خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / بەبۆنەی كۆچی دوایی دكتۆر عەزیز گەردی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد 

بەبۆنەی كۆچی دوایی دكتۆر عەزیز گەردی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد 

بەبۆنەی كۆچی دوایی دكتۆر عەزیز گەردی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد 

دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە

به داخ و کەسەرێکی زۆر، ئەمڕۆ دکتۆر عەزیز گەردی، یەکێک له گەورەترین کەسایەتییە هاوچەرخەکان له بواری زمان و ئەدەبی کوردی، ماڵاوایی له ژیان کرد.

زۆربەی خوێندەوارانی ئەم بەشەی کوردستان، مامۆستا عەزیز گەردی به وەرگێڕانی شاکاری بەرهەمه دوو بەرگییەکەی ڕەسووڵ حەمزاتۆف، “داغستانی من” دەناسن. بەڵام لەڕاستیدا مامۆستا نزیکەی دووسەد بەرهەمی لەو دەستەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد.

بەگوێرەی یەکێک له پێناسەکان، “بەرهەمی کلاسیک” به بەرهەمێک دەگوترێ کە زیاترین گەڕانەوەی بۆ بکرێ و زۆرترین جار وەکوو سەرچاوە کەڵکی لێ وەربگیرێ. دکتۆر عەزیز گەردی یەکێک لەو دەگمەن نووسەرانە بوو که له کاتی ژیانی خۆیدا زۆربەی بەرهەمەکانی ـ بەگوێرەی ئەو پێناسه باسکراوه ـ بووبوون به بەرهەمی کلاسیک و خوێندکاران و توێژەرانی ئەدەبی کوردی خۆیان به مرزەم دەزانی بەردەوام بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمەکانی و وەک سەرچاوه کەڵکی لێ وەرگرن.

یەکێک له تایبەتمەندییەکانی مامۆستا عەزیز گەردی ئەوە بوو که جگە لەوەی ئەدیبێکی هەڵکەوتە بوو، ئەدەبناسێکی بەرکەتیش بوو. ئەدیب کەسێکە دەتوانێ دەقی ئەدەبیی مەزن بەرهەم بهێنێ، بەڵام ئەدەبناس کەسێکە بنەماکانی بەرهەم هاتنی دەقی ئەدەبی و مێکانیزمەکانی خوێندنەوەی دەق بەشێوەی زانستی تاوتوێ دەکا. حوکم نییه هەر ئەدیبێک ئەدەبناسیش بێ. عەزیز گەردی ئەدیبێکی ئەدەبناس بوو. وەرگێڕێکی زمانەوان بوو.

ئەگەر بڵێین کەسایەتییەکی وەک دکتۆر ئاوەڕەحمانی حاجی مارف مامۆستای بێ ئەم‌لاوئەولای ڕێزمانی کوردی بوو، دکتۆر عەزیز گەردیش مامۆستای بێ ئەم‌لاوئەولای کێش و سەروا و ڕەوانبێژی و ڕەخنەی ئەدەبی له ئەدەبی کوردیدا بوو. مامۆستا گەردی دوای کەسانێکی وەک پڕۆفیسۆر کامیل بەسیر نەریتی ڕەخنەی ئەدەبییان بەشێوەی ئاکادێمیک پەرە پێ دا.

لەباری شێوازی کوردینووسیدا، نەسری دکتۆر عەزیز گەردی بۆ ئەوە نابێ کوردیزانان بەسانایی بەلایدا تێپەڕن. وێنەی نەسری کوردیی عەزیز گەردی مەگەر له نووسینی کەسانێکی وەک شکور مستەفا و هەژاری موکریانیدا بەدی بکرێ، ئەگینا ئەو شێوە زمانە پتەو و ڕەخته و پوختەیه له مێژووی نووسینی کوردیدا بێ‌وێنە بوو.

بەداخەوە مامۆستا عەزیز گەردی له ماوەی ژیانیدا، بە هەر هۆیەک ـ خۆی پێشی به چاپ بوون یان دووباره چاپ بوونەوەی بەشێکی زۆر له بەرهەمەکانی گرت. ئێمه هیوادارین پاش کۆچی دوایی ئەم نووسەره دەست‌ڕەنگینە، بەرهەمەکانی بە باشترین شێوە لە چاپ بدرێن و لەبەردەستی هۆگرانی زمان و وێژەی کوردی دابندرێن.

 سەرەخۆشی له بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا و له خەڵکی هەولێر و له هەموو نووسەرانی کوردستان دەکەین.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *