خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «فیکری ڕادیکاڵ؛ دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبراڵیزم»

ناساندنی کتێبی «فیکری ڕادیکاڵ؛ دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبراڵیزم»

ناساندنی کتێبی «فیکری ڕادیکاڵ؛ دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبراڵیزم»، 

ناسنامەی کتێب: «فیکری ڕادیکاڵ؛ دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبراڵیزم»، د. مەریوان وریا قانع، چاپخانەی سەردەم ساڵی ٢٠٢١ کوردستان – سلێمانی

دوکتۆر مەریوان وریا قانع

ئەم کتێبە، کتێبێکە دەربارەی ڕادیکاڵیزمی فیکری، ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە، کە ڕەخنەیەکی پەڕگیر و ھەمەلایەن، لە جیھانی ئەمڕۆ دەگرێت و بەشی ھەرە زۆری ڕەھەندە جیاوازەکانی ئەو جیھانە، نێگەتیڤ دەنرخێنێت و ڕەفز دەکات. ئەم کردەی ڕەخنەکردن و ڕەفزکردنەش لە سێبەری وێناکردنی مۆدێلێکی جیاواز لە کۆمەڵگەیەکی ئایدیالیدا ئەنجام دەدات، کە گوایە بڕێکی زۆر لە کێشەکانی جیھانی ئەمڕۆکەی تیا دانابێت، یاخود ھەر لە بنەڕەتەوە تەواو لە جیھانی ئەمڕۆکە جیاوازە. ھاتن و ئامادەگیی ئەم ئایدیالەش مانای کۆتایی ئەو جیهانەی لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە. زۆر جار ئەو مۆدێلە ئایدیالییە چاوەڕوانکراوە، ئەم مۆدێلە بێخەوش و بێکێشەیە، ئەم کۆمەڵگەیە کە هەموومان ڕزگار دەکات، لە فۆرمی مۆدێلێکی گەردوونیدا نیشان دەدرێت و ڕووی لە ھەموو مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکانی سەر زەوییە، خوازیاری ئەوەیە لە ھەموو شوێنێکدا ئامادە بێت و لە ھەموو جێگەیەکدا، شوێنی جیھانی ئەمڕۆکە بگرێتەوە.

ڕادیکاڵیزم لەم ڕوانینەدا، ئەو شێوازەیە لە بیرکردنەوە کە نەخۆشی و بیمارییەکانی ئەمڕۆکە، بە توندی بە ئەلتەرناتیڤێکی ساغ و تەندروستی ئایندەیەوە گرێ دەدات، ”سیستم“ێکی نەخۆش و بیمار دەخاتە پەیوەندییەوە لەگەڵ ”سیستم“ێکی تەندروستی بێخەوش و بێکێشەدا، کە پێویستە بێتە کایەوە و جێگەی ئەو سیستمە بیمار و نەخۆشە بگرێتەوە. ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە چاوەڕوانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بنەڕەتییە، کە تیایدا جیھان وەک گشت و یەکەیەکی بێجیاوازی دەگۆڕدرێت و سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی تەواو جیاواز دادەڕێژرێتەوە. بۆ پیادەکردنی ئەم گۆڕانکارییە گەردوونییەش، یەک ڕێگە و یەک فۆڕمی بیرکردنەوە و یەک ستراتیژ سەروەر دەکات و سەرجەمی ڕێگە و فۆڕمەکانی تری بیرکردنەوە، وەک گومڕا و شێواو و ڕیفۆرمیست و ناڕادیکاڵ وێنا دەکات.

ئەم کتێبە تەرخانە بۆ ڕەخنەکردنی ئەم فۆڕمە تایبەتە لە بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ، لە مێژووی فیکری و ئایدیۆلۆژیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، تەرخانە بۆ ڕەخنەکردنی دوو شێواز لە ڕادیکاڵیزمی فیکری. یەکەمیان ڕادیکاڵیزمی دینییە لای سەید قوتب، دووھەمیان ڕادیکاڵیزمی نادینییە لای سلاڤۆ ژیژێک. یەکەمیان ئیسلامیستێکی مسیرییە و بە باوکی بزووتنەوە جیھادیستە جۆربەجۆرەکانی ئەمڕۆکەی جیھان دادەنرێت. دووھەمیان چەپگەرێکی ئەورووپییە، کە وەک ”چەپی چەپ“ ناو دەبرێت و نوێنەری فۆڕمێکی نوێی مارکسیزمی ڕادیکاڵی چەپگەری زیاد لە بەشێکی جیھانە.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کتێبە، ئەوەیە نیشانی بدات، ئەگەرچی ئەم دوو فۆڕمە تایبەتەی ڕادیکاڵیزم، لە ڕووکەشدا لە یەکتر جیاوازن و ھێما بۆ دوو پرۆژەی جیاواز دەکەن، یەکێکیان ڕادیکاڵیزمێکی دینی و ئەوی تریان ڕادیکاڵیزمێکی نادینییە، بەڵام ھەم لە ئاستی بونیادی و ھەم لە ئاستی ئامراز و پراکتیک و کردەشدا، تەواو ھاوشێوە و لەیەک دەچن، ھاوڕێ و ھاودیدی یەکترن. بەم مانایە دەکرێت ژیژێک وەک سەید قوتبی ناو ھێزە نادینییە چەپەکان ببینین و سەید قوتبیش، وەک ژیژێکی ناو ھێزە دینییە توندڕەوەکان.

بەڵام بەر لەوەی بچمە سەر ناساندنی ھێڵە گشتییەکانی کتێبەکەوە بە خوێنەران، دەمەوێت لەم سەرەتایەوە تێگەیشتنی خۆم بۆ ڕادیکاڵیزم بە خوێنەر نیشان بدەم. ئەوەی لێرەدا وەک ڕادیکاڵیزم ھێمای بۆ دەکەم، دیاردەیەکی تەواو نێگەتیڤە و ھێما بۆ فیکرێک دەکات داخراو بەسەر ھەندێک ڕاستیی ڕەھای گریمانکراودا و سەیرکردنی جیھان و نرخاندنی فۆڕمەکانی تری فیکر، لە پەنجەرەی ئەو ڕاستییە بە ڕەھا و گریمانکراوانەوە. وەک پاولۆ فێریری دەڵێت ڕادیکاڵیزم وەک ئەو شێوازە لە فیکر، کە خۆی لەناو ”بازنەی دڵنیایی“دا دانیشتووە و دەرەوەی ئەو بازنەیەش وەک سەرزەمینی درۆ و ناڕاستی و ھەڵە، نمایش دەکات.[۱]

لای پاولۆ فێریری ئەم جۆرە لە فیکری ڕادیکاڵ ”فیکرێکی سێکتاری“یە، واتە تائیفییە و دوو فۆڕمی جیاوازیش لەم جۆرە تایبەتەی فکری تائیفی لە یەکتری جیا دەکاتەوە. یەکەمیان ناو دەنێت “تائیفییەتی ڕاستڕەوانە“ی ھێزە کۆنەپارێزەکان و دووھەمیان ”تائیفییەتی چەپڕەوانە“ی ھێزە چەپەکان.[۲]

فێریری پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەم تائیفییەتە فیکرییە، لە ھەردوو فۆڕمەکەیدا، دۆخێکی نەزۆک و خەسێنەر دروست دەکات، کە ھیچی لێ سەوز نابێت، فیکرێک بەرھەم دەھێنێت ئەفسانەیی، نامۆکەر و ناعەقڵانی، کە ھەم لەناو ”بازنەیەکی داخراو لە دڵنیایی“دا نیشتەجێیە و ھەم لەوێشدا ھەقیقەتی تایبەت بە خۆی دروست دەکات.[۳]

بە بۆچوونی فێریری یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە لە تائیفییەتی فیکری، بریتییە لە ”گۆڕینی واقیع بۆ واقیعێکی ساختە و ھەڵە“[۴]

ئەمەش نەبینینی دینامیکییەتە ناوەکییەکانی واقیع خۆی و خوێندنەوە و ڕاڤەکردنێکی ناڕاست و ھەڵەی ئەو واقیعەیە بە شێوەیەکی بەردەوام.[۵]

 فێریری ئەم فۆڕمە لە فیکری ڕادیکاڵ، بە ساختە ناو دەبات و جیاوازی لە نێوان ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی تائیفی و بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ بە مانا ڕاستەقینەکەیدا دەکات. ئەو پێی وایە بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ، بە مانا ڕاستەقینەکەی، ئەو شێوازە بیرکردنەوە تائیفییە نییە، بەڵکو شێوازێکی تری فیکرە، کە دەتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیڤی ئەم جۆرە بیکردنەوە تائیفییەیە. بەڵام ئایا بیرکردنەوەی ڕادیکاڵیی ڕاستەقینە و ئەلتەرناتیڤ، چ ئاکارێکی ھەیە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، فێریری پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە فیکری ڕادیکاڵ، فیکرێکی دیالۆگییە، فیکری ئەو کەسانەیە کە لە پاڵ یەک و بەیەکەوە تێدەکۆشن، بۆ ئەوەی پێکەوە فێری ئەوە ببن چۆن دونیایەکی جیاواز دروست بکەن. ئەمانە لەم کردەی پێکەوەبوون و ھەوڵدانەدا بۆ گۆڕانی دونیا، لەناو ”بازنەیەکی داخراو لە دڵنیایی“دا دانانیشن، بەڵکو بەیەکەوە ھەقیقەتی ھاوبەش بەرھەم دەھێنن و فیکرێک دروست دەکەن، لە پەیوەندیی ئاڵۆزی خۆیان بە یەکترەوە و بەو واقیعەوە کە لەناویدا دەژین، ئەو واقیعەی دەرگیری کێشە و تەحەدا و مژدەکانین.

ئەم جۆرە لە فیکر، فیکرێکە ھەم بەشێک لە نادڵنیایی و گومانی ھەڵگرتووە، ھەم کراوەیە بە ڕووی گۆڕان و سەرلەنوێ خۆداڕشتنەوەدا. لای فێریری، فیکری ڕادیکاڵ، فیکرێکە بۆ ناسینی باشتر و ڕاستتری ئەو واقیعەی تیایدا ئامادەیە، لە ھەموو جۆرەکانی ”بازنەیەکی داخراو لە دڵنیایی“ دێتە دەرەوە و زیاتر و زیاتر دەچێتە ناو ئەو واقیعە مێژووییەوە، کە لەناویدا ئامادەیە. چونکە کەی ”واقیع باشتر ناسرا، دەکرێت باشتر دەسکاری بکرێت و بگۆڕدرێت“.[۶]

کەسی ڕادیکاڵ خۆیشی، کەسێک نییە ”خۆی بە خاوەنی مێژووی ھەموو خەڵک و کۆمەڵگەکانی جیھان بناسێت، یاخود خۆی بە تاقە ڕزگارکەری ھەموو چەوساوەکانی جیھان بزانێت. بە پێچەوانەوە کەسی ڕادیکاڵ، کەسێکە لە پاڵ خەڵکان و ئەوانی تردایە و لەناو مێژووی ئەواندا دەستبەکارە“.[۷]

بە کورتییەکەی فیکری ڕادیکاڵ لای پاولۆ فێریری، فیکرێکی داخراو و ھەقیقەتگەرا نییە، ئەوەی ئاڕاستەی دەکات نارسیزم و خۆبەنوێنەرزانیی مێژوو و مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە و جیھان نییە، بەڵکو فیکرێکی کراوە و دیالۆگییە، کە لەناو سیاقێکی مێژوویی دیاریکراودا، وەک وەڵامێک بە تەحەدا و ئەگەرەکانی ناو ئەو واقیعە، دروست دەبێت و کار دەکات. فیکرێکە لەودیو تائیفییەتی فیکرییەوە، لە سەرجەمی فۆڕمەکانیدا. ئەم ڕوانینە بۆ فیکری ڕادیکاڵ، ڕوانینێکە نووسەری ئەم کتێبەش باوەڕێکی تەواوی پێیەتی، بەڵام ئەو فیکرە ڕادیکاڵەی ئەم کتێبە ڕەخنەی دەکات، لە توخمی ئەم جۆرەی فیکری ڕادیکاڵ نییە، کە فێرێری باسی دەکات، بەڵکو فیکرێکی شەڕانگێزی داخراوە و لە جەنگێکی تائیفیدایە لەگەڵ دەرەوەی خۆی و واقیعدا. فیکرێکە لەناو ئەو ”بازنە داخراوە لە دڵنیایی“دا نوقمە و لەناو ئەو بازنەیەشەوە، لە خۆی و لە جیھان و لە شێوازەکانی تری فیکر ڕادەمێنێت.

ئەم کتێبە لە سێ بەش پێک ھاتووە. بەشی یەکەم؛ لێکۆڵینەوەیەکی درێژە لەسەر چۆنیەتیی دروستبوون و سەرھەڵدانی ڕادیکاڵیزمی دینی لای سەید قوتب و دەرەنجامەکانی بۆ مێژووی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا. بەشی دووھەم؛ لێکۆڵینەوەیە لە ھەندێک ڕەھەندەی سیاسیی فیکری سلاڤۆ ژیژێک و ئەو دەرەنجامانەی دەشێت لەم تەرزە تایبەتەی فیکر و فەلسەفەی سیاسییەوە لەدایک ببێت. بەشی سێھەمیش تەرخانە بۆ باسکردنی لیبراڵیزم وەک خاڵێک، کە ھەم ڕادیکاڵیزمی دینی لای سەید قوتب و ھەم ڕادیکاڵیزمی نادینی لای سلاڤۆ ژیژێک، بە گژیدا دەچنەوە و پەلاماری دەدەن. ھەموو ئەمانەش لە پەیوەندییاندا بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئێمەوە و لەدایکبوونی گوتارێکی ڕادیکاڵی چەپگەر، لەناو ڕۆشنبیریماندا. ھێڵێکی سەرەکی کە لە ھەرسێ بەشی کتێبەکەدا ئامادەیە، بریتییە لە ئەنجامدانی جۆرە بەراوردکارییەک لە نێوان ئەو دوو فۆڕمە لە ڕادیکاڵیزمی دینی و نادینی لەگەڵ یەکدا و نیشاندانی ڕووکارە سەرەکی و گرنگەکانی لێکچوونیان.

ئەگەر فیکری سەید قوتب، فیکرێک بێت بڕێک لە کەرەستە سەرەتاییەکانی لەناو ئیسلامەوە ھاتبێت، بێگومان دوای سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەیان، لەناو ژینگە فیکری و ئایدیۆلۆژییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ئەوا فیکری ژیژێک، فیکرێکی ئەورووپییە و کەرەستەکانی ڕاستەوخۆ لەناو فیکری چەپی ڕادیکاڵ و دژەلیبراڵی، ئەو بەشەی دونیاوە ھاتووە. ئەم دۆخە وا دەکات تێزەکانی ژیژێک، وەک تێزی کۆچکردوو ببینین و مامەڵەیان بکەین، لە کاتێکدا فیکری سەید قوتب، وەک فیکرێکی ناوەکیی ناو ژینگە ڕاستەوخۆکەی ببینین و مامەڵەی بکەین. کۆچکردنی تێز و تیۆرەکان لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە و وردبوونەوە لە ھەندێک لەو دەرەنجامانەی کە دەشێت لەم کردەی کۆچکردنەوە دروست ببن، تێمایەکی سەرەکیی تری ئەم کتێبەیە.

ئێدوارد سەعید کە باس لە ”کۆچی تیۆرییەکان“ لە ھەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراوەوە بەرەو ھەلومەرجێکی مێژوویی دیکە دەکات، پرسیاری ئەوە دەکات ئایا ئەو کۆچە، چیمان لەسەر خودی تیۆرەکە پێ دەڵێت؟ چیمان لەسەر سنوور و توانا و ئەگەرەکانی ئەو تیۆرە و ئەو کێشانەی ھەڵگریەتی، پێ دەڵێت؟ ئەی ئەو تیۆرە، لە سەرێکەوە، چ پێشنیارێکمان دەخاتە بەردەم، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تیۆر و کاری ڕەخنەیی؟ لە سەرێکی دیکەشەوە، چ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە و فەرھەنگەدا کە کۆچی بۆ دەکات، دروست دەکات؟[۸]

لەم ڕووەوە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە، پێداگرتنە لەسەر بینینی دۆخی کۆچکردنی دید و تیۆرەکان، لە ناوەندێکی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراوەوە، بۆ ناوەندێکی تر، کە بڕێکی گەورەی جیاوازی لەنێوانیاندا ئامادە بێت. لە پەیوەندیدا بە کۆچی فیکری سیاسیی ژیژێکەوە، لە ژینگە ئەورووپییەکەیەوە بۆ دونیای ئێمە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەم فیکرە، بە تایبەتی لە ئاستی بەگژداچوونەوەی ڕادیکاڵیدا بە ڕووی لیبراڵدیموکراسیدا، لە دۆخی کۆچکردنیدا بۆ دونیای ئێمە، دەچێتە چ پەیوەندییەکەوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە و فەرھەنگ و ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی، کە ھەیە و باڵادەستە؟

لە بەشی دووھەمی ئەم نووسینەدا، وەک سەرەتایەک ھەوڵ دەدەم ناوەرۆکی دیدگا سیاسییەکانی ناو فیکری ژیژێک دەستنیشان بکەم، بۆ ئەوەی دواتر بچمە سەر نیشاندانی ئەو پەیوەندییەی ئەم فیکرە لەگەڵ فەرھەنگ و کۆمەڵگەی ئێمەدا دروستی دەکات. وەک سەرەتایەکیش دەمەوێت ئەو ڕاستییە بە خوێنەر بڵێم، لە دۆخی کۆچکردنی فیکری سیاسیی ژیژێکدا، بۆ ناو ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی ئێمە، لە بەردەم کۆچی فیکرێکداین، کە لە ژینگە ڕەسەنەکەی خۆیدا، دژ بە لیبراڵیزم و دیموکراسییەت و پلۆڕالیزم و بەشی ھەرە زۆری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و قوتابخانە فیکرییەکانە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کۆچی ئەم دیدگا تیۆری و سیاسییە بۆ ناو ژینگەیەکی نالیبراڵ و داخراو و ستەمگەری وەک ناوەندی سیاسی و دینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی ئێمە، ڕووبەڕووی چ جۆرە مەترسییەکمان دەکاتەوە؟

فیکری ژیژێک لەناو ژینگە ئەورووپییە لیبراڵەکەی خۆیدا، ھەڵگری کۆمەڵێک کێشەی گەورەیە و لە ڕووی سیاسییەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەی فرەجۆر و ھەمەلایەن بووەتەوە. چەندان نووسەر و فەیلەسووف و کۆمەڵناسی سیاسیی ئەورووپی، ڕەخنەی توند و بەرفراوان لە دیدگا تیۆری و کردەییەکانی ژیژێک دەگرن و گرتووە. بەڵام ئەم فیکرە کە دێت بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە، نەک تەنھا بەبێ سیاقە ئەورووپییەکە و بەبێ ڕەخنەکانی ناو ئەو سیاقە فیکری و سیاسییە دێت، بەڵکو وەک دوا مۆدێلی فیکری ڕادیکاڵ و ڕەخنەیی و وەک فیکرێکی بێکێشە و بێگرفت، وەردەگیرێت و نمایش دەکرێت.

ئەگەرچی ئێدوارد سەعید باس لەوە دەکات ئەو تیۆرانەی لە خۆرئاوادا بەرھەم دەھێنرێن، کاتێک کۆچ دەکەن بۆ ناو ژینگەکانی دەرەوەی خۆیان، گۆڕانیان بەسەردا دێت و ئەرک و وەزیفەی تریان پێ دەبەخشرێت، کەچی لە دۆخی کۆچکردنی فیکری سیاسیی ژیژێکدا بۆ دونیای ئێمە، ئەم فیکرە ھەمان ئەو وەزیفەیەی پێ دەدرێت کە لەناو ژینگە ئەورووپییەکەیدا ھەڵگریەتی، وەزیفەی ڕەخنەکردنی لیبراڵیزم لە دیدێکی تەواو دەسەڵاتگەری دژ بە لیبراڵدیموکراسی و ڕەخنەکردنی کاپیتاڵیزم، وەک سیستمێکی ئابووری. ئەمە لە کاتێکدا شتێک بە ناوی لیبراڵیزم و فیکر و پراکتیکی لیبراڵدیموکراسییەوە، لە دونیای ئێمە نە بوونی ھەبووە و نە بوونیشی ھەیە و ئەو شێوازەش لە سیستمی ئابووری کە لای ئێمە ئامادەیە، زۆر بە زەحمەت نەبێت، ناکرێت ناوی کاپیتاڵیزمی لێ بنرێت.

ژیژێک نە ھێزە چەپەکانی دونیای ئەمڕۆ و نە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نە بەشێکی گەورەی فیکری ڕەخنەی ئەمڕۆکەی قبووڵ نییە، پێی وایە ھیچیان نەک تەنھا ڕادیکاڵ نین، بەڵکو نوقمی ناو خواست و داواکارییەکانی ئەو شتەن کە ناوی ”سیستم“ی لێ دەنێت. ئەم چەمکی ”سیستم“ە، لە ڕێگەی فیکری ژیژێک و ھەندێک لە نووسەرە ڕادیکاڵەکانی ترەوە، بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە کۆچی کردووە و بە ھەمان زمانە پڕ لە گاڵتەجاڕییەکەی ژیژێکەوە، خراوەتە گەڕ و بۆ بێنرخ و بێماناکردنی فۆڕمە جیاوازەکانی فۆڕم و چالاکیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی، لە دونیای ئێمەدا، خراوەتە گەڕ. دابەشکردنی شتەکان بەسەر ”سیستم“ و ”دەرەسیستم“ لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، بە ڕادەیەک ترسناک و سادە کراوەتەوە، بووە بە ھەڵگری ھەمان ئەو لۆژیکە دینییە تەقلیدییەی لە دونیای ئێمەدا باش لە خراپ و حەڵاڵ لە حەرام جیا دەکاتەوە؛ شتێک ھەیە و ناو نراوە ”سیستم“، بەرامبەر شتێکی تر کە ناوی ”دەرەسیستم“ە، فیکر و کردە و دونیابینیی ناو سیستم خراپە و فیکر و کردە و دونیابینیی دەرەوەی سیستم باشە. سیستم جەھەننەمە و دەرەسیستم بەھەشت، سیستم خراپەکارە و ناسیستم چاکەکار. سیستم دووبارەکردنەوەیە و دەرەسیستم داھێنان… ھتد.

بەشێکی زۆر لە شێوازی چالاکی و فۆڕمی بیرکردنەوە و نووسین و شیکردنەوەی جیاواز، گوایە لەناو سیستمدان و ”سیستم“ ناگۆڕن، یاخود ”دەرەسیستم“ نین، بۆیە وەک بێمانا و بێنرخ مامەڵە دەکرێن و تۆمەتی خراپ دەدرێتە پاڵ ئەوانەی وەک ھەڵگری فیکر و ڕوانینەکانی سیستم، وێنا دەکرێن. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو زۆر جار سەرجەمی مێژووی ئەدەبی و ھونەری و سیاسیی کۆمەڵگەی ئێمە و مێژووی ھەر ھەموو ”خۆرھەڵات“یش، بە ناوی ئەوەوە کە گوایە مێژووی ”سیستم“ و دووبارەکردنەوەی سیستەمە، بێنرخ و بێبایەخ دەکرێت و لە چەند دێڕێکی ئینشایی سادەدا، ھێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر کۆی ئەو مێژووە و بەسەر نووسین و چالاکییە تاکەکەسی و دەستەجەمعی و بکەرەکانیدا دەھێندرێت.

وەک گوتم ئەوەی ئەم کتێبە لەسەر ژیژێک دەیڵێت، قسەکردنە لەسەر دونیابینییە سیاسییەکەی، لەسەر ئەو فیکرە سیاسییە، کە ئەم نووسەرە لە زیاد لە کتێب و نووسین و چاوپێکەوتنێکدا، نمایشی دەکات. ھەر لێرەدا و بە شێوەیەکی سادە و ڕاستەوخۆ، دەمەوێت بە خوێنەر بڵێم، کە فیکری سیاسیی ژیژێک، چ لە ژینگە ئەورووپییەکەدا و چ لە دەرەوەی ئەو ژینگەیەدا، فیکرێکی پەڕگیر و مەترسیدارە و دواھەمین دەرەنجامیشی، ئاوکردنە بە ئاشی دەسەڵاتدارێتییەکی ستەمگەر و تاکڕەو و خراپەکاردا. ھاوکات تێگەیشتنی ژیژێک بۆ سیاسەت خۆیشی، وەک چالاکییەکی ئینسانیی گرنگ و بنەڕەتی، تێگەیشتنێکی تەواو نوخبەویی سنووردار و ناڕاستە.

بە کورتی، بەشی دووھەمی کتێبەکە تەرخانە بۆ باسکردنی دید و ڕوانینە سیاسییەکانی ژیژێک بۆ سیاسەت و کردەی مێژوویی و گۆڕانکاری، بۆ ڕۆڵی توندوتیژی و سەرکردە و پارتی سیاسیی پێشڕەو، لەو گۆڕانکارییەدا. بەشی زۆری ئەم بابەتانە، لە بەشی دووھەمدا باس دەکرێن.

ھەرچی بەشی یەکەمی کتێبەکەیە، تەرخانە بۆ خوێندنەوەیەکی ژینالۆژییانەی دروستبوون و ھاتنەکایەی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی سیاسی لای سەید قوتب. ژینالۆژیا بە مانای میتۆدی خوێندنەوەی مێژووی دروستبوون و سەرھەڵدان و گۆڕانی دیاردەکان. لەم بەشەدا دروستبوونی مێژوویی و فیکری و ئایدیۆلۆژیی گوتارە ڕادیکاڵەکەی سەید قوتب نیشان دەدرێت، چەمکە سەرەکییەکانی ناو ئەم گوتارە و دیدگا بنەڕەتی و وێناکردنە تایبەتەکانی بۆ جیھان، تێگەیشتنی بۆ ئیسلام و ڕوانینی بۆ کۆمەڵگە موسڵمانەکان، نیشان دەدرێت. چۆنیەتیی بەرپاکردنی گۆڕانکاری و ڕۆڵی بکەری پێشڕەو و ڕۆڵی توندوتیژی لە گۆڕانکاریدا، دەدرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

بە حوکمی ئەوەی فیکری سەید قوتب بە زیاد لە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، ئەم بەشە باس لە ھەر یەکێک لەو قۆناغە جیاوازانە دەکات، تا گرتن و لەسێدارەدانی لەسەر دەستی ڕژێمەکەی جەمال عەبدولناسر و بوونی بە ڕەمزی شەهیدی ژمارە یەکی بزووتنەوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانی ناوچەکە و جیھان. لەم بەشەدا ئەو پاشخانە مێژوویی و فیکری و ئایدیۆلۆژییە ئاڵۆزە، ڕوون دەکرێتەوە کە دروستبوونی ئەم نووسەرە ڕادیکاڵە بەناویاندا تێدەپەڕێت و لە پاڵیاندا ئەو فۆڕمە لە ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵ بەرھەم دەھێنرێت، کە لەدوای کوشتنی سەید قوتبەوە، بە قوتبیزم دەناسرێت. ئەم بەشەی کتێبەکە، بەناو ھەندێک لە گۆڕانکارییە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا تێدەپەڕێت، دواتر دەچێتە سەر قۆناغی کۆتاییھاتنی خەلافەتی عوسمانی و ھاتنەکایە و لەدایکبوونی بزووتنەوەی ئیخوانی موسلیمین، بە تێپەڕین بەناو دید و بۆچوونەکانی ھەندێک لەو ڕۆشنبیر و چالاکوانە ئیسلامییانەدا، کە بەر لە سەید قوتب و لە سەردەمی بوونی ئەودا، ئامادە و چالاک بوون.

خاڵی سەرەکی‌ لەم بەشەدا، بریتییە لە باسکردنی چۆنیەتیی گۆڕانی ”ئیسلام“ بۆ ”ئیسلامیزم“، گۆڕانی ئیسلام لە دینەوە بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی. لەمەشدا باس لە چۆنیەتیی پەیدابوونی نەوەیەکی نوێ لە ”چالاکوانی ئیسلامی“ی مۆدێرن دەکرێت، کە زۆربەی ھەرەزۆریان دەرچووی سیستمی خوێندن و فێربوونی نوێ و نادینین، نەک سیستمی خوێندنی دینیی سوننەتی. ھەروەھا شیکردنەوەی چۆنیەتیی گۆڕانی ئیسلامیزم خۆیشیەتی بۆ ”بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ڕێکخراو“ لەسەر مۆدێلی ”حیزبی سیاسیی مۆدێرن“، بە تایبەتی حیزب لە ”مۆدێلە لینینی“یەکەیدا و سەرکردەی لینینییش وەک سەرکردەیەکی چەکدار بە دین. ئینجا بەرزکردنەوەی دروشمی ”دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی“ و ”بەئیسلامیکردنی کۆمەڵگە“ و جیابوونەوەی گرووپە میانڕەوەکان لە توندڕەوەکان و دژایەتیکردنێکی ھەمەلایەنی لیبراڵیزم و دیموکراسییەت و پێداگرتن لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی جیھادەوە، کە جیھاد لێرەدا فۆڕمە دینییەکەی هەمان چەمکی ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“ی ناو بزووتنەوە چەپڕەوە عەلمانییەکانە.

بە کورتییەکەی ئەم بەشە باس لە چۆنیەتیی گۆڕانی ئیسلام بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی دەکات، کە خواستی گۆڕینی دونیای ھەیە لە ڕێگەی دروستکردنی ”پارتێکی پێشڕەو“ی دینی و دروستکردنی کەسایەتیی ”شۆڕشگێڕی پۆڵایین“ی نەترس و ”سەرکردەی پێشڕەو“ و پەنابردن بۆ ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“ وەک ئامرازی سەرەکیی پیادەکردنی گۆڕانکاری. یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی ئەم بەشەی کتێبەکە، بەرگریکردنە لەو دیدە، کە ئیسلامیزم لە مۆدێلە قوتبییەکەیدا، وەک ئەزموونێکی نوخبەویی لینینیی دەسەڵاتگەرانە دەبینێت و مامەڵە دەکات، بەڵام لە بەرگ و زمان و ئاماژەی دینیدا.

ئەم کتێبە بەرگری لەو دیدەش دەکات کە پێی وایە، بۆ ئەوەی لە سەید قوتب تێبگەین، پێویستە شێوازی نووسین و بیرکردنەوە و جیھانبینیی ئەم نووسەرە، لە پاڵ ئایدیۆلۆژیا ڕادیکاڵەکانی سەدەی بیستەمدا دابنێین، نەک گەڕاندنەوەی بۆچوونەکانی بۆ ئەم، یان ئەو دیدگای دینیی تەقلیدی، یان بۆ ئەم یان ئەو بکەری دینی، لە مێژووی دێرینی ئیسلام خۆیدا، یان ئەم یان ئەو سورەت لە قورئاندا. سەید قوتب لە ھەناوی ئایدیۆلۆژیا نادینییە ڕادیکاڵەکانی سەدەی بیستەمەوە ھاتووەتە دەر، کە زۆربەیان ئایدیۆلۆژیایەکی دژەدیموکراسی و دژەلیبراڵیزمن. ئەوەندەی لینینیزم و ناسیۆنالیزم و ئەنتی کۆڵۆنیالیزم و تەنانەت فاشیزم، لە دروستبوونی ڕادیکاڵیزمی سەید قوتبدا بەشدارن، ئەوەندە تێکستە دینییە کۆن و تەقلیدییەکان بەشدار نین. ئەوەی لای سەید قوتب دەیبینین دوو پرۆسەی سەرەکییە. یەکەمیان، ئیدانەکردنێکی سیاسی و ئەخلاقیی سەرجەمی سیستمە سیاسییەکانی جیھانە، بەوانەی دونیای عەرەبی و ئیسلامی خۆیشیانەوە. نمایشکردنیان وەک سیستمێک لە جاھیلییەتی نوێ و جاڕدانی ئیفلاسکردنی سەرتاسەریی ئەم سیستەمە. دووھەمیان، سەرلەنوێ ئیعتیبارھێنانەوەیەکی نارسیستییانە بۆ خود خۆی، بۆ خودی ئیسلامی، کە نەک تەنھا دەتوانێت کێشەکانی جیھانی ئیسلامی و عەرەبی چارەسەر بکات، بەڵکو دەتوانێت سەرجەمی کێشەکانی ھەموو مرۆڤایەتی چارەسەر بکات. لای قوتب ئیسلام لە فۆڕمی ئیسلامیزمدا، دواھەمین وەڵامە بە قەیرانەکانی دونیای ھاوچەرخ، چونکە ھەم سۆسیالیزم و ھەم کاپیتاڵیزم، ھیچ وەڵامێکیان بە قەیرانە گەورەکانی سیستمە جاھیلییە باڵادەستەکانی جیھان پێ نەماوە. ئیسلام وەڵامی سەرجەمی ئەو قەیران و کێشانەی پێیە و ئەو ھێزەیە دەتوانێت کۆتایی بە جاھیلییەتی باڵادەست بھێنێت. قوتب وەک ژیژێک دەیەوێت ”سیستم“ بگۆڕێت. لەم گۆڕانەشدا ھەردووکیان، ھەم بە گژ کاپیتاڵیزم و ھەم بە گژ لیبراڵدیموکراسیدا دەچنەوە، لای ھەردووکیان ئامادەگیی دیدێکی لینینی بۆ پیادەکردنی گۆڕانکاری، باوەڕ بە ڕۆڵی سەرەکیی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە لە گۆڕانکاریدا، پێشکەشکردنی ئەلتەرناتیڤێکی گەردوونی دوای ئیدانەکردنێکی ھەمەلایەنەی سیستمە سیاسییەکانی ئەمڕۆ و ئەو ھێزانەی بە گژیدا دەچنەوە، ئامادەیە. ھەردووکیان ھەڵگری فۆڕمێکی تایبەتی ڕادیکاڵیزمی سیاسین، کە دەیەوێت جیھان بە تەواوی بگۆڕێت و سەرلەنوێ دروستی بکاتەوە. ھەردووکیان لە دیدگایەکی لینینییەوە، باوەڕیان بە پێشڕەوایەتیی سیاسیی نوخبەیەکی شۆڕشگێڕ و سەرکردەیەکی خاوەن ئیرادە ھەیە، ھەردووکیشیان توندوتیژی بە ئامرازی سەرەکیی گۆڕانکاری دادەنێن. بۆیە ئەگەر بکرێ فیکری قوتب بە لینینزمێکی ئیسلامی ناو بنێین، بە ھەمان شێوە دەکرێ فیکری سیاسیی ژیژێک، وەک لینینیزمێکی نوێ، ببینین و مامەڵەی بکەین.

بەشی سێھەم و کۆتایی ئەم کتێبە، تەرخانە بۆ ناساندنی ئەو ئایدیۆلۆژیا و سیستمە سیاسییەی ھەم سەید قوتب و ھەم سلاڤۆ ژیژێک بە گژیدا دەچنەوە، ئایدیۆلۆژیا و سیستمی سیاسیی لیبراڵیزم. لیبراڵیزم لە مانا ھەرە گشتییەکەیدا، ئایدیۆلۆژیای بەرگریکردنە لە تاکەکەس و ئازادییەکانی تاکەکەس لە پەیوەندییاندا بەو چەمک و دەستەواژە دەستەجەمعییانەی کە ھەن و ئامادەن، لەوانەش دەستەواژەی کۆمەڵگە، ڕای گشتی، ئەخلاقی باڵادەست، دین، دەوڵەت…ھتد.

لیبراڵیزم ئایدیۆلۆژیای پاراستنی تاکەکەسە لە سەرجەمی ئەو شوناسە کۆیی و دەستەجەمعییانەی دەشێت ھەڵگری بڕێکی گەورە لە فشاری جۆربەجۆر بن، بۆ سەر تاکەکەس خۆی و بۆ سەر ئازادی و بڕیار و بیرکردنەوە سەربەخۆکانی. ھاوکات ئایدیۆلۆژیای پێداگرتنە لەسەر تواناکانی تاکەکەس، لە بەڕێوەبردنێکی سەربەخۆیانەی ژیانی خۆیدا بە شێوەیەکی عەقڵانی، بەبێ دەستتێوەردانی یەکە کۆمەڵایەتییە کۆییەکان. لە لیبراڵیزمدا، پێویستە سەرجەمی دەزگا دەستجەمعییەکان، قابیلی خستنەژێر پرسیار و دانوسانلەسەرکردن بن، لە لایەن تاکەکەسەوە. تاکەکەس خۆیشی وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی و سەربەخۆ و یەکسان وێنا دەکرێت. بەم مانایە پێویستە ھیچ یەکێک لە دەزگا و پێکھاتە دەستەجەمعییەکان، وەک تەعبیرکردن لە ڕۆحی ئەم یان ئەو نەتەوە، یان لە ڕۆحی ئەم یان ئەو دین، یاخود لە ئیرادەی ئەم یان ئەو خێڵ، نەبینرێن و مامەڵە نەکرێن، بەڵکو وەک دەرەنجامی ھەڵبژاردنی ئازادانەی تاکەکەسە عەقڵانی و یەکسان و سەربەخۆکان وێنا بکرێن و ھەر ئەمانیش، بتوانن دەسکارییان بکەن و بیانگۆڕن.

خاڵێکی سەرەکیی تر لە لیبراڵیزمدا، باوەڕنەبوونە بە بوونی تیۆرییەکی یەکگرتوو سەبارەت بە چاکەکاری. لیبراڵیزم باوەڕی بەوە نییە، تیۆرییەک ھەبێت، بە ھەموو مرۆڤایەتی بڵێت چاکەکاری و باشە چییە و کامەیە؟ مرۆڤ و کۆمەڵگەی باش چین و کامەن؟ ئەگەر ئەو تیۆرانەش بوونیان ھەبێت، نابێت ببنە ڕێگر لە بەردەم ئازادبوون و سەربەخۆبوونی تاکەکەسەکاندا. ئازادکردنی تاکەکەس لە کەلەپوور، خێزان، دین و بەھا باڵادەستەکان، تەنانەت لە فۆڕمی جیاوازی فشاری دەوڵەت خۆیشی، ئەو ژێرخانە فیکرییەیە کە لیبراڵیزم بەرگریی لێ دەکات. لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا، لیبراڵیزم بەر لە ھەموو شتێک، مانای ڕزگاربوون لە خێڵ و عەقڵییەتی خێڵ، لە فشاری پاتریاریکیەتی ناو خێزان و دەرەوەی خێزان، لە فۆڕمە خنکێنەرەکانی دەسەڵاتی ڕەمزیی دین و کلتوور، لە دەسەڵاتی سیاسی، کە لە دونیای ئێمەدا لە فۆڕمی دەسەڵاتێکی خێزانی و حیزبیی داخراودا ئامادەیە. ھەروەھا مانای ڕزگاربوون لەو سیستمە ئەخلاقییانەی کە بە ناوی دین و نەتەوە و نیشتمان و بە ناوی موقەدەسی ھەمەجۆری ترەوە فشاری گەورە لەسەر تاکەکەس و ئازادییەکانی دروست دەکەن.

بە کورتییەکەی، لە لیبراڵیزمدا دوو یەکەی سەرەکی ھەن و بنەڕەتین. یەکەمیان تاکەکەسە، ئەوی تریان دەوڵەتە. ھەموو ئەو شتانەی ڕێگرن لە بەردەم دروستبوونی تاکەکەسێکی ئازاد و لە بەردەم دەوڵەتێکدا، کە بتوانێت گەرانتیی ئەم ئازادییە بدات، دەبێت پەراوێز بخرێن. بەم مانایە تاکەکەسی ئازاد، بەرھەمی دەوڵەتی لیبراڵە و دەوڵەتی لیبراڵیش، بەرھەمی ڕێککەوتنی تاکەکەسە ئازادەکانە.

یەکێکی تر لەو دیدە سەرەکییانەی لە بەشی سێھەمی ئەم کتێبەدا بەرگریی لێ دەکرێت، ئەو دیدەیە، کە جەخت لەوە دەکاتەوە لیبراڵیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، لەوە کەوتووە تەنھا وەک ئایدیۆلۆژیایەک لەپاڵ ئایدیۆلۆژیاکانی تردا بناسرێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ میتائایدیۆلۆژیا/ meta-ideology. میتائایدیۆلۆژیا بە مانای جیھانبینییەک لەناو خۆیدا، ھەڵگری چەندان دید و ڕوانینی جیاواز و ڕکابەر بێت، بەڵام ھەموویان لەسەر کۆمەڵێک بەھای ھاوبەش تەبا بن و ئەو بەھایانە بەیەکەوە کۆیان بکاتەوە. لە پەیوەندیدا بە لیبراڵیزمەوە، میتائایدیۆلۆژیا مانای دروستبوونی تۆڕێک لە یاسا و ڕێسا و بەھا، بەسەریەکەوە ئەو بنەما ھاوبەشە دروست بکەن، لەناویدا بکرێت گفتوگۆ و بەرخوردە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان پیادە بکرێن. بەھا و یاسا و ڕێساکانی لیبراڵیزم لە ئێستادا لەوە کەوتوون تەنھا بەشێک لە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم بن، بەڵکو گۆڕاون بۆ ئەو ژێرخانە یاسایی و بەھاییەی زۆرێک لە ئایدیۆلۆژیاکانی تریشیان لەسەر وەستاوە.

لە کۆمەڵگە ئەورووپییەکاندا، لیبراڵیزم دوا دەرەنجامی ئەو ھەموو گۆڕانکاری و شۆڕش و یاخیبوون و دەسکەوتانەیە، کە دونیای مۆدێرن، لە سەدەی نۆزدەھەمەوە تا ئەمڕۆ، بەرھەمی ھێناون. لەو کۆمەڵگەیانەدا، لیبراڵیزم کۆمەڵێک ڕووکاری کۆمەڵایەتی و یاسایی و دەزگایی بەھێزی وەرگرتووە، وای کردووە بەشێکی زۆر لە ئایدیۆلۆژیاکانی تری ناو دونیای مۆدێرن، بڕێکی زۆر لە پێدراوە یاسایی و دەزگایی و بەھاییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، قبووڵ بکەن و وەک میتائایدیۆلۆژیا، وەک ژێرخانێکی ھاوبەش، مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. ئەمەش وای کردووە ئایدیۆلۆژیاکانی تر، بۆ نموونە، مارکسیزم، لە دەرکەوتە ئەورووپییەکەیدا، یەکێک بێت لە ھێزە ڕەخنەگرەکانی لیبراڵیزم، بەڵام نەفیکەری لیبراڵیزم نییە. ڕوانینەکانی لیبراڵیزم بۆ تاکەکەس و ئابووری و دەوڵەت ڕەخنە بکات، بەڵام بۆ نموونە، پرنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، حوکمی یاسا، یەکسانیی تاکەکەسەکان لەگەڵ یەکدا…ھتد، ڕەفز نەکات. جیاوازییەکی گەورەش لەنێوان ڕەخنەکردنی لیبرراڵیزم و نەفیکردنی لیبراڵیزمدا ھەیە.

بەڵام دۆخەکە لە دونیای ئێمەدا تەواو پێچەوانەیە. لە دونیای ئێمەدا، لیبراڵیزم ڕەخنە ناکرێت، بەڵکو نەفی دەکرێت. ھەر جارەی بە ناوی شتێکیشەوە ڕەوایەتی بەم نەفی و ڕەفزکردنە دەبەخشرێت. جارێک بە ناوی فیکری بۆرژوازییەوە، جارێک بە ناوی ناڕادیکاڵبوونەوە و جارێکی تر بە ناوی بەگژداچوونەوەی جاھیلییەتەوە. ئەم دۆخی نەفیکردنە لە سەردەمی حەسەن بەناوە تا جیھادیستەکانی ئەمڕۆ بەردەوامە، بە تێپەڕین بەناو کەلەپووری ھێزە مارکسی و ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستەکانی ناوچەکەدا، تا بە مارکسیستە نوێکان و ژیژێکییە تازەکان دەگات.

خاڵێکی سەرەکیی تر کە لەم بەشەدا بە وردی باس دەکرێت، جیاکردنەوەی لیبراڵیزمە لە نیولیبراڵیزم. ئەم دوو دیاردەیە، دوو دیاردەی تەواو جیاوازن، تا ئەو ڕادەیەی دەشێت نیولیبراڵیزم بە لادان و دەرچوونێکی بنەڕەتی لە لیبراڵیزم لەقەڵەم بدەین. لیبراڵیزم لە نێوان ساڵانی چل و سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی بیستەمدا، دەبێتە ئایدیۆلۆژیای ئەو شێوازە لە کاپیتاڵیزم، کە ھەندێک نووسەر بە ”کاپیتاڵیزمی خۆشگوزەرانی“ ناوی دەبەن. ئەو فۆڕمە لە کاپیتاڵیزم، کە لە ھەناویدا ڕێگە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، بە ھەموو دەسکەوتە کۆمەڵایەتی و ژیارییەکانیەوە دەکرێتەوە؛ لە کاتێکدا نیولیبراڵیزم، ئایدیۆلۆژیای ھەڵتەکاندن و لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ئەو فۆڕمە تایبەتەی کاپیتاڵیزمی خۆشگوزەرانییە.

بێگومان لیبراڵیزم کێشەی زۆرە و ھەندێک کەسیش لەو باوەڕەدان لیبراڵیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، ڕووبەڕووی تەحەدای کۆتاییھاتن و پووکانەوە بووەتەوە. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ئەلتەرناتیڤی ئازادیخوازانەتر و یەکسانخوازانەی باشتر لە لیبراڵیزم لە ئارادایە، بەڵکو لەبەر بەھێزبوون و باڵادەستبوونی ڕەوتە دەسەڵاتگەر و دیسپلینکەرە تازەکان و بەرزبوونەوەی زیاتری تواناکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی. بەشێکی زۆر لەوانەی ئەمڕۆ تەحەدای گەورەی دیموکراسییەتی لیبراڵانە دەکەن، ھێز و ئایدیۆلۆژیا و ڕەوتی فیکریی کراوەتر و ئازادتر و مژدەبەخشتر نین، بەڵکو زۆربەی ھەرە زۆریان، بیرکردنەوەی دەسەڵاتگەریی تۆتالیتاری و نیمچەتۆتالیتاری و پۆپۆلیستی دینی و نادینین. بێگومان لیبراڵیزم لە زیاد لە سەرێکەوە قابیلی ڕەخنەکردن و پێداچوونەوەی ھەمەلایەنە، بەشێکی گرنگی فیکری سیاسییش، لە سەدەی نۆزدەھەمەوە تا ئەمڕۆ، لە پەیوەندییەکی ڕەخنەییدایە بە لیبراڵیزمەوە. چەمکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی، گریمانە و پێدراوەکانی، ڕوانینە فەلسەفییەکانی، ھەر ھەموویان بە شێوەیەکی بەردەوام، ڕەخنە کراون و ڕەخنە دەکرێن. دونیای ئێمە وەک چۆن بێبەشە لە لیبراڵیزم خۆی، بە ھەمان شێوەش بێبەشە لەو کەلەپوورە تیۆری و فیکرییە دەوڵەمەندەی ڕەخنەی لیبراڵیزم دەکات.

ئەوەی لە دونیای ئێمەدا، لە فۆڕمی ڕەخنەی فیکریدا ئامادەیە، ڕەخنە نییە بە مانا میتۆدی و زانستییەکەی، بەڵکو ئەو فۆڕمەیە لە نارسیزم کە دەشێت ناوی ”نارسیزمێکی فیکری“ی لێ بنێین. ئەو فۆڕمە لە نارسیزم، کە پەڕگیرانە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، ئەوەی ئەو دەیڵێت و ئەنجامی دەدات، نەک تەنھا تاقە فۆڕمێکی ڕاستەقینەی فیکر و بەرخوردە لەسەر دنیا، بەڵکو تاقە فۆڕمێکی چاکەکاری و فەزیلە و ھەڵوێستی ئینسانی و ئەخلاقییشە. بۆیە ئەم دید و سایکۆلۆژیا نارسیستییە، مافی ئەوە بە خۆی دەدات، ھەموو ئەوانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو ڕووبەرە نارسیستییەدا بن، وەک کەسانێک ناو ببات، کە ناتوانن شتێکی گرنگ و ڕاست و بەرپرسانە، لەسەر جیھان بڵێن، ئەگەر تەواو ھەڵە و نەزان و گەمژەش نەبن. ئەم دۆخە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی سێکتاریزمی فیکری و دروستبوونی گرووپ و کۆمەڵەی فیکریی بێ پێوەندی و نادۆست بە دەرەوەی خۆیان، سێکتاریزمێکی فیکری، کە شەڕی ژمارە یەکی یەکێک لە تائیفەکانی ناوی شەڕێکی سەرەتایی و خێڵەکی بێت لەگەڵ لیبراڵیزمدا. یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم شەڕەش لەگەڵ لیبراڵیزمدا، پەیوەندیی بەوەوە ھەیە نارسیزمی فیکری و ئەخلاقی، لە ھەر شوێنێکدا جێی ببێتەوە، لەناو لیبراڵیزمدا جێی نابێتەوە.

دواھەمین خاڵێکی بمەوێت ھێمایەکی خێرای پێ بکەم، ئەو ڕاستییە کە ئەم ناوچەیەی ئێمە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ھەرچییەکی لێ بڕابێت، ڕادیکاڵیزمی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و دینی و فیکری دۆگمایی لێ نەبڕاوە، کە ھەڵگرەکانی لە کاتێکدا وێنەیەکی شەیتانی بۆ دەرەوەی خۆیان دەکێشن، ئاکاری فریادڕەسێکی پێغەمبەرانەش بە خۆیان و بیرکردنەوەکانیان دەبەخشن. ڕادیکاڵیزم لەم ناوچەیەدا، ھەر جارە لە فۆڕم و بەرگێکی نوێدا دەرکەوتووە، جارێک لە فۆڕمی ڕادیکاڵیزمی دینی و جارێکی تر لە فۆڕمی ڕادیکاڵیزمی نادینیدا، جارێک وەک ڕادیکاڵیزمی ناسیۆنالیستی و جارێکی تر وەک ڕادیکاڵیزمی سۆسیالیستی، جارێک لە فۆڕمی ئیسلامیست و جارێکی تر لە فۆڕمی سێکیولاریستدا…ھتد.

ئەم خێڵە لە ڕادیکاڵیست لە ناوچەکەدا، سەرەڕای جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکانی نێوانیان، ھەموویان لەوەدا ھاوبەش و ھاوڕان کە دژایەتیی دیموکراسییەت و لیبراڵیزم بکەن و ئەوانەشی لە خۆیان نەچوون، بە گومڕا و گەمژە و نەزان و کافر و جاھیل و کاپیتالیست و نۆکەری بێگانە لە قەڵەمی بدەن. بە بۆچوونی من ڕەخنەکردنی دەرکەوتە دینی و نادینییەکانی ئەم ڕۆحییەتە ڕادیکاڵیستە، ئەرکێکی گرنگی سەر شانی  ھەرفیکرێکە بخوازێت لە پەیوەندییەکی تەندروستدا بێت لەگەڵ واقیع و لەگەڵ خودی بیرکردنەوە خۆیشیدا. فیکرێک بە لانی ھەرە کەمی ڕێزگرتنەوە لە ماف و پلورالیزم لە ھەموو شێوەکانیدا. بێگومان کردەی ڕەخنەکردن، کردەیەکی تەواو جیاوازە لە ھێنانی خەتێکی ڕاست و چەپ بەسەر ئاڕاستە فیکرییەکان و جیھانبینییە جیاوازەکاندا.

ئەوەی خوێنەر لەم کتێبەدا دەیخوێنێتەوە، ھێنانی ئەو ھێڵە ڕاست و چەپە نییە بەسەر فیکری ژیژێک و ھەوادارەکانیدا لە کوردستان، بەھیچنەزانینی کارەکانیان و بێنرخ و بێبایەخکردنی ھەوڵە فیکرییەکانیان نییە، بێڕێزیکردنیش نییە بەرامبەر ماندووبوون و ھەوڵدانی کەسانێک، کە سەرقاڵی گواستنەوەی ئەم تەرزە لە فیکرن بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە. بە پێچەوانەوە، بەشێک لەو ھەوڵانە کاری گرنگن و شوێنی نرخاندن و ڕێزلێگرتنی تایبەتن، وەک چۆن بەشێکن لە هەوڵدانی خەمخۆرانە بۆ تازەکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی کایەی ڕۆشنبیریی ئێمە. ئەوەی ئەم کتێبە ئەنجامی دەدات، ھەوڵدانە بۆ نیشاندانی ھەندێک لە ڕووکارە ترسناکەکانی ئەم فۆڕمە تازەیە لە ڕادیکاڵیزمی فیکری لە دونیای ئێمەدا، کە لە ئاستە سیاسییەکەیدا، دەچێتە خزمەتی بەرگریکردنێکی ڕاستەوخۆ لە فۆڕمێکی ترسناکی دەسەڵاتگەری و ستەمگەری و لە بێنرخکردنێکی ترسناکی بەھاکانی پلورالیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی، ھەروەھا دەچێتە خزمەتی گاڵتەکردن بە دیموکراسییەت و بێنرخکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەگژداچوونەوەی ئەو لانی ھەرە کەمەی ڕێژەگەرایی، کە ڕەنگە بەسەریەکەوە لە دونیای ئێمەدا بتوانن سنوورێک بۆ ستەمگەری و موتڵەقگەرایی و بێڕیزیکردن بە مرۆڤ دابنێن.

______________

سەرچاوەکان

Frerie, Paulo (2000). Pedagogy of oppressed. New York & London, Continuum

Said, Edward W (1983). “Traveling Theory.” The World, the Text, and the Critic. Cambridge: Harvard UP

[۱].   Frerie, Paulo (2000). Pedagogy of oppressed. New York & London, Continuum. p.38.

[۲].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٧-٣٩.

[۳].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨.

[۴].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٣٧.

[۵].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٣٨.

[۶].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨-٣٩.

[۷].   ھەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٩.

[۸].   Said, Edward W (1983). “Traveling Theory.” The World, the Text, and the Critic. Cambridge: Harvard UP. 226-47. P. 230

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

نگاهی به رمان بندر فَیلی اثر بختیار علی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *