شیعر حەقیقەتی منە!

شیعر حەقیقەتی منە!

وتووێژێک سەبارەت بە شیعری ژنانی کورد لە گەڵ دوکتۆر نەزەند بەگیخانی لە پەراوێزی ٢٥مین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا

ماڵی کتێبی کوردی: نەزەند بەگیخانی وەک دەنگێکی جیاوازی شیعری کوردی، بە تایبەت شیعری ژنان، ناسراوە کە لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە شیعری هەڵگری تایبەتمەندیی خۆیە و نەکەوتۆتە ژێر کاریگەریی شاعیرانی دیکە، ئەم جیاوازییە لە زمان و فۆرمدا بۆ چی و بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟

 د. نەزەند بەگیخانی: سەرەتا سپاسی ماڵی کتێبی کوردی دەکەم کە وەک سەکۆیەک ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخساندووین، تاکوو بتوانین گوزارشت لە خۆمان و ڕوانینمان بکەین. هۆکارەکانی جیاوازی و تایبەت بوونی شیعری من هەڵقوڵاوی کۆمەڵێک هۆکارە. نووسین جا چ شیعر بێت، چ ڕۆمان یان تەنانەت گوتاری ئاکادیمیک دەبێت سەر بە پاشخانێکی مەعریفی، کولتووری بێت. ئێمە ئەگەر نەخوێنینەوە، ئەگەر ئاگاداری ڕووداو و پێشهاتەکان نەبین ناتوانین گوزارشتێکی باش لە ڕوانینی خۆمان بکەین، ئەو ڕوانینەی ئێمە لە سەر بنەمای خوێندنەوە و ئەزموونی ژیانمان بونیاتنراوە. منیش وەک شاعیر و نووسەرێک بەردەوام بە چەند زمانێک دەخوێنمەوە، بە کوردی دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی ئاگادار بم لە کوردستان و دونیای زمانی کوردیدا چی دەگوزەرێت، و هەروەها بەو مەبەستەی پێوەندیم لە گەڵ زمانی شیرینی کوردیدا نەپچڕێت، بەڵام خوێندنەوەی سەرەکیی من بە زمانانی ئینگلیزی و فەرەنسییە، من شیعر زۆر دەخوێنمەوە بە تایبەت بە ئینگلیزی و فەرەنسی و کاریگەریی شاعیرانی ئەمریکای لاتین و فەرەنسی بە تایبەت “تی ئیس ئیلیۆت”م لە سەرە و هەندێ شیعری ئەو شاعیرانەشم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە خوێندنەوە و ئەزموونی ژیانی خۆمدا فێری ئەوە بووم کە من بۆ ئەوەی جوان بنووسم دەبێت خۆم بم، خۆبوون نەک بە مانا ئەنانییەکەی واتا منێکی تەسک و لاواز بەڵکوو بەو مانایە کە کیشوەری ناخی خۆم تەی بکەم، بزانم چیم دەوێت، دەمەوێت چی بڵێم و چۆنی دەڵێم. کاتێک تۆ لەم گۆشە نیگایەوە هاتی دەستت کرد بە نووسین بێگومان ئەوەی کە دەینووسی فۆرمێکی جیاواز وەردەگرێت، کاریگەری وەر دەگرێت بەڵام نابێتە لاسایی کردنەوە. ئەو جیاوازییەی کە ئێوە وەک خوێنەر لە شیعری مندا بە دی دەکەن چ لە فۆرم و چ لە ناوەڕۆکدا، پەیوەندیدارە بە تەواوی ئەو ڕەهەندانەی کە باسمان کرد.

ماڵی کتێبی کوردی: وەک ژنە شاعیرێکی ناسراوی کورد، ئاستی ئەمڕۆی شیعری ژنانی کورد بەراورد بە شیعری ژنان لە جیهاندا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

 د. نەزەند بەگیخانی: وڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە پێویستیی بە توێژینەوە و ڕاڤەکردن بێت، من ئەمەم نەکردووە. بەڵام بە پێی وڵامێکی خێرا و لەو ڕوانگەیەوە کە شیعری کوردی دەخوێنمەوە و بە شیعری جیهانیش ئاشنام، هەست دەکەم دەنگی زۆر جوان هەیە لە ناو شیعری کوردی بە گشتی و شیعری ژنانی کورد بە تایبەتی، لە هەمان کاتیش تایبەتمەندیی دەنگی شیعری کوردی هەست پێ دەکەم و کاریگەریی شیعری جیهانیش لە سەر فۆرم و ناوەڕۆکی شیعری کوردی هەست پێ دەکەم. ئەو شیعرانەم لا جوانن کە زۆر ڕاستگۆیانە ئەوەی دەیانەوێت یاخود ئەو ڕوانین و فەلسەفەی کە لە پشتەوەی وشەکانیانن زۆر بە سادەیی دەری دەبڕن، مەبەستم لە سادەیی ڕووەکی بوون نییە واتا قووڵ نەبیت، بەڵکوو مەبەستم ئەوە تۆ بە سادەیی دەتوانیت زۆر شتی قووڵ دەربڕیت. ئەمە هەیە لە ناو شیعری کوردی لە ئێستادا بە ڕای من ئێمە پێیستمان بەوەیە زیاتر لە سەر ئەمە ئیش بکەین، چوونکە زۆر جار جۆرێک لە قەرەباڵغی وشە وا دەکات هەم فۆرم جوان ناکەوێتەوە هەم مەبەستیش جوان ناگات.

ماڵی کتێبی کوردی: لەم ساڵانەدا کۆمەڵێ کتێب سەبارەت بە ناساندنی شیعری کوردی بە تایبەت شیعری ژنانی کورد بە زمانانی رۆژئاوایی وەرگێڕدراە و خراوەتە بەردەست خوێنەرانی بیانی و هەروەها بە پێچەوانەوە چەند کتێبێکیش لە شیعری ژنە شاعیرانی جیهانی کراوە بە کوردی، ئەم ئاڵووگۆڕ و پەیوەندییە دوو لایەنە و کاریگەرییەکانی چۆن دەبینن و هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم بەرهەمانە چییە؟

 د. نەزەند بەگیخانی: سەرەتا با بچینە ناو وشەی وەرگێڕان، وەرگێڕان واتا وەرگەڕاندن و قەلب کردنەوە و سەروبن کردنی دەق. وەرگێڕان کارێکی ئاسان نییە، دەقێک لە زمانێکەوە وەردەگریت و دەبێت وەری بگێڕیت بۆ ناوەوەی زمانی دی. ئەمە بەهرە و توانا و پسپۆڕیی تایبەتی دەوێت، کە لە ناو ئێمەدا زۆر کەمە، کەمن ئەوانە کە ئەم وەرگێڕانە بە شێوازێکی پسپۆڕی و لە سەر بنەمای جۆری و کوالیتی ئەنجام بدەن. وەرگێران زۆر زۆر پێویستە وەکوو دروستکردنی پرد لە نێوان کولتور و ئەدەب و شیعری گەلانی جیاجیا. بۆ خۆم ئاگاداری چەند بەرهەمێکم لە وەرگێڕانی شیعری ژنانی کورد بۆ زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەم هەنگاوانەش زۆر بە گرنگ و پێویست دەزانم بۆ  گەیاندنی دەنگی شیعری کوردی بە جیهانی دەرەوە. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم هەندێ جار زۆری و بۆری بە دی دەکرێت، زۆر گرنگە لە وەرگێڕاندا ئێمە لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕان بکەین، چوون وەگێران تەنیا هەڵگەڕاندنی دەقێک نییە بۆ زمانی دیکە بەڵکوو لە ناو ئەو دەقەدا مێژوو و کولتوور و زۆر تایبەتمەندیی دیکە دەگوازرێتەوە. ئێمە پێویستیمان بەم جۆرە قوولبوونەوە هەیە، ئاشنایەتی بە مێژووی جیهانی دەقەکان، ئەگەر نا ئیشمان دەبێتە گوڕینی وشەیەک یان ڕستەیە بە وشەیەک و ڕستەیەکی دیکە، کە ئەمە وەرگێڕان نییە. بۆ نموونە وەگێڕانی ئەحمەدی مەلا لە شیعری ژنە شاعیرانی کورد بۆ سەر زمانی فەرەنسی، یەکێک لەو بەرهەمە زۆر گرنگ و جوانانەیە. چوون زۆربەی ئەو شاعیرانەی کە لە ناو ئەم ئەنتۆلۆژیایەدا هەن، هیچیان لە شاعیرانی جیهانی کەمتر نییە و ئەمە لە نێو ئەم ئەنتۆلۆژیایەوەیە کە تۆ بە جیهان دەلێیت ئەم دەنگەی جوانانەمان لە شیعری کوردیدا هەیە.

ماڵی کتێبی کوردی: چەندە بڕواتان بە جیاوازیی شیعری ژنان و پیاوان بە تایبەت لە دونیای شیعری کوردیدا هەیە، و ماکەکان و توخمەکانی ئەو جیاوازییە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

 د. نەزەند بەگیخانی: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێمەوە بۆ پرسیاری یەکەم و ئەو وڵامەی کە خستمە ڕوو، ئەگەر من وەکوو ژنێکی ئاگای سەر بە کایەی مەعریفی و زانین و فیکر وشیار بم بەرامبەر بە ناسنامەی خۆم لە ناو ئەم کۆمەڵگایە و کیشوەری ناخی خۆم تەی بکەم و گوزارشت لەو ڕوانین و ئەزموونی خۆم بکەم، ئەو شیعرەی کە دینووسم جیاواز دەبێت لە شیعری پیاوێک، لەوانە لە فۆرم و ستایلدا جیاواز نەبێت، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێت لە ناوەڕۆکدا جیاوازە، واتا ئەو مانایەی کە شیعر دەیگەیێنێت جیاوازە. لەم ڕووەوە جیاوازی هەیە، ئەگەر نەبێت واتا ژنان لاسایی شیعری پیاوان دەکەنەوە. ئەزموونی ژن و پیاو جیاوازە. ئەگەر بێینە سەر بابەتی ڕەگەزی، ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا دەژین، کۆمەڵگایەک کە لە عەقڵییەتی گشتیدا کەسایەتی و فیکری ژنی وەها بونیات ناوە کە کەمترە لە پیاو کە لاوازترە و زەعیفەیە، بەو شێوەیە وێنا کراوە. پیاو بە شێوەیەک لە خود و لە جەوهەری خوی نامۆ کراوە بە پێی ئەو کولتوورە پیاوسالارییە، کە ئەویش ڕوویەکی دیکەی قوربانیی پیاوسالارییە. بە شێوەیەک وێنا کراوە کە خۆی بە سەنتەری گەردوون دەزانێ، وادەزانێ دەبێت هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ ئەو. لەم ڕووەوە من لە گەڵ شاعیرێکی پیاوی هاوتەمەن و هاوسەردەمی خۆمدا جیاوازم، جیاوازی بەو مانا نییە کە ئێمە دژایەتی یەک بکەین و بەر یەک بکەوین، بەڵکوو ئەم جیاوازییە، دەوڵەمەندییە چوونکە گوزارشت لە فرە ڕەهەندی و فرە ئەزموونی و فرە کەلتووری دەکات و دەبێت ڕێزمان بۆی هەبێت نەک دوو کەتەگۆری دروست بکەین و بڵێین کەتەگۆریی شیعری ژنان و کەتەگۆری شیعری پیاوان بە ئاراستەی دوو هێڵی ئاسۆیی جودادا کە بەر یەک ناکەون، بەڵکوو لە زۆر خاڵدا بەر یەک دەکەون و یەکدەگرنەوە.

ماڵی کتێبی کوردی: ئەگەر چی نەزەند بەگیخانی لای زۆربەی هۆگرانی وێژەی کوردی وەک شاعیر ناسراوە، بەڵام دەزانین هاوکات توێژەر و ئاکادیمیسیەنێکی چالاکە، سەبارەت بە نوێترین لێكۆڵینەوە و بەرهەمە زانستییەکانتان بۆمان بدوێن؟

  د. نەزەند بەگیخانی: سپاس و ڕێز بۆ خوێنەرانم، ئەگەر لای زۆربەی کورد نەزەند وەک شاعیر ناسرابێت لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە من خاوەن دەنگێکی تایبەتی شیعریم، لەوانەیە پەیوەندیشی بەوە هەبێت کە شیعر ژانرێکی زۆر دیار و زاڵە لە ناو کایەی کولتووریی کوردیدا، کە وێڕای کزبوونی هێشتا ئەو دەسەڵاتەی ماوە. من بە شیعر دەستم پێکردووە و هەمیشەش وتوومە شیعر حەقیقەتی منە! من لە شیعردا پرسیار دەکەم، بەڵام توێژینەوەی ئاکادیمیش دەکەم. لە توێژینەوەی ئاکادیمی بە پابەندبوون بە کۆمەڵیک پرەنسیپی تیۆری و میتۆدۆلۆژی من ڕاڤە دەکەم و وەڵام دەدەمەوە. شیکاری دەکەم بۆ هەندی دیاردەی دزێو لە ناو کۆمەڵگادا، بۆ نموونە من توێژینەوەم کردووە سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و تێشک خستنە سەر کۆمەڵە پرسیارێک کە، چەمکی شەرەف واتا چی؟ بۆ شەرەف لە ناو جەستە و ڕەگەزی ژندا کۆکراوەتەوە؟ ئایا شەرەف گوزارشتە لەو کولتوورە زاڵە؟ ئایا ئەمە نەگۆڕە و هەمیشە وا بێ جووڵە دەمێنێتەوە یان لە گەڵ مێژوودا لە پرۆسەی گۆڕاندایە؟ چۆن چووەتە پێشەوە و چۆن ئەزموون کراوە لە لایەن ژن و پیاوی کوردەوە؟ پێناسەمان چییە بۆی؟ ستراتیژیەتمان بۆ بەرەنگاربونەوەی چ بووە بۆ ئەوەی ئەم دیاردە دزێو و ناشیرینە نەهێڵین لەم سەردەمەدا؟ لە سەر ئاستی یاسایی و سیاسی و ئاکادیمی چۆن کۆنسپچوالیزە کراوە؟ و لە ئاکامی کۆنسپچوالیزەدا گوتارێک بەرهەم هێنراوە، بە واتا دیسکۆرسیڤەکەی، چوون تۆ کاتێک گوتارت هەبوو واتا سەر بە زانینی و زانینت هەیە. زانین گەورەترین دەسەڵاتە. منیش خۆم بە دەسەڵاتدار دەزانم چوون خاوەنی دیسکۆرس و گوتارم، ئەو گوتارەی کە نالی دەڵێت: “کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە// هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا” من خاوەنی وەها گوتارێکم. من دەمەوێت بە میتۆدێکی توێژینەوەی فێمینیستانە گوتارێک بەرهەم بهێنم کە ئەم گوتارە ببێتە زانین، زانینێک کە گوزارشت لە ئەزمووونی ژنان بکات کە وەکوو توخمێکی لاواز و نامۆ و پەراوێزخراو  لە ناو کۆمەڵگادا ناسراون کەگوایە ئەمانە نە فیکریان هەیە نە مەعریفە و نە گوتار، وە کاتێک تۆێش گوتارت نەبوو واتا نییەیت. من هەم لەبەر ئەوەی کە گوتارم هەیە، من هەم لەبەر ئەوەی کە سەر بە کایەی زانینم، ئەگەر ئەوەم نەبێت دەسڕێمەوە.

ماڵی کتێبی کوردی: چ پێشنیارێکتان بۆ گەنجانی تازە قەڵەم بە تایبەت کچان هەیە، ئەو گەنج و لاوانەی کە لە سەرەتای ڕێگای کایەی مەعریفەدان، هەر لە شیعر و نووسین تا توێژینەوەی ئاکادیمیک؟

 د. نەزەند بەگیخانی: من ڕۆژانە شت فێر دەبم، هیچ پێشنیارێکی دیاریش ناخەمە ڕوو، بەڵام بە پێی ئەزموونی خۆم دەڵێم هەمیشە گرنگی بدرێت بە خۆ دروستکردن. نەترسی، نەترسی، متمانەت بە خۆ بیت و بەردەوام هەوڵی دروستکردنی خۆت بدەیت. خۆدروستکردنێک لە ڕێگای فیکر و مەعریفەوە نەک لە ڕێگای بەرهەمهێنانەوەی نۆرمە پیاوسالاریەکانەوە، واتا بەکارهێنانی جەستە و لەشولار لە پێناو زەوق و چیژ بۆ پیاو، نا. تۆ دەتوانیت ببیت بە دەنگێکی کاریگەر، ببیت بە خاون گوتارێکی فیکری مەعریفی لە ڕێگای زانینەوە، لە ڕیگای خۆپێگەیاندنەوە، هەموو کەس دەتوانێت خۆ پێبگەیەنێت ئەگەر متمانەی بە خۆ بێت و نەترسێت. ترس زۆر ترسانکە، دەبێت ئەو ترسە بڕەوێننەوە، ئەویش بە تێگەیشتن و خۆپەروەردەکردن و کارکردن لە سەر خود. دەبێت هەمیشە هەوڵ بدەین خەون ببینین و واقیعیش بهیێنینە ئاستی خەونەکانمان.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

جایزە اتحادیە نویسندگان کورد بە کامران رحیمی اهدا شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *