‌دا و بەسەر شەپۆلە فیتەر و زەبەلاح و باڵکێشەکانی ئەم زەریا زراوتۆقێن و پیرۆزەدا بگەیێنێتە ڕۆخی دڵنیاییی کۆتایی و کەناری ئاکامی پڕپیت و فەڕی دوایی .

عەزیز ئالی

ئەو دیاردەیەی وا جێی تێ‌ڕامان و ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە هەتا هاتووە هەم لە باری ناوئاخن و کاکڵەوە و هەم لە بواری توێکڵ و ڕواڵەت و دیمەنەوە بەرەژوورتر چووە و هەنگاوی تەرز و بەرزی ناوەتەوە و گەشەونەشەی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بەو نێونیشانەیەی وا لەم دوو بەرگەش‌دا هەر وەک چواربەرگەکەی پێشوو( واتە بەرگەکانی۷ و ۸ و ۹ و ۱۰)، جیا لەوەی بەهۆی بەئەستۆگرتنی ئەرکی تاقەت‌پڕووکێن و دژواری «پێداچوونەوەی زانستی» لەلایەن مامۆستا عەزیز ئالی، وەک ئیدیتۆڕێکی لێهاتوو و شارەزا و وردبین و پسپۆڕ، نرخ و بایەخی ئەم ئاسەوارە بەپێز و بەهێزە، هێندەی تر بەرزبۆتەوە، هەروەها مامۆستا عەزیز ئالی لە ژێرەوەی بەشێکی زۆر لە ماکە و نێرتکە زمانی‌یەکانی ئەم دوو بەرگەدا تێبینی و شڕۆڤە و لێک‌دانەوەی وردبینانە و زانستیانە و ڕوونکەرەوە و بەراوردکارانەی لە بواری ڕێزمان و وشەناسی و ڕەچەلەک‌ناسی و ئێتیمۆلۆژیی وشەکان و زاراوەکان بەدەستەوەداوە کە بەبێ پیاهەڵگوتن و «مُجاملە»، جیا لەوە کە نرخ و بایەخ و ئاستی ئەم ئاسەوارەی فرە پێ چۆتە بان، لەلایەکی تریشەوە پتر لە پێشوو ئاستی بەرزی زمان‌زانی و زمانەوانیی خۆی بە خوێنەری زیت و لێزان و وریا ناساندووە و سەلماندووە. مامۆستا عەزیز ئالی لە ڕاستی‌دا ئەو بۆشاییەی لەو فەرهەنگەدا پڕکردووەتەوە کە ماوەی نیوسەدە دەبێ لە فەرهەنگە پێشکەوتووەکان‌دا لە ژێر سەردێڕی «بەکارهێنانی کردەیی» (=practical usage)، وەک بەشێکی پێویستی ڕێزمانی و وشەناسی و ڕەچەلەک‌ناسی، لە ژێر تاقمێک لە ماکە و نێرتکەکان کە پێویستییان بە تێبینی و لێکدانەوەیە، تۆمار دەکرێ. گشت لا داواکارین مامۆستا عەزیز ئالی لەم دوایین‌قۆناغەش‌دا بەردەوام بێ لە ڕاپەڕاندنی ئەو ڕاژە هەرمانەی.

هەروەکوو بەرگەکانی تر، ئەم دوو بەرگەش ڕازاوەتەوە بە دوو پێشەکی لە لایەن دوو کەسایەتی ناسراوی زانستیی کورد، دوکتۆر ئەحمەد محەممەدپوور(کۆمەڵناس و مرۆڤناس و مامۆستای زانکۆی ماساچۆسێت،ئەمهێرست) و دوکتۆر کەماڵ سولێمانی(مامۆستای مێژووی سیاسی).

پیرۆزبایی لە مامۆستا سەلاح پایانیانی دەکەین بۆ ئەو خەڵاتە هەرمانەی وا پێشکەشی کتێبخانەی فەرهەنگ‌نووسیی کوردی و هەروەها هەواری هەراوی زمانەوانی کردووە و لە ناخی دڵەوە لە خوای کارساز و کاربەجێ دەپاڕێینەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ورە و وزەی تەرز و بەرزەوە بۆ ئافراندنی داهێنەرانەی سەرجەمی ئەم ۳ بەرگەی تری ئەم شاکارە زمانەوانییە هەنگاوی پتەوتر بنێ. لە دەرگانەی خوای تاک و پاک و بێ‌میناک دەپاڕێینەوە ئەم گەمییە پیرۆزە بە دواگوژمەکانی ئەم گەمییەوانە لێزان و شارەزا و بوێرە، بگاتە کەنار و ڕۆخی دڵنیایی کۆتایی و ئاکامی دوایی. هەروابێ و هەروابێ.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ھەژمارا پێنجی یا ڤەژینێ دەرکەت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *