خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ، ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی کوردیی منداڵان

وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ، ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی کوردیی منداڵان

وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ، ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی کوردیی منداڵان

ئێوە بە وتار لە فێستیڤاڵدا بەشدارن، ڕەنگدانەوەی ئەدەبی منداڵان لەم خولەی فێستیڤاڵدا چۆن دەبینن؟

 پێموا بێت لە ماوەی ۲۵ساڵی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ جاری یەکەم بێت کە وتارێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان وەردەگیرێت، بەدەر لەوەش جێی خۆشحاڵییە کە لەم خولەدا منداڵانیش بەشیان هەیە و وەک نوێنەری ئەو چینە دەنگیان ئەگەیەنین بە بەشداربووان و باسی گرینگایەتییان بۆ دەکەین. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا گرینگایەتییەکی زیاتر بدرێت بە منداڵان و ڕەنگدانەوەی گوتاری منداڵ لە کۆنفرانسەکەدا.

 وتارەکەتان لەسەر چ بەشێکی ئەدەبیاتە؟

 وتارەکەی من لەسەر شیکاریی و ڕەخنەی شێعری منداڵانە بە نموونەی دوو بەرهەمی چاپکراو بۆ منداڵان کە لە باشووری کوردستاندا چاپ و بڵاو بووەتەوە. هەوڵمداوە کۆمەڵێک پێوەر و بنەمای سەرەکیی شێعری منداڵان بە کەڵکوەرگرتن و بەکارهێنانی نموونەگەلی ئەو دوو بەرهەمە باس بکەم و بەرچاوڕوونییەکی باش بێت بۆ ئەو کەسانەی لە بواری شێعری منداڵاندا چالاکن.

ئایا تا ئێستا ئەدەبی منداڵان توانیویە ببێتە خاوەن گۆتارێکی ئاکادێمیک لە کوردستاندا؟
بەداخەوە تا بە ئێستا ئێمە هیچ جۆرە گوتارێکی زانستیی تایبەت بە ئەدەبی کوردیی منداڵانمان لە کوردستاندا نییە، بەڕای من تا کاتێکیش ئەم گرینگە نەبێتە یەکێک لەو گوتارە زاڵانەی نێو کۆمەڵگە و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ئەم بابەتە گەشەیەکی ئەوتۆ بە خۆیەوە نابینێت. ساڵی ڕابردوو ئێمە لە زانکۆی کوردستان لە سنە تایبەتنامەیەکی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانمان بڵاو کردەوە کە تەجروبەیەکی نوێ و باش بوو و لە لایەن نووسەران و پێنووس بەدەستانی ئەو بوارەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا کە هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکتردا ئەم چالاکییانە و بەزانستترکردنی ئەدەبی منداڵان لە چوارچێوەیەکی زانستی و گوتارێکی زانکۆییدا گرینگایەتیی پێ بدرێت.

هۆکارەکانی پێشنەکەوتنی ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا چییە؟

 هۆکارەکان زۆرن، بەڕای من هێشتا کۆمەڵگەی کوردیی ئێمە منداڵ و بوونی منداڵ و بەردەنگی منداڵی نەناسیوە و بە فەرمیی نەیناساندووە. ئەم کەلێنەش ڕێخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کۆموکۆڕیی و گرفتەکان ئەم بوارە. هۆکاری دیکەمان ئەوەیە کە ئێمەی نووسەر تەنیا لەبیری نووسینداین، بیر لەوە ناکەینەوە ئەم بەرهەمی ئێمە لە چ ئاستێکدایە و بەردەنگی کێیە، ئێمە هێشتا بەردەنگمان ناناسین کە منداڵانن و خەریکن لە زۆر شوێندا بەلاڕێیان دەبەین، ئەمانەی کە وتم ڕەنگدانەوەی لە بەشی هەر زۆری دەقەکانی تایبەت بە منداڵاندا دەبینرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە چوارچێوەی پڕۆژە توێژینەوەییەکانم ئەم بابەتانە زیاتر زەق دەکەمەوە. بە گشتی ئێمە بۆ پێشکەوتنمان پێویستمان بە ناسینی بەردەنگە و چڕتر کردنەوەی زانیارییەکانمان لەو بوارەدا.

ئێوە بە شێوازێکی باش و زانستی لەم بوارەدا کار دەکەن، ڕۆڵی زانکۆکان لە بەرەوپێشبردنی ئەدەبی منداڵان و سازکردنی بنەمایەکی باش بۆ ئەدەبی منداڵان چۆن دەبینن؟

 وەک ئاماژەم پێکرد، یەکێک لەو پێوەرانەی کە پێویستە بۆ زانستیترکردنی گوتاری منداڵان، ئاوێتەبوونیەتی لەگەڵ زانکۆکان و وانەکاندا، بەداخەوە گرینگیدان بەم بەشە لە زانکۆ کوردییەکاندا هەم کەمە و هەم لاواز و نەزۆکە، ئێمە لە ڕووی بوونی سەرچاوەی زانستیی ئەو بوارەیشەوە بۆ منداڵان زۆر لاوازین و کەم کار بووین. بۆیە بەڕای من بوونی ئەدەبیاتێکی جیدیی منداڵان پەیوەستە بە دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لە نێوان دەق، بەردەنگی منداڵ و زانکۆکاندا.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *