خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات

چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات

چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات

خاتره محەمەدی

چاوی چەپم دادەخەم. دانە دانە چۆلەکەکانی سەر لقی دارە گێلاسەکە دەستنیشان دەکەم. تەق تەق… دوو کاتژمێرە قامکم بە پەلەپیتکەی چەکەکەوەیە. ئەم جارەیان ئیتر ڕیکۆردم شکاند. دووکەڵێکی چڕ و سپی ئەدات لە جامی پەنجەرەکە. ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ دەبوایە لە نەخۆشخانە بمخەوێنن بەڵام، لە نەخۆشخانەوە پەیوەندییان پێوە کردم و وتیان بەرنامەکە گۆڕاوە و بە زووترین کات بەرواری ڕۆژی نەشتەرگەرییەکەم پێ ڕادەگەیەنن. سەرەتا لە ئێشێکی زۆر کزەوە لە بەشی خوارەوەی قامکە گەورەکەمەوە دەستی پێ کرد. پاشان وردەوردە هەرچی چەرخەکەم دادەگیرساند ئازارەکەی زۆرتر و زۆرتر دەبووەوە. تا دواجار هەفتەی ڕابردوو ئیتر قامکە گەورەکەم لە کاتی جووڵاندا قفڵی دەکرد کەوانەیی ببووەوە و بەرەو ناوەوە چەمابووەوە و دەبوایە بە یارمەتی دەستی ڕاستم ڕامبگرتایە. دوای کردنەوەی ئاتێلەکە  لەوەش خراپتری بە سەر هات. ئیتر تەنانەت بە یارمەتی دەستی چەپیشم چاک نەدەبوو. دەبوایە وازت لێ ببهێنایە تاکوو قامکەکە خۆی بەرەبەرە ڕاست ببێتەوە. ئەمڕۆ بۆ ماوەی دوو کاتژمێرە کە هەر وا چەماوەتەوە.

جگەرە کارەباییەکە فڕی دەدەمە سەر مێزەکە. بە دەم ڕێکردن بۆ ناو ژوورەکە دەنگی گلۆر بوونەوە و داکەوتنی جگەرەکە دەبیستم. جانتاکەم لە دۆڵابەکە دەردەهێنم هەڵیدەڕژێنمە سەر تەختەخەوەکەم، چی تێدایە لە سەر تەختەخەوەکە پرژ و بڵاو دەبێتەوە. پاکەتی جگەرەکەم دوو جگەرەی تێدا ماوە. جگەرەکە دەخەمە سەر لێوم. دەڕۆم بۆ مەتبەخ. تەباخەکە دادەگیرسێنم، سەرم لە گڕەکە نزیک دەکەمەوە بۆ ئەوەی جگەرەکەمی  پێ دابگیرسێنم. دەنگی هەڵکزانی قژەکەم دەبیستم بەڵام تامی تاڵی نیکوتین و چێژی دوپامین لێناگەڕێت هەست بە بۆنی هەڵکزانی قژەکەم بکەم.

بۆ ساتێک دەنگی مۆبایلەکەم لە سەر مێزەکە ڕامدەچڵەکێنێت. بەڵێنەکەمم شکاندبوو. بڕیار وا بوو جگەرە نەکێشم و بۆ دوو مژ جگەرە خۆم سەرکۆنە دەکەم. نیوەی جگەرەکە دەخەمە ناو سینکی قاپشۆرەکەوە و ئاوەکە بەر دەدەمەوە. حەبێکی دژە ژان دەخۆم و دوو قوم ئاویش دەکەم بە شوێنیا. موبایل بە دەست و بە ڕووتی لە سەر قەنەفەکە ڕادەکشێم. ساحێل لەوەی کە لەم دۆخەدا نەڕۆیشتووم بۆ نەخۆشخانە دڵخۆشە. بۆ جاری هەزارەم پێم دەڵێت لە ماڵ نەڕۆمە دەرەوە. من هەواڵی دایکم ناپرسم بەڵام ئەو دەڵێت کە دایکیشم حاڵی هیچ باش نییە. ژمارە تەلەفۆنی مارکێتەکەی گەڕەکەکەم بۆ دەنێرێت. ساحێلی خوشکم منداڵێکی یەک ساڵانی هەیە. جگە لەوە جارانیش هەر بە دەگمەن لە ماڵ دەهاتە دەرەوە. پشووی بێ مووچەی وەر گرتووە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە لای منداڵەکەی بێت. دەڵێت مێردەکەشی لە ماڵەوەیە و بە شێوەی ئونلاین وانە دەڵێتەوە. ژینۆی برادەرم دوێشەو تەلەفۆنی کرد و وتی باشتر وایە ئەو نەشتەرگەرییە قۆڕە دوا بخەم. کاتێ کە نەیتوانی ڕازیم بکات قسەی دڵی خۆی درکاند.

ـ ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە خۆکوشتنە. بمبوورە کە ناتوانم لەگەڵت بێم.

نازانم  ئایا ئەگەر کەسم لەگەڵ نەبێت نەخۆشخانەکان قبوڵم دەکەن یان نا؟ بەڵام گرنگ نییە. ئیتر بەرگەی ئازار ناگرم. لە بەیانییەوە هەر چی زەنگ بۆ دکتۆرەکە لێ دەدەم وڵام ناداتەوە. هەر بەیانی پەیامێکم بۆی نارد و وتم نەشتەرگەرییەکەیان دوا خستووە، من ئێستا بە دەست ئەم ئازارەوە چی بکەم؟ دوای ١٢ کاتژمێر وڵامی داوەتەوە: کێشە نییە دژەژان بخۆ.

دکتۆرەکە هەر لە سەرەتاشەوە ڕازی بەم نەشتەرگەرییە نەبوو، پێی وابوو هەمووی ئۆینە. هەوڵم دا قەناعەتی پێ بهێنم کە ئەم قامکە بەئازارە چەماوەیە، دەردراوی ناخی نائارامم نییە. ئەشەعە و پشکنینەکان هیچ شتێکیان دەرنەدەخست و پزیشکەکەم نەیدەزانی دەردم چییە، بەڵام ئەم ئازارە کوشتوومی، ئەوەندە پێداگریم کرد تا ڕازی بوو نەشتەرگەریم بۆ بکات.

هەوای قورسی ئێوارە خەریکە هێدی هێدی خۆی لە پەنجەرەکەوە دەکاتە ژوورا. دیوارەکان و ئەشیای ماڵەکە گیانیان وەبەر دێتەوە. ماڵەکە ڕەنگی لێڵی وێنە کۆنەکان لە خۆ دەگرێت. ڕەنگی ئەو ساڵانەی کە پێت وایە هەموویان تابلۆی شێوەکاری بوون. ڕەنگی ئەو ڕۆژانەی وا بەر لە نەورۆز قامکم دەکردە ناو شووشەی ماسییە سوورەکان. سەرم دەکردە توێی چەرچەفەکان و خاولییەکان و هەموو شتەکان بۆنی تازەییان لێوە دەهات. دەنگی هۆڕنی سەیارەکەی باوکم دەهات. ڕام دەکردە دەرەوە. سندووقی میوەکانی یەک لە دوای یەک لە سەیارەکە دادەبەزاند. بۆنی داری سووتاو و کەرستەی یاریی ئاگرین گوێی دنیای کەڕ دەکرد. قورسایی بێدەنگییەک لە سەر دڵمە. ساحێل لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ مێرد و منداڵەکەیدایە. دایکیشم لەگەڵ مێردەکەی لە خانووەکەی ڕەشت ماوەتەوە. باوکم بێدەنگ لە گۆڕستان نووستووە. چاوەکانم قورس دەبن. ئەگەر دایکم لێرە با دەیوت دەمەو ئێوارە مەخەوە ڕۆحەکان دێن بۆ گیانت.

شەوان کاتێ کە دەنووم هەست دەکەم تام هەیە، لووتم گیراوە و قوڕگم دێشێت. لەبەر خۆمەوە هەست دەکەم نەوەک منیش تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێتم. دەکۆکم، کۆکەیەکی وشک، هێندە دەکۆکم کە ئیتر هەناسەم بۆ نادرێت. دڵنیا دەبمەوە کە ڤایرۆسەکان لە ڕێگەی ئەو شتومەکانەی شاگردی مارکێتەکە بۆی هێناوم ڕژاونەتە لەشمەوە. دەترسم بەتەنها بمرم، پاشان دەکەومە بیری باوکم کە هەموومان بە دەوریەوە بووین و بە تاقی تەنها مرد. بەڵام ڕۆژی دوایی بە ترسەوە ساغ و سەلیم بەئاگا دێمەوە.

دەنگی هەورە تریشقە دێت. بەپەلە لە پلیکانەکانی هەورەبانەکە دەچمە سەرەوە. با وەکوو قامچی دڵۆپە وردەکانی باران بە دەموچاومدا دەکێشێت و چەرچەفەکانی سەر تەنافەکەی خستووەتە گیانی یەکتر. هەوڵ ئەدەم ئارامیان بکەمەوە. چەرچەفەکان کۆ دەکەمەوە و چاو دەبڕمە ئەو تەنەکە خۆڵە سەوزەی بە دەم باوە لە لێژایی کۆلانەکەوە گلۆر بووەتەوە و پشیلەیەکیش بە شوێنیەوە ڕا دەکات. با تەنەکە خۆلەکە دەکوتێک بە دارتێلەکەوە. بێچووەپشیلەیەک لێی دێتە دەرەوە و دایکی لە پەنای دارتێلەکە دەیلێسێتەوە. چەرچەفەکان زۆرن بە زۆر دەیانگرم بە دەستەوە، دەرگای هەورەبانەکە دادەخەم. دەڕۆمە خوارەوە، خۆم دەکێشم بە دەرگای هۆڵەکە و شانم ئازاری پێ دەگات و قامکە پەلەپیتکەییەکەم[۱] بریسکی پێدا دێت.

هەموویان فڕی دەدەمە سەر قەنەفەکە و  خۆم دەخەمە سەر فێنکی و بۆنی تایتی چەرچەفەکان. دەستم ڕادەکێشم و ئەو هەویرەی بە ئارد و ئاو دروستم کردووە لە سەر مێزەکە هەڵدەگرم و یاریی پێ دەکەم. لە پەنجەرەکەوە لە سەمای دارچنارەکە ڕا دەمێنم. دەنگی جلشۆرەکە، سەر ڕاوەشاندنی لقەکانی دارەکە کە دەڵێی دەیەوێت خۆی لە زەوی ڕزگار بکات و دڵۆپەکانی باران کە لە سەر جامی پەنجەرەکەوە دەخلیسکێن تووشی دڵەڕاوکێم دەکەن. بێگومان ئێستا موسیو بەو روخسارە هەمیشە زەرد و رەنگ پەڕیوەیەوە لە سەر قەنەفەی بەرانبەر تەلەفزیۆنەکە ڕاکشاوە و قاچەکانی وەکوو پەیکەری مەسیحی لە خاچدراو، خستووەتە سەر یەک و دایکیشم وەکوو مریەمی مەجدەلییە لە بەردەم قەنەفەکەدا دانیشتووە و سەیری ئینستا دەکات.

بەیانی ساحێل دەیوت: دایکم بە بینینی ئەو وێنانەی لە ئینستا پۆستیان دەکەیت دەزانێت حاڵت چۆنە. مەرهەمێکی خۆماڵی بۆ ناردوویت. ڕۆژێک دوو جار بیدە لە قامت و بە لەفاف بیپێچە.

هەڵدەستم سەرم دەسووڕێنم. لەسەر مێزی مەتبەخەکە دەیدۆزمەوە. هەر لەوێ بە پێوە و بە دەستی چەپم دەڕۆمە ناو ئینستاگرام و خێراتر لەوەی وا بیرم دەکردەوە دیلیت ئەکاونت دەکەم. وێنەی پرۆفایلی واتساپەکەم دەسڕمەوە و دایکم لەگەڵ وێنەی ڕەشێک لە کچەکەی بەتەنها جێ دەهێڵم و دەڕۆمەوە دیار چەرچەفەکان.

سمێستەری دووهەم بووم کە دایکم بۆ ئەوەی هیچکاممان بەتەنها نەبین هات بۆ لام. ساحێل مێرد و کار و باری خۆی هەبوو. موسیو لە باڵکۆنەکەی سەرەوە دادەنیشت و پایپی دەکێشا. من لە هێمنی و دەمووچاوی نوورانیی موسیو ڕادەمام و ئەویش هەموو جارێک چیرۆکیکی نوێ سەبارەت بە بڕینی قامکی بۆ دەگێڕامەوە. ڕێک وەکوو باوکم کە باسی چانسی خۆی بۆ دەکردم و پێی وا بوو بە هۆی قامکی شەشەمی قاچیەوە ئەو هەموو بەختەی هەیە. هەوڵ دەدەم خۆم لە خانووەکەی ڕەشتدا وێنا بکەم بەڵام تەنها کچێکی تەنیا دەبینم لە لە سەر پردێکدا و لە ژێر ئاسمانی سووردایە و لە ترسان خەریکە دەقیژێنێت. چاوم دەترووکێنم و وەک بڵێی نیگارێکم و لە دەفتەری شێوەکاریدا لاپەڕەکەم هەڵدراوەتەوە. دڵتەنگی بۆ هەر کەسێک شێوەیەکی جیاوازی هەیە. بۆ یەکێک دڵتەنگی بە وەبیرهێنانەوەی خواردنێک دەست پێ دەکات. بۆ ئەوی تر بە دەنگەکان و بۆ من بەو ڕەنگانەی کە هەتاو دەیانپژێنێتە سەر کەلوپەلەکان. من هەرگیز بیری ئەو ڕەنگە سوورەی ئێواران دنیا داگیر دەکات ناکەم.

هەموو چەرچەفەکانی بەتانی و لێفەکانم لێیان کردەوە، شوشتم و ئوتووشم دان. فەرشەکانم لوولە کرد. زەوییەکەم گسک دا و چەند جاریش بە دەستەسڕ سڕیمەوە. تەلەفۆنم بۆ هەموو ئەو شوێنانەی وا دەمناسین کرد و داوای ڕەنگم لێ کردن. تەواوی مووچەی ئەم مانگەی باوکمم دا بە ڕەنگ.

چەرچەفەکان ئوتوو دەکەم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەگەر دایکم بە شوێنمدا نەدەهات بۆ ڕەشت، ئەگەر مێردی بە ساحیب‌خانووەکەم نەدەکرد، منیش لە تووڕەییان وازم لە خوێندنی زانکۆ و شێوەکاری نەدەهێنا. ڕەنگە ئەگەر عاشقی موسیو نەبوایتم…

ژمارەی ڕۆژەکان لە دەستمدایە. دەزانم لە دوایین جارێک کە ژینۆ لەگەڵ کەپڵە نوێیەکەی هاتن بۆ ئێرە و دۆندرمەی زافەرانییان هێنا بوو، چل ڕۆژ تێپەڕێوە،

لە حاڵیکدا کە پێم وابوو چل ڕۆژە کە هەڵدێرێک کەوتووەتە نێوان من و کەسانی ترەوە کە هیچ پردێک ئیتر پێکەوەمان نابەستێتەوە، لەپڕ کەسێک  زەنگی دەرگاکە لێ دەدات. پیرەمێردەکە پاڵی دابوو بە دەستەی گسکەکەیەوە و بە زەردەخەنەیەکی شیرینەوە موبایلەکەی بەرەو لام گرت و وتی:

“ژمارەی هاشمم بۆ دەدۆزیتەوە؟”

هەر کە دەنگی یەکەم زەنگی موبایلەکە دەبیستم موبایلەکەی پێ دەدەمەوە. دەڵێت:

“هەر کە ڕۆیشتیتە ژوورەوە جوان جوان دەستەکانت بە سابوون بشۆ. ئیتر بە بێ دەستکێش و دەمامک نەیەیتە دەرەوە.

لەپڕ پێویستی بە قسەکردن لەگەڵ کەسێک وەکوو ئاگر لە هەناومدا بڵێسەی سەند. کاتێ تەلەفۆن بۆ ساحێل دەکەم تەنها ئامۆژگاریم دەکات و پرسیارم لێ دەکات و دەڵێت چێم خواردووە و دەمەوێت چی بخۆم. ئەگەر تەلەفۆن بۆ ژینۆ بکەم هەر باسی ترسی مردن بەو ڤایرۆسەم بۆ دەکات کە بە چاویش نابیندرێت، یان باسی واز هێنان لە کەپڵەکەی و ئاشناییە ئەنتەرنەتییە تازەکەی و خەمی تەنهایی و دڵەڕاوکێیەکانی دەکات بە کەرگەدەنێک و تا کۆتایی شەو شاخم لێ دەدات. ژینۆ لە کۆتایی هەموو قسەکانیدا تەئکید لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە من دەبێ ئاژەڵێکی ماڵی بکڕم و ئەگەر ئەو لە بری من بوایە خانووەکەی دەفرۆشت و لەم وڵاتە دەڕۆیشت.

کاتێ کە نیگار دەکێشم هەست بە ئازاری قامکی پەلەپیتکەیی ناکەم. ئازارەکە حەل دەبێت و تێکەڵ بە ڕەنگەکان دەبێت و دەپژێتە سەر تابلۆیەکە. بە درێژایی ڕۆژ نیگار دەکێشم و سەیری تەلەفۆنەکە دەکەم. چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات. هەرچی دەگات بە مێشکم دەیکوژم. کاتێ کە سەرقاڵی نیگارکێشانم، هەر دەڵێی ئازیزترین کەسی ژیانمم لە باوەش گرتووە، ناتوانم دەستەکانم دابخەم. تا ئەو شوێنەی دەستم پێی گەییوە دیوارە سپییەکانم بە نیگارکێشان پڕ کردووەتەوە. مرۆڤی تێک‌شکاو، چرچ، کووڕ، مرۆڤی فیل‌ئاسا، کەرگەدەنئاسا، کرگەدەنی شاخ بڕاو. وێنەکانم پڕن لە کۆمەڵێک خەڵک کە تەنها لە دوورەوە لە مرۆڤ دەچن. هەندێ جار دەڕۆمە حەوشە و پارچە دارێک لە سندوقی میوەکان دەکەمەوە و دەیسووتێنم و بە خەڵووزەکەی نیگارێک دەکێشم. ئەو گردانەی لە خەودا دەیانبینم دەیانکێشم. ئەو گردانەی وا گژوگیاکەیان دەسووتێن و گاشەبەردە ڕەش و سووتاوەکانی دەکەونە خوارەوە و من لە خەو ڕادەچڵەکم. کاتێ کە تەواو ماندوو دەبم واز لە نیگارکێشان دەهێنم یان لە پشت پەنجەرەکەوە دادەنیشم و لە حاڵێکدا کە سەیری دارەکان دەکەم یاری بە برینەکەی سەر کوڵمم دەکەم.

سەرەتاکان برین نەبوو، تەنها تۆزێک زبر بوو. لە خاڵیش بچووکتر بوو. تەنانەت بە چاویش نەدەبیندرا، بەڵام کە بە سەری قامک بۆی دەگەڕام زیپکەیەکی زۆر بچووک بوو. هێندە خەریکی بووم تاکوو بوو بە برین. یاریم بە برینەکە دەکرد، ئەوەندەی تر بریندارم کرد، هێندە دەستم لەو برینە گەورەیە دا کە ئێستا بووەتە هێندەی نۆکێک. کاتێ بە ئاگا دێمەوە کە دەبینم سەر قامکەکانم خوێناوی بوون. چەند جارێک لەزگەی برینم لێی داوە بەڵام بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێت لەزگەکە لا دەبەم و چێژ لە کولاندنەوەی دەبینم.

هەندێ نەخۆشی هەن کە هەزاران ساڵە لەناو سەهۆڵە جەمسەرییەکاندا گیریان خواردووە. گۆڕانی کەش و هەوا و توانەوەی سەهۆڵەکان دەتوانن بەئاگایان بهێننەوە! ئەم نەخۆشییانە دەتوانن کۆمەڵێک ڤایرۆس بن کە هاوشێوەی ئەوانەمان هەرگیز نەبینیوە. قەرەنتینەی ئەم ماوەیە سەهۆڵێکی زۆری لە ناخمدا تواندووەتەوە و نەخۆشیی تازە دەبینم. وەک بڵێی با هاتبێت و برینەکانی ئاسمانی کولاندبێتەوە. کە واز لە دەموچاوم دەهێنم دەستم شوێنێکی تر هەڵدەڕووشێنێت، وەکوو کەمەر و شان و ملم. دەگەڕێم و لە هەر شوێنێکدا بەرزی و نزمییەک دەبینم بە نینۆک دەکەومە گیانی.

لەم ماوەیەدا چەند جار خەوێکی ترم بینیوە. لە خەودا بینیم کە برینەکەی سەر کوڵمم هێلکەی بوونەوەرێکی سەیرە. هێلکەکە گەورە و گەورەتر دەبێت. شەوێکیان دەقڵیشێت و بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرەی لێ دێتە دەرەوە و قووتم دەدات. هەر جارێک کە ئەم کابووسە دەبینم پێم خۆشە خۆم بخەمە باوەشی کەسێکەوە. جەند جارێک لە دوای ئەو کابووسە هەستم بە بۆنی تووتنەکەی موسیو کردووە. ژینۆ پێم دەڵیت کە تۆ عاشقی موسیو نەبووی. ئەو تۆی دەخستەوە بیری باوکت.

لە کۆبوونەوەکانی کافەدا کوڕی زۆر هەیە کە لە پشت دووکەڵی جگەرەکەیانەوە ڕەمزاوی، سەنرجڕاکێش و دەستنەخواردوو دیارن. چەند جارێک هەوڵم داوە لەگەڵ ئەو کوڕە جوانانە پەیوەندی دروست بکەم. زۆر زوو خۆیان ئاشکرا دەکەن. سەرباری ئەوەی کە دەزانم هەموویان فەیکن بەڵام، دیسانەوە دەمەوێت بەردەوام بم لەگەڵیان بەڵام بە شێوەیەکی سەیر هەموویان پاش یەک دوو ڕۆژ ون دەبن. ژینۆ و ساحێل پێم دەڵین ناشیرین نیم. موسیو هەمیشە دەیوت کە من جوانترین چاوڕەشێکم وا بە حەیاتی بینیویەتی بەڵام نازانم چی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو کوڕە گەنجانە لێم هەڵ بێن. هەوڵ دەدەم ڕواڵەتێکی ئیمڕۆژیم هەبێت و چێژەکانی بە لامەوە سەرنجڕاکێش بێت. بەڵێنی سەفەرم بە خۆم داوە ئەگەر ئەم بەزمە کۆتایی پێت.

ئاسمان ساماڵ و شینە. هەتاو بێ‌خەیاڵ خۆی لە سەر زەوییەکە پەخش کردووەتەوە. کوکوختییەکان خەریکن هێلانە چێ دەکەن. دەنگی چۆلەکەکان گوێی دنیای کەڕ کردووە. زەمین و زەمان سەرقاڵی جفتگیرین. حەزم دەکرد وێنەی یەکێک لە کەسەکانی ناو تابلۆی دواینیوەڕۆی یەک شەمەی سورا بم. ڕەنگە کچەکەی ناوەڕاستی تابلۆیەکە کە دەستی دایکی گرتووە و لە بینەری تابلۆوەکە ڕاماوە.

دەڕۆمەوە بۆ لای ئەو چەرچەفە سپییەی وا ماوەتەوە. لە لێفەکەی دەکەمەوە و لە سەر زەوییەکە ڕایدەخەم، بە دەستی چەپم هەوڵ دەدەم وێنەی ژنێکی هاوشێوەی دایکم بکێشم. وێنەکە هەموو چەرچەفەکە داگیر دەکات. لە دوورەوە سەیری دەکەم و دەبینم هاوشێوەیەتی. وێنەی دایکم لە پێش چاوم زیندوو دەبێتەوە. دەڕۆمە باوەشی و خۆم گرمۆڵە دەکەم. چەرچەفەکە لە خۆم دەئاڵێم. نازانم چەند دەخایەنێت بەڵام بە چاوی تەڕەوە خەوم لێ دەکەوێت.

[۱] . قامکی پەلەپیتکەیی نەخۆشییەکی دەروونییە کە ئەو کەسانەی ڕاو دەکەن تووشی دەبن و قامکە گەورەکەیان (ئەسپێ‌کوژە) وەکوو پەلەپیتکە کەوانەیی دەبێتەوە و بۆ ناوەوە دەچەمێتەوە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *